تشرینی دووەم 16, 2018

حاجی لەق لەق مار هات .. ماری زەنگوڵە دار هات

لەو ڕۆژانەدا دەنگۆی هاتنەوەی پیرە لەق لەقەكەی هەولێر گەڕایەوە و بە لانەكەی خۆی شاد بەوە، وەك بڵێی بەبێ شاری هەولێر هەڵنەكا، بۆیە خۆی گەیاندەوە سەر منارەی مزگەوتی خانەقا كە هەر لە زووەوە لەوێدا دەژیا، ئەو لەق لەقەی وەك ناڕەزایی دەربڕینێك و لەبەر شەهیدبوونی ئاوەڵەكەی لەشەڕی ناوخۆ پتر لە 20 ساڵە شارەكەی جێهێشتبوو، ئێمە وەك بیرەوەرییەكی زیندوو بەبیر خەڵكی شاری هەولێری دەهێنینەوە كە دیمەنی ئەو جووتە حاجی لەق لەقەی كە ساڵانێكی زوو هێلانەكەی خۆیان لەسەر منارەی مزگەوتی خانەقای نێو كۆنە بازاڕی دەڵالخانەكە كردبوو، خەڵكی شارەكەش زۆر هەوەستیان پێ دەهات و بە چاوی ڕێزەوە لەو دوو باڵندە بەستەزمانەیان دەڕوانی دڵیان پێ خۆش دەبوو و سێبووریان پێوە دەهات، لەق لەق كە بەهار دادەهات بە دیار دەكەوتن و پێ پێ و قەدەمیان بەخێر بوو بە گەڕانەوەیان شار خێر و خۆشی و بەختەوەری بەخۆیەوە دەبینی بە جۆرێك خەندە دەكەوتە سەر لێوەكان، سەبارەت بەو دوو حاجی لەق لەقە دەگێڕێنەوە و دەڵێن كە وەرزی بەهار هات حاجی لەق لەق پەیدا دەبێ لەگەڵ هاتنی ئەواندا بایەكی بەهێز دێ كە پێی دەڵێن بای لەق لەق و پەڕەسێلكە، كوردەواری خۆشمان دەڵێن هاتنی ئەو دوو باڵندەیە نیشانەی هاتنی بەهارە، بۆیە بەو هاتنە دەڵێن چلەبڕ واتە ئەو دوو باڵندەیە وڵات تاقی دەكەنەوە و دووبارە دەگەڕێنەوە، جاری دووەم كە دەگەڕێنەوە كوردستان مەترسی سەرماو سۆڵە نامێنێ، ئیدی كە هێلانە دروست دەكەن ئینجا نێرە و مێیەكە جووت دەبن و هێلكە دەكەن و بەیەكەوە لەسەر هێلكەكان دەكەون و هەر بەیەكەوەش فەرخەكەیان گەورە دەكەن و خواردنی لەق لەقیش بۆق و مار و مارمیلۆق و مشك و كرم و ئەو جۆرە شتانەیە، لە هەمووشی بەچاوتر هەر كە منداڵان ئەو لەق لەقە بە ئاسمانەوە دەبینن زۆر دڵیان خۆش دەبێ و دەست دەكەن بە چەپڵە لێدان و بە كۆمەڵ ئەو گۆرانیە دەڵێنەوە
( حاجی لەق لەق مار هات .. ماری زەنگوڵە دار هات.. عەیشی بە گریان هات .. فاتم بە كوتان هات)
هەر بۆ زانیاری زیاتر حاجی لەق لەق هەر بە سروشت كۆچەییە و گەرمیان و كوێستان دەكات هەر كاتێ پلەی گەرمی بەرز بێتەوە بار و بارگەی خۆی دەپێچێتەوە بۆ وڵاتە ساردەكان كۆچ دەكات، بەڵام كە ئەو گەرمیە نەما و كەش و هەوا كەمێك ئاسایی بەوە ئەوا جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە، لەق لەق هەمیشە حەز بەوە دەكات هێلانەی لە شوێنە بەرزەكان بێ وەك منارەی مزگەوتەكان و تاوەرە بەرزەكانی كارەبا و دارە هەمیشە بەرزەكان بۆ ئەوەی بێچوەكانی لە هەموو دەست درێژی و دوژمنێك بپارێزێت، ئەو بڵندەیە قەبارەكەی گەورەیە و هێندەی قەل و عەلەشیشێكە و دەنووك و قاچێكی سوور و باریك و درێژیان هەیە لە فڕینیشدا زۆر بەهێز و چالاكن و دەتوانن لە ئاسماندا ماوەیەكی دوور و درێژ ببڕن بێ ئەوەی هەست بە شەكەتی و ماندوو بوون بكەن، شارەزایانی بواری باڵندەناسی باس لەوە دەكەن كە لە جیهاندا لە شێوە و قەبارەوە چەندین جۆری لەق لەق هەن و هەموویان وەك یەك نین.

© 2017 Hawler