ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سیاسەتەکانی فریوودان

ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی، ژان بۆدریار (1929-2007)، لەلایەن سۆزان مۆر و ستیڤن جۆنستۆنەوە لە کانوونی دوەمی ساڵی 1989، بۆ گۆڤاری "مارکسیزمی ئەمڕۆ"ی بەریتانی ئەنجامدراوە. لە ئەسڵدا بە ناونیشانی "سیاسەتەکانی فریوودان" (The Politics of Seduction) بڵاوبۆتەوە. لێرەدا پشت بەو نوسخەیە بەستراوە کە لە کتێبی Baudrillard live: Selected Interviews دا هاتووە و "مایک گین" (ڕۆتلیدج 1993) بە چاپی گەیاندووە.

س.م/س.ج: دوایین کتێبت لەبارەی ئەمریکاوە بوو، وتووتە: ''هەموو ئەو تێمایانەی کە لە کتێبەکانی پێشترمدا کەشفکراون، لە ناکاو لە فۆڕمێکی کۆنکریتدا دەرکەوتن و لەبەردەممدا واڵا بوون''. پرسیارەکان دەربارەی لەدەستچوونی واقیع (the loss of reality)، لەپێشینەیی وێنە، ناچالاکیی "جەماوەر" دیسانیش ]لە کتێبە نوێیەکەتدا[ دووبارە بوونەوە و دەڵێیت هیچ ئومێدێک لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا نییە. بەڵام، ئەی چی ئومێد بە تۆ دەدات؟
بۆدریار: لە ڕابردوودا وتوومە ئومێد تاڕادەیەک بەهایەکی گرنگ نییە. ئێمە لە سەردەمێکداین کە تێیدا ئومێد ئایدیایەکی زۆر ڕوون نییە. پێموایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان یۆتۆپیاکان زۆر چالاکن- بزووتنەوەی سەوز، بزووتنەوەی فێمێنیزم و شتی لەم بابەتە، ئەمەیش بەو بزووتنەوانە دەوترێت کە بزووتنەوەی ئومێدبەخشن و خولیای ئەوەیانە ببنە بزووتنەوەگەلی شۆڕشگێڕی. بەڵام لە حەقیقەتی کردیی زێدە-واقیعی ئەمریکیدا (the American hyper-reality)، ئەم بزووتنەوانە بەشێکن لە هەمان گەمەی زڕە-نواندنەوە (دیعایە) خۆی. ڕەنگە بەشێک نەبن لە دەسەڵاتی فەرمی، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ڕۆڵێک لە هەڵمەتی زڕە نواندنەوەی زەبەلاح (mega-publicity operation)ـدا دەگێڕن کە ئەمریکایە.
ئەوان لەمەدا بێبەری و پاکژ نین، یان لەمە بێ خەوش نین. بەم جۆرە ئەوان هەڵوێستێکی زۆر ڕووکەشیان لەبارەیانەوە هەیە. ئەوان بەردەوام دەبن لە گۆڕانکاری. بزووتنەوەکان دەردەکەون و نامێنن، نەک لەبەرئەوەی ئایدیاکان باشن یان خراپ، بەڵکو هەر بە سادەیی وەک نیشانەی زیندووێتی (vitality) – وەک زیندووێتی فیزیکیی واقیعی ئەمریکی دەردەکەون کە لە هەڵقوڵان و گۆڕانی بەردەوامدایە. لێرەدا، پێموانییە بتوانین ئەم جۆرە مەسەلانە بە زاراوە سیاسییەکان وەسف بکەین. باوەڕم بە بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی نییە، بەڵام هەر دەیشیکەم. پێویست نییە مرۆڤ باوەڕی بە شتێک بێت تاکو بیکات، تەنیا حەزدەکەم بڵێم من ئەمە دەکەم. لە ئەمریکا شەرت کردنە، ئیدی گرنگ نییە ئایدیاکان باش بن یان خراپ. وەک نموونەیەک بۆ گۆڕان و ئاڵوگۆڕی وزە، هێشتا ئەمریکا ئێجگار زیندووە. زۆر لە ئەوروپا زیندووترە.
س.م/س.ج: لە کتێبی "ئەمریکا"دا وەها وەسفی کولتووری ئەمریکی دەکەیت کە "کولتوورێکی ڕسوایە، بەڵام ئاسانییشە" (vulgar but easy)، کولتوورێکە ڕۆشنبیرەکانی ناتوانن شیکاریی بکەن. ئایا ئەم قسەیە ]بە شاراوەیی[ گریمانەی نۆستالژیایەک ناکات بۆ "کولتووری ئەوروپی"، بە تایبەتیش کولتووری ئەکادیمی؟
بۆدریار: بەڵێ، پێگەی ئەوروپی زۆر ناڕوونە. مۆدێلی ئەوروپی وەها کولتووری ئەمریکی دەبینێت کە زۆر ڕووکەشانەیە و بەشێوەیەکی ڕووکەشیش شیکاریی دەکات. بەڵام کولتوور یان باشتر بڵێین نا-کولتووری ئەمریکی، لە خۆیدا بە تەواوی ڕەسەنە. ئەم کولتوورە تەنیا لە نوقسانیی کولتوورییدا کورت نەبۆتەوە و پێویستی بەوەیش نییە بەشێوەیەکی نەرێنیانە تەفسیر بکرێت. دەبێت وشەی "ڕووکەش" (superficial) بخرێتە نێوان دوو کەوانەوە، چونکە من شێوازێکی زۆر ئاسایی و باوم بۆ ڕوانین لە ئەمریکا هەڵبژاردووە و بە ئاراستەیەکی تردا بردوومە. ئەم نا-کولتوورە لە خۆیدا پۆزەتیڤە و نابێت لە چاوانی نۆستالژیای ئەوروپییەوە لێیی بڕوانرێت.
س.م/س.ج: ئەگەر ڕۆشنبیرە ئەمریکییەکان نەتوانن لە کولتوورەکەی خۆیان تێبگەن، ئەی داخۆ تۆ هاوڕای ئەمبێرتۆ ئیکۆیت کە دەڵێت پێویستە پرۆفیسۆرە ئەمریکییەکانی زانکۆ خانەنشین بکرێن؟ ئایا دەشێت قوتابیانی خوێندنی ناوەندی تێگەیشتنێکی تەواو ڕوون و ڕاشکاوی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگەکەیان هەبێت کە ڕۆشنبیرەکان هەرگیز ناتوانن هەیانبێت؟
بۆدریار: بەڵێ. ئیمکانییەتێکی تێگەیشتن هەیە لە ڕیگەی حەدسەوە. بەڵام ڕۆشنبیری ئەمریکی بۆیە ناتوانێت لە کولتوورەکەی تێبگات چونکە لە گیتۆیەکی کولتووریدا (an intellectual ghetto) گیری خواردووە. شێوازە بەرگریکارییەکەیشی لاساییکردنەوەی کولتووری ئەوروپییە، ئەمە دەریدەخات کە بۆچی جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ڕۆشنبیری ئەمریکی و کولتووری ئەمریکیدا هەیە. بێگومان، گەنجان حەدسی زیندووتریان هەیە و لەم دۆخە ساختەیەدا نین.
کاتێک ویستم هەر بۆ خۆم لە زێدە-واقیعی ئەمریکی بکۆڵمەوە، هاوکارەکانم نەیانویست بەشداریی بکەن، لەبەرئەوە لەگەڵ ئیکۆدا ناڵێم پێویستە خانەنشین بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا گەر لەدەستمبێ دەمەوێت بیاننێرم بۆ بیابان.
س.م/س.ج: ئەها، بەڵێ، بیابان! تۆ دەڵێیت: ''بیابانەکان فۆڕمێکی باڵایان هەیە (sublime forms) دوورە لە هەر کۆمەڵکەیەگ، لە هەر سەنتیمێنتالێتییەک، لە هەر سێکسواڵێتییەک''. پێشنیاری ئەوەیش دەکەیت کە ''پێویستە هەمیشە مرۆڤ شتێک ئامادە بکات تاکو لە بیاباندا بیکاتە قوربانی (sacrifice) و وەک قۆچی قوربانی (victim) پێشکەشی بکات. ژن. ئەگەر شتێک هەبێت لەوێ دیار نەمێنێت، شتێک کە لە جوانیدا هاوتای بیابان بێت، بۆچی ژن نییە؟'' ئامانج لەم قسە هەراسانکەرە بێ پاساوە چییە؟ بە گوێرەی ئەمە، ئایا پێویستە فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرنە لە ناوەندی شاردا بکەینە قوربانی؟
بۆدریار: ڕەنگە ئایدیایەکی زۆر باش بێت کە بە ئاشکرا قوربانی بە فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرن بدرێت. هەڵبەت، لەو وێنەیەدا کە دەربارەی بەقوربانیکردنی ژن خستوومەتەڕوو بڕێک هەراسانکردن (provocation) "إستفزاز" هەیە، بەڵام پێموانییە بە زەرورەت زاراوەی "قوربانی" نێگەتیڤ بێت. من وەک شتێکی پۆزەتیڤ لێیی دەڕوانم. بۆ نموونە، هەندێک قوربانیدانی دوولایەنە لە فریووداندا هەیە. شتێک پێویستە بمرێت بەڵام ئەمە وەها نابینم ناچاربێت کەسێک بسڕێتەوە- ڕەنگە پێویست بێت ئارەزوو و عەشق بمرن. قوربانیدان بە ژن لە بیاباندا کردەوەیەکی لۆژیکییە، چونکە مرۆڤ لە بیاباندا تاکە شوناسی خۆی ون دەکات. لێرەدا قوربانیدان کردەیەکی باڵایە و بەشێکە لە درامای بیابان. کردنی ژنیش بە ئوبێکتی قوربانیدان ڕەنگە گەورەترین ستایش بێت کە بتوانم لێرەدا بە ژندا هەڵیبڵێم.  
س.م/س.ج: بەم دواییانە لە نیویۆرک، نمایشێک هەبوو بە ناوی ''بەرەنگاری (دژ بە بۆدریار)'' کە ژمارەیەک هونەرمەندی دیار بەشدارییان تێدا کرد. هەستت چۆنە کاتێک بەرهەمەکەت وەک شتێک دەبینیت کە ئەوەتا دژی دەجەنگن، بەوە تۆمەتباری دەکەن مالیخولیاییە، پڕە لە مەیلی نەکردن (full of inertia ) و هیچ ڕێگایەکیش بەرەو پێشەوە پیشان نادات ]ئەڵتەرناتیڤ ناخاتە ڕوو[؟
بۆدریار: وەک پێشتر وتم، هەمیشە ڕەگەزێکی هەراسانکردن (ئیستفزاز) لە نووسینەکانمدا هەیە. ئەوەیش جۆرێک تەحەدا دەخاتە بەردەم ڕۆشنبیر و خوێنەر کە شێوە گەمەیەکیان دەست پێکردووە. بێگومان، ئەگەر خەڵکان هەراسان بکەیت، ئەوا دەبێت پێشبینی دژە-هەراسانکردن (counter-provocation) و هەندێ کاردانەوەی نێگەتیڤیش بکەیت. ئەو بێزراوییەی تێیدام شتێکی ئێجگار گرنگ و تینبەخشە. ئەمە ئەوە دەردەخات -ڕەنگە هەر بە شاراوەیی و نائاگایانە- نەرێنبوونەکەی خۆمم بۆ گواستوونەتەوە، ئەمەیش ئەو شتەیە کە پێشبینیم دەکرد. دەتوانم بڵێم زێدە-کاردانەوە (hyper-reaction) بەرامبەر کارەکەم هەبوو، کەوایە لەم ڕوانگەیەوە من سەرکەوتوو بووم.
س.م/س.ج: ئەی دەربارەی پێگەی ژنان لە کارەکەتدا چی؟ ئایا ئەوان پسپۆری فریوودانن؟
بۆدریار: من هاوڕای ئەو ئایدیۆلۆژیا فێمێنیستییە دەمارگیرە نیم کە دەڵێت ]وەسفکردنی[ ژن بە فریوودەر (seducer) بریتییە لە ڕۆڵێکی سووکایەتیپێکراو. بە بۆچوونی من، ستراتیژییەتی فریوودان هێزێکی شادیبەخش و ڕزگارکەرانەی ژنە. ئەمە وزە لە لەبەرگرتنەوە (simulation)ـەوە وەردەگرێت. بەداخەوە، لە فێمێنیزمدا هەر شتێک بۆی ڕێبکەوێ ببێتە شتێکی ژنانە ئەوا بەرگریی لێدەکرێت –نووسینی ژنانە، شیعر، هەر جۆرە داهێنانێکی هونەری، ئەمەیش وا دەکات مەسەلەکە ئاوێنەی لەبەرگرتنەوەی پیاوانە بێت. ئەمە لەبەرگرتنەوەیەکی نەرێنییە و جێگای داخە. پێموایە ستراتیژیەتی ژنانەی فریوودان نامۆبوون (alienation)ـی ژن نییە، وەک ئەوەی فێمێنیستەکان بۆی دەچن. دەبێت مرۆڤ دەست لە جەنگی نێوان دوو ڕەگەزەکە هەڵگرێت و لە نامۆبوونی سێکسیستی (sexist alienation) دووربکەوێتەوە. نابێت پیاوان و دژنان دژایەتیی یەکتری بکەن. پێموایە مرۆڤ دەتوانێت توانای مێینەیی فریوودان وەک فەزیلەتێکی پۆزەتیڤ بەدەست بهێنێتەوە، ئەمەیش یەکێکە لە ڕێگاکانی زاڵبوون بەسەر مەسەلەکەدا. بەڵام بێگومان ڕیسکی ئەوە دەکەم کە ڕووبەڕووی هەڵەتێگەیشتن ببمەوە.
س.م/س.ج: ئایا ئەم ڕوانگەیە ڕوانگەیەکی ڕۆمانسیی نییە بۆ ژن وەک بوونەوەرێکی باڵا (transcendent)؟ زۆرێک لە فێمێنیستەکان هەمیشە ڕەخنە لەو جەوهەرگەراییە (essentialism) دەگرن کە تۆیش ڕەخنەی لێدەگریت.
بۆدریار: گرنگە وەک ژن ڕەخنەی ژن بکرێت. فریوودان تەنیا ستراتیژییەتێکی سێکسیانە نییە و تاکلایەنەیش نییە. بەڵکو زیاتر بەندە بە دوولایەنەیی و تەواوکارییەوە. کۆمەڵێک ڕێسا بۆ گەمەکە هەیە. فریوودان گەمەیەکی زۆر فیزیکی ]جەستەیی[ و یەکسانانەیە. هەردوو لا بە قووڵی دەچنە نێوییەوە و گرەوەکانیش گەورەن. فریوودان ئایدیۆلۆژیایەکە کە لەسەر حسێبی دیموکراسییەت یاریی دەکات. ئێستا پیاوان عەوداڵی ئەوەن ئایدیۆلۆژیایەک بدۆزنەوە کە بیانناسێنێت، پێشموایە دەبێت مێینەیی (femininity) لە سنوورە بەرتەسکەکانی خۆی زیاتر بڕوات، بچێتە ئەودیوی ئەو ڕێگەیەوە کە لەم ساتەی ئێستادا خۆی لێوە دەبینێت.
س.م/س.ج: ئەی ئەگەر وا بێت، کەواتە شتێکی وەک عەشق بوونی هەیە؟
بۆدریار: یاخیبوونێک هەیە، بەڵام بەڕاستی نازانم. شتێکی زۆرم نییە لەبارەی عەشقەوە بیڵێم.
س.م/س.ج: منداڵت هەیە؟ منداڵەکان واتلێدەکەن گەشبین بیت؟
بۆدریار: دووانم هەیە. ئێستا لە تەمەنی پێگەیشتن و کامڵبووندان. ڕەنگە باوکێکی خراپ بووبم چونکە هیوا کەسییەکانی خۆمم بەسەردا نەدان. پاشان، ئەوان خۆیان ڕێگای خۆیان دۆزییەوە و ئەوەیان کرد کە دەیانویست بیکەن.
س.م/س.ج: قومار دەکەیت؟
بۆدریار: بەڵێ، لە لاس ڤێگاس دەیکەم. هەندێجاریش قومارچی نیم.
س.م/س.ج: ئایا کاری تۆ قومارکردنە؟ ئەگەر وابێ، ئەی چی لە گرەودایە؟
بۆدریار: نازانم ئاخۆ دەتوانن ناوی بنێین گرەوی کولتووری (cultural stakes). بەڵام نابێت گرەوەکان تێکەڵ بە ئەنجامەکان بکەن. کێشەکە تێکدانی کارەکە نییە، -ڕەنگە کار هیچ گرەوێکی تێدا نەبێت- کار لە دەوری خۆی دەسووڕێتەوە تاوەکو هیچی لێ نامێنێتەوە. پێموایە گرەو ]ی قومار[ ماتەوزەیە، پۆتێنشیەڵی وزەیە ]وزەی کار[. ئەمە بە نزیکەیی لە یاریی پۆکەر دەچێت. بە شێوەیەک لە شێوەکان، گرەو زیاتر گەمەیەکە لە سەرووی موزایەدەکردنەوە لەپێناو بینینی دەست و پێڕی ئەوانیتردا. گرەوەکە ئەوەیە ئەوانیتر دەستی خۆیان کەشف بکەن.
س.م/س.ج: لە "جەزبەی سۆسیالیزم" (The Ecstasy of Socialism)دا، سەرزەنشتی گەشبینی و "ساویلکەیی نا-ماقووڵانەی فیکری سۆشیالیستی" دەکەیت. داخۆ ئەم دۆخە هەر بە سادەیی نائومێدییە لە سیاسەتەکانی پاش-68؟ ئایا تۆ تەنیا ئاڵوگۆڕێکت نەکردووە: دەبەنگیی کولتووری بەرخۆریت خستۆتە جێگای هەر مامەڵەیەک لەگەڵ کایەی سیاسید\ ]وەک سیاسەت[ بۆ شەیداییەک؟
بۆدریار: کێشەیەکی دیاریکراو و جدی لەوەدا هەیە، چونکە نەوەی 68 هەموو شتێکی خستە گەمەوە. نەرێکردنێکی سەرسوڕهێنەری کولتوور هەبوو، ئەمە قوربانیدانێک بوو بە بەها سیاسییەکانیش. بێگومان، دوای قوربانی ئەوەی هەمیشە دەمێنێتەوە بەتاڵییە، بەتاڵیی کولتووری. لە ئەمریکا، جێگای ئەم بەتاڵییە پڕ کراوەتەوە، نەک بە کولتوور بەڵکو بە ڕووداوەکان (events)، کە ئاڵوگۆڕی لە دیمەنی سیاسی 68دا کردووە و گۆڕیویەتی بە یاریی ئاگرینی کولتووری (cultural fireworks).
ڕادیکاڵیزمی 68 گەیشت بە ڕووداوی گەورە، وەکو داتەپینی بۆرسە و دەرکەوتنی ئایدز- ئا ئەوە ڕادیکاڵیزمی ئەمریکییە. ئەمە ڕادیکاڵیزمێکە کە ڕۆشنبیر تێیدا جێگەی نابێتەوە، ڕۆشنبیر بە واتا تەقلیدییەکەی وشەکە. ڕادیکاڵیزمی ڕۆشنبیر بوو بە مایەی ڕووداوەکان، پاشان ڕۆشنبیر تەریک و بێکاریگەر کرا. ڕۆشنبیر هیچ داهاتوویەکی نییە.
 
سەرچاوەکان:
- جان بودریار: المثقف لا مستقبل له، ترجمە: محمد دخاخنی، altra صوت، 2017.
https://www.ultrasawt.com
- Jean Baudrillard: The Politics of Seduction، in “Baudrillard Live- Selected Interviews”، Edit By Mike Gane، Routledge (London and New York 1993)، Pp. 152-155.