کانونی یەکەم 11, 2018

تاڤ، پەنجەرەیەکی نوێی شانۆیی

هەمیشە یەکەمین شتێک کە قەیران و دۆخە نالەبارە سیاسییەکان بەر زیانی دەدەن هونەر و ئەدەبە. بە جۆرێک ئەوان دەبنە قوربانی و لای بینەر و خوێنەر کاڵ دەکرێنەوە. بێگومان ئەم دۆخە تەنها لەو وڵاتانەدا بە زەقی دەردەکەوێت، کە بایەخێکی ئەوتۆ بۆ هونەر و ئەدەب دانانێن، بەڵکو وەکو شتێکی زیادە و پاشکۆی ژیان دەیبینن، لە کاتێکدا هونەر و ئەدەب نەک پاشکۆی ژیان نییە بەڵکو وزەن بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە ژیان و تێپەڕاندنی دۆخی قەیران.

ئەگەر بە سەرنجەوە لە بایەخی هونەر و ئەدەب بڕوانین دەبینین لە کاتە سەختەکاندا هەناسەن بۆ ژیان و نوێبوونەوە و بەرەنگاریی، بەبێ ئەوان ئەستەمە مرۆڤ بەرگەی قەیران و دۆخە نالەبارە سیاسییەکان و جەنگە ماڵوێرانکەرەکان بگرێت. هەر بۆیە گرنگیدان بە هونەر و ئەدەب تەنها لەپێناو ژیانێکی ڕاستەقینە و بەردەوامیدانە بە ژیان و نوێبوونەوە، نەک وەکو هەندێک وای دەبینن هونەر و ئەدەب جۆرێک لە کەمالیاتن و تەنها کاریان ئارایشتکردنی ژیانە. بێگومان نەخێر، هونەر و ئەدەبی ڕاستەقینە کاریان داهێنان و بەخشینی وزەی ژیانە بە مرۆڤ بۆ بەردەوامبوون و مانەوە.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بێبایەخ تەماشاکردنی ئەدەب و هونەرەوە و بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسییەوە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە داخرا و چەندین گرووپی هونەری ماڵئاواییان لە هونەر و ئەدەب کرد، کە ئەمە لە لێکەوتە خراپ و نەرێنییەکانی جەنگی سەپێنراوی داعش و قەیرانی دارایی بوو، بەڵام لەنێو ئەم تاریکستان و قەیران و جەنگە سەپێنراوەدا هێشتا کەسانێک ماون وزەیەک بۆ بەردەوامی ژیان و بۆ هونەر و ئەدەب شک دەبەن و تەسلیسمی ئەو دۆخە سەپێنراوە نابن کە سیاسەت و جەنگ دروستی دەکەن و دەەیانەوێت ئەو وزە و هەناسانەش کپ بکەن کە وزەی داهێنەرانەن.
هەر لە سەروبەندی ئەم قەیرانەدا چەند هەوڵێکی ئەدەبی و هونەری دران، کە لە یەکەم نیگادا وەکو جۆرێک لە بەرەنگاریی و تەسلیم نەبوون بە قەیران دەبینرێن، کە بەلای منەوە هەم جێگەی دەستخۆشین و هەم وزەن بۆ بەردەوامیدان بە نووسین و خوێندنەوە، چونکە ئەوانە ئومێدی ڕاستەقینەن لەم تاریکسانەدا. لەنێو ئەو هەوڵانەدا دەشێت ئاماژە بە بڵاوکراوەی شیعر و گۆڤاری لۆگۆس بکەین کە لە سەرەوبەندی قەیرانەی سیاسی و داراییدا بڵاوکرانەوە، کە دوو پەنجەرەی ئەدەبی و ڕەخنەیی و فیکریی بوون و ئەمەش وەکو جۆرێک بەرەنگاری و گێڕانەوەی بەها بۆ ئەدەب و فیکر بڵاوکرانەوە و تا هەنووکەش بەردەوامن.
پڕۆژەی نێگەتیڤیش لەو پڕۆژانەیە کە لە دایکبووی قەیران و هێزی بەرەنگارییە لە دۆخی دونیایەکی دوور لە فیکردا و گێڕانەوەی بەهایە بۆ فیکر و ئاشتکردنەوەی چەمکی شۆڕش و فەلسەفە و هاوکات دروستکردنی سۆبێکتێکی بەرەنگار و داهێنەرە. هاوکات لە دوو مانگی ڕابردووشدا دوو گروپی شانۆیی ڕاگەیەنران، کە دیسان ئەمانیش دەشێت جۆرێک بن لە بەرەنگارییەکی نوێ لەلایەن هونەرمەندانی شانۆکاری گەنجەوە، کە ببنە وزەیەک بۆ بەردەوامیدان بە بزاڤی هونەریی و هونەر بکەنە چەکێکی بەرەنگارانە. گروپی شانۆی گۆدۆ و ناوەندی شانۆی تاڤ، ئەو دوو گرووپەن کە لەم قەیران و بارودۆخە سەختەدا و بە ئیمکانییەتێکی کەمەوە، بەڵام بە وزەیەکی زۆرەوە دەستیان بە چالاکی کردووە، گروپی شانۆی گۆدۆ، یەکەمین چالاکیان پێشکەشکردنی شانۆیەک بوو، بەڵام ناوەندی شانۆی تاڤ جگە لە پێشکەشکردنی شانۆییەک هاوکات گۆڤارێکی شانۆییان بەناوی تاڤ بڵاوکردەوە و دەستیان بە چاپکردنی زنجیرە کتێبی شانۆیی کردووە و یەکەمین کتێبی چاپکراویان بەناوی "خەونە نمایشێک" چاپ و بڵاوکردەوە.
لەنێو ئەم قەیران و کێشمەکێشمە سیاسییەدا، لەنێو ئەم بێئومێدییە گەورەیەی رۆژانە بەرۆکی تاکی کوردی دەگرێت و مرۆڤەکان ئاوارەی وڵاتان دەکات، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بوونی ئەم وزەیەیە بۆ کارکردن و بەردەوامیدان بە بزاوتی هونەری و ئەدەبی، چونکە بەبێ ئەم وزەیە مەحاڵە مرۆڤ بتوانێن بەردەوامی بە ژیان بدات و بەرگەی سەختییەکانی بگرێت.
ناوەند و گۆڤاری تاڤ، لە یەکەم بینیندا و لە یەکەم چالاکیدا جگە لەوەی پەنجەرەیەکی نوێی شانۆییە، هاوکات هەوڵێکە بۆ نزیکخستنەوەی هونەر و فەلسەفە و پەیوەندی نێوان ئەم دوانە و دوور کەوتنەوە لە هونەرێکی ڕووکەشگەرا. هەوەها زەمینەسازی بۆ گەیشتن بە هونەرێکی بەرەنگار و گرنگیدان بە جۆرێک نووسین و فیکر، کە نزیکمان بخاتەوە لە سۆبێکتێکی داهێنەر و ئەکتیڤ، کە ئەمەش دژوەستانەوەیە بەڕووی ئەو سۆبێکتە پاسیڤەی قەیران و دۆخی نالەباری سیاسی بەرهەمی دەهێنێن.
هەموو هەوڵێکی هونەریی و ئەدەبی لە دۆخە قەیرانەکاندا جێگەی دەستخۆشییە و دەبێت پشتگیریی بکرێن، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو هەوڵانە بە هەوڵی خەمخۆرانە و بە ئیمکانییەتێکی کەم و بە وزەیەکی لە خۆبردوانەی زۆرەوە هاتبێتە بەرهەم. دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی لەم نووسینە کورتەدا بەسەر کرانەوە و بەتایبەتیش دەستخۆشی بۆ ناوەندی تاڤ و گۆڤاری تاڤ، ئەگەرچی گۆڤارەکە لە ڕووی هونەرییەوە لە کەموکوڕی بەدەر نییە، بەڵام دەشێت لە ژمارەکانی ئاییندەدا چارەسەری ئەوە بکرێت و هەنگاوی گەورەتر بنرێت.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

© 2017 Hawler