نیسان 21, 2019

سان جۆن پێرس
لە فارسییەوە: ئەدیب نادر

ستایشێك قبووڵ دەكەم كە لێرەدا بۆتە شاباشی شیعر و لە بەرپەرچدانەوەیشیدا بە شیعر كەمتەرخەمیی ناكەم. شیعر زۆرجار لەشانازی بێبەرییە. چونكە وادەردەكەوێت كەلە نێوانی بەرهەمی شاعیرانە و چالاكی كۆمەڵایەتییدا، پابەندی ئەركە ماددییەكانە، جودایی ڕۆژ بە ڕۆژ لە برەودایە. شاعیر ئەم جوداییەی قبووڵ كردووە، بەڵام بەدوویدا نەگەڕاوە. ئەگەریش زانستیش لەدەستدەری ئەنجام و كەڵكە زانستییەكان بوو، ئەوا باری زانایش هەر وادەبێت. بەڵام لێرەدا ئەندێشەی زانا و شاعیری خاڵیی لە سوودخواستیی، دەبێتە هاوەڵی شانازیی. ئومێدەكە لێرەدا ئەوەیە لانیكەم ئیدی شیعر و زانست وەكو دووبرای هاودژ سەرنج نەدرێن. چونكە پرسین شتێكە و، ئەم دووانەیش بەڕووی یەكتریدا هەڵشاخاون و، تەنها ڕێگای گەڕان و سەنگوسووژكردن جوداوازە. كاتێ كە بارودۆخی ئازاراویی زانستی نوێ پێوانە دەكەین هەتا دەروونی ڕەهای ماتماتیكی سنوورەكانی ئاوەزی خۆی بدۆزێتەوە، كاتێ كە سەرنج دەدەین زانستی فیزیا دوو تیۆری گەورەی بەسەردا زاڵە، یەكێكیان بنەچەی گشتیی گوێرەیی- ڕیلەیتیڤیتی- یە و ئەوی تریشیان بنەچەی –كوانتا- ی بنیادنراوە لەسەر بێباوەڕیی و بێئیستەرەمیی- كە بۆ هەمیشە تەنانەت كۆكیی پێوانەكانی فیزیایش دەستنیشان دەكەن-، كاتێ گوێبیستی ئەوە دەبین كە گەورەترین زانای نوێخوازی ئەم سەدەیە، داهێنەری ڕێی تازەی ناسینی گێتیی و وەڵامدەرەوەی فرەواژترین پرسە ڕۆشنبیرییەكانە، لە ڕێگای هاوكێشە جەبرییەكانەوە، كەشفكردن بە یاریدەدەری ئاوەز دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت كە:"خەیاڵبازیی زەمینەی ڕاستەقینەی خرۆشانی چڕوپۆپی زانستە"، تاكو ئەو ئاستە بەرەو پێش دەچێت كە شێوە و تەرزە"تێنواڕینێكی هونەریی" ڕاستەقینە بۆ زانا پێشنیار دەكات، بەڵام ئایا ئێمە مافبەدەرین ڕێی شیعریش چوون ڕێی زانست بە ڕەوا و مافدار لەقەڵەم بدەین؟
لەڕاستییدا ئافەریدەكانی ڕۆح، بەر لە هەموو شتێك شاعیرانەن، شاعیرانە بە مانای پەتیی وشە. پێبەپێی لەبەرچاو گرتنی هاوتایی نەخشكێشانی هەستیی و دەروونییشدا، هەر لە یەكەمین مەنزڵەوە و لە كارگە و فابریكەی زانا و شاعیریشدا تاقە ئەركێك هەیە.
پێویستە ئەوە ببینین كە داخۆ ئەندێشەی بەڵگەهێن و خەیاڵبازی شاعیرانە كامیان دوورتر و بەرەو پێشتر دەڕۆن؟ لەناوجەرگەی ئەم شەوە ڕەسەنەیشدا، دوو بە كوێریی لەدایكبوو هێدی هێدی بەرەو پێش دەچن، یەكێكیان بە ئامڕازی زانستیی تەیاركراوە و ئەوی تریشیان تەنها ڕووناكایی كەشف و ئاشكراكردن لەگەڵە، كێیان خێراتر چڵەپۆپەكان تەی دەكات؟ لە كامیشیاندا ڕووناكایی تیشكدارتر دەدرەوشێتەوە؟ ئەم هەمووە بێ وەڵامە. نهێنی هاوبەش لەئارادایە. ڕووداوی گەورەی ڕۆحی شاعیرانەیش بەهیچ جۆرێك لە دێباجەی ئازارازیی زانستی نوێ ژێردەستەتر نییە. زانا گێتیشوناسەكان كە لە ڕێی زانینی تیۆرێكەوە جیهانی گەردوونیی بە فراوانیی و بەربڵاویی دەبینن سەرسام دەبن. بەڵام لە جیهانی بێكۆتاییەی ڕۆحی مرۆییشدا، لەم جیهانە گەورەیەیشدا، فراوانیی و بەربڵاوییەكی كەمتر لەكاردا نییە. هەرچەندەیش زانست كەوشەنەكانی خۆی بەرەو پێشتر بەرێت و هەرچەندەیش ئەو كەوشەنانە بەربڵاوتر بن هێشتایش هەر دەنگی سەگەڕاوشكارییەكانی شاعیر دەبیستێت. چونكە ئەگەر شیعر، هەروەكو دەڵێن:"ڕیالیزمی ڕەها"نەبێت، پەروەردگار نزیكترین ئارەزوومەندی واقیعییەتە و، نزیكترین ڕێی دەساژۆ كردنیشێتی، لەو خاڵە دوایینییەی هاوكاری، كە وەكو بڵێی ڕیالیزم بۆ پرس دەربارەی خۆی پێی ناوەتە حەرەمسەرای شیعرەوە. شاعیر، بە ئەندێشەیەكی پێوانەگەرایانە و خوازەییانەوە، بە ڕووناكیی دوورفڕی ئیماژ كە ناوبژیوانە، لەگەڵ كرانەوەی پەیوەست و پەیوەندەكانی بەڕووی هەزاران زنجیری كاردانەوە و وابەستەبوونی بە سەر سوڕماوییەوە و سەرەنجامیش لە تیشكدانەوەی ئەو زوبانەی كە تەنانەت بزووتنەوەی بوونیش بۆ خۆی دەگوازێتەوە، لە "سەرڕیالیستیی"كەڵكی وەرگرتووە كە زانستێك لەو ڕێگایەدا نییە. ئایا لۆژیكێكی لە لۆژیكی شیعر دڵگرتر و گیركەوتووتر هەیە نزیك بە مرۆڤ كە لە شیعریش پتر گرفتار و ئەركمەندی بكات؟             
كاتێ كە تەنانەت فەیلەسووفەكانیش ئاستانەی ئەودیوی سروشت چۆڵ بهێڵنەوە، ئەوە شاعیرە كە پێویستە لەو دەرگایەوە ورە بە فەیلەسووفان ببەخشێت. ئەو كاتەیش لەڕاستییدا هەر شیعرە، نەك فەلسەفە، كە بە گوتەی ئەو فەیلەسووفە دێرینەی- زیاد لە هەموو شتێك شیعری پشتگوێ خستبوو- خۆی بە"ڕۆڵەی سەرسامیی"دەسازێنێ. بەڵام شیعر پتر لەوەی ئایینشوناسیی بێت، بەر لە هەموو شتێك ئایینی زیندەگییە، ئایینی زیندەگییەكی كامڵە. شاعیر لە ئارای مرۆڤە ئەشكەوتنشینەكاندا هەبووە، لە میان مرۆڤی چاخی ئەتۆمیشدا بوونی هەر دەبێت. هەر دەبێت لەبەر ئەوەی شاعیر بەشێكی جودانەویستە لە مرۆڤ. هەتاكو ئایینەكانیش زادەی ئاتاجە شیعرییەكانن، واتە زادەی ئاتاجە مەعنەوییەكانی مرۆڤن. لە تیشكدانەوەی شیعریشدایە كە پزیسك و پڕووشەی خوداوەندێتیی تاهەتایە لە دڵی بەردەئەستێی سروشتی مرۆڤدا زیندووە و زیندووە. كاتێك كە بینای ئەفسانە تێكوپێك دەتەپێت، خوداوەندێتیی لە شیعردا پەناگای خۆی دەدۆزێتەوە، ڕەنگیشە، تەنانەت سەرقۆناغی نوێكردنەوەی هێزەكەی خۆیشی بدۆزێتەوە. لە سیستەمی كۆمەڵایەتی مرۆڤیشدا كاتێك هەڵگرانی نانی دەورانی كۆن بەرانبەر بە هەڵگرانی مەشخەڵ سەردادەنەوێنن، بە خەیاڵێكی شاعیرانەوەیە كە دیسانەوە چرای هەستە باڵاكانی میللەتە ڕووناكی ویستەكان هەڵدەئایسێت.
شیعر سەربەرزیی و سەرفرازیی ئەو مرۆڤەیە كە لە ژێر باری هەتاهەتاییدا لە ڕەوتدایە. سەربڵندیی مرۆڤێكە كە لە كاتێكدا لە ژێر باری مرۆڤایەتییدا لە ڕەوتدایە، دەرگاگەلێكی نوێی مرۆڤایەتیی بەڕوویدا ئاوەڵا دەبنەوە، مرۆڤایەتییەك لە سەرتاپاگیرییەكی واقیعیی و بێهاوتایی و كامڵ بوونێكی ڕۆحیی پێكهاتووە...شیعری نوێ، بۆ پەیامەكەی خۆی بەئەمەكە، كە پەیامەكەشی ڕۆچوونە بەناو پەنامەكییەكانی مرۆڤدا، دەست دەژەنێتە كارێكەوە كە سەرومڕیی ئەو بۆ كامڵبوونی مرۆیی پێداویستییەكی پێداگرە، لە شیعرێكی لەو بابەتەیشدا شوێنەواری پێشگۆیی و غەیببێژیی بوونی نییە و شوێنەواری جوانیی پەتییش هەروەها بوونی نییە. شیعر بەهیچ شێوەیەك هونەری بۆن و بەرامە بەخشین و ڕازاندنەوە نییە. شیعر هیچ وەختێك مرواری فەرهەنگ پەروەردە ناكات. نایشكەوێتە بازرگانی كردن بە تارمایی و نیشانەكان و بۆ هیچ جەژن و كەرنەڤاڵێكی پڕ ئاهەنگیش ملكەچ ناكات. كە بە ڕێگایەكدا ڕادەبوورێت دەست دەداتە دەستی جوانیی. چ تاقانە و بێهاوتایەكی شكۆدارە! بەڵام ئەمە هیچ كاتێك دوایین سەرچاوە و تاقە سەرچاوەی ئەو نییە. شیعر كە قایل نابێت بە جودابوونەوە لە هونەری ژیان، هەر وەكو قایلیش نابێت لە عیشق بە ئاشنابوونیش جیابێتەوە، خۆی خودی كارە، خرۆشانی عیشقە، توانا و نوێخوازی هەرماوە، لە كاری جێبەجێكردنی سەرحەدەكانیشدا عیشق بنەمایە و سەركێشییش ئایینێتی و شوێن و جێگاشی هەموو شوێن و جێگاكانە لە ئاسۆی داهاتوودا. شیعر داواكاری ڕەتكردنەوە و"نەبوون"نییە. سەربار چاولەڕێی ئیمتیازاتەكانی ئەم سەدەیەیش نییە. وابەستەی چارەنووسی تایبەتمەندی خۆیەتی و لە هەموو مەبەستێكیش ڕەهایە . خۆی بە هاوتای ژیان لەقەڵەم دەدات و تەنانەت چاوەڕوانیی ڕێنماییەكیشی لێ ناكرێت. شیعر بە ئامێزێك، بە پار و بەشێكی گەورەی چامەیەكی زیندوو، سەرجەم ڕابردوو و ئێستا و ئایندە، سەرانسەری مرۆڤ و سەرووی مرۆڤ و هەر هەموو بۆشایی دنیا و ئاسمانی جیهانێ بەیەكجاریی دەگرێتە باوەش. ئەگەر لە تاریكیی و نادیاریی گلە و گازاندە بكەن، ئەم سیفەتەی كە ڕۆشنایی بەخشینە لەناو خودی تایبەتمەندی ئەودا، بێ بوونە. ئەم تاریكییە كار و پیشەی شەوێكە كە شیعر ئەركی دۆزینەوەكەی لە ئەستۆدایە. لەناو ڕۆح و نهێنییەكدایە كە بوونەوەری مرۆیی تیادا نوقمە. دەربڕینی شیعریی هەمیشە لە تاریكییەوە دوورە و دەربڕینێكیشە هیچ لە زمانی زانست ڕازاوەتر نییە. بەم شەقڵە، شاعیر، بە وابەستەییەكی تەواوەوە بەوەی كە هەیە، بۆ ئێمە پەیوەندی بە نەمریی و بێهاوتایی بوونەوە بەرقەرار دەكات. وانەكەی ئەو، وانەی گەشبینییە. لە تێنواڕینی ئەوەوە یاسایەكی هارمۆنیی فەرمان بە سەرتاسەری جیهانی شتەكاندا دەردەكات. لێرەدا ڕەوا نییە ئەو شتە بێتە ئاراوە كە بێسێودوو لە پێودانگی مرۆییەوە وەدەردەكەوێت. خراپترین گۆڕانكارییەكانی مێژوو لە نەوای كەشێك بترازێ، دەرگایەكی پانوپۆڕتر نییە بۆ دەورانی پەیوەستبوون و تازەگەریی."خوداوەندانی سزادەر"**یش كە بە مەشخەڵە بڵندەكانەوە بە گۆڕەپانەكاندا تێدەگوزەرێن لە چركەساتێكی پرسە درێژخایەن و ڕەوانەكان بەولاوە هیچی دی ڕوون ناكەنەوە. ژیارە پێگەیشتووە كانیش هەرگیز لە پەروای خەزاندا نامرن، بەڵكو كاژ دەگۆڕن. هەر تەنها كڕۆكییە"جمود" كە هەڕەشاوییە.
شاعیر كەسێكە شیرازەی دابونەریتمان بۆ دەپچڕێنێت. هەر بەو جۆرەیش ئەو، بیەوێ و نەیەوێ، بە ڕووداوە مێژووییەكانەوە پەیوەندی بەرقەرار دەكات. هیچ خاڵێكی داستانی كۆژانئامێزی سەردەمیش بۆ ئەو نامۆ نییە. پێویستە شاعیر تاسەی ژیانی ئەم سەرزەمانە هەستەوەرە بە ڕوونی بە هەمووان ڕابگەیەنێت. چونكە سەردەمێ كە ڕێ دەباتە ناو سەردەمێكی نوێترەوە، گەورە و تازەیە. ئەی ئیتر ئێمە شانازی زەمانەكەی خۆمان بە ئەستۆی كێدا بدەین؟                    
مێژوو ڕۆژێك هەر دەمامكی زبرخوویی لە سیما دادەماڵێت و بە دەستی هەڵبڕاوەوە ئیشارەی ئاشتیی میان خودا وەندێتیی ئاسیایی و توند و تیژترین سەما تێكدەرەكانیشی دەكات و دەڵێت:
"سڵ مەكە! سڵ مەكە و دوودڵ مەبە! چونكە ڕاڕایی بێبەر و بووم و ترسناكە. بە ئاوازێكی هاوتا و هاوكێشەوە دەستی نوێخواز مەبەرە سەر دەستەیەك مرۆڤ، پابەندیی لە كاری سازاندندا، شەقڵێكی نوێ دەگرێتەخۆ، چێتر گوێ ڕایەڵ بكە. ئەوە ڕاست نییە كە دەڵێن ڕەوایە ژیان خۆی ڕەتبكاتەوە. هیچ زیندەوەرێك نییە لە نەبوونەوە پەیدا بێت، یاخود گیرۆدەی ئەو نەبوونە بێت. هیچ شتێكیش وێنە و بارتەقای خۆی لە بەر ڕێڕەوتی لێشاوی بێبڕانەوەی بوون ناپارێزێت. كارەسات خۆی لە خۆیدا گۆڕان و دەعجانبوون نییە. ئازاری ڕاستەقینەی ئەم سەدەیەمان لەو شەباقەیەدایە كە لە نێوانی مرۆڤی ناهەتا هەتایی و مرۆڤی هەتاهەتاییدا هەموو ئانوساتێك لە پتر بووندایە. ئایا مرۆڤێك كە لە لایەكی چیایەكەوە بە ڕۆشنایی گەیشتووە، لە لایەكەی دیكەیدا خۆی دووچاری تاریكیی دەكات؟ و ئایا پێگەیشتنی زۆرەملێی ئەویش لە كۆمەڵگایەكی یەكنەكەوتوو و سەرنەكەوتوو پێگەیشتنێكی كرچوكاڵ نییە؟..."   
ئەوەی نەبڕاوە و بێچەند و چوونە لە ئەستۆی شاعیردا ئەوەیە كە لە نێوانی ئێمەدا گەواهیدەری بەهرە و سروشتی دووفاقی مرۆڤ بێت. واتە لە بەرانبەر ڕۆحی ئەودا ئاوێنەیەكی هەستەوەرتر بۆ دەسەڵاتە مەعنەوییەكانی مرۆڤ ڕاگیر بێت. یانی هەتا لەم سەدەیەیشدا،"دۆخێكی مرۆیی"شایستەتر بۆ مرۆڤی تەندروست و ساغڵەم بخوازێت. یانی سەرەنجام لە جیهاندا، بە پێودانگێكی بەرفراوانترەوە، ڕۆحی كۆمەڵ بە ڕەوتی هێزی مەعنەوییانەوە گرێبدات...ئایا لە بەرانبەر هێزی ناوكێكدا، چرای گوڵینی شاعیر بۆ ئەم مەبەستە سەروزیادە؟ بەڵێ ئەگەر مرۆڤ گوڵ بە یادەوە هەڵبخات.
ئەوەیش سەروزیادە بۆ شاعیر كە ویژدانی بێئارام و پەشێوی سەردەمەكەی خۆی بێت.

*ئەمە وتارێكە شاعیری ناوداری فەڕەنسیی سان جۆن پێرس لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی1960دا لە ئینیستیتیووتی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریی ستۆكهۆڵمدا پێشكەشی كردووە. ئەم وتارە"مستەفا ڕەحیمی" كردوێتی بە فارسی و لە ژمارە 2 ی ساڵی 1978ی گۆڤاری"جزوە شعر"دا بڵاویكردۆتەوە و ساڵی 1986 وەرمگێڕاوە.

© 2017 Hawler