نیسان 21, 2019

گفتوگۆیەک لەگەڵ مورشید میشۆ کـــــــــاریکاتێریستی بەنگلادشی

کاریکاتێریستێکی ٢٥ ساڵەی بەنگلادش، بە شێوەیەک واقعی کردووەتە کارێکی هونەری تا چاوەکانمان بشۆین و عەمران و کەسانی وەک ئەو بە جوانتر و جۆرێکی دیکە ببینین. وێنای ئەوە بکەن کە عومران کوڕێکی بەبزە و خوێنەرەوە بێت!
 
کاریکاتێرەکانی میشۆ، بانگهێشتی ئەوەمان دەکەن کە خەڵکی ئازاردیتووی جونیا نەک وەک "ئەویدی" هەمیشەیی و یا کەسانێکی شیاوی بەزەیی، بەڵکو وەک کەسانێکی وەک خۆمان هەژماریان بکەین. کاریکاتێرەکانی میشۆ بە ناوی "پرسی بەختەوەریی دونیا ـ The Global Happiness Challenge) لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوە و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ دەربڕدرا. بیرۆکەی "پرسی بەختەوەریی دونیا" لە زەینی مورشید، لەو وێنە تاڵ و ئازاراوییانەوە دەستی پێ کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەوە.
لە تایبەتمەندییە دیارەکانی دونیای ئێمە، وێنەی کارەساتبارە لە سەرتاسەری دونیا کە هەر شەوەی لەسەر ڕووپەڕی ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە نێو تەلەفزیۆن و تەلەفۆنەکانمانەوە دەبینرێن، هێندە ئەم دیمەنانە دووبارە بوونەتەوە کە بە بینینیان هەست بە دڵەخورپێ و ڕاچڵەکین ناکەین. لەم ساڵانەی دوایی، هیچ ڕووداوێک وەک شەڕ سوریە نەیتوانیوە هێندە کارەسات بخوڵقێنێت، بۆ نمونە وێنەی "عومران دقنیش"ـی کوڕیژگە پێنج ساڵانەکەی حەلەبی سوریە کە لە هێرشی ڕوسەکاندا ڕزگاری بوو، دڵی دونیای گوشی، بەڵام کاتێک کە سەیری عومران دەکەین، بیر لە چی دەکەینەوە و هزرمان بۆ کوێ دەچێت؟! ئاخۆ هەست بە بەزەیی بۆ کەسێک ناکەین کە هەزاران کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە؟ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم تێڕوانینانە زۆربەیان لە باکووری دونیاوە ڕوو لە باشووری دونیان؟!
کاریکاتێریستە ٢٥ ساڵانەکەی بەنگلادش کارێکی کردووە کە وێنەکان بە جۆرێکی دیکە ببینین. عەمران بە بزەوە و خەریکی کتێبخوێندنەوە بێت، وێنای ئەوە بکەن کە شارێک هەمیشە بە بۆمبارانەوە بینیوتانە، ئێستا وەک پارکێکی سەرسەوزی پڕ لە ئاپارتمانی جوان ببینیت، ئەمە هەمان ئەو پرسەیە کە مورشید میشۆ کاری لەسەر کردووە، هونەرمەندێکی گۆڤاری "ئانمێد". ئەو چەند کاریکاتێرانەی مورشید وەک پرسێکی جددی هەژمار دەکرێن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر بڵاو دەکرێنەوە و هەژماری تویتەرەکەیشی زۆر بەرز کردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر بووەتە بینەری هەمیشەیی.
میشۆ خۆی لە بەنگلادیش نێوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد و لەم دواییانەدا یەکێک لە پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانی بەنگلادش بە ناوی "کالێر کانتۆ" گفتوگۆیەکی دوور و درێژی لەگەڵ ئەنجام داوە. وەک بۆ ڕۆژنامەکەی باس کردووە، "پرسی بەختەوەریی دونیا" ئارەزووی هەبووە ئەو وێنە تاڵانە نەبینێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە و بوونەتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک تێدەگات کە ئەگەر نەشیانبینێت ناتوانێت لە زەینیەتی خۆی دەریان بکات. ئەو لە خۆی دەپرسێت "ئەگەر نەمهەوێت ئەم زوڵم و زۆرییە ببینم، کەوایە دەمەوێت چ ببینم؟"، لە زەینیدا دەگاتە وەڵامەکەش کە بریتییە لە "من دەمەوێت بزەکەیان ببینم. من دەمەوێت خەڵکی بە دڵخۆشی ببینم."
وێنەی باوکێکی گریاو کە منداڵەکەی لە باوەشە و هەڵدێت، بە گۆڕانکارییەک ئەم دیمەنە غەمبارانەیە دەگۆڕێت بۆ شادی و بڕیار دەدات بەختەوەری بۆ هەموو تاڵییەکان ئەو وێنەیە پێشانی خەڵک بدات. میشۆ، هەروەک زۆرێک لە بنگلادشییەکان، نیشتماندۆستە و شانازی بە وڵاتەکەیەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٧١ و پاش شەڕێکی کورت بەڵام خوێناوی سەربەخۆیی خۆی بەدەست هێنا. ئەو لە گفتوگۆیەک ئەگەڵ ئێران وایر بەردەوام باسی شانازییەکەی بە بەنگلادش دەکات و پێداگری دەکاتەوە کە نیشتماندۆستی لە بنەماڵەکەیەوە فێر بووە: "باوکم، عەبدولڕەزاق یەکێکە لە قارەمانە باڵاکانی ژیانی من. لەوەوە فێر بووم کە خۆشەویستی نیشتمانەکەم لە هەموو خۆشەویستییەک گرنگترە. هەمیشە حەزم لێ بووە کارێکی جوان بۆ وڵاتەکەم ئەنجام بدەم. باوکم خەباتکارێکی ئازادییە کە لە ساڵی ١٩٧١ بۆ سەربەخۆیی بەنگلادش شەڕی کرد. ئەو زەحمەتێکی زۆری بۆ وڵاتەکەی کێشاوە و هێشتایش دەیکێشێت". میشۆ بە دایکی دەڵێت "خاتوونی ئاسنین"، چونکە وەک خۆی دەڵێت "هەموو منداڵەکانی پێشکەش بە وڵاتەکەی کردووە".
میشۆ لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ی گەڕەکی "ئیبراهیم پوور"ی داکای پایتەختی بەنگلادشە. لە منداڵییەوە کاریکاتێری کێشاوە. هەمیشە لە بچووکیدا لەگەڵ برا گەورەکەی، کە کتێبەکانی کمیک ستریپیان دەخوێندەوە، وێنەکانیان دەکێشایەوە. هەڵبەت میشۆ بە بەردەوامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە برا گەورەکەی "ماهین" مامۆستای ئەو بووە و کارەکەی لەو زۆر باشترە. هەروەک زۆرینەی لاوەکانی بنگلادش، میشۆیش سەرەتا هەوڵی داوە بچێتە نێو سوپای وڵاتەکەیەوە. سوپای بەنگلادش وەک زۆرێک لە وڵاتانی دونیای سێیەم، بە نیشتمانپەروەری و قارەمانی بەنێوبانگە. میشۆش ئارەزووی بووە خۆی لە نێو ڕیزەکانی سوپادا ببینێتەوە. براکەی لە هێزی دەریاییە و مێردی خوشکەکەی "بۆ ماوەیەکی زۆر" لە سوپادا خزمەتی کردووە: "کە لە قوتابخانە و زانکۆ بووم، وام بیر دەکردەوە کە چوونە نێو سوپا باشترین ڕێگەیە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەم و تەنانەت مردن لە پێناویدا شەرەفە. بەڵام دوو جاران ڕەت کرامەوە و خەیاڵەکانم هەپروون هەپروون بوون. چیتر خەیاڵ و ئایدیا و ئارەزوویەکم نەما و تێک شکام".
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زۆرێک لە ئەنجامانی بنەماڵەکەی هەمیشە پشتیوانی بوون، بەتایبەت مێردی خوشکەکەی کە لیوا "فردۆس قەیسەر خان" بووە و لەوبارەوە دەڵێت "هەرگیز هیوای بە من لە دەست نەدا".
خوولی دووەمی ژیانی بە "سەرکەوتن لە شکست" نێو دەبات. میشۆ دەستی بە نووسینی چیرۆک و شیعر و فۆتۆگرافی و وێنەگرتن کرد، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست نەهێنا. تا ئەوەی کە ڕووی لە کێشانی کاریکاتێر کرد. لە ساڵی ٢٠١٢ بوو کە دەچێتە نێو ڕۆژنامەی بەزمەساتی "ئانمێد" کە یەکێکە لە باشترین و کۆنترین گۆڤارەکانی هیند.
"ئانمێد" لە سانسکریت بە واتای "دێوانە" دێت. ئەم گۆڤارە لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزرا بە هیوای ئەوەی کە نووسخە ئاسیاییەکەی گۆڤاری بەزمەساتی ئەمریکایی بە ناوی "مەد" بە واتای "دێوانە" بێت. ئەم گۆڤارە ئەمریکاییە لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزرا و تا دەیەی ١٩٧٠ گەیشتە نێوبانگێکی ئەفسانەیی. گۆڤارەکە بە سەرنووسەری "ئال فلدشتاین" گەیشتە لووتکەی خۆی. ژمارەی چاپی گەیشتە دوو ملیۆن و لە سەراسەری دونیا نێوبانگێکی گەورەی بەدەست هێنا.
دامەزرێنەرانی ئانمێد، لاوێکی ١٩ ساڵەشیان تێدا بوو بە ناوی "کازی خالد ئەشرەف". باڵانوێنی کرد بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لەو ڕۆشنبیرە درەوشاوانەی کە نمونەیان زۆرە لەم کیشوەرە. ئەشرەف دکتۆراکەی دواتر لە "زانکۆی پنسیلڤانیا" لە فلادلفیا وەرگرت کە یەکێکەلە لە زانکۆ بەنێوبانگەکانی ئەمریکا و ئەوڕۆش وەک ئەندازیار و مێژووناس بەنێوبانگە.
بە قسەی میشۆ، "گۆرۆ"ی ئانمێد "ئیحسان حەبیب" بوو، پیاوێک کە فەرمانبەرانی گۆڤارەکە بە "سەرۆک" بانگی دەکەن. میشۆ کە ئێستا بووەتە جێگری سەرنووسەری ئانمێد، هێشتا بانگی حەبیب هەر بەم ناوە بانگ دەکات و بە یەکێک لە پێشەنگەکانی پیشەی کاریکاتێر لە بەنگلادش ناو دەبات.
حەبیب لە بنەماڵە دیار و هونەرمەندگەلێکی وەک میشۆیە کە لە پیشەیەکی جیاوازەوە ڕووی کردە کاریکاتێریستی. لە باشترین زانکۆکانی بەنگلادش واتە "زانکۆی داکا" ماستەری جوگرافیای بەدەست هێنا، بەڵام چارەنووسی وەها بوو کە ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری زانستی ـ خەیاڵی بێت و لە دەیەی ١٩٨٠ لە لووتکەی ئانمێد دانیشێت و ڕۆڵی هەبێت لە درەوشانەوەی ئەو گۆڤارە.
میشۆ لەو بارەوە دەڵێت "پەڕجوویەکە لەوەدا بوو کە سەرۆک ڕێگەی بە من دا تا نیگارکێشی لە ئانمێد بکەم. گۆڤارەکە بڕوابەخۆبوونی منی بەرز کردەوە. شوێنگەی ئەوڕۆی من بەرهەمی دوو شتە: شکستی بەردەوام و ئانمێد."
ئەم کاریکاتێریستە لاوە لە وەسفی "سەرۆک"ی خۆی دەڵێت "خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەوەدایە کە ئەگەر پێرستێک لە کاریکاتێریستە پیشەیی و لاوەکانی بەنگلادش دروست بکەن، ٩٠%یان لە ئانمێدن. کەوایە لەخۆڕت نییە بە حەبیب دەڵێن "باوکی کاریکاتێری بەنگلادش".
کاریکاتێرەکانی میشۆ دەوامان لێ دەکەن کە بە جۆرێکی دیکە بڕوانین، چونکە لە چیرۆکە ڕاستەقینە غەمهێنەرەکان بەجۆرێکی دیکە بەختەوەری و شادی دەبەخشێتەوە. ئەمەش بە بەرهەمی ماندووبوونی کەسانێکی زۆر دەزانێت کە لە گفتوگۆکانیدا بەردەوام ناویان دەهێنێتە سەر زمان و باسیان دەکات. ئەوانەی کە لەسەرەوە ناومان بردن و کەسانی دیکەی وەک "ئانیک خان"ی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئانمێد کە یەکەم جار ناوی "پرسی بەختەوەریی دونیا"ی بۆ پێشنیار کرد و شیعرەکانی بۆ کاریکاتێرەکانی نووسی.
بەڵام کاریگەرترین چیرۆکێک کە مورشید لە نمونە باڵانوێنەکانی دەیگێڕێتەوە، چیرۆکی "عارف حوسەین"ـە، پیاوێک کە "مورشید بە چالاک و کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" ناو دەبات.

 

و/ شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler