تشرینی دووەم 16, 2018

لە شیعری شاعیرانی جیهانەوە

 

و: زانا خەلیل


(ئەگەر ناتوانی)

ئەگەر ناتوانی نانبخۆیت
دەبێ بکێشیت و
هیچیشمان نییە بۆ کێشان
دەی منداڵەکەی خۆم با بچین بخەوین.

ئەگەر ناتوانی بکێشیت
دەبێ گۆرانی بخوێنیت و
هیچیشمان نییە بۆ گۆرانی خوێندن
دەی منداڵەکەی خۆم با بچین بخەوین.

ئەگەر ناتوانی گۆرانی بخوێنیت
دەبێ بمریت و
هیچیشمان نییە بۆ مردن
دەی منداڵەکەی خۆم با بچین بخەوین.

ئەگەر ناتوانی بمریت
دەبێ خەون ببینیت و
هیچیشمان نییە بۆ خەون بینین
دەی منداڵەکەی خۆم با بچین بخەوین.

_ئی.ئی.کەمینجز (1894_1962) شاعیری ئەمەریکی.
(قەسیدەی سێ رەهەندی)
کۆنترین رێگەی
نووسینی قەسیدە ئەوەیە
بە پەڕەمووچە بنووسیت.
نوێترین رێگەی
نووسینی قەسیدە ئەوەیە
بە جەستە بنووسیت.
نایابترین رێگەی
نووسینی قەسیدە ئەوەیە
لەسەر سەر بوەستیت
تا عەقڵ و جەستەت ئاوێتەبن و
حوبریش لەسەر عەرد خاڵبەندی بکا
ئەوەیە قەسیدەی سێ رەهەندی.

هوانگ زیانگ (1941 ) شاعیری چینی.
______________
(پایز)
گەنجێ دوو گەڵای دۆزییەوە
چووە ماڵ و
بە دایک و باوکی گوت:
من درەختم.
پێیانگوت: کەوایە بڕۆ دەرەوە
لە ژووری خەو مەخەوە
چونکە رەنگەکانت
فەرشەکە دەدڕێنێ
گەڵاکانی فڕدا و گوتی:
گاڵتە دەکەم
من درەخت نیم.
بەڵام دایک و باوکی گوتیان:
تەماشایکەن
تەماشایکەن
کوڕەکەمان بۆتە پایز.

_راسیل ئیدسۆن (1935_2014) شاعیری ئەمەریکی.
(کەللەسەرێ لەسەر سفرە)
کەللەسەرێکی بێ جەستە
لەسەر سفرەیەک راکشاوە
کەس نازانێ چۆن گەیشتۆتە ئێرە و
کێ لە جەستەکەی جیای کردۆتەوە
هیچ تیۆر و تاوانبار و شاهیدێ
لەو بارەیەوە وجودیان نییە
پیاوان خۆیان و چەنگاڵ و چەقۆ
نەخۆشحاڵ و نەغەمگین
لەسەر سفرەکە دادەنیشن و
هیچ ناکەن
تەنیا پارچە پارچەی بچووک
لە کەللەسەرەکە
لێدەکەنەوە و دەیخۆن.

(لە راڕەوی نەخۆشخانەدا)
بریندارێ لە راڕەوی نەخۆشخانە
خۆی بە دوای خۆییدا رادەکێشێ

ئەوانەی تازە منداڵیان بووە و
هێشتا لەوێن..
هاوار..
ئازار..
دەرمانی ئێکسپایەر ..

بریندارێ لە راڕەوی نەخۆشخانە
خۆی بە دوای خۆییدا رادەکێشێ
لە ژوورە مەرگ و شەیتانەکان
دەوری دەدەن.


ئاوگستۆ رودریگێس (1979 ) شاعیری ئیکوادۆری.
_سەرچاوە:alqasidah.com

© 2017 Hawler