تشرینی دووەم 16, 2018

كەژاڵی شاعیر, ئەو ئێوارەیە . . بەر لە مردنـــــــی چی بە هاوسەرەكەی ووت . . .

كەژاڵ . . لەنێوان ژیان و مەرگدا . . مەرگی هەڵبژارد . . گەیشت بە مردن . . بەڵام نەمری بەدەست هێنا .
ئەو لەنێوان بزەو خەندەو . . ئازاردا هەمیشە ئازاری هەڵدەبژارد . . خۆی پڕ لە ئازار . . بەڵام شیعرەكانی لێوان لێو لە خەندە . . بۆ هەموان .
كاتێكیش دەینوسی . . لەژێر هەر تكەیەكی بارانی خوناودا بە حەسرەتەوە دەیوت . .
ئای كە ڕقم لە چەقۆ و گوێزانە .
چونكە ئەو بوو ناوكی بڕیم و . . لە دایكمی جیاكردمەوە.
شەوانی ئارامیەكانی هەر نوسین و تێ رامان بوو . . بۆ زیاتر لە ئێستاتیكای ژیانێكی ئارام . .
بەردەوام پێ ی خۆش بوو ئاوا بنوسێت . . كە وەك چڵە نێرگزی بەهار . . لەنێو باوەشیدا. سەما بكات و ببێتە پەپولەیەكی سەر چڵی ڕەها . . .
شاعیر لەو شەوانەدا . . دڵی . . سپی . . سپی . .
تامەزرۆی مشتێك خۆر بوو . . بۆ ئارامی شیعرەكانی .
ئەو زۆر بزێوانە دەركی بە باگراوندی ژیان دەكرد . . ئەو بۆ تونیەتی خەونەكانی ڕوخسەتی لە دەریا وەردەگرت . . تا هەتوانی ووشەكانی تێر ئاوبن .
كەژاڵ . . شەوە تەنیاییەكانی . . بێ نوسین . . برینداریان دەكرد . . بە هێمنیەكەوە . . دەهاتە لای دەرگا دارینەكەو بە هاوسەرەكەی دەووت .
ڕێبوار گیان . .
چوار وەرزە خۆشم دەوێیت . . تا باڵای شیعرەكانم لە سایەی باڵای ئارامیەكانتا وەك پەلكە زێڕینە ڕەنگاو ڕەنگ بن .
ڕێبوار گیان . . تكایە مەهێڵە . . هیچ كەس ئاسمانمان لێ زیز بكات . . مەهێڵە . . ئەو منداڵانە . . بێ من و بێ شیعرەكانم بن . . ئاخر ئەوە روبدات . . دڵی هەورەكان لەلێدان دەكەوێ .
دەی لە ئێستاوە ئامادەبە . . من دەمەوێت سبەی ڕا سەر لە ئێوارەیەكی غەمگین باسكم لەنێو باسكتا بێ و بە هاوڕێیەتی تۆو سروشت و ژیان وەك بوكە بەفرینە دوا هەناسە بدەم .
وەك گوڵە شەوبۆیەكی ناسك . . بە ئارامی سەرخەوێك بشكێنم لەتەك شیعرەكانمدا .
وەك تابلۆیەكی بە رۆح كێشراو . . دواین قەسیدەم بنوسم . . بۆ دواین جاریش وەرە گلێنەی چاوەكانمەوە با وەك ئەو تابلۆیە . تا ئەبەد لەنێو چاوانمدا بێیت و بچیت . . ڕێبوار گیان .
دێیت ئازیزەكەم . . بڕیارت داوە . . هاوڕێم بی . . لەو سەفەرە . . ناسۆرەدا .
ڕێبواری هاوسەری حاڵی بە تەواوەتی تێكچوو . . پەنجەرەی نێو ژوورەكە بە قایمی ئەیدا بەیەكدا. ئاخر باهۆزێكی لەناكاو هەڵی كردوو تەواو توڕەو سەرشێتانە. دۆخی هەموو شتێكی تێكدا.
ڕێبوار هەستا بە خێرایی تاكی پەنجەرەكەی داخست و چووە لای كەژاڵەوە . . چاوی بڕیە ناو چاوی كەژاڵ و سەری نا بە سەریەوەو بە ئارامی گۆرانی نەمری بۆ كەژاڵ دەوت . . تا ئەوەی تاریكایەكی نامۆ باڵی كێشا بەسەر تەواوی ئەو ماڵەدا . . بەو شێوەیە كۆتایی بەو شەوە هات.
چاوەڕوانی شاعیر . . سات . . دوای سات . . ئاخۆ كەی سەر لە ئێوارە دێت . . وە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر شیعرێكی یادەوەریدا . . سەیرێكی كات ژمێرەكەی دەكرد . . دڵە خورپەی بوو . . نەشی دەتوانی بۆ ساتێك لە هاوسەرەكەی دووركەوێتەوە .
لە ئامێزی گرتبوو . . هەرواش پێ ی دەوت . . ئازیز دەی ئەوا سەر لە ئێوارە هات . . با بڕۆین . . دەمەوێت لەنێو باخچەكەی ئەوبەرمان . . قەسیدەیەكی نەمری بنوسم. . . نەبادا بمرم .
هەردوكیان ئارام ئارام بە ڕێگاكەدا رۆیشتن . . بۆ دیدەنی ئەو ئێوارە تەنیایە . . هەنگاویان دەنا . . دڵە خورپەیان بوو . . هەناسەیان خێرا . . نائارامیەكی لە ڕادە بەردەر . . بەڵام روخسارێكی پاك و بێ گەردوو. پڕ لە خەندە لە سیمایاندا هەستی پێ دەكرا. . وە كاتێكیش بەنێو شەقامەكەدا هەنگاویان دەنا . .
كەژاڵ بە ئەسپایی بە ڕێبواری هاوسەری وت . . . ڕێبوار گیان . . . ئەگەر مردم . .
مەهێڵن گوڵەكان رەش پۆش بن .
مەهێڵن .باڵندەكان بێ پەڕو باڵ بن
مەهێڵن ...چاوەكان .نابینابن و شیعرەكان بێ ناز بكەون .
رێگە مەدەن .یادەوەریەكان بسڕێنەوە . . . لە بارینی باران ڕامەكەن . . لە ئاست جوانیەكانی سروشتدا چاو دامەخەن .
كاتێكیش كەمردم بائێوارەیەك بێ و تۆی ئازیزم لەتەكدا بیو ..بە ئارامی سەردانێكی گوڵەكان بكەم و دواین قەصیدەیان بۆ بنوسم .
پێم خۆشە ئاوا دواین هەناسەی نەمری بدەم . .
زوو بێ یادرەنگ ..من هەردەڕۆم ..سەفەرێكی هات و نەهاتە .بەڵام شادو دڵخۆش بن . . نەكەن جێژوانی شیعرەكانم بكەنە فرمێسكی تەنیاییتان .
ئاخر من..شیعرم بۆ بەجێ هێشتون . . با شیعرەكانم دوا دیداری تەنیاییتان نەبێ و فرمێسكەكانیشتان پارێزگاری كردن بێت لە وشە نەمریەكان.
منێك نامیلكەی ..ملوانكەیی لە جۆری مرواری و و یاقوتم بۆئەبەد كردۆتە گەردنتان ...بەكۆپلەیەك شیعر بۆ ژیانم . . بانگی حەقیقەت و تێرامانم لە ژیانم چرپاندووە.بەگوێتانا ..ئەی مرۆڤایەتی .من دەڕۆم بەڵام لەناوتانام ..مردن من دەبات ..بەڵام حەقیقەت و مێژوو دەمگەڕێنتەوە بۆلاتان. ئاخر بۆیە ئەم ووشانەم خێرا خستە سەر ئەم خامەیە ..ئیدی هەست دەكەم ئەم ئێوارەیە دوا دیدارمە لەگەڵ ئەم گوڵانەدا . دەی ڕێبوار گیان . . . خێرا هەنگاو بنێ با بچینە دیدەنی گوڵەكان . . ئەی نابینی هەمووان سەریان كز كردووەو لە چاوەڕوانی ئێمەدان ..نازانی چەند دڵم خێرا لێدەدات. هەنگاوم جیاوازە ..بەڵێ ئەم ئێوارەیە من بەیەكجاری دەڕۆم .خەونەكان كاتێك دەبنە واقع كە لەنێو ئەو خەونەدا بەدیداری رەنگەكانی ژیان ئاشنا بین . . بۆیە من هەمیشە ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەم گوڵانەدا هەیە . . تێڕامێنە هاوسەرەكەم ئەها ئەوانیش دڵە خورپەیانە بۆ من . كەژاڵ هەناسەیەكی هەڵكێشاو چاوی بڕیە ئاسمان و بە هێمنیەكەوە دەیوت . . مرۆڤەكان كاتێك نەمر دەبن كە ئەندێشەیان ئاوێتەی مرۆڤایەتی بكەن و بۆ كۆمەڵگاكەیان هەناسە بدەن . . دەكرێت و زەروریەتە ..هەم خەون و هەم نەمریش ببێتە جێژوانی ئەبەدەیەت لەتەك سروشتدا بۆ ئەوەی بێن و پێمان بڵێن ئێوە جیاواز لەهەر مەخلوقێكی تر تێ رادەمێنێن و تێ دەفكرن بۆ ژیان دەنوسنەوە. . هاوسەرە ئازیزەكەم . . ئاخر من دەنوسم بۆیە ئاوا بیر دەكەمەوە . من لە جوانی سروشت ئاشنام بۆیە نەمری دەكەمە دوا ویستگەم .
ئەو ئێوارەیە غەمگین و پڕ لەئازارە سروشت بەشێوەیەكی رەها باوەشی بۆ مەرگی كەسێكی جیاواز،ناوازە كردۆتەوە.دارو گوڵ و هەموو باخچەكانی راسپاردبوو كەئەم ئێوارەیە زۆر جیاوازە مێوانێك دێت وێنەی نیە و نابێتەوە سروشت بەهەمووانی ووت تكایە خۆتان ئامەدە بكەن و ئەوەندەی تر سەروسیماتان رازاوە بنوێنن نەبادا لێمان زیز بێ . . ئەی نازانن ئەم ئێوارەیە میوانێكی زۆر ناوازەو جیاواز دێت بۆلامان . لەو ئێوارەیەدا تەواوی سروشت ماخۆلانیان بوو كە هەر دەبێت بزانن میوانە كەیان كێیە . تا ئەوەی خوناوی سەرگەڵای عەرعەرەكان وەك نمەی باران بە خێرایی دەكەوتە سەر گوڵەكان . . گوڵە هێرۆكانیش كە قافڵەیان بەستبوو لەبۆ پێشوازی میوانە ئازیزەكە . . لەچاوەڕوانیدابوون تا ئەوەی چاویان لێ بوو میوانەكەیان گەیشت كە زۆر ئارام و بە ویقارەوە هەنگاوی دەنا بەنێو باخچەكەدا ئەو میوانە ئازیزە كەژاڵ بوو . . بەڵێ كەژاڵی شاعیر . . كەژاڵی جیاواز . . شاعیری جوانی خەمەكان . . نیشتمان . . سروشت و عەشقی ژیان بوو .
هێدی هێدی هەنگاوی دەنا قۆڵی لەقۆڵی رێبواری هاوسەریدا بوو چ هاوسەرێك كە هەمیشە خودی كەژاڵ دەیوت . . كە وەك قەڵایەك وایە بۆ ئەندێشەو ئیلهامەكانی . . ئەو ئێوارەیە جیاوازە . كەژاڵ و رێبوار زۆر بەبێ دەنگی بەنێو باخچەكەدا رەت دەبوون . . ڕێبواریش مەولانا وتەنی جار نا جارێك دەیوت بە كەژاڵ . . دڵم تەنگە . . تەنها بە دیداری تۆ تیمار دەبێت .
تا ئەوەی تەواوی سروشتی نێو ئەو باخچەیە هاتنە گۆ هاواریان دەكرد .تكایە خێراتر هەنگاو بنێ ئەی شاعیرەكەی ناخمان ئێمە زۆر لەمێژە چاوەڕوانتین وەرەو شیعرێك بە باڵاماندا بنوسەو لەو سیس بوون و غەمگینیە قوتارمان بكە وەرەو پەیمان نوێبكەرەوە لەگەڵماندا كە هەموو رۆژێك سەردانمان بكەیت و هەرگیز بەجێمان نەهێلبیت . . وەرەو هەناسە شیعرەكانت ئاوێزانی رۆحمان بكە . . وەرەو خێراتر وەرە با هەمووان خۆمان بدەین لە یەخەت . . لەئامێزمان بگرە . . ئاخر بەبۆنی تۆ بۆنكردنی ئێمەیە دەبێتە بۆنی میسك بە شیعرە ناوازەكانت . . ئەی نازانی برستمان لێ بڕاوەو هەمووان كەوتوینەتە مقۆ مقۆ كە ئاخۆ ئەم ئێوارەیە بۆوا بێ دەنگیت و هیچ ناڵێیت . . كوا ئێوارانی تر كە سەردانت دەكردین بەم جۆرە بویت . . شاعیر زۆر بە هێمنیەكەوە دەیڕوانی و چاوی لەسەر تەواوی باخچەكە بوو . جارجارەش بە زەردەخەنەیەكی هێواش دەیڕوانی بۆ ڕێبواری هاوسەری و دەیچرپاند بە گوێیداو پێی دەوت . . ئازیز من دەبمە تابلۆی ژیان . . دەبمە دوا دیداری ئەم ئێوارە ناوەختە . . ژینم ژیانە . مەرگم نەمریە . . بەو گوڵانەدا هەستی پێ دەكەم نابینی چۆن سەما دەكەن و شیعرەكانمیان كردووە بە گۆرانی .
ڕێبوار زەردەیەك گرتی و سەری خستە نێو چەند دانە گوڵی هەمە جۆرەوە "كە ئاونگی سەر گەڵاكانیان سیمای ئارامی رێبواریان تەڕو پاراو دەكرد بۆیە ئەویش قاقایەكی لێداو پڕ بەگەرووی هاواری كرد "هۆ كەژاڵ گیان ".
هۆ خانمی گەورە هۆ ژنە پڕ شكۆو شاعیرە نازدارەكەم "دڵی من گەر پڕ بێ لە ئازارو ناسۆر تەنها بە شیعرە جیاوازەكانت وەسیەتی نەمردنم بەیان دەكەم ئاخر تا شیعر بونی هەبێ من هەر دەژیم تا تۆ هەبی جوانی شیعر رۆشنایی ئەدا بە هەنگاوە تاریكەكان . . نەكەی بۆ ساتێك بێ خۆت و بێ شیعرم بكەیت . . گەر وابكەیت دەم گەێنیتە لێواری مەرگ و بۆ ساتێكیش ناتوانم بیرەوەریەكانت تەحەمول بكەم . مەهێڵە تەنها بم . . تەنهاییەك كە هیچ هەناسەیەك جگە لە هەناسەكانی تۆ نامگەیەنێتە كەناری ئارامی.
كەژاڵیش بە رۆئیایەكی پڕ لەبەرائەتی تەماشایەكی رێبواری كرد وەك ئەوەی سوپاسی بكات بەهێمنیەكەوە ووتی "زۆرم خۆش دەوێت رێبوار بەقەد شیعرەكانم. . تكایە با ئەم چەند ساتە لەنێو ئەم گوڵانەدا قەصیدەیەكی مەرگ بنوسم " . . من بە نیازم ئەم ئێوارەیە كۆڕێكی شیعری بۆ تەواوی ئەم باخچەیە بگرم، ئەویش كۆڕی نەمریە . . كەژاڵ هەناسەیەكی هەڵكێشاو چاوەكانی پڕ بوون لە فرمێسك . لەیەك ساتدا زەردەخەنەو گریان ئاوێتە بووبوون لەگەرووی شاعیردا. پڕ بە گەرووی هاواری كرد خۆشەویستی بۆ ژیان . . بۆ سروشت . . بۆ شیعر . . بۆ حەقیقەت هەرگیز كۆتاییان نیە . . مەگەر هەر لە سەرەتاوە ئەوانە خۆشەویستیت لە دڵەوە بۆیان نەبوبێت وا كۆتایی دێت.
رێبوار بە بیستنی ئەم ووشانە حاڵی تێك چوو . . باڵندەكان بە ئاسمانەوە كەوتنە ماخۆلان و خۆیان ئەدا بەیەكدا .ئاونگی سەر گەڵای گوڵەكان ووشك بوو . بە تەواوی لە سەما كەوتن . . هەموان بەرەو نەمان ئامادەكاریان دەكرد . . رەنگی پرچی ئایشێ و فاتمە جگەلە رەشایی دەنا رەنگی تیادا نەما . . باهۆزێك هەڵی كرد هەموانی بەرەو بێزار بوون و نائومێدی راپێچ دەكرد . . ئەو ئێوارەیە هەموو شتێك لە دۆخی ئاسایی خۆیدا نەما تەنانەت دار شۆرەبی و دار چنارو لاولاوە كانیش لق و پۆپ و چڵیان دەشكایەوەو بە توندی خۆیان دەكێشا بە زەویەكەداو بە جارێك گەڵاكانیان زەرد هەڵگەڕان.
كەژاڵ تەماشایەكی هەر چوار لای كرد بەدەم فرمێسك سڕینەوە بە هاوسەرەكەی ووت "
ئازیزەكەم ئاگات لە شیعرەكانم و منداڵەكانمان بێت برۆ بادرەنگ نەكەویت من ناگەڕێمەوە لەگەڵ ئەم گوڵانەدا سەفەر دەكەم .وا هەست دەكەم دواین دیداری من و تۆیە . .
رێبواری هاوسەری قسەی بۆ نەدەكرا. . گەروی قەپات بوو بوو،تاسابوو بەردەوام تەماشای كەژاڵی دەكرد و گیانی كەوتبووە لەرزە .
كەژاڵیش بۆ دواین جار بەدەم زەردەخەنەی نەمریەوە گیانی شەڵاڵی عارەق بوو . . بەخێرایی دەستی كرد بە هۆنینەوەی چەند كۆپلە شیعرێك . كە بە حەسرەتەوە دەیوت . . ئارام بگرن بۆم ..مەگرین . . فرمێسك هەڵمەڕێژن با خەماوی نەبن . . تا بتوانن بەرونی و نەمری شیعرەكانم ببینن . . من ئیجگار ئاسودەم كە چەندین ئارامیم بۆ بەجێ هێشتوون لەنێو ئازاری شیعرەكانمدا . . من لەنێو ئەو نەبونەشم دڵنیام كەمن لەیاد ناكەن و هەمیشە لەگەڵمدا دەژین تكایە ئارام بن دەبا منیش ئارام بم . . ئەم وشانەی لەسەر پارچە وەرەقەیەكی وەك پەڕەی گوڵ نوسی و بەهێواشی چاوەكانی لێك ناو . . بۆ ئەبەدی لەنێو باخچە شیعرەكانیدا بە هاوڕێیەتی گوڵە بێ نازەكان بە ئارامی خەوی لێكەوت .
بەڵام خەوێكی جیاواز . . بۆ وەخەبەر هێنانەوەی دەبوایە ئیزنمان لە دانە دانەی شیعر ناوازەكانی وەرگرتایە بۆ ئەوەی ئارامیەكانی ئاڵۆز نەكەین .
بەڵێ كەژاڵ مرد ..بەڵام خەیاڵ و ئەندێشەكانی ماون ..كەژاڵ كۆچی كرد بەڵام شیعرەكانی بەنێو رۆحماندا هەمیشە لەسەر دانیكردنمان دان .
ئەو چاوەكانی بەیەكجاری داخست بەڵام دیدگای نامیلكەكانی بەنێو شادەماری بیركردنەوەماندا دێت و دەچێت.
ئەو دواین دیداری گوڵی نێو باچەكانی بۆ نوسینەوە . . ئەو نەمردووە . . لەناو رۆحی ئێمەدایە ئێمەش لەناو رۆحی ئەندێشەكانی شیعرەكانیداین . . بۆ هەركوێ بڕوا لەگەڵیداین و لەگەڵماندایە . . بەڵێ ئەمانە ووشەی سەر زرای هەموو عاشقانی شیعرەكانی كەژاڵن . . ئەم رستانە هۆنینەوەی فرمێسكە قەتیس ماوەكانی هاوسەرە بێ نازو تەنیاكەیەتی كە رێبواری بێ رێبوارو بێ هەنگاوی شادیەكانە . ئەو رۆحی خۆی بەخشیوە بۆ جێژوانی نێو لاپەڕە پڕ شكۆكانی كەژاڵی هاوسەری .
ئاخر رێبوار هەموو ئێوارەیەك دووجار رۆحی كەژاڵ دەبینێت جارێك لەنێو شیعرەكانیدا و جارێكیش بە هاوڕیەتی چەپكێك گوڵی هەمە رەنگ ... رێگا دەبڕێ و بەدەم هۆنینەوەی فرمێسكی بەجێماوی سەر تاشەبەردەكانی نێو گۆڕستانەكەو لە تەنیشت گڵكۆی پیرۆزیدا گۆرانی ژیان و نەمری بەباڵای كەژاڵدا دەڵێت . . دەچێتە تەنیشت سەری پیرۆزی كەژاڵ و چەپكە گوڵەكان بڵاودەكاتەوە بە هەناوی جەستەی پاك و بێگەردی و بەهێمنیەكەیەوەپێی دەڵێت . . ئازیز سڵاوو..كەمێك رادەمێنێ و دەڵێت ئا ..ئا زۆرباش دەزانم بۆیە وەڵام نادەیتەوە.خەریكی شیعرێكی تازەی بە باڵای مرۆڤایەتیدا . . كەوایە بم ببورە هاوسەرە ئازیزەكەم . . بنوسەو بەردەوام بە تاكوو تەواو دەبیت . . من لەئامێزتا سەرخەوێك دەشكێنم . . تۆش ئەو شیعرە نوێیەم بۆ بخوێنەرەوە با بە ئارامی لەپاڵ هەناسەی پیرۆزدا وچانێك بدەم.
ئیدی هەموو ئێوارانێك بەم جۆرەیە . رێبواری تەنها و بێ كەژاڵ بە حەسرەتەوە سەردەخاتە سەر گۆڕەكەی كەژاڵ و زۆر بەئارامی خەوی لێدەكەوێت "تا ئەوەی هەموو جارێك پاسەوانی نێو گۆڕستانەكە بەخەبەری دێنێ .

وە لەدواساتی گەڕانەوەشیدا ئێوارانی ناوەخت و پڕ لە ناسۆرو بێ دەرەتانی . . دەچێتە گۆشەیەكی كتێبخانەكەو یەكێك لە نامیلكەكانی كەژاڵ دەگرێت بەدەستیتەوەو بەهەنسكەوە دەیان خوێنێتەوەو لە كۆتایی هەر شیعرێكدابەدەم ئازارەوە سەیرێكی وێنەكەی كەژاڵ دەكات و بە ئارامی بە وێنەكە دەڵێت "
ئازیزەكەم سڵاو . .

© 2017 Hawler