تشرینی دووەم 16, 2018

كاك (ئازاد عەبدولواحید) باوكی دانەبڕاوی گۆڤاری ڕامان

لەقۆناغی دووەمی كۆلیژی زمانی بەشی كوردی زانكۆی سەلاحەدین-ی شاری هەولێر بووم، ڕۆژێكیان (دوكتۆر جەمشید حەیدەری) لەیەكێك لەوانەكانیدا باسی گۆڤاری (ڕامان) ی بۆ كردین. كەچ جۆرە گۆڤارێكە و چۆن چاوپێكەوتنێكی تێدابڵاوبۆتەوە و بەگۆڤارێكی نایاب و دەگمەن و دانسقە و بەهێز و بەپێزی لەقەڵەمدا، كە موحازەرەكەی تەواوبوو، من و هاوپۆلێكم ناوی (دلاوەر عومەر حەمەد گەردی)یە،ئێستاكە مامۆستایە لەشاری هەولێر ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیم بۆی هەیە، كە هاتینە دەرەوە لەهۆڵی موحازەرە دەستمانكرد بەباسكردنی ئەو گۆڤارە، پێش هاتنم بۆ زانكۆ پێشتر دەستم بەخوێندنەوەی چەندین كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار كردبوو، بەڵام ئاشنایەتییەكی وەهام تا ئەو دەمە لەگەڵ ئەو گۆڤارە نەبوو، بەڵام مامۆستا دلاوەر دیاربوو چەند ژمارەیەكی دیبوو، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ دەربارەی گرنگی ئەو گۆڤارە و بابەت بەنرخ و بوارەكانی و بۆ پاڵپشتی قسەكانیشمان ئاماژەمان بەقسەكانی دوكتۆر(جەمشید)دا، ئێستەش لەبیرمە مامۆستا دلاوەر وتی: كاك شاخەوان پێم سەیرە پیاوێكی هەولێری لەسەر شاعیرێكی خەڵكی سلێمانی وەك: شێخ نوری شێخ ساڵح بنووسێ.  هەربۆیە بڕیارماندا بەیەكەوە سەردانێكی گۆڤاری ڕامان و لای كاك ئازاد عەبدولواحید بكەین، كە ئەو كاتە بینایەی گۆڤارەكە لای پارێزگای هەولێر بوو، لەڕێگادا لەگەڵ مامۆستا دلاوەری خۆشەویست و ڕۆشنبیر و هاوڕێ و هاوپۆلم، كە بناغەی برادەرایەتیمان لەسەر خوێندنەوەی كتێب و ئاڵوگۆڕكردنی دامەزرابوو، یەكەم ئاڵوگۆڕكردنەوەی كتێبیشمان بەناوی (قەشە ڕاسپۆتین) بوو، بۆیە تا ئێستاكەش برادەرایەتییەكەمان بەردەوامە، چونكە لەسەر بنەمایەكی پاكوبێگەرد و پوخت و ڕاستگۆیانە بنیاتنابوو، بەیەكەوە باسی گۆڤاری (ڕامان) مان دەكرد و دەمانوت: دەبێ كاك ئازاد مرۆڤێكی چۆن بێ؟، دەبێ وەك بەشێك لەو دوكتۆرە لەخۆباییانەی زانكۆمان نەبێ، كە بەلاتدا ڕەتدەبێ و سەلامی لێدەكەی هەر ئەوەتەیە وەڵامتدەداتەوە، دەبێ بەچ شێوەو شێوازێك پێشوازی و مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، كە گەیشتینە بەردەرگای گۆڤارەكە، بەیەكەوە چووینە ژوورەوە وبینیمان لەسەر دەرگای ژوورێك نووسراوە(پێشوازی)، زۆرمان پێ سەیربوو، لەو ژوورە برادەرێك بەوپەڕی گەرمی و خۆشحاڵی و خاكییەوە پێشوازی لێكردین، مامەڵەكردنی لە برایەك دەچوو، دواتر زانیم برای كاك ئازادە و ناوی كاك (هێمن)ە، لێرەوە ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیم بۆی هەیە، لێیپرسین: فەرموون ئێوە كێن؟،ئێمەش خۆمان پێناساند، كە قوتابی زانكۆین و بۆ سەردانیكردنی كاك ئازاد هاتووین.پاش كەمێك هاتەوە، وتی: فەرموون، كاك ئازاد دەڵێ: ببێنە ژوورەوە. چووینە ژوورەوە، بینیمان مێزێك و كورسییەك دانراوە و سەر مێزەكە پڕ بوو لەكاغەز، كاك ئازادبەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە پێشوازی لێكردین، بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانی بوو، دەتووت ئەو مرۆڤە سەت ساڵە دەمانناسێ، هەستمان پێكرد كە زۆر ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو پێگەیشتوو خاكیی و سادە و ساكارە،دوای كاتژمێرێك دانیشتن دواتر چەند وێنەیەكمان لەگەڵیدا گرت و داوای لێكردین، كە زوو زوو سەردانی بكەین، چونكە گۆڤاری ڕامانی بەماڵی هەموو كوردێك پێناساندین، بۆیە كە هاتینە دەرەوە نەمانزانی چۆن باس و خواسی ئەو پێشوازی و گفتوگۆیە ئەدەبییەی بكەین كە لەگەڵمانی كرد، پێمان سەیر بوو بەڕاستی مرۆڤێكی لەخۆبردوو خەمخۆرە بۆ پێشكەوتن و پێشخستنی ئەدەب و ڕۆشنبیری كوردی بەهەموو بوارەكانییەوە، پاشان چەندین جاری تر من بەتەنیا سەردانم كردەوە، زیاتر ئاشنای خودی خۆیی و گۆڤاری ڕامانیش بووم، بۆیە جارێكیان وتم: كاك ئازاد دەمەوێت لەگۆڤاری ڕاماندا بابەتێكم بڵاوبكەمەوە، بەوپەڕی ڕاشكاوی و بێ موجامەلەكردن وتی: كاك شاخەوان بەسەرچاو، ئەگەر بۆ بڵاو كردنەوە بشێت، بڵاوی دەكەینەوە، ئەگەرنا داوای لێبووردنت لێدەكەم، ئێمە بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی خزمەتی نەوەكانی وەك ئێوە و ڕۆشنبیران و خەڵك بكەین، بۆیە تكایە لەگەڵ كاك (سەركەوت وەلی) پەیوەندی بكە و ئیمیڵەكەی لێوەربگرە و بابەتەكە بۆ ئەو بنێرە، منیش وتم: بەسەرچاو، دواتر زانیم كاك سەركەوت ئەو مرۆڤە چەندە ماندوونەناس و هونەری و لەسەرەخۆیانە ئیش و كارەكانی زۆر بەجوانی بەڕێوەدەبات. دواتر بابەتەكەم بۆ نارد و لەیەكێك لە ژمارەكانی ئەو گۆڤارە دانسقەیە بابەتەكەم دابەزی و زۆر پێی خۆشحاڵ و سەرفرازبووم، بۆیە بڕیارمدا سەردانێكی تری كاك ئازاد بكەمەوە، بۆ دەستخۆشی و ئەو سەرنج و تێبینی و خاڵبەندییانەی كە لەسەر بابەتەكەم جێبەجێی كردبوو، بۆیە چوومە لای جارێكی دیكە بەپەڕی شەوق و زەوقەوە پێشوازییەكی زێدە گەرمتری لێكردم و وتی: كاك شاخەوان ئەگەر عاجز نەبیت، حەزدەكەم هەندێك سەرنج و تێبینی وردت بدەمێ، بۆ ئەوەی ئەگەر بابەتی ترت بۆ گۆڤارەكەمان نارد هیوادارم جێبەجێی بكەی بۆ خزمەتی داهاتووی خۆت و بابەت و لێكۆڵینەوەكانت، چونكە هەستدەكەم جێگەی چاوت تێدایە و كاری ئێمە ئەوەیە، كە نەوەی تازەپێگەیشتووی وەكو جەنابت ئاراستە و پێبگەیەنین لەبواری نووسیندا، بۆیە لێرەوە لەناخی دڵمەوە زۆر سوپاسی دەكەم. بەبێ ئەوەی نەكەس داوای لێكردبم و نەكەسیش تەكلیفی كردبم، تەنیا ویژدانی مرۆڤانەم هانیدام ئەو بابەتە بنووسم، چونكە خۆم بەقەرزارباری ئەو نووسەر و ڕەخنەگر و باسكارە دەزانم، كە بەڕاستی وایكرد من بكەومە سەر ڕێچكەی كار و جۆر و شێوازی نووسین. هەروەها جێگەی خۆیەتی لێرەشدا ئاماژە بە مامۆستای سەرپەرشتیاری تێزی نامەی ماستەرەكەم (پ. د. فوئاد ڕەشید مەحەمەد) بكەم، كە لەكاتی نووسینی نامەكەمدا بەوپەری لەخۆبردووی و ماندوونەناسانە سەرنج و تێبینی یەكجار ورد و سەرنجڕاكێشی دەدامێ، كە بەڕاستی لەجێگەی خۆی بوو، هەروەها وەها ئاراستەی دەكردم كە هەردەم لەكاتی نووسینی ئەدەبیدا نابێ ڕەهایانە بنووسم و هەموو كات (ڕەنگە و لەوانەیە و پێدەچێ و ئەگەر) لەكاری نووسینمدا بەكاربهێنم. بەڕاستی لەتەواوی ژیانی نووسینمدا خۆم بەقەرزارباری ئەو دوو مرۆڤە خەمخۆر و خاكی و ڕۆشنفكر و ڕۆشنبیر و لێهاتووانە دەزانم. هەربۆیەش لێرەدا باسی هەردووكیانم كرد، چونكە هەردووانیان هەمان ئەركی مرۆڤانە و بنیاتنەرانەیان ئەنجامداوە و ئاخۆ دەبێ چەندانی وەكو منیان پێگەیاندبێ، بەڵام جێگەی داخە زۆرجاران مافی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەخورێ و ئەوانەی لەسەردەستی ئەوانە و هاوشێوەی ئەوانیش پێدەگەن، بەهیچ جۆرێك مافەكانیان نادەنەوە و هەر باسیشیان ناكەن، تەنانەت ڕەنگە زۆرجارانیش دژایەتیان بكرێ، بۆیە من بڕیارمدا ناوی بابەتەكەم ناوبنێم: كاك ئازاد عەبدولواحید باوكی دانەبڕاوی گۆڤاری ڕامان. بۆیەش ئەو ناوەم بۆ هەڵبژارد، چونكە وەك كۆڵەگەیەكی بنیاتنەر و دروستكەری ئەو گۆڤارە، بەڕاستی باوكێكی خەمخۆرە و هەموو كات لەمناڵەكانی دانابڕێ و بەرگەی هەموو ناخۆشیەكان دەگرێ و هەموو شتێكیان بۆ دەستەبەردەكات. لەدوای ئەو هەموو هەوراز و نشێوو قەیران و دژایەتییكردنەی توانی بەسەر هەموویاندا زاڵبێت و گۆڤارەكەش مانگانە لەكات و ساتی خۆیدا دەربكا و بەدواداچوون بۆ تەواوی بابەتەكان بكاو سەرجەم سەرنج و تێبینی و خاڵبەندی و وردەكاری خۆی لەسەر هەموویان بنووسێ و دواتر بۆ كاك سەركەوت-ی بنێرێ تا جێبەجێیان بكا. بۆیە ئەو ناوەم بەباڵای ئەو مرۆڤە ئەدەبدۆست و ماندوونەناس و ئەركناسە بەباش زانی، هیوای لەشساغی بۆجەنابی و دكتۆر فوئادیش دەخوازم، لەگەڵ بەردەوامیش بۆ گۆڤاری ڕامانی لانكەی كۆكەرەوەی ئەدیبدۆستان.                             

 

مەحموود خەلیل زەرگەزەوی

© 2017 Hawler