نیسان 21, 2019

"قەدی بامبۆ" یەکەم رۆمانی سعود ئەلسنعوسی بە کوردی

لە نوێترین کاری وەرگێڕانیدا ڕەنجدەر جەبار رۆمانی "قەدی بامبۆ"ی ڕۆماننوسی کوێتی سعود ئەلسنعوسی وەرگێڕاوە و ناوەندی ڕەهەند لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاویدەکاتەوە.
بونیادی ئەم ڕۆمانە لەسەر هاوسەنگییەک دامەزراوە، ئەمەش جۆرە تەکنیکێکە سنعوسی لە پێکهاتەی جەستەی ڕۆمانەکەیدا بنیادی ناوە . . لە لایەک ((عیسا)) لە باوکێکی کوێتی و دایکێکی فلیپینی لەدایک دەبێت لە لایەکی دیکە ((مێرلا)) لە دایکێکی فلیپینی و باوکێکی ئەوروپی نادیار دێتە دونیاوە. لە بەرامبەر کەسایەتی ڕاشد تارووف کە هاوڵاتییەکی ڕەسەنی کوێتییە، کەسایەتی غەسان بوونی هەیە کە هەر لە هەمان خێڵی تارووفە، بەڵام ئەو ((بیدون))ـە، واتا بێ ناسنامەیە، هەرچەندە ئەو پێشتر سەرباز بووە و لە سەردەمی جەنگ و داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە بەرگری لە وڵاتەکەی کردووە، بەڵام ئەو هەر لە پەراوێزدا ماوەتەوە و تەنانەت نەیتوانی هاوسەرگیری لەگەڵ هیند تارووفدا بکات، بەکورتی لەبەرئەوەی بێ ناسنامەیە. لە کاتێکدا ڕاشد عیسا تارووف لە سەردەمی داگیرکاریدا پەیوەندی بە شانە چەکدارەکانی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەوە کردووە و غەسان بەرگری لە وڵات کردووە لە بەرامبەر ئەوەدا لە فلیپین ((میندۆزا)) لە جەنگدا عەقڵی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا جەنگ لە ناخیدا بڵێسە دەستێنێت.
سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی و پێشوازی و خوێندنەوەی لەلایەن خەڵکەوە وای کرد لە ژێر هەمان ناودا و لە ساڵی ٢٠١٦ زنجیرە درامایەک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕۆمانە بەرهەم بهێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە بردنەوەی خەڵاتی بوکەری ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئەم ڕۆمانەوە هەروا بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە. کاتێک خوێنەر ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە هەست دەکات لەگەڵ ڕۆمانێکی جیاوازدا هەڵسوکەوت دەکات.
ئەم ڕۆمانە لەگەڵ حەوت کتێبی دیکەدا هەفتەی ئاییندە لە ناوەندی ڕەهەند بڵاودەبنەوە.

 

© 2017 Hawler