ئازار 21, 2019

ئۆکتاڤیۆ پاز: بازاڕی ئازاد نادادپەروەیی بەرهـــەم هێنا

بەشی چوارەم و کۆتایی

پ/ بەڵام ئایا تۆ چەند پێداچوونەوە دەکەیت؟ ئایا قەت هەستت کردووە کارەکە تەواو بووبێت، یا وازی لێهێنراوە؟
و/ من بەردەوام پێداچوونەوە دەکەم، هەندێك ڕەخنەگران دەڵێن زۆر، ڕەنگە ئەوان ڕاست بکەن. بەڵام گەر مەترسی لە پێداچوونەوەدا بووایە، ئەوا زۆر زیاتر مەترسی لە پێدا نەچوونەودا هەیە، من بڕوام بە ئیلهام هەیە، بەڵام بڕواشم بەوە هەیە کە دەبێت هاریکاری ئیلهام بکەین، جارانێك بە سنووردانان بۆی و جارانێکیش بە بەرهەڵستی.
پ/ جارێکی تر بێینەوە سەر پەیوەندی نێوان ئیلهام و پێداچوونەوە، ئایا قەد تۆ هەوڵت نەداوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بنووسیت وەك چۆن سوریالیەکان لە یەکەم مانیفێستیاندا پێشنیاریان کردبوو؟
و/ بەڵێ من ئەزمونم هەیە لەگەڵ نووسینی ئۆتۆماتیکی، زۆر سەختە پێی هەستیت. هەندێكجار مەحاڵیشە. کەس ناتوانێت بە بێ هزر بنووسێت، بیر نەکاتەوە چی دەنووسێت!، ئەمە شتێکە  لە توانا بەدەرە، بۆ خودا ئاسانە بە شتێك بڵێت ببە دەبێت، بۆنموونە ئەسپ، بەڵام شاعیر دەبێت بە وشە هەوڵبدات نیگاری ئەو ئەسپە بهۆنێتەوە، ئەوەش قەسیدەکەیەتی، پێویستە بیری لێبکاتەوە و دروستی بکات، هەموو ئەو هۆنراوانەی لە کاتی هاوڕێیەتی سوریالیەکان کە نووسیمن بیریان تێدا بوو و  جۆرێک لە ئەنقەست کردنیشی تێدا بوو. من ئەو هۆنراوانەم نووسی و چاوم کراوە بوون.
پ/ ئایا وا تێدەگەیت (برێتۆن) جیدی بوو کاتێك بانگەواز و بەرگری لە نووسینی ئۆتۆماتیکی کرد؟
و/  رەنگە ئەو وابووبێت، من زۆر سەرسام بووم بە (ئەندریە بریتۆن)، موبالەغە نیە گەر بڵێم کەسایەتیەك بوو وەك خۆر تیشك وگەرمی دەدا بە هاوەڵەکانی. کەم دوای ئەوەی پێك گەیشتین، ئەو داوای هۆنراوەیەکی لێکردم بۆ گۆڤاری سوریالیزم، من پەخشانە شیعرێکم پێدا، (ماریپۆسا دی ئۆپسیدیانا) چەند جارێك خوێندیەوە، پێی خۆش بوو، و بڕیاری دا بڵاوی بکاتەوە.بەڵام ئاماژەی بە یەك دێڕ کرد کە لاوازە، من جارێکی تر خوێندمەوە بۆم دەرکەوت ئەو راست دەکات و لام برد، ئەو گوشاد بوو بەڵام من سەرم لێتێکچووبوو، بۆیە لێم پرسی: ئەی چی دەربارەی نووسینی ئۆتۆماتیكی؟ ئەو سەری وەك شێر بەرزکردەوەو بە بێ گۆڕان وتی: ئەو دێڕە تێوەگلانی ڕۆژنامەنووسی بوو.
پ/ ئەمە فزوڵیە، ئۆکتاڤیۆ چەندێك نائارامی و ئیرهاق رێگای پێداویت جێگای تایبەت بە خۆت لە وڵاتە یەکگرتووەکان و مەکسیك بدۆزیەوە، کۆمەڵگای (پەچوکا)و (ئەنگلۆ ئەمریکی) ، وگۆشەگیریی بە  تێکەڵی، شیعر بە پەخشان، ئایا هەست بە نائارامی دەکەیت لە نێوان وتارو شیعرەکانت؟
و/ گەر من دەست بکەم بە نووسین، زیاتر ئەو شتانە دەنووسم کە خۆشمدەوێن، ئەویش شیعرە. من زیاتر بۆ چەند کورتە شیعرێک یادم کراوە لە هەندێك هەڵبژاردەدا نەك بۆ وتار، هەرچۆنێك بێت  لەو کاتەوەی من مۆدێرنم و  لەسەدەیەکدا دەژیم  بڕوای بە هۆو شیکاریی هەیە، ئەوا من خۆم وا بینیوەتەوە  لە کەلەپوری ئەو شاعیرانەی بە ڕێگەیەك لە ڕێگاکان لە بەرگری لە هۆنراوەدا نووسیویانە، تەنیا بیر لە ڕێنیسانس و جارێکی تر ڕۆمانتیك – شیلی، (ۆردۆرس) بکەوە  لە سەرەتای شیعرە گۆرانیەکان. ئێستا من لە کۆتایی  پیشەو ڕەوتەکەمدام، دەمەوێ دوو شت بکەم: کە بەردەوام بم لە شیعر نووسین و دانەیەکی تر لە بەرگری لە شیعردا بنووسم.
پ/ ئەمە چی دەڵێت؟
و/ من وا لە نووسینی پەڕتووکێك بوومەوە، (دەنگەکەی تر)، دەربارەی دۆخی شیعر لە سەدەی بیستەم. کاتێك لاو بووم ،  شاعیرانم زیاتر خۆشدەویست وەك لە ڕۆمان نووسان، هەرچەندە من سەرسام بووم بە هەندێك ڕۆمان نووس وەك (پرۆست)، یان (لۆرەنس). ئیلیۆت یەکێك بوو لە کەسایەتیەکان خۆشمدەویستن، وەلێ هەروەها (ڤالیری و ئەپۆلێنێر). بەڵام شیعری ئەمڕۆ وەك پەرستنی نهێنی وایە، لە تونێلی مردواندا ئاهەنگی بۆ ساز دەکرێت.، شاعیران وان لە پەراوێزی کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای بەکاربەرو چاپەمەنی و بڵاوکەرە بازرگانیەکان هێندە گرنگی بە شیعر نادەن. وا تێدەگەم ئەمە پەتایەکی کۆمەڵگا بێت، وا دەزانم ناتوانین کۆمەڵگایەکی باشمان هەبێت گەر شیعری باشمان نەبێت، من لەمە دڵنیام.
پ/تەلەفزیۆن وەك ڕوخێنەرێك بۆ ژیانی سەدەی بیستەم رەخنەی لێگیرا، بەڵام تۆ بەلاتەوە شتێکی باشە  بۆ شیعر کە بە گەڕانەوەیەکی دەزانی بۆتەقلیدی زارەکی.
و/ شیعر پێش نووسین بوونی هەبووە، ئەوە هونەرێکی زارەکی بوو، کە ئێمە تێی دەچین نەك تەنیا لە ڕێگەی چاو و تێگەشتنەوە بەڵکو لە ڕێگەی بیستن و گوێشەوە، شیعر قسەپێکراو و بیستراوە، و هەروەها شتێکە ئێمە دەیبینین و دەینووسین. لەمەدایە گرنگی دەبینینەوە  لە دابو نەرێتی ڕۆژهەڵات و ئاسیایەکاندا و خۆشنووسینەکانیان. لە ڕۆژئاوادا، لە زەمەنی مۆدێریدا، هونەری تایپکردن گرنگە- لایەنی زۆرترین نموونە لەم بوارەدا  دەکرێت (مالارمێ) بێت. سەبارەت تەلەفزیۆن؛ ئەوا لایەنی بیستن لە هۆنراوە دەکرێت  تێکەڵاوی بینین بکرێت و لەگەڵ ئایدیای جوڵان- کە پەڕتووك ئەمەی نیە.، با من ڕاڤەی ئەمە بکەم: ناڵێم دۆزینەوەی تەلەفیزیۆن مانای شیعر دەگەیەنێت بگەڕێتەوە بۆ کەلەپووری زارەکی بەڵام دەکرێت ئەوە ببێتە سەرەتایەك بۆ  کەلتوڕێك کە نووسین و دەنگ و وێنە یەکبگرن. هەمیشە شیعر هەوڵی داوە هەموو ماناکانی پەیوەندی بەکاربێنیت  کە تەمەن پێشکەشی کردوون: وەك ئامێری مۆسیقی، نیگارو ڕەنگکردن، ڕادیۆ، تۆمار. ئەی بۆچی تەلەفزیۆنیش تاقی نەکەینەوە؟ دەبێت بوارێك بدەین بە خۆمان.
پ/ ئایا دەبێت هەمیشە شاعیر یاخی بێت؟
و/ بەڵی، ئێـە هەموو بردمانەوە لە جەنگێکی گەورە لەگەڵ بیرۆکراسی کۆمۆنیستی، بە خودی خۆیان- ئەمەش شتێكی گرنگە: ئەوان خۆیان دۆڕان بێ ئەوەی ڕۆژئاوا بەم کارە هەستێت، بەڵام هێندە بەس نیە، ، ئێمە دادپەروەریەکی کۆمەڵایەتیمان دەوێت، کۆمەڵگای بازاڕی ئازاد نادادپەروەیی بەرهەم هێنا و هەروەها کۆمەڵگایەکی دەبەنگ. من وا تێناگەم بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی شمەك مانای ژیانی مرۆڤ بگەیەنێت،، هەموو ئایندارە مەزن و فەیلەسوفان گوتویانە  کە مرۆڤ زۆر زیاتر لە بەرهەمهێن و بەکاربەرە. ئێمە نابێت ژیانمان سنووردراو بکەین بۆ ئابووری، کۆمەڵگا بی دادپەروەی کۆمەڵایەتی بە کۆمەڵگای باش دانانرێت، کۆمەڵگاش بێ شیعر کۆمەڵگایەکە بێ خەونە، بێ وشە، و لەمەش گرنگتر بە بێ بوونی پردی نێوان کەسێك و کەسێکی تر کە ئەویش  شیعرە. ئێمە جیاوازین لە ئاژەڵانی تر چونکە دەتوانین قسە بکەین، و نمونەی بڵندی زمانیش شیعرە، گەر کۆمەڵگا شیعر وەلا نێت ئەوا بە خودکوژیی گیانیی هەستاوە.
پ/ ئایا لێکۆڵینەوەکەت بۆ هۆنراوەی سەدەی حەڤدەی مەکسیك (سور خوانا ئینیس دی لاکروز)جۆرێکە لە کەوتنی ئێستا بۆ ناو رابردوو؟
و/ بەشێکی وایە، بەڵام ویستیشم کەسایەتیەك بەدەست بێنینەوە نەك تەنیا گرنگە بۆ مەکسیکیەکان بەڵکو بۆ هەموو ئەمریکا، یەکەمجار (سور خوانا) نێژراو لە بیرچووەوە، پاشان دەرکرایەوەو مۆمیا کرا، من دەمەوێت بیخەمەوە بەر تیشکی ڕۆژ، ئازادی بکەم لە مۆمیای مۆزەخانە، ئەو دەژی و زۆری پێیە پێمان بڵێت، ئەو شاعیرێکی کارامە بوو، یەکێکە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ژنە شاعیرانی ئەمریکای لاتینی، وەك چۆن (گابرێللا میستراڵ) لە چیللی فەرامۆش ناکەین، یەکەم نووسەری ئەمریکای لاتینی بوو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، سور خوانا ڕۆشنبیرێکی پایەبڵند بوو (کە ناتوانین ئەمە بۆ ئیمیلی دیکنسن بڵێین) ئەو بەرگرییکاری مافەکانی ئافرەتیش بوو، گوتویانە ئەو لەسەر سەکۆ دانراوەو ستایش کراوە، دواتر چەوساوەتەوەو زەلیل کراوە، من دەبوو دەربارەی ئەو بنووسم.
پ/ لە کۆتاییدا ئۆکتاڤیۆ پاز بەرەو کوێ؟
و/ کوێ؟ ،من ئەو پرسیارەم لە خۆم کرد کاتێك تەمەنم بیست ساڵان بوو، و جارێکی تر کە تەمەنم سی ساڵان بوو، پاشان کە چل و پەنجاو ....بووم، هەرگیز نەمتوانیوە وەڵامی بدەمەوە، ئێستا هەندێك شت دەزانم: دەبێت بەردەوام بم، ئەمەش مانای ئەوەیە بژیم، بنووسم، و ڕووبەڕوو ببمەوە وەك هەمووانی دی، ڕووەکانی تری هەموو ژیانێك- نەزانراوان.

یه‌کێك له‌ قه‌سیده‌ به‌ناوبانگه‌کانی:
شەقامەکە
ئێرە شەقامێکی درێژ و بێ دەنگە
لە ڕەشاییدا هەنگاو دەنێم، پێم ئەترازێ و ئەکەوم
پاش بەرزبوونەوە، ئەڕۆم بە کوێری، پێکانم
پێ ئەنێن بە بەردە بێ دەنگەکان و گەڵا وشکەکان.
کەسێکیش لە دوامەوە پێی ئەنێ بە، بەردەکان، گەڵاکان:
گەر من هێواش بمەوە ئەویش هێواش ئەبێتەوە؛
گەر ڕاکەم، ئەویش ڕا ئەکا، ئاوڕ ئەدەمەوە : کەس نیە
هەموو شتێك تاریك و بێ دەرگایە،
تەنیا هەنگاوەکانم ئاگاداری منن
ئەخولێمەوە و ئەخولێمەوە لە نێو ئەو سەر گۆشانەدا
کە بۆ ئەبەدی ئەچنەوە سەر شەقامەکە
لەوێ کە کەس چاوەڕوانی ناکا، کەس بە دوامدا نایە،
لەوێ لە پیاوێك ورد ئەبمەوە کە پێی ئەترازێ
بەرزئەبێتەوە و کاتێك ئەمبینێ ئەڵێ : کەس نیە

شیکاری هۆنراوەکە:
پاز لە بێ هودەییدا هەنگاو دەنێ
ئەم هۆنراوەیەی پاز دەقێکی کراوەیەو وەك بابەت راستەوخۆ پەیوەندی بە فەلسەفەی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، من لە گەڕانم بە دوای مانا جیاجیاکانی ئەم دەقە زۆر شیکاری جۆراوجۆرم پێش چاو کەوت ، یەکێك لە ڕەخنەگرو خوێنەر و  چێژلێبینەرەکانی هۆنراوە (کوانجی جی دانگ)بوو کە لە سوچێکی تۆڕی جهانییەوە بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆی بۆ ئەم دەقە بەم جۆرە دەربڕیوە:
لەم دەقەدا کە دەبینین بەدرێژایی شەقامێکی بێ دەنگ. سیمبوڵە و پێمان دەڵێت  بەجۆرێك ژیانی گرتووە کە دێت و نازانێ که بە تەواوی چی دەوێ لە ژیان فەراهەمی بهێنێت. ئەو دەڕوات بە نشێویەکاندا و هەمان کاری ڕابردوو بە ئاکام دەگەیەنێتەوە. ئەو تەماشای خۆی ئەکات وەك هیچ کەس ببینێت لای وایە، بەڵام دەیەوێت ببینرێت وەك زیاتر لە خۆی، بۆ بەدەست هێنانی کەسێکی باشتر.
پاز لە دێڕەکانی ٣ و٤ دا گریمانی ئەوە بۆ خوێنەر دروست دەکات کە نازانێ لەم ژیانەدا چی دەوێت و بۆیە بەردەوام دەبێت لە ڕۆشتن.
لە دێڕی ٥ دا:کەسێک لە دوایەوەیەتی پێ دەنێ بە بەرد و گەڵاکاندا؛ بەردەوامیەتی ڕۆشتنە بە هەمان تەرحی نشێوەکانی ڕابردوودا.
پاز متیتافۆڕی درێژکراوە بەکاردێنێت بۆ هەماهەنگی شێواوی نەدۆزینەوەی خود یان بێ دیدگایی.
دێڕی دووهەم ئاماژەی ژیانی تەنیایی و دوورەپەرێزیی دەردەخات.
من دەڕۆم لە تاریکیدا...
دێڕی ٦ و ٧؛ دووبارە کردنەوەی شتەکان مانای نەبوونی ئامانجێکی دیاری کراوە، وەك دەڵێ: گەر من هێواش بمەوە ئەویش هێواش دەبێتەوە...
مرۆڤ لە هەڵبژاردنەکانی ژیاندا خۆی سەرپشکەو دەبێت کاریگەریی لەسەر ژیان جێ بهێڵێت و بەردەوامیەتی ڕۆشتن و نەزانینی بۆ کوێ چوون پرسیارێکی فەلسەفی لای خوێنەر دەهروژێنێت، یان هەندێك جار وەك مرۆڤەکان ژیان بە جۆرێک دەگرن بە شێوەیەک وەك کە خۆی دێت.
پێ هەڵترازان ئاماژەی ئەو نشێوانەیە کە رووبەروی مرۆڤ دەبنەوە لە ژیاندا لە سەر ڕێگای زیندەگی بە جۆرێك لە ڕۆشتنی بەرەو پێش نەوەستێن، بەڵام ئەمە خەمڵاندنی داهاتووی پێ نابەخشێت کە گوایە چ ناکاوێك چاوەڕوانی ئەکات ، مرۆڤ کاتێک تەماشا دەکات کەسێك دەبینێت بەڵام ئەم کە تەماشا دەکات خۆی بە هیچ کەس دەبینێت، چونکە هەمان شتەکان دووبارە دەبنەوە لە دیدی پازەوە..بەم جۆره بەردەوام ئەبێت و ڕاستە ڕێگا نابینێت بۆ کردنی شتی جیاواز و هەوڵی  هەنگاونانی جودا، بۆیە کاتێك تەماشای خۆی دەکات خۆی لە ڕابردوودا دەبینێتەوە و بێ هودەیی دووچاری شاعیر دەکات و لەگەڵ ئەمەشدا هەر هەوڵی گۆڕانکاریی و بەرەو پێش چوون دەدات بۆ دۆزینەوەی خودی باشتر و جیاوازتر نەك لەسەر چووچی شەقامێکدا بەڵکو ڕاستە ڕێیەکی سەرەتا ون و داهاتوو تازه.
یەکێکی تر لە تامەزۆیانی شیعر لە گۆشەیەکی تری ڕەخنەی ئەدەبیدا دەڵێت: پاز ئەم دەقەی لە ساڵی ١٩٦٣دا نووسیوە بەتەواویی بێ هیوایی باڵی ڕەشی بەسەر ژیانیدا کێشاوە، بۆیە تروسکاییەك نابینێتەوە، چونکە مرۆڤ لە تاریکیدا تەنانەت هەنگاوەکانی خۆشی نابینێت، کە ڕەنگە خودی خۆی لە سێبەرەکەیدا ببینێتەوەو دەستێکی ڕزگارکەر بەدی ناکات بۆیه لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوەو دەڕوات و بێ دەنگیی بەردیش سیمبوڵێکه بۆ ئەو جیهانەی دەق لێوەی ئەدوێ.

  سه‌رجاوه‌/ گۆڤاری ئه‌ده‌بی
 paris review

 

له‌ ئینگلیزیه‌وه‌/ سۆران محه‌مه‌د

© 2017 Hawler