تشرینی دووەم 16, 2018

لە ئاوێنەیەكی بەردەمم دەڕوانــم خۆمی تێدا نابینم

چی دی نامەی دۆستانە بۆ دایكی كۆچكردووم و
بۆ ئەو هاوڕێیانەم نانێرم كە خۆیان كوشتووەو جوانترین یادوەرییان بۆ ناگێڕمەوە،
پاش ئەوەی دوای چەند ڕۆژێك نامەكانیان بۆ گێڕامەوە، لەگەلأ پۆزشی دەستەی پۆستە، كە نەیانویستووە نامەكان وەربگرن، بە دایكیشمەوە.
***
بەر لە دوو شەو، لە خەوندا
خۆم بینی بەسەر شوورەی چیندا پیاسەم دەكرد
تاك و تەنیا بووم، لە دوورەوە،
هێزگەلێكی زۆری مەغوولەكانم بینی نزیك دەبوونەوە،
منیش ڕامكرد تا چوومە ناو كۆشكێكەوە
لە ژێرزەمینێكیدا دە هەزار پەیكەری سەربازم بینی
كە پێش پتر لە دوو هەزار ساڵ
پاسەوانی مەزاری ئیمپراتۆر (تشین)یان دەكرد.
ئەوەی سەیر بوو پەیكەرەكەی خۆمم لەناویاندا بینی
ئەگەرچی من نە خەڵكی چینم و نە گەشتیشم بۆ ئەوێ كردووە.
***
ژیانی لەمە باشتر ناژیت:
نانی بەیانیت لە نانەواخانەی شكسپیرەوە بۆ دێت
سووخورێك بزەیەكت بۆ دەكات ئەگەر داوای قەردی لێ بكەیت تا مووچە وەردەگریت
یان سیخوڕێكی خانەنشین سەر لەسەر شانت دابنێت و بگریت:
ژنەكەی خۆی بە ڕووتی لە سەماخانەیەكدا بینی.
زۆر لەم وێنانە دەبینیت
ئەگەر خۆت بە شوفێری شەمەندەفەر بزانیت كە ئێواران
مارگەلی جوان بەخێوبكات تا لە جەژنەكاندا بیانفرۆشێت.
***
تۆ قۆزیت كاتێك لە مەیخانەیەك دەردەكەویت
لە بەلەمەكەت دەگەڕێیتەوەو، چرایەكت بە دەستەوە شۆڕ بووەتەوە، كە كوژاوەتەوە:
لەناكاو شەپۆلەكان لە چواردەورت كەوتنە شڵپ و هوڕ، بە دوو سەولأ و، بە بەلەم و چرایەك خۆت
دەربازكرد و سەركەوتیت.
ئەمەیش پاڵی بە كیژێكی خەڵكی ئیندۆنیزیاوە نا، كە لێرە كاردەكات،
بڵێت: (ئەگەر ئارەزووت لێیە دەتوانیت ماچم بكەیت)، تۆیش ئارەزووت نەبوو:
ئەوەی بە لاتەوە گرنگە ببیتە باشترین گێرەشێوینی باڕەكانی شارو، بەیانیان
پێشوازی لە ئافرەت و كیژە پایسكلسوارەكان بكەیت.
***
ڕۆژێكی ناخۆشە چونكە پەراسووەكانی خۆم دەژمێرم، جارێكی دیكە ژمارەیان تەواو نییە
بەر لەوەی تووڕە بم برووسكەیەك بە بەردەممدا تێدەپەڕێت دوای مامزێك كەوتووەو ڕاوی دەنێت
منیش دەرگەكەی بۆ دەكەمەوەو داوای لێ دەكەم لەناو كەپشكانەكەدا خۆی ڤەشێرێت
برووسكەكە لەبەردەممدا دادەبەزێت و دەبینم (ئنلیل)ی خوای بایـە.
داوای لێ دەكەم واز لە ڕاوەدوونانی ئاژەڵەكانی ئەم دوورگەیەو وڵاتانی دیكەیش بهێنێت و
غەمی دانیشتووانی بابل بخوات و
شەوانە مەشخەڵ بۆ شوفێرانی لۆرییەكان ڕاوەشێنێت
یان لە خۆپیشاندانێكدا بەشداری بكات كە نابیناكان سەرپەرشتی دەكەن
بۆ ئەوەی ئافرەتگەلێكی لادێیی لە پێداهەڵدانی ناپەسەند ڕزگاربكەن،
پێشنیازی بۆ دەكەم تێكستەكەی خۆی، یان شتێك لەبارەی كەڵەگامێشەوە
لەناو ژوورەكەم و
دوور لە بینەران و ڕووناكی نمایش بكات.
بەڵام پێشنیازەكەم بەپەسەند نازانێت و، بزردەبێت
بۆ ژوورەكەم دەگەڕێمەوەو، سەردەكەومە ناو كەپشكانەكەوە
مامزەكە لە هیچ كوێیەك نابینم.
***
پاش ئەوەی لە دەرگەیەكی دا، چەند خولەكێك ڕاوەستا
پاشان بینی دەرگەكە دانەخراوە
پاڵی داو چووە ژوورەوە، بینی ماڵەكەی خۆیەتی
خۆی بینی لەناو مووبەقەكەدا نان دەخوات
***
هەموو ئەو شتەی ئێستە پێویستم پێیەتی نوێنێكی گەرمە
ئەو ڕۆژەم بە كۆكردنەوەی كلیلی پەرش و بڵاو گوزەراند
كە شەوی ڕابوردوو لە ئەستێرەیەكی نزیكەوە بەربووبوونەوە
سەگەكەم بە زمانی درێژی یارمەتی دام.
***
چامەكانم دڵسۆزم نین،
لە دەرەوەی ماڵەوەم نیشتەجێ دەبن هەركە لە ماڵپەڕ، یان گۆڤارێك بڵاوببنەوە
تەنانەت سەریشم لێ نادەن:
لەمە بێزار نابم، وەك شوانانی چیایی بێزار دەبن
كاتێك زستان دوادەكەوێت.
***
پاش نیو سەدە شیعر نووسین
دەبێت جارێكی دیكە فێری ئەوە ببیت:
پشت لە ماڵە كۆنەكەت بكەیت
كۆمەڵێك نەخشەگەل بدڕێنیت و ڕوو بە ڕووی ئۆقیانووس ببیتەوە.
دوێنێ پرتەقاڵێك لە باخێك بەربووەوە ناو باوەشم
چونكە حەزم لێ دەكرد. بڕیارم دا ئەمە سەرەتای نوێمە
***
كاتی هیواگەل و ئارەزووگەلی زۆر بەسەرچوو
لەناو نوێنەكەم گینگڵ دەخۆم و ئەمە دەڵێمەوە.
سوودی نییە لە ڕەچەڵەكی خۆت و هەڵە كەڵەكەبووەكانت ورد ببیتەوە
تا لە هۆكاری چەند ساڵەی ژیان گوزەراندنت لەگەلأ لێبووك و دزوجەردەكاندا تێبگەیت
تا لەم شارو لەو شاریان وەدەرنایت
هەر جارەی لەودیوی شوورەكانەوە ڕاوەستیت بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لە خۆت بكەیت:
چاو بەرز دەكەیتەوە خۆت لەناو شانۆیەكی پێپلكەیی واڵادا دەبینیتەوە
بێجگە خۆت كەسی دیكەی لێ نییە.
***
ژمارەیەك كۆچەر لە بەندەرێكدان، منیش لەگەڵیانم
لەگەڵ ئەندازیارێك كە لە دەستی ژنەكەی و
هات و هاواری شەوانەی منداڵەكانی هەڵاتووە.
چەند هەفتەیەكە ئێمە لێرەین
كەس، نە ئەوەی بەلەمی هەیەو نە چەتەی دەریایی
نایەوێت بە قاچاخ ئاودیوی وڵاتێكمان بكات
***
لە هیچ چامەیەكمدا دۆستێكم نییە
بەسەرمدا بنووشتێتەوە، نە دایكمیان تێدایە بۆم بگریت.
بەرەبەیانیان خۆم بیردەكەوێتەوە بە لاویەتی
بەم ژوورو بەو ژووردا دەسووڕامەوەو، لەناو باخچەی ماڵەوەدا گۆرانیم دەچڕی
یان كتێبەكانم لە تەنوورە كۆنەكەیدا دەسووتاند
بەر لەوە بچمە ڕیزی شۆڕشگێڕانەوە لە شاخ
***
بەڵی من ئێراقیم و شانازی بەوەوە ناكەم
دە هەزار ساڵ مێژووم تێپەڕاندووەو
تاریكایی ئەم جیهانەم لە پێشە.
***
هەموو بەیانییەك، مشتێك خوێ
دەڕێژمە ناو دوو ڕووبارەوە لەناو یادگەمدا ڕاكشاون
تەنانەت ئەگەر شەو درێژەی كێشاو داوای كرد ئەو كات لەبەر ئەم هۆیە لێی دەبوورم،
من بە ڕووناك كردنەوەی ئەم دوورگەیە بە دەنگییەوە دەچم:
بۆ مەشخەڵەكەم، ڕۆنی نەهەنگێك بەكاردەهێنم چەند ڕۆژێكە تۆپیوە
من بۆ ئاژەڵانی ئەم جیهانەو
ئەوانی دیكەیش دڵسۆزم كە بێجگە من كەس نایانبینێت.
***
شێتایەتی نامتۆقێنێت
چەند ساڵێكی دیكە جوانترو بێ فیزتر، لەناوو لەگەڵی دەگوزەرێنم و
پاسەوانانی شارەكان لەو كێڵگە مینانە ئاگەدار دەكەمەوە تا شەوانە پیاسەیان تێدا بكەن و
بە دوای خەونە بزربووەكانیاندا بگەڕێن.
***
ئەمڕۆ، چوون ئەسپ نەرمە غارم دەكرد
بە هەڵكشان و داكشانی ئاوی ئۆقیانووس لەبەردەم ماڵەكەمدا دڵشادبووم:
بێ هیچ هۆكارێك لەناو ئەم جەستەیەدا چوومە خەڵوەتەوە تا بەساڵدا چووم،
لەگەلأ شەودا دەنووستم، چونكە تەنیا شتی خۆم بوو كە مابووەوە.
***
بە شان و باڵی خۆمدا هەڵنادەم ئەگەر بڵێم خۆشەویستم.
لەناو شەمەندەفەر، یان خانی پەنابەراندا پرخەم نایەت
ژوورێكم هەیە لە لەرزوتا و
لەو گاڕانانەی هێرش دەكەنە سەر تاقیگەكانی شارەكان و
لە شاعیرە گۆشەگیرەكان دەمپارێزێت.
لە دەرەوەی ژوورەكەم، ئاپوورەیەك خەڵك هەن شەپۆلگەلیان بەسەر شانەوەیە
بۆ كاری مۆمیاكردن لە وڵاتە دوورەكان
***
ئەم بەیانییە ویستم درەختێكی مانگۆ قایل بكەم
دوو مەتر بكشێتە دواوە
لە پێناوی باخچەیەكی بەرینتر لەبەردەم دەرگەدا، لەناكاو
پۆستەچی گەیشت و نامەیەكی دادگەیەكی پێ بوو
ئەوەی لێ قەدەغەكردبووم بچمە ناو هیچ شارێكی
ئەم وڵاتەوە، بەبێ هیچ هۆیەك.
نامەكەم لەناو كۆمپیووتەرەكەمدا سەیڤ كردو بۆم دەكەوت كە دەتوانم دەستكاری بكەم
دەستكاریم كرد: وشەی قەدەغەم دیلێت كردو وشەی ڕێی پێ دەدرێتم زیادكرد
دوو دانەم لە نامەكە چاپ كرد، یەكێكم خستە گیرفانمەوەو
ئەوی دیكەم خستە جانتای گەشت كردنەكەمەوە.
***
من سەیری ئاسمان ناكەم، دەمترسێنێت
دەمهێنێتە دانەچۆقەو لەرزە لەرز
باوكم بەردەوام پشت كۆماوە سەری لەم ڕەوشەم سوڕ دەماو چاودێری دەكردم و
چەند نەریتێكی تۆقێنەری هەبوو
پاش مردنی یەكێك لەو نەریتانەمان بۆ دەركەوت. قەردی بۆ بەجێ هێشتبووین
لە چێژوەرگرتنی نهێنیدا زاهید نەبوو: پاش ئەوەی كۆچی دوایی كرد
ژنەكەی دیكەی لە شارێكی دوورەوە سەری لێ داین و كیژۆڵەیەكی لەگەلأ بوو
لێم پرسی: لەوێ چی دەكەیت
ـ لە ئۆتێلێك كاردەكەم.
***
ڕابوردووی خۆم، ساڵ لە دوای ساڵ، لە كتێبخانەی ماڵەوەدا باس دەكەم
وەك بڵێیت كتێبگەلی كۆن بن. هەموو ساڵێك جارێك ئەو كارە دەكەم:
دەمەوێت لەوێ، دووربێت، دیمەنێكی ڕەزا گرانی هەیە،
لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا ڕووداوەكانی نامێنن و، كەسەكانی بێ دەم و چاون.
خودی كاتیش چوون بەیداخێكی دڕێنراوی ناو كووچەیەك لەبیردەكرێت.
***
ئەم بەیانییە، شادیم بیرەوەریگەلێكن بەلەمێك بۆم دەهێنێت
پڕ دوو ناولەپ خۆڵ، شمشاڵی شوانێك
لە چیا، داردەستێك بەلەمێك لەبیری كردووە كە هات و سەری لێ دام و
نەیدۆزیمەوە.
***
هەتاو لە دەرەوە هەموو بەیانییەك سەرم لێ دەدات و
قسەم لەگەڵ ناكات.
***
دراوسێكەم بێوەژنێكی جوانە
هەموو ئێوارەیەك خۆی دەڕازێنێتەوەو، لە بالكۆنەكەی دادەنیشێت و
لە گۆڕستانێك دەڕوانێت
شەبەنگێك تێدەپەڕێت و دەستی بۆ بڵند دەكاتەوە
ڕەنگە ئەوە مێردەكەی، یان دۆستەكەی بێت: دەیبینم بزەی دێتێ.
***
هەموو شەوێك، كە دەنووم، كراسەكەم بە ئاسقییەكەوە هەڵدەواسم
لە پشت دەرگای ژووركەمەوەیە، بەیانیان دەیبینم لەژێر سەرمدایە
ئەمەیش پاڵم پێوە دەنێت پڕوپاگەندەو دەنگۆی ئەزیەتدەرانە
لەبارەی تێكەڵاوبوونی ڕەگەزان و وەرزەكانەوە لەم وڵاتە بڵاوبكەمەوە.
لێرە لەو ڕێڕەوانە ڕاهاتم بەرەو ئەو ڕۆژانەی ژیانم دەبەن كە ماون و
كەمن و پڕ لە بەفرن و چەندان ساڵە ناتوێتەوە.
***
گوێم لەچەند ئامێرێكی میوزیكە لە ئاسۆوە دێت:
كەڵەكەیەك ڕۆژنامەم لە پێشە، برووسكەیەك و پاشان هەورەتریشقەیەك تێدەپەڕێت و
هەندێكی دەسووتێنێت و ئەوانی دیكەیش پەرت و بڵاودەكاتەوە
دەنووشتێمەوە، لە یەكێكیاندا ئامۆژگارییەكانی دایكم دەخوێنمەوە كە ئامۆژگاری كردووم
***
ئەمڕۆ چیایەك لە بەردەممدا بوو بە دوو كەرتەوە
لە نێوانیانەوە هێزێكی زۆری سەربازی بێ خوودەو، بێ چەك و
پێ خواس هاتنە دەرەوە.
لە دڵی خۆمدا گوتم، ئەمە جۆرە سوپایەكی نوێیە
بەرەو لایان ڕۆیشتم تا تەوقەیان لەگەڵ بكەم و، چەپڵەیان بۆ لێ بدەم
بینیم كیسەی بچووك بچووكیان پێ بوو پڕ لە تلیاك بوو،
هیچ پێشوازییان لێ نەكردم
***
پێش چەند ڕۆژێك یەكێك پایسكلەكەی دزیم
لە سۆزانیخانەیەكدا دەستگیریان كردو
لە بەندیخانەیان توندكرد
پاش چەند كاتژمێرێك بەڕێوەبەری بەندیخانەكە تەلەفۆنی بۆ كردم و
داوای لێ كردم خواردن و مەی بۆ بەندكراوەكە ببەم،
چونكە بە هۆی منەوە لەوێ دەست بەسەر كراوە
***
چەند دەرگەیەك ڕێبواران فریودەدەن
چەند تاوەرێك چاوەڕوانن نزیك ببنەوە
بۆ ئەوەی سیگناڵ بۆ ئەو بەندەرە ڕەوانە بكەن
ئایە تاوەرو منارەكانیش سیخوڕی دەكەن؟
لەبارەی ئەم شوێنەوە شتم خوێندووەتەوە، چەندان سەرباز بە قەڵغانەوە بەئێرەدا تێپەڕیون
میزیان بە دیوارەكانیدا كردووە، بۆ چەندان ڕۆژ گۆرانییان چڕیوەو نانیان خواردووەو نووستوون
لەناكاو، بەیانیانێك هێرشیان بردووەو، بە كەشتییەكانی نەیارەكانیاندا هەڵزناون
كەسیان تێدا نەدۆزیوەتەوەو تووڕە بووگن
تا ئێوارە لەنێوان خۆیاندا بەشەڕهاتوون
پاشان چەكەكانان لەگەڵ تەرم و بریندارەكاندا فڕێ داوەتە ناو شەپۆلەكانەوەو بزر بووگن.
لە نووسینەكانی دادێمدا ڕوونی دەكەمەوە
ئەم بەسەرهاتە چۆن ڕووی داوەو ئەوانەیش بۆ كوێ ڕۆیشتوون.
من ئێستە لەبەردەم پەیكەربەندێكی یادوەری پێش سەدەیەكی سەرانی وڵاتەكەمدا ڕاوەستاوم:
جنێویان پێ دەدەم
گاڵتە بە درۆو بەڵێنەكانیان دەكەم، وەڵام نادەنەوە
یەكێكیان هەرامەكەی دەخورێنێت، یەكێكی دیكە لە شوفێری ئۆتۆمۆبیلێك دەخوڕێت
فەرماندەیەكی قەڵەوو كورتە بنەی سوپایش لەوێیە
لە هەموو شەڕەكاندا دۆڕاوە
چەندان میدالیاو نیشانەی بەسەر سینگەوەیەو بزەی لەسەر لێوە
دەچم بۆ لای، توند گاز لە چەناگەی دەگرم
نە وەڵام دەداتەوەو نە سكاڵا دەكات، دووردەكەومەوەو
هەست دەكەم ناو دەمم دێشێت.
***
ئەمڕۆ بەیانی بڕیارم دا بچمە دەرەوە
چەند خولەكێك پیاسە بكەم بۆ ئەوەی ئەژنۆ نوێیەكەم چالاك بكەم
هەركە دەرگەم كردەوە، ڕووبەڕووی كیسەڵێكی گەورە بوومەوە
كە سەیری دەكردم
ـ خاتوون چۆن دەتوانم یارمەتیت بدەم؟
ـ سوپاس بۆ تۆ. چەند كاتژمێرێكە چاوەڕیت دەكەم.
ـ بۆچی؟
ـ دەمەوێت بە پیاسە پێشبڕكێ بكەین
ـ لەگەڵ من؟ خۆت بە فیززل، یان گەوج نازانیت؟
ـ نا. دەمەوێت لەم پێشبڕكێیەدا پەندێكی گرنگت فێر بكەم
ـ ئایە ئاگەت لە ڕەوشی ئەم ڕۆژانەی دواییم هەیە؟
ـ بەڵێ بەهۆی پێوەندیم لەگەلأ یەكێك لە مانگە دەستكردەكان دەیزانم
كە لەبارەی گۆڕینی چۆكی چەپت ئاگەداری كردمەوە
بۆیە هاتووم یارمەتیت بدەم و پیرۆزباییت لێ دەكەم كە سەركەوتووانە بووە
ـ سوپاس بۆ تۆ. ئێستە پێشنیازی چی دەكەیت؟
ـ لای خۆت ڕاوەستەو با پێشبڕكێكە دەست پێ بكەین. باشە. یەك دوو سێ
زۆر لەسەرخۆ دەستمان بە پیاسە كرد، لە ماوەی چەند خولەكێكدا هەنگاوەكانی خێراتر بوون و
پێش كەوت، زۆر كۆشام بەلانی كەمەوە پێیڕا بگەم
بەڵام بێ سوود بوو:
بەچەند مەترێك لە پێشەوە بوو..
نائومێدانە ڕاوەستام و دۆڕاوی خۆمم دەبینی لەكاتێكدا ئاوڕی لێ دەدامەوە
بینیم شادومان بوو، سەری دەجووڵاندەوە.
پاش ئەوەی سوپاسم كرد گەڕامەوە ماڵ. لە پشت پەنجەرەكەوە ڕاوەستام
بینیم هێشتە سەری دەجووڵاندەوە. ئەوەی ماوە واتاو پەندی ئەم پەندە تێبگەم
ئەوەیش ماوەیەك دەخایەنێت.
لە ئێستە بەدواوە بۆ ڕاهێنانی چۆكی چەپم لەماڵ ناچمە دەرەوە
تا لەوە دڵنیا نەبم كە خاتوون كیسەڵ لەوێ نییە.
***
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر
لە مردووانی گۆڕستانێكی نزیك سەریان لێ دام
تا بە بۆنەی دەرچوونم لە نەخۆشخانە پیرۆزباییم لێ بكەن
***
لەسەر نوێنەكەم ژەمە خواردنەكانم دەخۆم
چوون نەخۆشێك لە نەخۆشخانە بێت
هەفتانە قوتووە گۆشت بۆ پڵنگەكەم دەكڕم
هەر جارەی قوتوویەك هەڵپچڕم، نزیك دەبێتەوە
لەكاتێكدا ئەو گۆشتەكە دەخوات
خێرا دەچمە ناو قەفەسەكەیەوەو
دایدەخەم و لەسەر نوێنە نەرمەكەی دەنووم
***
ئەمڕۆ چوومە ناو گۆڕستانێكەوە
هەموو كێلی گۆڕەكانم بینی ناوی منیان لەسەر نووسرابوو
لەسەر هەر یەكەیان بەروارێكی جیاوازی لەدایكبوون و
بەروارێكی دیكەی مردنم نووسرابوو
***
ماوە نا ماوەیەك چەند بڕگەیەك لە سەرمایەكەی ماركس دەخوێنمەوە
كاتێك لەم بڕگەو ئەو بڕگەی ناگەم، بە پێنووسەكەم
سەرم دەخورێنم و لە ئاوێنەیەكی بەردەمم دەڕوانم
خۆمی تێدا نابینم
***
نوێنەكەت پارچە پارچە لە بالكۆنەكەوە
فڕێ دەدەیتە سەر شۆستەیەكی پاك و چۆلأ
بەو نیوەشەوە حەز لە ترپەو دەنگی كەوتنە خوارەوەیان دەكەیت
***
پیاوێك، تفەنگێكی لە شانی چەپی كردووە
لەبەردەم بازاڕی میوەو سەوزەدا ڕادەوەستێت
هێشووە مۆزێك و دوو پرتەقالأ و، نانێك دەكڕێت
پاشان دەڕوات.
***
كاتێك شاعیر دەناسین
چامەمان لەبیردەچێتەوە.
***
هەموو چامەیەك نوێیە
مادامەكی شاعیرەكەی ناناسین.

سەرچاوە:
ئەكاوەنتی تایبەتی سەڵاح فایەق لە فەیسبووك.
https://www.facebook.com/salah.faik?fref=nf

© 2017 Hawler