تشرینی یەکەم 16, 2018

بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌كێكه‌ له‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌كانی به‌ره‌و لای خۆی راكێشاوه‌، ئالان تۆرێن یه‌كێكه‌ له‌و تیۆردارێژه‌رانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌ خاوه‌ن بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی و پێیوایه‌ بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ مانای تێكدانی دۆخی هه‌نوكه‌یی نایه‌ت، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌و ته‌وژم و هێزانه‌ی كه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگا و كۆنترۆڵكردنی هه‌نگاوی چینه‌كان بۆ بیناكردن و دروستكردنی مێژووی خۆیان به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌ریكی ململانێ ده‌بن.


(كۆ ره‌فتار ئاماژه‌یه‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی رێژه‌ییانه‌ و نابونیادانه‌ی ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵك وه‌ك‌ به‌رسڤێك بۆ هاندانێكی هاوشێوه‌ پێده‌گوترێت كۆمه‌ڵی یان كۆ (collective)، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك پێكه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ڵامێك بۆ هاندانێكی هاوشێوه‌ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ كۆره‌فتار په‌رچه‌كرداری به‌شێك له‌ خه‌ڵكه‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی تر كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆره‌فتار پێكدێت له‌ كارلێكێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ به‌شداربووان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری ره‌فتاری یه‌كتره‌وه‌.
له‌ كۆره‌فتاردا كۆمه‌ڵێ دیاری هه‌مه‌چشه‌ن بوونی هه‌یه‌ وه‌ك پروپاگه‌نده‌، ترس، ئاپۆره‌، بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌لایه‌تی، كاره‌سات و توندوتیژ. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دیارده و لێكه‌وتانه‌ تایپ و فۆرمه‌كانی كۆره‌فتاره‌، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بونیادێكی جیاوازییان هه‌یه‌. له‌ هه‌مان كاتدا، ره‌فتاری توندوتیژانه‌ و ئازارده‌رانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نارێكخراو بوونی هه‌یه‌. له‌ لایه‌كی تر، بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییانه‌ بونیادنراوه‌ و پلانی بۆ دانراوه‌ وه‌ك ژینگه‌ی بزوتنه‌وه‌كان.)
ده‌سته‌واژه‌ی كۆره‌فتار یه‌كه‌مجار له‌ لایه‌ن فرانكڵین هێنری گیدنزگز له‌ ساڵی 1908 به‌كارهێنرا و پاشان له‌ لایه‌ن ڕۆبێرت پارك و هێربه‌رت بلومه‌ر و نیل سملسه‌ر به‌كارهێنرا و په‌ره‌ی درا بۆ ئاماژه‌دان به‌ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه‌. هه‌روه‌ها كۆره‌فتار كۆمه‌ڵێ فۆرمی جیاوازی هه‌یه‌ كه‌ گرنگترینیان فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی كۆره‌فتاره‌ كه‌ كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆرترین بایه‌خییان پێی داوه‌.

فۆرمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆره‌فتار
كۆمه‌ڵناسه‌كان چه‌ندان پۆلینبه‌ندییان بۆ فۆرمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆڕه‌فتار كردووه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا گرنگترینیان ئه‌و پۆلینبه‌ندییه‌یه‌ كه‌ هێربه‌رت بلومه‌ر بۆ كۆره‌فتار كردویه‌تی و دابه‌شی سه‌ر چوار جۆری سه‌ره‌كیی كردووه‌، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ به‌ كوردی باسییان ده‌كه‌ین:
1. ئاپۆره‌ (crowd): دیارترین توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ی تێگه‌یشتن له‌ ئاپۆره‌ وه‌ك فۆرمێكی سه‌ره‌كیی كۆڕه‌فتار بریتییه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی ساكۆلۆژیستی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆستاف لۆبۆن به‌ ناوی (ئاپۆره‌: توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ریی). لۆبۆن پێیوابوو تاكه‌كان له‌ گرووپه‌ گه‌وره‌كان، كرده‌كه‌یان جیاوازه‌ له‌ كرده‌ كه‌سییه‌كانی خۆیان له‌ نێو گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌كان. ئاپۆره‌ مرۆڤ ده‌گۆڕێت بۆ دڕنده‌ و بوونه‌وه‌رێكی توندوتیژ و ده‌یخاته‌ ژێر كاریگه‌ری غه‌ریزه‌وه‌، به‌م چه‌شنه‌، كرده‌ی ئاپۆره‌، كرده‌یه‌كی نائه‌قڵانی و هه‌سته‌كییه‌.
2. گشتی (public) :یه‌كێكی تر له‌و فۆرمانه‌ی كه‌ بلومه‌ر باسی ده‌كات ئه‌ویش گشتیبوونی كۆره‌فتاره‌ و، جیاوازی له‌ نێوا ئاپۆره‌ كه‌ گوزارشته‌ له‌ هه‌سته‌ گشتییه‌كه‌ و، گشتێتی مشتومڕه له‌باره‌ی پرسێكی تایبه‌ت و دیاریكراو.‌
3. جه‌ماوه‌ر (mass): فۆرمی جه‌ماوه‌ری كۆره‌فتار جیاوازه‌ له‌ ئاپۆره‌ و گشتێتی، ئه‌و فۆرمه‌ نه‌ك به‌ فۆرمی یه‌كانگیری پێناسه‌نه‌كراوه‌ به‌ڵكو به‌ خستنه‌ڕووی كاریگه‌رییه‌كانی ماس میدیا دانرێت له‌ پرسه‌ رۆژانه‌ییه‌كان.
4. بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی(Social Movement): بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌كێكه‌ له‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌كانی به‌ره‌و لای خۆی راكێشاوه‌، بۆیه‌ زۆرترین توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ كراوه‌، ئالان تۆرێن یه‌كێكه‌ له‌و تیۆردارێژه‌رانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌ خاوه‌ن بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی و پێیوایه‌ بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ مانای تێكدانی دۆخی هه‌نوكه‌یی نایه‌ت، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌و ته‌وژم و هێزانه‌ی كه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگا و كۆنترۆڵكردنی هه‌نگاوی چینه‌كان بۆ بیناكردن و دروستكردنی مێژووی خۆیان به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌ریكی ململانێ ده‌بن.

سەرچاوەكان
1. حمیرا مشیرزاده، درێمدی نڤری بر جنبش های اجتماعی، تهران، نشر پژوهشکده امام خمیینی، 1381،
2. دوناتلا دلاپورتا و ماریو دیانی، مقدمه ای بر جنبش های اجتماعی،، ترجمه محمدتقی دلفروز، تهران، نشر کویر، 1384.

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.