نیسان 21, 2019

سەباح شێخانی

ناز فەلەكەدین كاكەیی تازەكی لە بەرگێكی جوان و قەشەنگدا، كتێبیكی شیعری بە ناونیشانی" نەسیم" لە دووتوێی 104 لاپەڕەدا، كە 26 شیعری لە خۆ گرتووە، خستە بەر دیدەی شیعر دۆستان.
لەم بەرهەمەدا كومەڵە شیعری جوان دەبینی، هەست و ئاستی توانای شاعیرت بۆ دەردەكەوێت كە بە ڕوحێكی پاك و دڵێكی فروانەوە دەستی داوەتە نووسینی شیعر.
ئەو هەست وسۆزەی لای ئافرەتە شاعیرەكان هەیە، شتێكی زۆر بەجۆشە، لە بنەڕەتدا ئەو هەستەی لە ناخی ئافرەتەوە هەڵدەقوڵێت زۆر جیاوازە لەوەی پیاو و زۆریش گەرموگوڕترە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش زۆربەی خانمە شاعیرەكانی ئێمە نەیانتوانیوە ئەو كەفوكوڵەی ناخیان لە فۆرمێكی شیعری باڵادا بەرجەستە بكەن و بە هۆیەوە شاكاری گەورە لەدایك بێت، هەر بۆیەشە دەبینین زۆربەی تێكستە جوانەكان هیی پیاوانن.
زمانی شاعیر ئاوێنەی ڕوحی شاعیرە، هەر بۆیە ئەفلاتوون ئەڵێت: (شیعر لاسایی كردنەوەی شتەكانی جیهانی هەست پێ كراوە.)
مرۆڤ دەبێت لە سادەیی ڕووبار و جوانی گوڵ پەند وەربگرێت كە هەمیشە جوانی بە دەوروبەریان دەبەخشن.
كە هاتی، سەرپۆشەكەم بێنە
بۆ نوێژی یەكبوونم
لە رێگای هاتندا
شەونمێك بێنە
بۆ هەستی ژنبوونم
كە باران باری وەرە،
با شوێن پێیەكانت نادیار بێت،
كاتی گەوارەی دڵ وەرە،
تۆ بۆ من هەمیشە نامۆیت.
دەسپێكی نووسینی ناز دەگەرێتەوە بۆ نزیكەی پازدە ساڵ بەر لە ئێستا، ئەوكاتەی سۆز وەك كانیاو لە ناخی ئینسان هەڵدەقولێ، شیعرەكانی هەڵگری پەیامی ئاشتی و میهرەبانی و جوانین، ئەو هەمیشە حەزدەكات هەمیشە لە نساری كتێبان دابنیشێت و دواتر شیعرێك بنووسێت.
ناز، هەوڵی ئەوە دەدات بە جیاواز لەگەڵ ئەوانی دیكەدا باوەش بەم جیهانە فراوانەدا بكات و گوێی لە نهێنییەكان بێت بۆ ئەوەی بتوانی بەرجەستەی ئەندێشەكانی خۆی بكات
شیعر پەناكەی شاعیرە، نهێنییەكانی شاعیر پەردەپۆش دەكات،
ژیان،
وەك شەمەندەفەرە...
بۆ بەردەوامی
هەندێك جار پێویستە
وێستگە بگۆڕیت، تا بتوانیت
بە ئارامی و هێزی ئەرینی
بگەیتە ئەنجام و
چێژی لێ وەرگری.
ئەوەی مرۆ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا، یاخود لە ڕابردوویەكی دوور و نزیكدا ئەزموونی كردووە، كاردانەوەی بەسەر هەست و سۆزەوە هەیە و ڕەنگدانەوەی بەسەر نووسینەكانیشیەوە دەبێت. شیعر جوانییە، بۆیە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكیتر ئەو چێژ لێ بردنە دەگۆڕدرێ، بە خوێندنەوەی شیعرەكان دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە نەسیم ئاماژەیە بۆ كەسێك، نەسیم بە واتای شنە، یان نەرمەبای بەهاران دێت، ئەوە خۆشەویستی بەرانبەرە وا لە شاعیر دەكات وەكو فێنكی بەهار هەستی شیعری ئاوەدان بێت. نووسین بیر خستنەوەیەكی جوانە كە بە هۆی بە یەكگەیشتنی وشەكان لەززەت دەبەخشنەوە، گەردوون ئاوازی میوزیكە بەڵام ژاوەژاوە و ململانێی بێ ئاكام، وەهای لێكردووین هەندێ جار گوێمان لەو ئاوازە خۆشە نەبێت.
شیعر لەوە مەزنترە كە بتوانین پێناسەی بكەین، پێم وایە نابێت لە پێناسەیەكدا شیعر چوارچێوەدار بكرێت. شیعر هەموو شتێكە و لە هەموو شتەكانیشدا هەیە، گرنگ ئەوەیە بیبینینەوە و چۆنی بڵێین، با هەمیشە پەنجەرەی ژیان بە ڕووی نەسیمدا بكەینەوە، وەرن لەگەڵ عیشق و شیعر خانەوەدایەك دروست بكەین. وەك چۆن هەموو ڕەنگەكانی پەلكەزێڕێنەمان خۆش دەوێت، دەشێ هەموو جۆرەكانی خۆشەویستییش قەبووڵ بكەین.
بەر لە " نەسیم" ناز كاكەیی، لە ساڵی 2017 یش، كتێبێكی دیكەی شیعریی بە ناوی "هاوسەفەر" چاپ و بڵاو كردەوە.
*نەسیم، شیعر، ناز فەلەكەدین كاكەیی، چاپی یەكەم،2019، چاپخانەی ڕۆكسانا، هەولێر.

© 2017 Hawler