حوزەیران 24, 2019

ڕێچێل کۆشنەر: مارسێڵ پڕۆست ژیانی گۆڕیم

ڕیچێل کۆشنەر، نووسەری ئەمریکی و پاڵێوراوی کۆتایی خەڵاتی مەن بۆکەر بۆ ساڵی ٢٠١٨، باس لەو بەرهەمە ئەدەبییانە دەکات کە کاریگەری گەورەیان لەسەر ژیانی داناوە.

گاردیەن بڵاوی کردەوە کە ڕیچێل کۆشنەری ٥٠ ساڵە، بۆ یەکەم جار و لە ساڵی ٢٠٠٨ و بە نووسینی کتێبی "تلێکس لە کوبا" کرایە پاڵێوراوی خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی ئەمریکا و لەو کاتە بە دواوە لە دنیای ئەدەبیاتدا نێو و نێوبانگێکی بۆ خۆی وەسەر پێ خست. "ئاگری کڵپەسەندوو" ناوی کتێبی دووەمنی ڕیچێل کۆشنەرە کە لە نێو پاڵێوراوەکانی کۆتایی خەڵاتی فۆلیۆدا دانرا، بەڵام لە کۆتاییدا کتێبی "دەی دیسەمبەر"ی جۆرج ساندرێز سەرکەوت. "ژووری مەریخی" دواهەمین ڕۆمانی خاتوو ڕیچێل کۆشنەر بوو کە پارساڵ چاپ و بڵاو بووەوە و خرایە نێو پاڵێوراوانی کۆتایی خەڵاتی بوکەری ٢٠١٨ی زایینییەوە، خەڵاتێک کە دووبارە لە چانسی ڕیچێل کۆشنەر نەبوو و بەخشرایە ئانا برێنز بۆ ڕۆمانی "پیاوە شیرفرۆشەکە".
بۆیە لەم بارەوە هەندێک وردە پرسیار و وەڵامەکانیشیان لە زمانی خودی ڕیچێل کۆشنەرەوە بڵاو دەکەینەوە:

* ئەو کتێبەی کە ئێستا خەریکی خوێندنەوەیمە:
دەستنووسی کتێبێکی نوێی بێن لێرۆنز

* ئەو کتێبەی کە ژیانمی گۆڕی:
لە گەنجیەنی کتێبی "نصف‌النهار خوێن" لە نووسینی کۆرمەک مەک کارتی ـم خوێندەوە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرم هەبوو، بەڵام پڕۆست بوو کە ژیان و شێوازی تێڕوانینی گۆڕیم. هەڵبەت شێوازی تێڕوانینی من هیچ لە هی پڕۆست ناچێت، بەڵام فێری کردم کە پابەند بم بە ئاڵۆزیەتی و سادەترین تێهزرین، بەڵام وردترین شێوازی بیرۆکەی خۆم وەسف و شی بکەمەوە.
 
* ئەو کتێبەی کە کاریگەری لەسەر نووسینەکانم هەبوو:
بەرهەمی جان دیلیۆ، جۆن دیدیۆن و دنیس جانسۆن، هەڵبەت کاری دیکەیش هەن کە کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی نووسنیی من هەبووە.

* کتێبێک کە ڕێزی لێ نەگیردرا و قەدری نەبوو:
"پراکتیکیبوون/ مۆدێرانتۆکانتابێلە" لە نووسینی مارگرێت دۆراس، زۆر زیرەکانە نووسراوە. من لە هەڵبژاردنی کتێب زۆر گوێ نادەمە پلەکەی، بەڵام ئەم کتێبەی دۆراسم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام زۆر کەسیش نەیانخوێندووەتەوە.

* ئەو کتێبەی زۆری گریاندم:
"برایانی کارمازۆف"ی فیۆدۆر داستایۆفسکی

* ئەو کتێبەی کە بە خوێندنەوەی زۆر پێکەنیم:
"ساڵی پشوو و ئارامی من" لە نووسینی ئاتووسا مشەفەق

* ئەو کتێبەی کە بە خوێندنەوەی شەرمەزار بووم:
من زۆر ئەهلی شەرم و شەرمەزاری نیم!

* کتێبێک کە نەمتوانی تا کۆتایی بیخوێنمەوە:
"سەرمایە لە سەدەی ٢١" لە نووسینی تۆماس پیکیتی. بەشێکی زۆریم خوێندەوە بەڵام نەمتوانی تا کۆتایی بڕۆم و تەواوم نەکرد.

* کتێبێک کە چەندین جار خوێندوومەتەوە:
کتێبی "یەزدان، دادپەروەری، عەشق، جوانی: چوار گفتوگۆ" لە نووسینی ژان لۆک نانسی. گفتوگۆی نووسەر لەگەڵ منداڵان لەبارەی ئەم چوار بابەتەوە بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام. لە سەرەتا خودی نووسەر قسە دەکات و کەمێک دواتریش منداڵان پرسیاری لێ دەکەن و ئەویش وەڵامیان دەداتەوە. هەروەک گفتوگۆ و مێزگرد و دیبەیتێکە کە لە لایەکەوە نووسەر و لە لایەکەی تریشەوە منداڵان دانیشتوون و قسە لەبارەی ژیانەوە دەکەن.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler