ئازار 21, 2019

ئۆکتاڤیۆ پاز: من دژی ڕیالیـــــــــزمی سۆشیالیستی بووم

به‌شی یه‌كه‌م

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆکتاڤیۆ پاز دا
ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن (ئەلفرید ماك ئادەم)ەوە لە نێویۆرك لەگەڵیدا ساڵی ١٩٩١ سازدراوە.
پ/ ئۆکتاڤیۆ تۆ لە ساڵی ١٩١٤ لە دایك بوویت ڕەنگە لە بیرت بێت؟
و/ نەخێر زۆرباش نا.
پ/ لە ناوەڕاستی شۆڕشی مەکسیك و سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم ژیایت کە لە پەرەسەندندا بوو، ئایا هیچ شتێکت هەیە بۆ سەدەی بیست بیڵێیت؟
و/ بەڵێ، من دەربازم بوو بەسەلامەتی ڕەنگە ئەوە بەس بێت، وەك تۆ دەزانیت مێژوو شتێکەو ژیانیشمان شتێکی تر، سەدەکەمان پڕ کێشمەکێش بوو کە یەکێکە لە خەمباترین مێژووەکانی جیهان، بەڵام ژیانمان کەم تا زۆر هەر وەك خۆیەتی. ژیانی تایبەت مێژوویی نییە، لە کاتی شٶڕشی فەرەنسا یان ئەمریکادا، یان لە کاتی جەنگی نێوان فارسەکان و یۆنانیەکان، لە کاتی هەر بەسەرهاتێکی جیهانی گەورەدا مێژوو بەردەوام دەگۆڕدرێت، بەڵام ژیانی خەڵک، ئیش، چوونە ناو خۆشەویستی، مردن.، نەخۆش کەوتن، بوونی هاوڕێکان، ساتەکانی بریسکانەوەو خەمباری، ئەوانە هیچ پەیوەندیان بە مێژووەوە نیە، یان زۆر کەم پەیوەندییان پێوە هەیە.
پ/ کەواتە ئێمە هەردووکمان لە ناوەوەو دەرەوەی مێژووین؟
و/ بەڵێ، مێژوو دیمەنمانە یان دانیشتنمان، کە لەوەوە دەژین، بەڵام درامای ڕاستەقینە، هەروەها کۆمیدی ڕاستەقینە، بە خۆمانە، وا بزانم هەر دەتوانین ئەوەش بڵێین بۆ کەسانێك لە سەدەی پێنجدا ژیابن یان لەسەدەکانی داهاتوودا بژین، ژیان مێژوواوی نیە، بەڵکو شتانێکی زیاترە وەك سروشت.
پ/ تۆ وەك نۆستالیژێك دیاری سەبارەت میکسۆك، هێشتا تۆ یەکێکیت لە و نووسەرە مەکسیکیانەی لە ناوەڕاستی مەکسیکۆ سیتیدا دەژی، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە یەکێك لە گەورەترین شارەکانی جیهان، شارێکی دینامیکی، بەڵام سەبارەت پیس بوونی ژینگە، برسێتی، خەونێکی ناخۆشە. ئایا ژیان لەوێ ئیلهامە یان ڕێگر؟
و/ ژیان لە ناو جەرگەی مەکسیکۆ سیتی دا نە ئیلهامبەخشەو نە بەربەستە. بەرەنگاربوونەوەیە، و تاکە ڕێگایەك بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە دەبێت ڕووبەڕوویان بیتەوە، من لە ناوچەکان و شارانی تری مەکسیک ژیاوم، گرنگ نیە چەند هاوڕامن ئەوان، بە جۆرێک لە جۆرەکان نا واقیعی دیارن، لە هەندێك خاڵی دیاریکراودا من و هاوسەرم بڕیارماندا بێین بۆ ئەو جێیەی ئێستا تێیدا دەژین، گەر تۆ لە مەکسیك ژیان بەسەر بەریت دەبێت لە مەکسیکۆ سیتی دانیشیت.
پ/ دەتوانیت شتێکمان دەربارەی خانەوادەی پاز پێ بڵێیت؟
و/ باوکم مەکسیکیە، دایکم ئیسپانیە، پورێك لەگەڵماندا ژیا، هەڵسوکەوتی سەیربوو وەك لەوەی پورێكی ئاسایی بێت، شاعیرێتی لای خودی ئەو ڕێگایەکی مەخسەرە بوو،. باپیرم پارێزەرو نووسەر بوو، ڕۆمان نووسێکی ناودار بوو، لە واقیعی حاڵدا لە ماوەیەكدا بە فرۆشتنی یەکێك لە پەڕتووکە بەناوبانگەکانی ئەو دەژیاین. خانەی میکسۆواك هی ئەو بوو.
پ/ئەی چی دەربارەی پەڕتووك؟ وای لێکدەدەمەوە ڕەنگە تۆش وەك چۆن (بۆرگێز) لافی ئەوەی لێدەدا کتێبخانەکەی باوکی جێنەدەهێشت؟
و/ ئەوە هاوتاییەکی نامۆیە، باپیرم کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو، کە شتێگی گەورە بوو دەربارەی خانەی میکسۆواك، ئەو نزیکەی شەش تا حەوت هەزار پەڕتووکی هەبوون، ومن ئازادییەکی مەزنم هەبوو لە خوێندنەوە، خوێنەرێکی بە هەڵپە بووم کاتێک منداڵ بووم، تەنانەت پەڕتووکە "یاساغەکان"یشم دەخوێندەوە، چونکە کەس لای هێند نەبوو کە من چی دەخوێنمەوە، کاتێك زۆر گەنج بووم (ڤۆڵتێر) م دەخوێندەوە، ڕەنگە بووبێتە هۆی لە دەستدانی باوەڕی ئاینی، و ئەو پەڕتووکانەی پڕ بوون لە زیندوێتی.
پ/ جارێك گوتت یەکەمجار تابلۆیەکی سوریالیت دی- وێنەکە هی (مێو) بوو کە پێچی خواردبوو لە دیواری خانووەکە- تۆ بە ڕاستی تێگەشتی.
و/ ڕاستە، وردە وردە خانەی میکسۆواك پارچە بوو لە دەوری ئێمە، دەبوو ژوور دوای ژوور چۆڵی بکەین، چونکە دیوارو سەقفەکان دەهاتنە خوارەوە.
پ/ کاتێك تۆ شانزە ساڵان بوویت لە ساڵی ١٩٣٠ دا تۆ چوویتە قوتابخانەی ئامادەیی نیشتیمانی، چیت تێدا خوێند،و قوتابخانەکە چۆن بوو؟
و/قوتابخانەکە قەشەنگ بوو، لە کۆتایی سەدەی حەڤدەدا دروست کرابوو، دائەنرا بە یەکێك لە هونەری بیناسازی سەردەمی باروك، قوتابخانەکە گەورە بوو، بەردەکان، پایەکان، ڕێڕەوەکان بەهادار بوون، لە بیستەکاندا حوکمەت دیوارەکانی بۆیە کردن بە شێوەیەکی هونەریی لە لایەن ئۆرسکۆ و ڕیڤێرا، یەکەم کاری سەر دیواری ڕیڤێرا لەو قوتابخانەیەدا بوو.
پ/ زمانە دەرەکیەکان کە خوێندت فەرەنسی بوو؟
و/ و ئینگلیزی، باوکم لە کاتی شۆڕشدا، بەهۆی ڕامیاریەوە لە تاراوگە بوو، دەبوو مەکسیك جێبهێڵێت و بچێت لە ئەمریکا داوای پەنابەری بکات، ئەو چوو، دواتر ئێمە چووین بۆلای لە کالیفۆرنیا، لۆس ئەنجلیس، کە دوو ساڵ لەوێ ماینەوە، لەیەکەم ڕۆژی قوتابخانەدا لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکیەکانم شەڕم کرد، یەك وشەش ئینگلیزی قسەم نەدەکرد، ئەوان پێدەکەنین چونکە نەمدەتوانی بڵێـم (سپوون:کەوچك) لە کاتی پشوی نانخواردن، بەڵام کە گەڕامەوە بۆ مەکسیك لەیەکەم ڕۆژدا شەڕێکی ترم کرد، ئەمجارەیان لەسەر هەمان هۆو لەگەڵ هاوڕێ مەکسیکیەکانمدا بوو، چونکە من بیانی بووم! بۆم دەرکەوت ڕەنگە من بێگانە بووبم لە هەردوو وڵات!.
پ/ ئایا هیچ لە مامۆستاکانی ئامادەیی کاریگەیی لەسەرت هەبوون؟
و/بە دڵنییایەوە، من دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەگەڵ شاعیری مەکسیکی (کارلۆس پیلیسێر)دا بخوێنم، لە ڕێی ئەوەوە بە شاعیری تر ئاشنا بووم لە نەوەکەی ئەو، ئەوان چاویان کردمەوە بە ڕووی هۆنراوەی مۆدێرندا، دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم کتێبخانەکەی باپیرم کۆتایی پێهات لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، کەواتە تا ئەو کاتە بەردەوام نەبوو کە من لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، کە لە قوتابخانەوە بەو پەڕتووکانە ئاشنا دەبووم کە لە دوای ساڵی ١٩١٠وە چاپدەکران، (پروست) بۆ من ئیلهام بوو، وا دەفکریم چیدی ڕۆمان دوای زۆلا نەنووسراوە.
پ/ ئەی چی سەبارەت شیعر بە ئیسپانی؟
و/ من دەربارەی نەوەی ساڵانی ١٩٢٧ ی شاعیرانی ئیسپانیا ئاشنا بووم: (گارسیا لۆرکا، رافائیل ئەلبێرتی، جۆرج جولیان.هەروەها من ئەنتۆنیۆ ماجادۆ،و خوان رامون خیمینیز)م خوێندەوە، کە قەشەی شیعر بوو لەوکاتەدا، و هەر لەو کاتەدا بوو کە من (بۆرگێس) م خوێندەوە، بەڵام لە یاد ت بێت ئەو کاتە بۆرگێز هێشتا دەستی نەکردبو بە نووسینی کورتە چیرۆك. لەسەرەتاکانی سیەکاندا ئەو نووسەری هۆنراوەو پەخشان بوو. بە شێوەیەکی سروشتی ئیلهامی ماوەی سەرەتای ئەدەبیم بریتی بوو لە هۆنراوەکانی پابلۆ نیرۆدا.
پ/ تۆ چوویت بۆ زانکۆ، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٧دا بڕیارێکی سامناکتدا؟
و/من هەندێك بڕیامدا، لەوانە یەکەم: من چووم بۆ (یوکاتان)، کاری زانکۆم کۆتایی پێهێنا، پێش دەرچوون من وازم هێنا، رەفزی ئەوەم دەکرد ببم بە پارێزەر، خانەوادەکەم وەك هەر خانەوادەیەکی چینی ناوەندی مەکسیك حەزیان دەکرد کوڕەکەیان ببێتە پزیشك یان پارێزەر، من تەنیا ویستم ببمە شاعیر و لە هەندێ بارەوە شۆڕشگێر. کاتێك چووم بۆ (یوکاتان) ئەو هەلە هاتە پێش کە کار لەگەڵ هەندێك هاوڕێ بکەم لە قوتابخانەی منداڵانی کارکەران و جوتیاران. ئەوە ئەزمونێکی گەورە بوو،وای لە من کرد ئاشنا بم بەوەی کە من کوڕی شارم و ئەزمونم سەبارەت مەکسیك هی ناوەندی مەکسیك بوو.
پ/ کەواتە تۆ جوگرافیات کەشف کرد؟
و/خەڵك کە لەشاراندا دەژی وەك نیویۆرك یان پاریس زۆر جار دەوروبەرن بە بەراورد بە سەراپای وڵات، من یوکاتان م وا بینیەوە کە ناوچەیەکی نامۆ بوو لە باشووری مەکسیك، بەڵام هەر مەکسیك بوو، بەڵام هەندێك شتی زۆر جیاواز بوو، ئەمەش بە هۆی کاریگەری (مایاس)ەوە بوو، من بۆم دەرکەوت مەکسیك خاوەنی دابو نەرێتێکی ترە جگە لەوەی لە ناوەندی مەکسیکدا هەیە، کۆمەڵێك ڕەگی نەرێتی مایا. یوکاتان جیهانێکی سەیر بوو، ئەوان پەیوندییان بە (کوبا و نیو ئۆرلیانز)ەوە هەبوو. لە واقیعدا لە کاتی سەدەی نۆزدەدا، خەڵک لە یوکاتان زیاتر دەچوون بۆ ئەمریکا یان ئەوروپا وەك لە چوونیان بۆ مەکسیکۆ سیتی، من دەستمکرد بەوەی تێبگەم کە چەند مەکسیك ئاڵۆزە.
پ/ پاشان گەڕایتەوە مەکسیکۆ سیتی و بڕیارت دا بچیت بۆ جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا؟
و/ من بانگهێشتی کۆنگرە کرام، و لەوکاتەوەی من پارتیزانێکی کۆماریەکانی ئیسپانیا بووم یەکسەر قبوڵم کرد. من قوتابخانەی یوکاتان م جێ‌هێشت بەرەو ئیسپانیا، لەوێ چەند مانگێك مامەوە. ویستم بچمەڕیزی چەکدارانی پشتیوانانی ئیسپانیا- ئەوکات تەمەنمم ٢٣ ساڵ بوو- بەڵام نەمتوانی چونکە من وەك خۆبەخشێك پێویستم بە دەستنیشانکردن بوو لە لایەن پارتی ڕامیاریەوە. من سەر بە پارتی کۆمۆنیستی یان هیچ پارتێکی تر نەبووم، بۆیە کەس منی دەستنیشان نەکرد. ڕەفزیان کردم، بەڵام گوتیان ئەوە زۆر گرنگ نیە چونکە من نووسەرێکی لاوم لە کۆنگرەکەدا- بۆیە پێویستە بچمەوە مەکسیك و لەوێ بۆ کۆماری ئیسپانیا بنووسم، ومنیش وام کرد.
پ/ ئەو سەفەرەت بۆ ئیسپانیا چی گەیاند لای تۆ، لەودیو ڕامیاری و پشتیوانیت بۆ کۆماریەکانی ئیسپانیاوە؟
و/ بەشێکی ترم لە کەلەپوورم دۆزیەوە، بە دڵنیاییەوە ئەدەبیاتی ئیسپانیام لام ئاشنا بوو، هەمیشە وەك خودی خۆم تەماشام کردووە، بەڵام ئەوە شتێکە بە پەڕتووکەکان ئاشنا بیت و شتێکی ترە خەڵکەکە ببینیت، و دیمەنەکان بە چاوی خۆت ببینیت.
پ/ کەواتە دووبارە دۆزینەوەی جوگرافی بوو؟
و/ بەڵێ، بەڵام ڕامیاریشی تێوەگلا بوو، یان بۆ ئەوەی وردتر بین، لایەنی مۆڕاڵی. بیروڕای ڕامیاری و هزریم بوژایەوە بە بیری برایەتی، ئێمە هەموو زۆر قسەمان دەکرد دەربارەی، بۆ نموونە: ڕۆمانەکەی (ئەندریە مالڕۆ) کە هەموومان خوێندبوومانەوە، وێناندنی گەڕان بە دوای برایەتیدا دەکات لە ڕێی کاری شۆڕشگێڕانەوە، ئەزمونی ئیسپانیم باوەڕە ڕامیاریەکانمی بەهێز نەکرد، بەڵکو پێشکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراوی بەخشی بە بیری برایەتیم. ڕۆژێك (ستیفان سپێندەر) لەگەڵم بوو، ڕەنگە ئەمەی لە یاد بێت، چوینە بەرەی پێشەوە لە مەدرید، کە لە شاری زانکۆ بوو، ئەوێ مەیدانی جەنگ بوو. هەندێك جار لەو بینایانەدا لایەنگرەکان تەنیا دیوارێکیان جیا بوو لە فاشیستەکان، گوێمان لە دەنگی سەربازەکان بوو لەو دیوەوە قسەیان دەکرد، هەستێکی سەیر بوو: ئەو خەڵکە ڕووبەرووی من دەبوونەوە کە نەمدەبینین، تەنیا گوێم لە دەنگیان دەبو- کە دوژمنم بوون، کەچی هەر دەنگی مرۆڤیان هەبوو، وەك هی من، ئەوان وەك من بوون.
پ/ ئایا ئەمە کاری لە تواناکانت کرد لە ڕق لێبوونەوەی دوژمنەکانت؟
و/ بەڵێ، من دەستم کرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە ڕەنگە ئەم جەنگە شتێکی قێزەون بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەمدەتوانی ئەوە بە کەسانی تر بڵێم، رەنگە وایان لێکبدایەتەوە من ناپاکم، کە من لەو کاتەدا ئەوە تێنەدەگەشتم، یان پاشتر، کە ئەمتوانی بە جدی بیربکەمەوە لەو ئەزموونە نائارامبەخشە، تێگەشتم لەوەی کە برایەتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەبێت ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەیت کە دوژمنەکەشت مرۆڤە. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ببیتە هاوڕێی دوژمنەکەت. نەخێر، بەڵام بە جیاوازیەکانەوە ڕێی تێدەجێت پێکەوە بژین. چونکە دوژمنەکەشت وەك تۆ مرۆڤە، کاتێك لەمە تێگەشتین چیدی مرۆڤ توندو تیژی قبوڵ ناکات، بۆ من ئەزمونێکی مەترسیدار بوو. زۆر لە قەناعەتە قوڵەکانی تێکشکاندم.
پ/ ئایا وا تێدەگەیت بەشێکی ترسی ئەو هەڵوێستە لەوەدا بوو کە دوژمنەکەشت هەمان زمانی تۆ دەئاخاوت؟
و/ بەڵی، سەربازەکان لەو دیو دیوارەکانەوە پێدەکەنین و قسەیان دەکرد، بەیەکترییان دەگوت جگەرەیەکمان بدەرێ، شتی لەمجۆرە، من بە خۆم گوت: ئەوان لەودیوەوە هەر وەك ئێمە وان لەمدیوەوە.
پ/ هەرچۆنێك بێت تۆ ڕاستەوخۆ نەچوویتەوە مەکسیك؟
و/ بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئەوە یەکەم سەفەرم بۆ ئەوروپا. دەبوو بچم بۆ پاریس. پاریس مۆزەخانەیەك بوو؛ مێژوو بوو؛ ئێستاش بوو، (ۆڵتەر بنیامین) گوتی پاریس پایتەختی سەدەی نۆزدە بوو، ئەو لەمەدا ڕاستی گوت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا من وای بۆ دەچم پاریس پایتەختی سەدەی بیستەمیش بوو، بە لایەنی کەمەوە بەشی یەکەمی، نەك ئەو بەشەی کە پایتەختی رامیاری و ئابووری و فەلسەفی بوو، بەڵکو پایتەختی هونەرمەندان، بەگشتی بۆ وێنەکێشان و هونەری شێوەکاری، هەروەها بۆ ئەدەبیش. نەك لەبەر ئەوەی کە باشترین نیگارکێش و نووسەر لە پاریس ژیان، بەڵکو بەهۆی ئەو بزوتنەوە گەورانەی داکشا بەرەو سوریالیزم.
پ/ تۆ چۆنت بینی ئەمە تۆی بزوواند؟
و/ چووم بۆ پێشانگای جیهانی و (گەرنیکا)م بینی، کە (بیکاسۆ) تازە لێبووبوەوە لە کێشانی، من تەمەنم بیست و سێ ساڵ بوو و ئەوە بە هەلێکی مەزن دادەنرا بە دیداری بیکاسۆ بگەم و هەروەها (میرۆس) لە بەشی ئیسپانیاکەدا، من زۆر خەڵکم لە پاریس نەدەناسی، و بەڕێکەوت چووم بۆ پێشانگا کە تابلۆی (ماکس ئێرنست) م بینی، (ئەوروپا دوای باران)، مۆرکێکی قوڵی لەسەرم جێهێشت.
پ/ ئەی سەبارەت خەڵك؟
و/ بە دیداری نووسەری کوبی (ئەلیۆ کارپێنتیەر) گەیشتم کە لە پاشدا زۆر ناودار بوو، ئەو بانگهێشتی ئاهەنگی خانەی شاعیرانی سوریالی (ڕۆبەرت دیسۆنس)ی کردم، لەوێ قەرەباڵغیەکی گەورە هەبوو، زۆر لەوانە بەناوبانگ بوون- بەڵام هێچ گیانێکم نە ناسیەوە، بۆیە هەستم بە بزربوون کرد. من زۆر گەنج بووم، تەماشای دەوروبەری ژوورەکەم دەکرد، هەندێك شتی سەیرم دەبینی، من لەو خانمە رازاوەیەی ماڵەکەم پرسی ئەوانە چین؟ گوتی ئەوانە شمەکی کاریگەریی یابانین، گۆدۆمیش، هەموویان بە سادەیی من کەوتنە پێکەنین، درکم بەوە کرد کە چەند من سادەو ناوچەییم.
پ/ با بگەڕێینەوە بۆ مەکسیك ساڵی ١٩٣٨، ئایا بوونی (ئەندریە برێتۆن و ترۆتسکی) هیچیان دەگەیاند لای تۆ؟
و/ بە دڵنیاییەوە، لە ڕووی رامیاریەوە، من دژی برێتۆن و ترۆتسکی بووم. وام بیر دەکردەوە دوژمنی سەرسەختی هەردووکمان فاشیزمە. هەرچەندە بریتۆن و ترۆتسکی بەکرێگیراوی نازی نەبوون، بەڵام من دژیان بووم، لە لایەکی ترەوە سەرسام بووم بە ترۆتسکی، من بە دزیەوە پەڕتووکەکانیم دەخوێندەوە، و من سەرسامی بریتۆن بووم. من پەڕتووکی (لە مو فو)یم خوێندەوەو کاریگەریی لەسەرم هەبوو.
پ/ جگە لە هۆنراوەی ئیسپانی و ئیسپانی ئەوروپی تۆ کەوتیتە ناو نوێخوازی ئەوروپیەوە؟
و/ بەڵێ، من دەتوانم بڵێم کە سێ دەق ئاماژەی لەسەرمن هەبوو لەم ماوەیەدا، یەکەمیان هی تی ئێس ئیلیۆتبوو (The waste Landزەمینی بەهەدەرچوو)
، کە من لەساڵی ١٩٣١ دا لە مەکسیك خوێندبوومەوە، تەمەنم نزیکەی حەڤدە ساڵ بوو ئەو کات، قەسیدەکە واقی وڕماندم. ئەو کات لە وشەیەکی تێنەدەگەشتم، و لەو کاتەوە چەندان جاری تر خوێندوومەتوەو هێشتا وای دادەنێم کە یەکێکە لە دەقە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەم، دووەم دەق هی (سان جۆن پیرس) بوو (کەڵەکەبوونی نەخۆشی)، سێیەمیش پەڕتووکێکی بچوکی بریتۆن بوو، کە تیایدا خۆشەویستی ئازادو هۆنراوەو یاخی بوون چەمکی باڵا بوون.
پ/ سەرەرای سەرسامبوونت بە بریتۆن، تۆ لێی نزیک نەبوویتەوە؟
جارێك هاوڕێیەکی نزیك بانگهێشتی کردم بیبینم، پێی گوتم من هەڵە بووم سەبارەت بیروبۆچوونی رامیاری بریتۆن. من ڕەفزم کرد. زۆر ساڵانێك دواتر، بەیەک گەیشتین و بووینە هاوڕێی باشی یەکتر. لەگەڵ ئەوەی کە بوومە جێی ڕەخنەی زۆر لە هاوەڵان، بە پەرۆشەوە مانیفێستی هونەری شۆڕشگێڕیی سەربەخۆم خوێندەوە کە بریتۆن و ترۆتسکی نووسیبویان و لەلایەن (ڕیڤێرا)وە ئیمزا کرابوو. کە تێیدا ترۆتسکی دەسەڵات و کۆنترۆڵی رامیاری بۆ سەر ئەدەب وەلاخستبو. تاکە یاسای دەوڵەتی شٶڕشگێڕ هەیبێت سەبارەت هونەرمەندان و ئەدیبان ئەوەیە ئازادی تەواویان پێ بدات.
پ/ وا دەردەکەوێت ئەو جیاوازیە ناوەکیەت کێشەی لە ناختدا خولقاندبێت؟
و/ من دژی ڕیالیزمی سۆشیالیستی بووم، ئەوەش سەرەتای ململانێکانم بوو لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی، ومن ئەندام نەبووم تیایدا، بەڵام هاوڕێدۆست بووم لەگەڵیان. شەڕی یەکەمی نێوانمان لەسەر گیروگرفتی هونەر بوو.

 

له‌ ئینگلیزیه‌وه‌/ سۆران محه‌مه‌د

© 2017 Hawler