کانونی دووەم 18, 2019

بـــــاڵندەی بەسەرهــــــات ماسیی (مەترەح) دەخــوات(1)

چیرۆكی: حموود سعوود(2) وەرگێڕانی: موكەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

1 – پاسارییە هەڵاتووەكانی ئەندێشە
نیوەڕۆ بەڕێوە بووم و بەرەو پیشەسازی (عامرات) (3) دەڕۆیشتم. ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو (عامرات) لە ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو دۆزەخ دەچێت. لای ڕاستمەوە ئەنبارێكی شارەوانی (عامرات)م بینی، كە شارەوانی ئەو دارتێلانەی كارەبای تێدا بەجێ هێشتبوون ئەوەند لە شەقامەكان ڕاوەستابوون و ئەوەند ڕێگەكانی نابینایانیان ڕووناك كردبووەوە لەكاركەوتبوون، لەگەڵ چەندان تابلۆی گوندان كە بیرچوونەوە هەڵیلووشیون و ئادەمیزاد بەجێی هێشتوون و وشكەساڵی پەرتی كردوونەتەوە. لەگەڵ چەندان بەرمیلی زبڵدا لەو ناوە فڕێ درابوون لەژێر ئەم دۆزەخە زەوینییەدا مەلەیان دەكرد. ئەنبارەكەی شارەوانی بە چیاكان پارێزرابوو، چیا پاسەوانەكانیش بە گۆشەگیری شوانەكان پارێزرابووون كە لەناو دیمەنەكەدا نەبوون.
لەناوەڕاستی ئەنبارەكەدا پەیكەرێكی پشت گوێ خراوی گۆی زەوی فڕی درابوو، لە گۆی زەوییە گڕگرتووەكەدا دەریاو زەریاو كانییەكان وشكیان كردبوو، دارستانگەل و كێڵگەگەل و دڵگەل سیس داگەڕابوون و، میوزیك و خەونگەلی گەلان بێ دەنگ بووبوونو، خەونگەلی ئەوینداران سووتابوون و،
چەندان دكتاتۆر لەسەر كورسیی دەستەڵات ڕووخابوون و، دكتاتۆرگەلی دیكە لەسەر كورسیگەلی خوێن و وێرانكاری دانیشتبوون. هەموو ئەو ڕووداوانەی لەسەر گۆی زەوی ڕوویان داوەو ڕوودەدەن ئەو پەیكەری گۆی زەوییەیان نیگەران نەكردبوو كە لەناو ئەنباری شارەوانی فڕێ درابوو.
شارەوانی پەیكەرەكەی لە چوارڕیانی (مەحەج)(4)ی ئەوسا بردەوەو، لە گۆڕەپانی دەرەوەی ئەنبارەكەی فڕێ دا. چەند مەلێكم بینی لەسەر پەیكەری گۆی زەوی دەنیشتنەوە، كاتێك لە پەیكەرەكە نزیك كەوتمەوە پۆلە مەلەكەم بینی دزەیان كردە ناو دارستانێكی سیس داگەڕاوەوە، ئۆتۆمۆبیلەكەم ڕاگرت و كۆشام بەدوای پۆلە مەلەكەدا بگەڕێم كە چوونە ناو دارستانەكەوە، دەستم لەسەر كەناری ئیسپانیا دانا، پۆلە مەلە هەڵاتووەكانم نەگرت، بەڵكو تراویلكەم بینی و چەندان دارستانم بینی دەسووتان و لەگەڵیشیاندا كتێبگەلی مێژوو و شیعرو خەیاڵپڵاوی دەسووتان، چەندان كۆشك و كەنیزەو خەلیفەم بینی خەونەكانیان بەجێ هێشتبوو، لۆركام(5) بینی دوایەمین چامەكانی دژ بە دكتاتۆر(6) دەخوێندەوە، دكتاتۆریشم بینی لەناو كۆشكەكەیدا قوڕقۆشمی دەسازاند تا هەڵیڕێژێتە ناو دڵی شكاوی شاعیری شۆڕشگێڕەوە، لەو چركەیشدا كە دەستم خستە سەر درەختەكە كە پۆلە مەلەكە چوونە ناو لق و پۆپەكانیەوە، بەدوای دەنگی پاساریدا دەگەڕام، گوێم لە دەنگی كاروانێكی حوشتر بوو بە ناو بیابانی (ڕوبعی خالی)دا(7) تێدەپەڕی، موبارەك بن لەندەن(8) لە پێشی خۆی دابوو، بە دوای چێژو شتگەلەكانیدا دەگەڕا، لەگەڵ كاروانەكەی لەگەڵی بوو دوو لاوی خەڵكی باشووری عومانم بینی، ئێستە دەیبینم سێ كەسن و چوارەمیشیان دەنگی بیابان و بێ دەنگییە هەمیشەییەكەیەتی و پێنجەمیشیان خەونگەلی پیاوە سپی پێستەكەیە كە لە دۆسێكانی هەواڵگرییەكاندا تۆماركراون، قەدی درەختەكەم گرتبوو تا مەلەكان نەفڕن، درەختەكەم لەقاندەوەو، بەسەرهاتەكە نەكەوتە خوارەوە كە كوڕەكەی لەندەن لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە. نازانم ئەو مستەرە ئینگلیزییە نیوەی بەسەرهاتەكەی لەكوێ شاردەوە.
كەمێك خۆم بەرەو لای ڕۆژهەڵات هەڵسووڕاند تا ئاگەم لەوە بێت كە بن لەندەن لە بیابانی عەرەب چی دەكات، بینم لەژێر درەختێكی (پرۆسۆپیس)دا(9) دانیشتوون و، هەردوو لاوەكە قاوە ئامادە دەكەن، پاشان پیاوە ئینگلیزەكە دەستی بە گێڕانەوە كرد لەبارەی وڵاتە زۆر پاك و خاوێن و شارستانیەتەكەی خۆی و سەردەمی منداڵی خۆی و گۆڕی دایكی لە گوندەوارەكانی ئینگلتەرەو جوانیی ئافرەتان لە وڵاتەكەی، جگەرەكەی داگیرساندو لەگەڵ بۆنی قاوەدا چەڕە دووكەڵێك بڵندبووەوە، چەڕە دووكەڵەكە كە لە دەمی پیاوە ئینگلیزییەكەوە بڵندبووەوە پاسارییە مات بووەكانی ناو درەختەكەی بێزاركرد، ئەو درەختەی لەناو بیابانی (ڕوبعی خالی)دا سێبەری بۆ خەونەكانی پیاوە سپییەكەدروست كردبوو.
لەو چركانەی كە پاسارییەكان لە درەختەكەوە هەڵفڕین، ئەو درەختەی پیاوە ئینگلیزییەكە لەژێریدا دانیشتبوو، چیرۆكەكانی وڵاتەكەی بۆ هەردوو لاوەكە دەگێڕایەوە، وڵاتەكەیكە سەگی خۆش دەوێت، پاسارییەكان لەناو درەختەكەی ناوەڕاستی بیابانی (ڕوبعی خالی) هەڵفڕین، ئاگەم لێ نەبوو پاسارییەكان بۆ كوێ هەڵاتن، چونكە گوێم بۆ بەسەرهاتەكانی موبارەك بن لەندەن شل كردبوو.
پاش گەڕان و سەیركردن پاسارییەكانم بینی لەسەر لق و پۆپی تاكە درەختێك نیشتبوونەوە، پیاوێك لە ژێریدا دانیشتبوو چڕنووكی پرسیارو نیگەرانیی زانین ناخیان هەڵدەكۆڵی، پاسارییەكان نەیاندەزانی پیاوەكە بیر لەچی دەكاتەوەو بۆچی یە تەنیا دانیشتووە؟ ویستیان بجیكێنن تا سەرنجی پیاوەكە بۆ لای خۆیان ڕاكێشن، بەڵام ئاوڕی نەدایەوە، ویستیان بەروبوومی درەختەكە بلەقێننەوە، تا بكەونە خوارەوە، سێوێك بەربووەوەو بەر سەری پیاوە نیگەرانەكە كەوت.
پاشان پاسارییەكان گوێیان لە پیاوەكە بوو هاواری دەكردو لەبەر خۆیەوە ورتەی لێوە دەهات، بەهەردوو دەستی سێوەكەی گرتبوو و ماچی دەكردو، بۆ ئاسمانی هەڵدەدا. لە سێوەكەوە كە بەسەر پیاوەكەدا بەربووبووەوە پاسارییەكانم بینی بوونەتە شەمەندەفەرو بەناو دارستانەكاندا تێدەپەڕن، ئەو سێوەی لە درەختە تەنیاكەوە بەسەر پیاوەكەدا بەربووەوە كە بە تەنیا دانیشتبوو لە سێوەی گوناه، یان سێوی خۆشەویستی، یان سێوی مۆبایلەكان ناچێت كە بە خەنجەری سەرمایەداری لەت كراوەو، لە نیگەرانیی پیاوەكەیش ناچێت كە بە تەنیا دانیشتبوو.
پاش ئەوەی پاسارییەكان بۆ ئاسمانگەل و دارستانگەلی دیكە فڕین، ئادەمیزادان پرسیاری ئەوەیان نەكرد كێ سێوەكەی خستە خوارەوە، بەڵكو قسەی پیاوەكەیان دووبارە دەكردەوە. لە دەنگی شەمەندەفەرەكان كە لەكاتی كەوتنە خوارەوەی سێوەكەدا بەرگوێ كەوت چی دیكە پاسارییەكان بیریان لە پرسیار نەكردەوە. منیش چی دیكە بەدوای پاسارییەكاندا نەدەگەڕام پاش ئەوەی دەقەكەم بۆ لای چیاكانی تەنیشت هەڵگرت پاش هاواری ئەو كرێكارەی كە پاسەوانی ئەنبارە پشت گوێخراوەكەی شارەوانی دەكرد.

2 – دوو ماسییەكەی (مەترەح)
ئەو دوو ماسییەی لەناوەندی چوارڕیانەكەی مەترەح ڕاوەستابوون كەس بیری لێ نەكردبوونەوەو سەرنجی هیچ ڕاوچییەكیان ڕانەكێشابوو تا لەگەڵ خۆی بۆ ماڵەوەیان بباتەوە و منداڵەكانی یارییان پێ بكەن، یان ببنە ژەمێكی بەچێژ بۆ خێزانەكەی. كەیبانووەكانیش هاوسۆزییان بۆ نەدەنواندن كاتێك لە گوندە دوورەكانەوە دەهاتنە بازاڕی مەترەح. هاوكات لینزی كامێراكانی ئافرەتە گەشتیارە ئەوروپاییەكان ئاوڕیان لێ نەدەدانەوە كە واقیان لە تاریكە بازاڕەكە وڕمابوو.
تەنیا پشیلە برسییەكە كە لەسەر شۆستەكە ڕاوەستابوو بیری لەوە دەكردەوە كە شەقامەكەو گۆڕەپانی بەسەرهاتەكە ببڕێت و بكۆشێت لەسەر سەری یەكێك لە ماسییەكان ڕاوەستێت لە چوارڕییانەكەداو بەسەرهاتی نەوە لە دوای نەوە هندییەكانی خۆی بۆ بگێڕێتەوەو چۆن لە مەترەح ئاوارەو دەربەدەر بووەو چۆن ئەو خانەوادە هندییە وازی لێ هێناوە كە (ڕۆی)(10)بەجێ هێشت و بۆ (نیودەلهی)(11)گەڕایەوە تا كیژە تاقانەكەی خانەوادەكە بتوانێت مێژووی سینەمای هندی بخوێنێت، ئەو پسپۆرییەی كە لەو كاتەوە خەونی پێوە دەبینی كە لە قوتابخانەی هندی لە (دارسیت)(12) دەیخوێند.
پشیلە ڕەشەكە لەسەر شۆستەكە ڕاوەستاو بەسەرهاتەكەی خۆی دەگێڕایەوە، كە هەندێك خەیاڵی تێكەڵ كرد بەوەیش هەردوو ماسییەكەی بێزار كرد، ڕێبوارو ئافرەتە گەشتیارەكان و كەشتییەكان و ماسییەكانی بەندەری (مەترەح) گوێیان بۆ ئەم بەسەرهاتانە شل نەكرد كە پشیلە ڕەشەكە دەیگێڕانەوە.
هەردوو ماسییەكە لەبارەی دەریای وڵاتەكەی و ماسییەكانی پرسیاریان لە پشیلەكە كرد، پشیلەكەیش سۆزی جووڵاو دەستی بە گۆرانی چڕین كردو گریا.
ئەو ماسییەی لەو لایەی چوارڕیانەكەوە ڕاوەستابوو كە بەسەر دەریایدا دەڕوانی باسی سۆزداری هەمیشەیی خۆی بۆ پشیلەكە كرد:
(شەوان كاتێك (مەترەح) و بازاڕو چەتەكان و كەشتییە زەبەلاحەكانی دەنوون، دووچاری بێزاری دەبم و دەست بە گۆرانی چڕین دەكەم بۆ دەریا، بەشكو ئاوڕ لە دەنگم بداتەوە، شەوێكیان گۆرانیم دەچڕی و دەگریام ڕاوچییەك بەلامدا تێپەڕی و دەستی بە هاوار هاوار كردو هەڵات.).
لەو چركانەی ماسییەكە باسی سۆزداری دایكانەی خۆی بۆ ئاو دەگێڕایەوە مەلێك لەسەر سەری نیشتەوە كە لەسەر یەكێك لە كەشتییە زەبەلاحەكانەوەهەڵفڕیبوو، ئەوانەی بە تەمبەڵییەكی هەمیشەییەوە لە بەندەری (مەترەح) لەنگەریان گرتووە، پاش ئەوەی ژەمێك شیوی باشی خوارد جیقنەی بەسەر ماسییەكەدا كرد بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو وتووێژە بكات لەنێوان هەردوو ماسییەكەو پشیلە ڕەشە میوانەكان بكات. ئەو ماسییەی لەو لایەوە ڕاوەستابوو كە بەلای فێرگەی (سەعیدییە)دا دەیڕوانی بە هاوڕێكەی لە چوارڕیانەكەو بە پشیلەكەی گوت:
ـ چیتان لە مەلێك داوە پاشەرۆكی كەشتییە زەبەلاحەكان و ڕاوچییەكان دەخوات؟ چاوەڕێی چی لە مەلێك دەكەن وازی لە دەنگی خۆی هێناوەو دابەزیوەو دەست لە نەناسراوان پان دەكاتەوەو دەرۆزە دەكات؟
پاش ئەوەی مەلەكە ڕیقنەی بەسەر ماسییەكەدا كرد بەرەو بازاڕی ماسی فڕی تا لەسەربانەكەی بنوێت و چاوەڕێی كرد بەیانی ڕاوچییەكانی بێن.
پشیلەكە لەگەڵ خۆی گوتی: چی بە ماسییەكی بێزارو تاك و تەنیا و پشت گوێ خراوو سەرپیس بكەم؟
پشیلەكە لە چوارڕیانەكە نزیك بووەوەو دەیویست بە شوورەكەدا هەڵزنێت كە چواردەوری چوارڕیانەكەی دابوو، بێ ئەوەی ئاوڕی لای ڕۆژهەڵات بداتەوە، لەناوەڕاستی شەقامەكە تایەی ئۆتۆمۆبیلێكی خێرای پۆلیس، كە بۆ ئەوە ڕاوەسستا سەرپێچی هاتوچۆ تۆماربكات، سەری پشیلە ڕەەشەكەی پانكردەوە، كە دەڕۆیشت سەری ماسییەكە پاك بكاتەوە كە بەهۆی مەلی كەشتییە زلەكانەوە پیس بووبوو.
هەردوو چاوی پشیلە تۆپیوەكە لە چوارڕیانی ماسی لە (مەترەح) هەردوو پۆلیسەكەیان بینی چەند كاغەزێكیان نووسی و لەسەر شووشەی پێشەوەی ئۆتۆمۆبیلەكانیان دانا. هاوكات هەردوو چاوی پشیلە تۆپیوەكە دوو پیاویان بینی لەبەردەم مزگەوتەكە دانیشتبوون و لەمەڕ ئەو شەڕە مشتومڕیان بوو كە بەڕێوەیە. بەر لەوەی پشیلە ڕەشەكە لەناو شەقامەكە گیانی دەرچێت ئەو كیژۆڵەیەی بیركەوتەوە كە ئێستە لە یەكێك لە زانكۆكانی هندستان سینەما دەخوێنێت.
هەردوو پۆلیسەكە كاتێك لە ئەركی تۆماركردنی ژمارە لەسەر كاغەزە سپییەكان و دانانیان لەسەر شووشەی ئۆتۆمۆبیلەكان بوونەوە، جارێكی دیكە بەلای چوارڕیانی ماسییەكەدا تێپەڕین (كە لەو كاتەدا هەردووكیان دەگریان) بێ ئەوەی ئاوڕ لە سەری پشیلە ڕەشە تۆپیوەكە بدەنەوە، هەردوو ماسییەكە گوێیان لە شوفێری ئۆتۆمۆبیلەكەی پۆلیس بوو بە هاوەڵەكەی دەگوت: هێشتە ڕێگەی (باتنە)یشم(13) ماوە.
هاوەڵەكەیشی وەڵامی دایەوە: منیش ڕێگەی (شەرقییە)م(14) ماوە.
ماسییە سەرپیسەكە لەگەڵ خۆی گوتی: ئەی ڕێگەی (باتنە)و (شەرقییە) چ پێوەندییەكیان بە پانكردنەوەی سەری پشیلەیەكی ڕەشەوە هەیە؟ ئیدی بێ دەنگ بوو.
ئافرەتێكی ئەوروپایی كە لە بالكۆنی سێیەمین نهۆمی ئۆتێلی (نەسیم)ەوە دەیڕوانی و دیمەنی پانكردنەوەی پشیلەكەی بینی، سەیری فیلمێكی دیكۆمینتاری لەمەڕ مێژووی پشیلەی دەكرد.
...
شەو خەڵكی (مەترەح) گوێیان لە ماسییەك بوو گۆرانی بۆ پشیلەیەكی تۆپیو دەچڕی.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە: سایتی گۆڤاری (نزوی)، https://www.nizwa.com.
پەراوێزەكان:
(1) : (مەترەح) : بەندەرو بازاڕێكی بەناوبانگی ماسی فرۆشتنە لە نزیك شاری (مەسقەت)ی پایتەختی عومان.
(2) : حموود سعوود: چیرۆكنووسێكی خەڵكی (عومان)ـە.
(3) :(عامرات) : یەكێكە لە شارەكانی نزیك شاری (مەسقەت)ی پایتەختی عومان.
(4) : (مەحەج): ناوی یەكێك لە چوارڕیانەكانی شاری (عامرات)ی نزیك پایتەختی عومانە.
(5): لۆركا: شاعیری ئیسپانی شۆڕگێڕ فیدریكۆ گارسیا لۆركا (1898 – 1936)كە لەماوەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دژ بە دكتاتۆر فرانكۆ بوو، سەربازەكانی دكتاتۆر لە 9ی ئابی ساڵی 1936 گوللەبارانیان كرد.
(6) : دكتاتۆر: مەبەست لە ژەنەراڵ (فرانسیسكۆ فرانكۆ باهۆمەندی)یە، (1892-1975)، كە لە هاوینی 1936 كوودەتایەكی سەربازی دژ بە دەستەڵاتی بەرەی میللی ئیسپانیا بەرپاكرد كە دیموكراسیخوازو سوسیالیستەكان بەڕێوەیان دەبردو دەستی بە كوشتن و بڕینی شۆڕگێڕەكان كرد كە بەرەنگاری كوودەتاكەی بوونەوەو شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا دەستی پێ كردو لە ماوەی دەستەڵاتی فرانكۆدا نزیكەی دوو سەد هەزار كەس كوژران و بێ سەروشوێن كران. پاش مردنی فرانكۆ لە ساڵی 1975 فەرمانڕەوایی پاشایەتی بۆ ئیسپانیا گەڕایەوە.
(7)(ڕوبعی خالی) : ناوی بیابانێكی كاكی بە كاكیی نیوچە دوورگەی عەرەبە.
(8) :.موبارەك بن لەندەن: (وێڵفرید پاتریك تیسیگەرWelfred Patrick Thesiger) (1910-2003)، گەشتیارێكی بریتانی بوو لە ئەسیووپیا لەدایك بووەو گەشتی بیابانەكانی دوورگەی عەرەب و وڵاتانی ئەفریقیای كردووەو چەندان نووسراوی بواری گەشتكردنی چاپ كردووە.
(9): پرۆسۆپیس: درەختی (غاف) درەختێكی بیابانییەو لەو بیابانەو لە وڵاتی میرنشینەكان زۆرە.
(10) : ڕۆی: گەڕەكێكی شاری (مەسقەت)ی پاتەختی (عومان)ـە.
(11) : نیودەلهی: پایتەختی هندستان.
(12) : دارسیت: گەڕەكێكی شاری (مەسقەت)ی پاتەختی (عومان)ـە.
(13) :(باتنە) یەكێكە لە پارێزگەكانی عومان.
(14) : (شەرقییە) : یەكێكە لە پارێزگەكانی عومان.

© 2017 Hawler