حوزەیران 24, 2019


(نەمر )
ژیان جوانە . استاتیكای هونەر . واڵایە. نواندن بەرجەستە كردن و ئاوێنەی باگراوندی جوانی و ناشیرینیەكانی گێتیە . میهرو سۆز . ڕەنگی سروشتی ڕۆحە ... هەموو ئەمانە . كۆتاییەكەی نەمریە ... بەو مەرجەی . هەناسەكانی ( سەلام كۆیی) مان لێ دوور نەبێت .


(ژیری)
لەسایەی عەشقیەوەبوو .. گەیشتە مەقامی كۆشكی هیواكانی .. زۆر بەئارامی.. تاوێك لەهەناوی خانزادی میری سۆراندا دەمایەوە و .. دواجاریش .. بەتێڕامانەوە .. هەنگاوی نەمری دەناو .. دەچووە ژێر دەوارێكی ڕەشء بەهیوایەكی سپیەوە .. تەواوی دەوارەكەی .. سپی تر دەكرد.
سات ناساتێك.. لەبەرگی ژیری هەیاسی خاسدا .. بڕێك حیكمەتی دەبەخشییەوەو لەڕێگەی درامای ئەنگوستیلە تایبەتەكەی .. دەیڕوانییە ئایندە .. هەموو جارێكیش بەهیواوە .. ژەهری لەشوشەی گوڵاوەكان جیادەكردەوە .. چەند نایاب بوو .. ئێمەی بینەر كاتێك كە سەیری دیمەنی نمایشەكانی ئەم پیاوەمان دەكرد.. تامەزرۆبووین .. تا بزانین كێ یە .. هەر كە گوڵۆپیدڵی شانۆكان ڕۆشن دەبوو ..... ڕوخساری ڕوناكتر دەبووەوە .. انجا دەمانزانی .. ئەو پیاوە (نوری كاكە خانە).


 (سایە)
لەدیدگای بێ پەروای .. نواندنە جیاوازەكانی .. هەمیشە ئەو بوو .. مرۆڤایەتی ئاسودە دەكرد ... حەسرەتء ئاهو ناڵەی .. بەردەوامی بوو ... بۆ خۆماندوكردن . سێبەر ئاسا بۆ ئارامی كۆمەڵگا ... كەچی بەدرێژایی ژیانی .. لەسایەی ئارامی كۆمەڵگاكەیدا نەحەساوەتەوە.. ئاخر ئەو تەنها لە (لەخەوخۆش)دا .. سەرخەوێكی دەشكاند. كە ئامانجی لە خەوڕاپەڕاندنی. نا هۆشیارەكان بوو .. بۆ بەدەستهێنانی هیواكان .. ئەو بە تەنها (دایكی ئاریان) نییە، بەڵكو ..(عەتێ خان) دایكی نواندنەكانء چرای ژیانی ڕەوتی هونەرە .. بۆ یە بێ ویژدانییە . گەر وەك سمبول تێی نەڕوانین.


(قودرەت)
قودرەتی ئەو لەژیندا بۆ ژیان .. هەنگاوە نەمرەكانیەتی .. توانای ئامێزی بۆ ئاوێتە بونی .. هونەر ... سەرچاوەی لێهاتوویی . نواندنە دەگمەنەكەیەتی . هەر كاتێكیش ڕۆڵی ژیان بەرجەستە دەكات. چاوی كامێراكان شەرمی لێ دەكەن .. وە لەگەڵ یەكەم دایە لۆگی نێو ڕۆحە پاكەكەی .. وەك زایەڵە بەگوێماندا دەچرپێنێت و .. فێرمان دەكات . كە هونەر لەپێناو هونەر .. وە بەمیهرەوە دەڕوانێتە باگراوندی ژیان ء هەنگاوی بوێرانە بەرەو استاتیكای هونەر دەنێت .. بێشك هەر لەو قودرەتەی (قادر جەلال)ەوەیە .. كە دەبێتە سەرچاوەی قودرەتەكان بۆ هەوێنی قودرەتی مرۆڤایەتی.

(ئاواز)
ئەو ژینی خۆی بەخشیوەتە نووسین . هەروشەیەكی ڕۆچووەتە هەتوانی دڵی تامەزرۆبوونمان لەئامێزی چیرۆكە تایبەتییەكانیدا .. ئاخر ئەو چیرۆكانەی ئەون كە وەك نۆتەی ئاوازی ژیان. گۆرانی سەرفرازی و نەمری بەباڵای (فواد سەراجدا ) دەڵێن ... تائەوەی لەهەناوو یادەوەری مرۆڤایەتیدا بۆ هەمووانیش بببێتە ئاوازێكی دەگمەن .. كە هەرلەڕێگەی ئەو ئاوازەوەیە دەتوانین بۆ هەمیشە یادی پرشكۆی نووسینەكانی بكەینەوە.


(ڕێگای ژیان)
لەسەرڕێگای سەرەكی ژیاندا .. پیاوێك هەیە . لەهەناوی جوڵەی كۆمیدیاكانیەوە ... ئازارەكانی خەڵكی سارێژ دەكات ... خەمی قوڵی ئەو بەبەرجەستەكردنی تراژیدیاكانیشی .. فرمێسكەكان لەچاوانی كۆمەڵگاوە . دەسڕێتەوە . بەڵام خۆی هەڵگری دنیایەك ئازارو چاوبە ئەسرین بۆهەمیشە . كەچی لەسەر ڕێگەی ئەم ژیانەدا . كەسێك نابینی هاوخەمی ئازارو ئەسرینەكانی (كاوە قادر) بن.


 (خود)
حەزو خولیایی ئەو لەئەزەلەوە . ترپەی لێدانی دڵی دەگمەنی ئەوبوو .. بۆدەنگی نەمری درامای (سوڵتان محمود) . بۆسەلماندنی بوونی نواندنە ناوازەكانی .. لەڕێگەی خۆسەلماندیەوە بووەتە پیاوێكی جوان و سەركێش و گران بەها . لەڕاییكردنی ڕۆڵەكانیدا .. ئەو گەیشت بە خۆی .. وە هەر ئەو خۆناسینی خودە بوو نەمریان بەخشیە (زاهیر عەلی)تاكو ببێتە سوڵتانی دارماكان.


(دڵ )
ئەو لەشەوە بێ نازودەیجورەكاندا ... ئاریشەكانی ژیانی بۆ خۆی گل دەدایەوە و ... كامەرانیەكانیشی دەبەخشیە خەڵكی .. هەمووسبحەینانێ ..لە نێو باخچەكانی ژیاندا چاوم پێی دەكەوت . لەهەر باخەو گوڵێكی لێدەكردەوە و .. دەیخستە ناوهەگبەی دڵیەوە . تا ئەوەی خونچە بكەن .. دواجاریش هەر كەسە و گوڵێكی پێدەدا .... هەركە گوڵەكان خونچەیان دەكرد . چەندەها . شیعری جوانی (حمە احمد جاف)یان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنایە نێو ماڵی دڵ . دڵی ئێمەش زۆر لەمێژبوو . لەئامێزی شیعرەكانیدا دەبووە لالەو تیشكی دەبەخشییە كڵاوڕۆژنەی شەوە تەنیایەكانی شاعیر.

 

نووسینی: ئازاد پێنجوێنی

© 2017 Hawler