تشرینی دووەم 16, 2018

كه‌ریم ده‌شتی ئه‌فیونی عه‌شق ده‌به‌شێته‌وه

كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ئه‌فیونی من) ی كه‌ریم ده‌شتی م خوێنده‌وه‌، من بۆخۆم وه‌كو شاعیرو رۆژنامه‌نووسێكی جوانناسی، هه‌میشه‌ به‌ دوای جوانییه‌كاندا وێڵم، له‌ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌می خوێندنه‌وه‌مدا هه‌ستی پڕ له‌ غوربه‌تم ئاوێزانی بیره‌وه‌رییه‌كان بوو، شاعیر ده‌نووسێ: سه‌عاته‌كه‌م پڕه‌ له‌ناڵه‌ی زه‌مه‌نی به‌سه‌رچوو ره‌وه‌زه‌كانم پڕن له‌ زیڕه‌ی ئاسكه‌ كوژراوه‌كان لێره‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ دژوارییه‌كان به ‌دوای یاده‌وه‌رییه‌كانی دوێنێ یان سه‌رهه‌ڵده‌گرن یا نوێ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌یش به‌ موبته‌لای ئه‌و عه‌شقه‌ی كه‌ له‌ ته‌مه‌نی دوێنێدا هه‌میشه‌ ئاوێزانی بووه‌، دیسان ده‌شتی هانا بۆ ئه‌وه‌ل بارانی ئه‌و عومره‌ی خۆی ده‌باو خۆزگه‌یه‌كی پڕ هه‌ناسه‌ی ساردی بۆ هه‌ڵده‌كێشێ كه‌ ده‌ڵێ: بۆ یه‌كجار له‌ پشت هه‌وره‌وه‌ وه‌ك باران داڕژای بۆ ئه‌به‌د كێڵگه‌ی من پڕ بوو له‌ شه‌وبۆی سوور له‌وه‌ زیاتر شاعیر چیتر بۆ گه‌وره‌یی عه‌شق بڵێت؟ چ سوژده‌یه‌كی خودایی بۆ به‌رێت كه‌ به‌هه‌شتی عاشقانی پێ ره‌وا ببینرێ؟ ئیدی من هه‌ڵده‌كشێم و زیاتر ئه‌فیونی من ده‌خوێنمه‌وه،‌ تا بگه‌مه‌ ئه‌وه‌ی پێم بكرێ لێی تێر بم و شه‌و دره‌نگانێ شه‌ڵالی مه‌ستیم كات و خه‌ونێكی خۆشم بخاته‌ باوه‌ش، به‌ڵام هه‌مدیس شاعیری ئه‌م كتێبه‌ لێم ناگه‌ڕێ و ده‌مباته‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری ئه‌گه‌ره‌كان و ده‌ڵێت دره‌ختی یادی تۆ چه‌ند دووره چه‌ند دووره‌ دره‌ختی یادی تۆ رۆژەکان چەند زوو دێن و رادەبرن هاتنی تۆش چەند درەنگ شاعیر ئه‌و كه‌ڕه‌ته‌ش تووشمان به‌ تووشی ئه‌فیونێكی تر ده‌كاو هه‌موومان ده‌كاته‌وه‌ به‌و كاهینه‌ی، كه‌ هه‌موو سه‌ربرده‌ی ژیانی له‌ په‌رستگا جوانه‌كه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌ و قه‌ت نه‌توانێ لێی دابڕێ، شاعیر هه‌م له‌ ئه‌سه‌فدا ده‌ژی و هه‌م ناشییه‌وێ خۆی له‌ یاده‌وه‌ری ئه‌و كاهینییه‌ته‌ عاشقانه‌یه‌‌ دوورخاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و چاك ده‌زانێ لێكدابڕان سه‌خته‌، ئه‌وه‌تا خۆی دان به‌وه‌ داده‌نێت: ده‌تنووسمه‌وه‌ له‌ نێو په‌نجه‌م ده‌توێیته‌وه‌ ده‌تخوێنمه‌وه‌ له‌ په‌ڕی زمانم ده‌ئاڵێی ده‌تخۆمه‌وه‌ له‌ سینه‌ما ده‌بی به‌ به‌رد ده‌تهۆنمه‌وه‌ له‌ گه‌ردنم ده‌بی به‌ كۆت كاتێكیش كه‌ ڕه‌هات ده‌كه‌م له‌ ناو ڕۆحم داده‌گیرسێی هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ شاعیر فیعله‌ن پێویستی به‌ ئه‌فیونه‌، چونكه‌ خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی داده‌رزێ زه‌وی هه‌ڵیده‌لووشێ و هه‌راسانی ده‌كات، وه‌كو ئه‌و باڵنده‌یه‌ی كه‌ باڵی هه‌یه‌و زه‌وی زیندانی كردووه‌ و ناتوانی هه‌ڵفڕێ، گه‌وره‌یی شاعیر له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ زمانی باڵنده‌كانه‌وه‌ ده‌دوێت ئاخر من باڵنده‌م بۆ قاچم له‌ زه‌وی گیر بووه‌؟ وێناكردنێكی جوان و ده‌ست و په‌نجه‌ی تابلۆ نه‌خشێكی كارامه‌م تیا بینی، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ - ئاخر من زمانم هه‌یه‌ بۆ نایه‌ڵن قسه‌ بكه‌م. هه‌میشه‌ من گوتوومه‌ شیعر ده‌بێ هه‌ست و نه‌ستی ئه‌و كه‌سه‌ بێ رۆحی شاعیر ده‌خوێنێته‌وه‌وخۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌، گه‌وره‌یی شیعریش له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ شاعیر خوێنه‌ری خۆی بخاته‌ حاڵتی سووتانه‌وه‌، تاوه‌كو قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بباته‌وه‌ بۆ قۆناغی ئه‌و عه‌شقه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ مه‌ئوای ئه‌وه‌ل و ئاخیریه‌تی، شعوری خۆی بێت و قه‌ت نه‌توانێ چاوه‌كانی بۆ چاوه‌ڕوانی بنووقێنێ، له‌ پێشوازیدا هه‌میشه‌ وه‌كو ره‌ونه‌قی ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی ئاسمانی رۆژانی عومر بێت، ئه‌وه‌تا شاعیریش خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ی به‌ دادی ده‌گاو ده‌ڵێ. كه‌ی به‌ دادم ده‌گه‌ی؟ وه‌ك گیا له‌ لێواری كه‌ونا بۆ تۆ شین ببمه‌وه‌ كه‌ی به‌ دیار ده‌كه‌وی؟ دووباره‌ له‌ تاو شه‌وقی چاووت من ئاوا ببمه‌وه ؟ عه‌وداڵبوونی شاعیر به‌قه‌د ئه‌ویندارێكی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی و زیكرامێزه‌،كه‌ موبته‌لای عه‌شق ده‌بێت و نزاكانی ده‌گه‌ن به‌ خۆداگیرسان تا له‌ شه‌وانی ئه‌نگوسته‌ چاودا تروسكه‌ی ئه‌ستێره‌كان بدۆزێته‌وه‌، ئێ ده‌هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ زۆر جار هه‌سته‌كان ئه‌وه‌نده‌ ده‌وروژێن تا ئه‌وكاته‌ی باكیان به‌ مه‌رگ نامێنێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی بۆی هاتوون و ژیانی پێ جوانتر بكه‌ن، هه‌مان ئه‌و عیشقه‌ قووڵه‌یه‌ كه‌ بۆی ده‌نووسێ و بۆی ده‌بێ به‌ چراو ناڵه‌ی شه‌وانه‌ی ئه‌قیده‌ی بۆ ده‌كات، ده‌شتیش هه‌روایه‌و ئه‌وه‌تا هه‌موو رۆحی بۆ ئه‌وه‌ راده‌سپێرێ بۆ په‌یمانه‌یه‌ك، كه‌ سه‌ر له‌نوێ دابگیرسێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: من پێویستم به تۆ هه‌یه تا داگیرسێم تا داگیرسێم من پێویستم به تۆهه‌یه پێویستی من به تۆ تاریكی ناو دره‌وشانه‌وه‌یه دره‌وشانه‌وه‌ی تۆ په‌یمانه‌ی من به‌تاڵ ده‌كات بۆیه زوو زوو ده‌كوژێمه‌وه به‌ڵام هه‌مدیس له خۆڵه‌مێشما ده‌دره‌وشێیته‌وه چۆن دره‌وشانه‌وه‌ی ڕژاوت كۆكه‌مه‌وه؟ كه تۆ هه‌میشه په‌یمانه‌م پڕ داگیرسان ده‌كه‌یته‌وه له‌ هه‌ڵگێڕو وه‌رگێرو خوێندنه‌وه‌ی دیوانی (ئه‌فیونی من) ی كه‌ریم ده‌شتیدا دیسانه‌وه‌ شاعیرم بینی به‌ ته‌واوی واخه‌ریكه‌ باڵده‌گرێ و له‌ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كان وه‌ڕه‌سه‌، له ‌ده‌ریا و له‌ پاپۆڕ له‌ سه‌فادا به‌دوای دورگه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێ، كه‌ سه‌مای ژیانی تێدا بێت، چونكه‌ ئه‌و شاعیره‌و بێجگه‌ له‌ خۆشه‌ویستی هیچ سیمایه‌ك ناناسێ، ئه‌مه‌ش گه‌ڕانی هه‌موو هه‌سته‌ ناسكه‌كانه‌ به‌دوای هه‌مان ئه‌و دورگه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و زیاتر تواوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێ و ده‌گه‌ڕێ هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌یه‌تی له‌ گه‌ردوونیش بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌تا خۆی حه‌قیقه‌تكان باس ده‌كات: له‌ گه‌ردوون ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ كپی لێره‌ به‌شی هه‌موو سه‌رم ناكات ده‌ریاكان پڕن له‌ ژه‌هر پڕن له‌ پاپۆڕی خنكاو زه‌وی پڕه‌ له‌ ‌به‌سه‌رچوونی بێ مانای كات پڕه‌ له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤی فڕێدراو له‌ گه‌ردوون ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌فا لێره‌ به‌شی هزر و زه‌ینم ناكات ده‌شتی له‌ گه‌شته‌كه‌ریم ده‌شتی ئه‌فیونی عه‌شق ده‌به‌شێته‌وه.

© 2017 Hawler