تشرینی دووەم 16, 2018

 

د.عەبدوڵڵا خدر مەولوود

(5)
(بەشی یەكەم)
* لە پییڕە پییرو لە سمكۆڵی پییرە گا كێوی
دەلەرزێ گاوی زەمین و دەترسێ گاوی سەما 33(1).
پیڕە: دەنگی لووتی گاو ئەسپ. سمكۆڵ: سم بە زەویدا كوتانی ئەسپ. گاوی زەمین: گاوی پری. ئەفسانەیەكی باوە لە ناو گەلانی ڕۆژهەڵات، كە بەم جۆرە باسی لێوە كراوە: گایەكە، كە زەوی وا لەسەر پشتی و ئەو گایەش وا لەسەر پشتی ماسی. گاوی سەما: كەلووی گا، برج الثور. هەمان وێنە لای سالم باسكراوە.
* كە بێی و بچیەوە ئێستا (كأنه) دیسان
سەفەر دەكەی لە وەتەن دەچیە شاری جابولقا 35
جابلوقا: شارێكی ڕۆژهەڵاتی خەیاڵی و ئەفسانەییە. دەڵێن: (هەزار دەرگای هەیەو هەر دەرگایەكیشی هەزار كەس پاسەوانی دەكا) (2).
* لەلای من پەشمە ئەم زەخمە هەتاكەی
بە چایع ناچێ ئەم صەبرە لەلای خوا 43
سەبرو ئارام گرتن، خەسڵەتێكی زۆر باشەو پاداشتی هەیە، شتی باشیش لای باری تەعالا بزر نابێ.
* فەلاتوون تۆ دەڵێی دنیا قەدیمە
لە خمخانەت بنێن وەك خۆت لە خم نا 49
فلاتوون: گەورە فەیلەسووفی گریكییە (427 - 347 پ. ز.). قوتابی سوقرات و مامۆستای ئەرستۆی بووە، عەرەبەكان دەڵێن: ئەفڵاتوون.
دیارە حاجی قادر تەعلیقی لەسەر بیرو بۆچوونەكانی هەبووە! لە ناو كوردەواری خۆماندا ئەگەر یەكێك فیشاڵكەرو درۆزن بێت، پێی دەڵێن: (وەی لە خمت نێم) واتە: بە ڕەنگە شینەكەی لە ناو خەڵكدا دیار بێت، هەمان واتای ڕوو ڕەشبوون دەگەیەنێ.
* ماهی سەرچاوەی حەیاتم كەوتە بەندو داوی شەست
پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێ عاری نەگەست 57
ئەگەر كەسێك لە ڕووداوو كارەساتەكانی ژیان (وەك لە نیوە دێری یەكەم هاتووە)، هیچ پەندو عیبرەتێك وەرنەگری و پشتی دەستی خۆی نەگەزی یا نەسووتێنی، كە ئەمەش گۆتەیێكی كوردەواری خۆمانە! دەبێ وەك حاجی بە حەیوان و بێعاری بچوێنێ.
* داوە موویەكی بە دونیاوو بە (ما فیها) نەدەی
(حاجی) گەر ئەحبابەكی جانی بە جانیت كەوتەدەست 58
نیوە دێری یەكەم، لە پەندو مەسەلە زۆر كۆنەكانی كوردەواری خۆمان هاتووە، حاجی دەڵێ: ئەگەر واڕێكەوت، دۆست و برادەرێكی گیانی بە گیانیت پەیدا كرد، یەك داوە مووی بە هەموو دنیاو ئەوەی تێیدایە نەدەی.
* بێ میننەتە گەر خوانی وەلی نیعمەتی (حاجی)
ئەم شێخە چی یە، قونچكی پیوازە، سەری سییر 63
ئەگەر ئێمە یەكێك بە هیچ نەزانین دەڵێین: سەری سیری، قونكی پیازی!
* لەبەر حییزە بخۆیی و ناتەبایی
لە ژێری حییزی حییزان بووینە دۆشەك 71
بوون بە دۆشەك لە ژێر حیزو نامەرد، دەبێ چ كارەساتێك دروست بكا! ئەی بۆ حیزی حیزان؟ خوایە لۆ خاتری گەورەو عەزەمەتی خۆت پەنامان بدەی.
* هەتا وەك ئاگری (بن كا)ن لەگەڵ یەك
ئەگەر تۆفان بێ لەشكرتان بە پووشەك 71
ئاگری بن كا: بریتییە لە ئاژاوەچی، بنەماو سەرچاوەی شەڕوكێشەیە، سەركزۆلكەی بەدفەڕ. هەموو ئەو ئیشانەش بە كڕی و بە دزی ئەنجام دەدرێن، بە ئاگری بن كا چوێندراوە، كە ئەویش گڕو بڵێسەی نییەو لە بنەوە ئیشی خۆی دەكا.
* لە گوێی گا نوستوون بۆیێكە ڕێوی
لەسەر ئێوە وەها شێرگیرە وەك سەگ 71
حاجی غەمخۆری میللەتەكەیەتی، پڕ بە گەرووی هاوار دەكاو دەفەرمووێ: هەی بێ خەبەر لە دەوروبەر، بێ ئاگا لەوەی ڕوودەدا، بە هۆش خۆت وەرەوەو بە چاوەكانت ببینەو بزانە ڕێوی چیتان پێدەكا!
* ئەگەر بەغدا شكا سەددی نەما داری لەسەر بەردی
لە دەجلەی ناگرن (حاجی) دیارە جۆشی گریانم 78
نەما داری لەسەر بەردی، كورد دەڵێ: داری لەسەر بەردی نەما، شوێنێك ببێ بە كاول و كاولگەو تێك و لێك چووبێ. لەزمانی عەرەبیدا (دەجلە) واتای تری هەیە، ئەمە دەبێ (دیجلەی) خۆمان بێ!
* هەر كەسێكی كەسە، ناكەس نی یە، حەرفێكی بەسە
وەرە سەر باسی خەت و خاڵی هەتیوی خۆمان 83
هەر كەسێك كەسە، ئەلفێكی بەسە، پەندو مەسەلەیێكی زۆر كۆنی كوردەوارییە.
* ئەدیب و عاقڵی لەم بەحرە وەك (تڕی بن گۆم)
گەلێكی وون بووە (حاجی) وەچاكە لێی دەرچین 99
تڕی بن گۆم: بەبێ دەنگ یا بێ حست و خوست دەكرێ و ڕوودەدا و دەڕوا.
* بووكی دنیا وەك دەڵێن وا بێ حەیاو بێ فەڕ نەبوو
هێندە دامەن هەڵكراوو حییزو ماڵان گەڕ نەبوو 104

© 2017 Hawler