کانونی دووەم 18, 2019

 

 

د. عەبدوڵڵا خدر مەولوود

(بەشی یەكەم)
* شێخ ڕەزا بێت و لەسەر تۆ هەجوی قازیی كۆی بكا
سەیریكە چیی پێ بكا، دۆم بێو كڵاش بۆ خۆی بكا 24
شێخ ڕەزا لەم وێنە شیعرییەدا، پسپۆرییەكەی خۆی بەو مەسەلەیە یا پەندە دەوڵەمەندتر دەكا كە دەڵێ: (دۆم بێ كڵاش بۆ خۆی بكا). بەجۆری تریش گوتراوە: دۆم بی كڵاش لۆ كوڕی بكا! كڵاش چن یا هەر وەستایێك، هەموو لێزانیو وردی خۆی لە كارەكەیدا خەرج بكا، دەبێ ئیشەكەی چی لێدەربچێ. شێخ ڕەزاش مامۆستاو تاقەسوارەی مەیدانو قوتابخانەی داشۆرینەو ئەگەر وەكو ئەو (كڵاش چنەكە) بییەوێ بەرامبەرەكەی عەدم یا (تەفلیش) بكا، بەجۆرێك سعوودی دەشكێنی تاهەتایە پێیەوەی دەنووسێ و وەكو نیشانە دیار دەبێت.
لە دیوانەكەیدا هاتووە:دۆم (؟) دۆمی، كاوەلی، قەرەج، هەر سێكیان بۆ یەك ناونیشانو مەبەست ڕیزكراون، (قەبقاسیو غەجەر) یشمان هەیە،بە من دۆمی خۆمان (كوردەواری) لەوانە زۆر لێك جیانو وەكو یەك نین!ئەوانە هەر یەكەو تیرەو هۆزو بەرەبابێكی تایبەت بە خۆیانن.
* خاوەنی ناڵێم كە ئالیكی نەداوە موتڵەقا
داویەتی ئەمما وەكوو بیستوومە قووتی لا یەمووت 31
قووتی لا یەمووت: چەقی وێنەو واتای ئەم دێرەی پێكهێناوە، گۆتەیێكی عەرەبییە واتە: هەر هەندە خواردنو خواردنەوە بدەی بە كەسێك یا گیانلەبەرێك، تەنیا پێی بژیو بەس! (نەمریو نەژی).واتایژێرەوەی ڕەزیلیو قرچۆكیو بێ ویژدانی كابرای خاوەنوباڵادەستەكەی لێدەفامرێتەوە.
* شاهی كە نەبێ ڕادەبوێرین بە گەدایی
بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندۆك 73
ئەگەر ڕێك نەكەوتوو مەیسەر نەبوو شاهانەو مەلیكانە بژی، كە ئەمەش بۆ هەموو كەس نەدەبێ و نەدەگونجێ! بە گەداییو دوور لە قەپۆزبڵندیو فشەفشی مەغروورەكان ڕادەبوێرین. ئەگەر خەڵكانێكیش قەناعەتیان هەبێت، داندۆكیان لەكن لە پڵاو برنج و گۆشت زۆر خۆشترو بەتامتر دەبێ.
* بە حاتەم گەر بكەی تەشبیهی ئەم ئاغایە، بێ عەقڵی
كە فەرقی ئەم لەگەڵ ئەو ئاسمان و ڕێسمانێ بوو 84
دەستەواژە یا ئیدیۆمی (ئاسمانو ڕێسمان) جیاوازی مەوداو دووریو درێژی نێوان ئەرزو ئاسمانو درێژی پارچە گوریسێك نیشاندەدا. ئەمەش واتای دوو شت دەدا، كە هەرگیز وەكو یەك نەبنو بە یەك نەگەن.
* خۆشی خۆشیی پێ كەوت، وتی:
(ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە) 106
ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە: مەسەلەو پەندێكی زۆر كۆنو بە تەمەنی كوردەواری خۆمانە، ڕەنگدانەوەی بیرو هزری زۆر نەخۆشو بەرژەوەند پەرستانەیە.دەردو بەڵا، هەموو خراپەو ناخۆشییەك با لە ئەو دوور بێت، ئەوی تر چی دەبێ با ببێ! گرنگ لای ئەو تەنیاو تەنیا سەلامەتی و مانەوەی خۆیەتی، مەسەلەی كوردەواریمان هەیە وێنای ئەو كەسانەی وەك خۆیان گرتووە: لە من مەدەن لە حەمەدێ برادەن، لەمن وایە لە فەردە، خرار یا ڕەشكەی كایێ دەدەن.
* ڕاوی ڕێوی هەموو لە بۆ كەوڵە
گورگ لە بۆ بەرخە دێتە ناو بێرە 107
ڕاوی ڕیوی لەبۆ كەوڵكەیەتی، وەكو دەڵێن: هەر شتەو بە شتی خۆی. زۆر كەس گۆشتی ڕیوی ناخۆن و تەڵەبی لەسە گەرم نییە. كەوڵەكەی جوانو خۆفرۆشو گران بەهایە. نیوە دێری دووەمیش، هێمای برسییەتی دەدا، واتە: برسییەتی ترس و مرس و ئەوانی دی ڕادەماڵی.
* تحت توفیقە ێلندی قوی ێلنسون كرتە
خلق إیچون چاهی قزان چاهە دوشر ألبتە 111
لە دیوانەكەیدا هاتووە: ئەو دەویتەیان هێنایە گیروداری گرتن، با بیهێنن. ئەوەی چاڵ لە بۆ خەڵك هەڵكەنێ بۆ خۆی دەكەوێتە چاڵەوە. كوردەواری خۆمان دەڵێ: ئەوەی بیر یا چاڵ بۆ یەكێك هەڵكەنی بەخۆی دەكەویتە ناوی. بە عەرەوبیش وەكو مەسەلە هاتووەو بە ئاوازێكی زۆر خۆشیش كراوە بە گۆرانی، خانمە گۆرانیبێژ زەكییە جۆرج دەیچڕێ:
یــاحافُرَ البیر لا تْـغَمَّـج مَسـاحیها
یــاحافُرَ البیرمـاتگلی شِــیلك بیها
خـوفْ الفَلـك ێنـدارْ وانتَتـطـع بیها
* شێچ ئەوا گۆی هونەری بردەوە، كەشكەك سەڵەوات
شێچ ئەوا جێی پدەری گرتەوە، دەستی بەمە بێ 122

 

 

© 2017 Hawler