تشرینی دووەم 16, 2018

جەبار جەمال غەریب: ئینسان بۆ ئەوەی ئازاد بێت دەبـــێت بتە زەیــــــــــنییەکــەی بشکێنێت

سازدانی شۆڕش غەفووری

بەشی دووەم

لەم بەشەدا جەبار جەمال غەریب ـی ڕۆماننووس قسە لەسەر خەیاڵی مرۆڤ دەکات، خەیاڵێک کە ئەگەر نەبێت مرۆڤ لە زۆرێک لە داهێنانەکان بێبەش دەبوو. لە بەرامبەریشدا باسی ئەو چەقینە دەکات کە مرۆڤ تووشی بووە، بە جۆرێک لە نێو زەلکاوی خۆیدا گیری کردووە و ناتوانێت بە چوونە نێو مۆدێڕنەوە ڕزگاری بێت.

ـ لە پێنجەمین کتێبدا ئەو خەیاڵە گەورەیە هەیە و مرۆڤ مەحکومە بە خەیاڵ بۆ ئەوەی شتی گەورەتر ببینێت. باشە بۆچی زمانێکی پێغەمبەرانە و خەیاڵئامێزمان پێویستە بۆ تێگەیاندنی کەسانی دیکە؟ نەدەکرا لە زمانی پلەی ئینسانەوەش قسە بکەیت. ئاخۆ دەتەوێت واعیز بیت؟!
جەبار جەمال غەریب:زمانی پێغەمبەرانە، دەستەواژەیەکی مەجازییە بۆ قسەکردنێکی ئەزەلی، بەڵام من لە دونیادا ڕقم لە واعیزە، لە دونیادا ڕقم لە کەسێکە کە هەم ئامۆژگاریم بکات، هەم داوای ئامۆژگاریم لێ بکات. کەسیش لە ڕێگەی ئامۆژگارییەوە نەبووەتە هیچ. ڕاستە ئایینەکان نەیانتوانی ئامۆژگاری ئینسان بکەن، وابەستەییی ئینسان بە کەلتوور و خەیاڵ و مێتۆلۆژیاوە لە وابەستەبوون بە ژیانی خۆیەوە زۆر بەهێزترە، بەڵام لە هەمان کاتدا من باوەڕم بەوە هەیە زمانی پێغەمبەرانە زمانێکی جیاوازی هەیە و ئاستێکی بەرزی هەیە و تێگەیشتنێکی گەورەی هەیە بەو مەرجەی کە وەرگرەکە ئاستێکی بەرزێکی وەک ئەوی هەبێت و من باوەڕم وا نییە، چونکە لە شوێنێکدا پێغەمبەرەکان بیرکردنەوە دروست دەکەن. بیرکردنەوە دەخوڵقێنن. تۆ گوێ مەدەرە ئەوەی کۆمەڵێک کەس دروست بوون دەیانهەوێت بە شمشێر و خوێن تۆ لە ئینسانییەتی خۆت و لە بیرکردنەوەی خۆت داتشۆرن. خۆ ئیبراهیم دەیتوانی یەکەم شت بتە گەورەکە بشکێنێت، بەڵام لە پێناو پرسیار نەیشکاند، بەس لە پێناو دروستکردنی پرسیار نەیشکاند، من دەمهەوێت بە زمانی ئیبراهیم قسە بکەم. ئیبراهیم دێت هەموو بتەکان دەشکێنێ و تەنیا بتە گەورەکە دەهێڵێتەوە کە دەشیتوانی زۆر بە ئاسانی بیشکێنێ، بەڵام لە پێناو پرسیار ئەمەی نەکرد.
ئەشێت بپرسیت، چۆن لە پێناو پرسیار؟
ئەو کاتەی کە بتە گەورەکەی نەشکاند و خەڵک هاتنە ژوورەوە و گوتیان کێ ئەو بتانەی شکاندووە؟!
ئیبراهیم بە تەکنیکی چیرۆک وەڵامیان دەداتەوە. ئینسانییەت بۆ ئەبەد قەرزاری تەکنیکی چیرۆکە، بۆ هەتاهەتایە. دروستکردنی فڕۆکە چیرۆکە زانست نییە. ئیبراهیم بە تەکنیکی چیرۆک گوتی: بتە گەورەکە، بتەکانی دیکەی شکاندووە. ئەمە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا دەڵێن درۆی کرد. نەخێر، ئیبراهیم بۆ مەبەستی خۆی تەکنیکی بەکار هێنا، ویستی پلیکانەیەک بۆ سەرکەوتنی خەڵک دروست بکات، کەچی خەڵک دەیهەوێت لەنێو قوڕاودا بژیت. بەڵام ئیبراهیم گوتی با سەرکەون و فێری پرسیار بن.
ئەوان هەنگاوێک سەرکەوتن، ئەو هەنگاوە چییە، ئەمە پلیکانەی ماڵ نییە کە ٢٠ سانتیمەتر بێت، ئەو پلیکانەیە بەرزاییەکەی نزیکەی سەدەیەکە، ئەوا فێری پرسیار بوون، پرسیارەکە لە وەڵامی ئەوەیە کە "پتە گەورەکە هەمووانی شکاند"، چوونکە بەم پرسیارو وەڵامە گەورەترین بت لە مێشکی ئینسانەکاندا دەشکێت، چونکە بت دوو شوێنی هەیە، شوێنێکی جووگرافی لە نێو ماڵ و لە سەر مینبەر و مایکرۆفۆن و شوێنێکی زێهنی لە نێو مێشکی خۆماندا. هەتا ئەو شوێنە زێهنییە نەشکێنێن، ئەوا هەزار ساڵ ئەو بتەی سەر ئەرز بشکێنە، هیچ قیمەتی نییە. ئەو مەلا و واعیزانەی بت و پەیکەرپەرەستی یاساغ دەکەن، بڕوایان بە دین و خودا نییە، ئەوانە بڕوایان بە پەیکەر هەیە. کە ئیبراهیم چەکوشەکە لەسەر شانی بتە گەورەکە دادەنێت و نایشکێنێت بۆ ئەوەی خەڵکەکە پلیکانەیەک ببڕن، زەمەنێک ببڕن، ئەوەیە دین کە پرسیارت پێ دەکات.
دەڵێن باشە ئەو بتە نە دەتوانێ بڕوا و نە قسە دەکا و نە دەستی دەجووڵێنێ و نە هێزی هەیە، نە بیرکردنەوەی هەیە کەوایە چۆن دەتوانێت ئەو بتانە بشکێنێت! ئێستا نۆرەی ئیبراهیمە قسە بکات، ئیبراهیم بۆ ئەوە دەژیت بۆ ئەوەی گوتارە گرنگەکەی پێشکەش بکات، بۆ ئەوە دەژیت تا ئەو ڕستە گرنگەیە بڵێت، ڕستەیەک کە ئیبراهیمی لەسەر دروست بووە. ئیبراهیم پێغەمبەر لەسەر ئەو ڕستەیە دروست بووە کە دەڵێت "کەوایە ئێوە بڕواتان بەوە هەیە ئەو بتە ناتوانێ بجووڵێ و قسە بکا و بتەکانی دیکە بشکێنێت، ئەدی چۆن بڕواتان بەوە هەیە چارەنووستان بۆ دیاری بکات و بارانتان بۆ ببارێنێت و نەوەتان بۆ بخاتەوە و زەوییەکانتان بەپیت بکات و زریانتان بۆ هەڵگیرسێنێ و بوومەلەرزەتان بۆ دروست بکات". بۆیە دەبینین وەڵامەکە لە نێو پرسیارەکەدایە. بۆیە من دەمەوێت بەو زمانە بنووسم.

ـ زەمەنێکی زۆر لە ئیبراهیمەوە تا ئێستا تێپەڕیوە، بۆ هێشتا مرۆڤی مۆدێڕن قولێکی لە نێو قوڕاوەکەدایە، بە "کتێبی پێنجەم" دەتهەوێت لەو زەلکاو و قوڕە دەریکێشیت؟
جەبار جەمال غەریب:من قەت بڕوام بەوە نییە کە مرۆڤ و بەتایبەتی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بتوانێت لە نێو قوڕاو بێتە دەرەوە، مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ئەو بۆقە قوڕاویانەن کە حەزیان لە زەلکاوە!

ـ کەوابێت چوار کتێبەکە و بە پێنجەمینەکەی تۆشەوە، چ نین جگە لە نووسینەوەی پووچیەتی زەمەن و دووبارە ئینسان دەقوڕ و زەلکلوخستنەوەوەیە؟!
جەبار جەمال غەریب:شۆڕش گیان، من کە دەنووسم مەبەستم چاکسازی نییە لە ئینساندا، تەنیا ڕزگارکردنی خۆمە لە مەینەتی. من سەهووی وا ناکەم کە تەنیا بۆ خۆم بنووسم، من خواخوامە مێروولەیەکیش کتێب بخوێنێتەوە، بەڵام بەڕاستی دەمەوێت خۆم لە مەینەتی دڵم ڕزگار بکەم، خۆم ڕزگار بکەم لە مەینەتی ژیانم، لە مەینەتی ناوەوەم لە قورسیەتی و پووچیەتی ژیان ئەوەی کە تۆ ناوی دەنێیت. من دەمەوێت لە ڕێگەی کتێب و نووسینەوە خۆم ڕزگار بکەم، دەشێت وەک هەر خەڵکێکی دیکە هەوڵدانێکی هیچ و تووڕەهات بێت، بەڵام من دەمەوێت ئەو کارە بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا کە پرسیارەکەی تۆ کە ئەوە بێت "لەگەڵ ئەو هەموو کتێبانەیشدا ئینسان لە قوڕاودا بژیت"، ڕاستە! چونکە ئینسان گەیشتووەتە ئاستێک هیچ بتێک ناشکێنێت تا بتێکی دیکە دروست نەکات. کێشەکە لێرەدایە. کە پرسیارەکە لەوەدا بێت دوای هەموو ئەو سفرانە و لە دوای نووسینی ئەو هەموو کتێبانە و قسەکردنی پێغەمبەرانە و هاتنی ئەو کتێبە ئاسمانیانە، بۆ ئینسان هەر لە قوڕی خۆیدا چەقیوە؟!
گەشەکردنی ئینسان، گەشەکردنێکی سادە نییە، بۆ چوونە پێشەوەی سانتیمەترێک، پێویستی بە چەندان نەوە هەیە، بەڵام شتێکی زۆر زۆر سادەت بیر نەچێت. ئەوە تۆ ناوی ئەو پیاوەم پێ بڵێ کە دەڵێت "دوو شت لە دونیادا بێ سنوورە، گەردوون و گەمژەیی ئینسان"، ئەگەر گەردوون بێ سنوور بێت دەشێت ڕۆژێک سنوورێکی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام دووەمیان کە گەمژەیی ئینسانە هیچ سنوورێکی بۆ نییە. زەمەن وەک چۆن هۆکارێکە بۆ پێشکەوتنی ئینسان کە ڕێگەکەی خۆی دۆزییەوە، بە هەمان شێوەیەیش هۆکارێکی بۆ گەمژەکردنی ئینسان کە لەسەری بەردەوام بوو. واتە زۆر جاران ئێمە دەڵەین "باشە ئەو شتە چۆن دووسەد ساڵ بەر لە ئێستا وا بووە؟!"، دیدرۆ چۆن ئەوەی کردووە، ئەرەستۆ چۆن ئەوانەی نووسیوە، شکسپیر چۆن ئەو کتێبانەی بەرهەم هێناوە، ئەرێ سۆفۆکلیس ئەو هەموو بیرکردنەوە جوانەی چۆن دۆزییەوە. ئەرێ نالی لەو زەمەنەدا چۆن ئەو شیعرە بەرزانەی نووسیوە، بە دەیان پرسیاری دیکەی وا.. ئێمە نازانین کە زەمەن بۆ خەڵکێک هۆکار بێت بۆ پێشکەوتن، بۆ گەلی نەزان و جاهیل، هۆکارێکە بۆ بەگەمژەبوونی زیاتر.
شکسپیر لە سەردەمێکدا ژیاوە، بەڵام هۆکارەکانی ڕووناکردنەوەی بیری خۆی دۆزیوەتەوە. سەردەمی ئەو لە حوجرە خوێندوویەتی، شوێنی شانامە و ئەو هەموو کلتوورە گرنگانەی جیهان بووە. بۆیە ئەوان زیرەک و منەوەرن. بەڵام کە ئێمە هۆکارەکانی بیرڕووناکردنەوەمان نەدۆزییەوە، زەمەن تەنیا هۆکارێکە بۆ زیاتر چوونە نێو قوڕاوی گەمژەیی. ئێمە وا هەست بکەین کە پیاوێک پەنجا ساڵ پێش زەمەن ژیاوە و ئێمە بە پێی حوکمی زەمەن لەو زیرەکترین، نەخێر وا نییە! ئەو هۆکارانەی ئەو بۆ ڕووناککردنەوەی ژیانی خۆی بەکاری هێناوە، لەو هۆکارانەی ژیانی ئێمە گرنگترن کە بەکاریان دەهێنین.
ئەو هۆکاری خۆشەویستی بەکار هێناوە، ئەو منداڵ و ژنی خۆش ویستووە، ئەو باخچەی ڕواندووە، ئەو لەبەر باران ڕۆیشتووە و دەیان شتی تری کردووە، ئێمە خەریکی هەمان ئەو شتەین کە پیاوی سەردەمی خۆی خۆی پێوە سەرقاڵ دەکرد و خۆی بە قسەکردن و نانخواردنەوە خەریک دەکرد. ئێمە خۆمان مەشغوڵ دەکەین بە کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئەنتەرنێتەوە، واتە هەمان گەمژەیی بەردەوامە بەڵام بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی. دەتوانین ناوی بنێین "گەمژەیی ئەلیکترۆنی" و ئێمە ئەوڕۆ لە لووتکەی گەمژەیی ئەلیکترۆنیدا دەژین. باشە کەی گرنگە کە ئەلیکترۆنیات پێش دەکەوێت، کەچی مرۆڤ دوا دەکەوێت. با ئەلیکترۆن هەر پێش کەوێ چ سوودی هەیە کە مرۆڤ دوا بکەوێت. ئەو ئەلیکترۆنە هاوکارە بۆ ئەوەی ژنێک بکوژیت، ئەمە لووتکەی گەمژەییە. تۆ دەتوانیت خۆشت نەوێت، بەڵام ناتوانیت بیکوژیت. ئەی باشە کە ئۆتۆمبێلەکەت دەکوژێتەوە و دەوەستێت نایسووتێنێت، باشە ئیتر تۆ بە چ حەقێک ژنەکەت دەکوژیت، کەسێک دەکوژیت کە مووڵکی خۆیەتی نەوەک تۆ. ئەرێ ئەو پیاوانەی کە ئەوڕۆ خۆیان بە واعیز و مەلا و بانگخواز دەزانن با وەڵامی ئەوە بدەنەوە، کە بۆچی خەڵکتان فێری ئەوە کرد ژن موڵکی ئێوەیە؟!
ئەو موڵکی خۆیەتی، تۆ دەتوانیت لەگەڵی نەژیت و خۆشت نەوێت، بەڵام ناتوانیت گیانی لێ بستێنیت. ئەی باشە بۆ دارەکەی بەردەرگا کە گوڵ ناکا بۆچی لە ڕەگەوە دەریناکەیت و کاتێ باران نابارێت بۆچی ئاسمان ناسووتێنیت. تۆ بۆ ژنێک دەکوژیت کە تەنیا هەڵەیەکی کردووە، ئەمە بیرکردنەوەی هەڵەیە، ئەمە مەلەکردنە لە نێو قوڕاوی خۆتدا، ئەو مەلەکردنە جگە لە قووڵبوونەوە لە نەزانیندا هیچی دیکە نییە، ئەوە نەدۆزینەوەی هۆکارەکانی بیرڕووناککردنەوەیە کە دەستت نەکەوتووە. با زەمەن تێپەڕێت، با کتێبەکان بنووسرێن.

© 2017 Hawler