تشرینی دووەم 16, 2018

چەفیە رەشەکەی دایکم ...
تابڵۆیەک بوو، پڕ لەپرسیاری رەنگاو رەنگ !
چەفیە رەشەکەی دایکم ..
نامەیەک بوو، پڕ لە ووشەی نهێنی !
چەفیە رەشەکەی دایکم ...
ئاوێنەیەک بوو، پڕ لە رازی شکاو
هەموو جارێ لێم دەپرسی
بۆ هێندە لە رەنگەکانی تر دەترسی ؟
نەکراسێکت سوورە ؟
نە خەونێکت سپی ؟
ئەو بەهەناسەیەکی پڕ خۆزگە
دەیگەراندمەوە سەر خاڵی سەرەتا
دەیبردمەوە بۆ یەکەمین دیداری نێوانمان
یەکەمین نیگای من بۆ روخساری ئەو !
یەکەمین روانینی من بۆ چەفیەی ئەو !
کاتێ لەمانای (ووجود ) گەیشتم
هەموو پرسیارە قورسەکانم لە زەین کۆدەکردەوەو
(عەبەسیانە ) شەوان لەخۆم دەپرسی
مانای چی یە ئایەتولکورسی ؟
کاتێ دایکم بەپسەپسەوە چەند ئایەتێکی دەخوێند ؟!!
سەرم سوردەما لەو چەفیە رەشەی کە هەمیشە لەگەڵی بوو !!!
سەیر بوو لەلام ..
لە قەیسەری و سوڵتان موزەفەر و شێخی چۆلی
لە شادی و کەیفخۆشی و پرسەو ماتەمینی
سیماو روخساری ئەوم هەر بەو چەفیەوە دەبینی ؟ !
ئەو نهێنیەم هەر لەدڵما
تا گەورەبووم و خۆم و ژیانم ناسی
ئەوکات زانیم .....
نهێنی ئەم چەفیەیە چ فەلسەفەیەکی قوڵە !!
ئەوجا هەستم کرد،
ئەوچەفیەیە چ سێبووریەکی گەورەی دایکمە!
کە رۆحی بۆ ئاسمان هەڵفری و جێ ی هێشتین
زێتر لە گەورەیی و پاکی و نهێنی ئەم چەفیەیە گەیشتم !
ئێستاش تەنیا سێبووری ئەو
کراسە گوڵ گوڵیەی رەشەکەو
چەفیە رەشەکەو
چیرۆکە رەشەکەی دایکمە
کە ( بوون ) ی منی هێشتۆتەوە !!!
دوای کۆچی ئەو واخەریکە لە نهێنیەکان دەگەم
لەتابڵۆی ئەم چەفیەدا
چەندین خەمی مەرگ و خەونی گەورە دەبینم
لە نوقتەیەکی تابڵۆدا
( گۆدۆ ) ی تەرمی شەهید( ئازاد) دەبینم
لە دێرێکدا ...،
٥٧ ساڵەی تەمەنی خەمگینی وسپیەتی
حاجی (نەجات) ی براو
٥٠ ساڵ و دوومانگ و دوو رۆژی
کزی و بێ دەنگی( نەوزاد) ی برا دەبینم
لە هارمۆنیای رەنگەکانیشدا....
چیرۆکی رەنگاو رەنگی خوشک و براکانم دەبینم !
بۆیە ئەمێستاکە ماڵ پرە لە بۆنی چەفیەی دایک
ماڵ پرە لە یادەوەری دایک
چەفیە رەشەکەی دایکیشم
بۆنی دایکمی لێ دێ !!!

© 2017 Hawler