ئاب 17, 2022

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

چەند کتێبێکی عەتا محەمەد بە فارسی بڵاودەکرێتەوە

مانگی ڕابردوودا ڕۆمانی (پاسەوانانی خودا)ی ڕۆماننوس عەتا محەمەد بە زمانی فارسی بڵاوکرایەوە و پیشوازییەکی زۆری لێکرا، هاوکات چەند کتێبێکی دیکەشی بۆ زمانی فارسی و زمانانی دیکە وەردەگێڕدرێت. ئەمە بێجگە لەوەی تا کۆتایی ئەم مانگەش بە زمانی کوردی نوێترین رۆمانی لە ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

کۆتایی ساڵی 2016 ڕۆمانی (پاسەوانانی خودا) ی عەتا محەمەد بە زمانی کوردی بڵاوکراوە و پاش چەند مانگێک بڕیاری وەرگێڕانی بۆ زمانی فارسی درا و لەلایەن (ڕەزا کەریم مجاور)ەوە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدراوە و لە مانگی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، دوا بەدوای ئەوەش سێ کتێبی دیکەی نووسەر کاری وەرگێڕانیان بۆ زمانی فارسی تەواو کراوە، کتێبی (هەنار و فریشتەی مردن) لەلایەن بەسام مستەفا بۆ زاراوەی کرمانجی وەرگێڕدراوە، هاوکات چەند کتێبێکی دیکەیشی بۆ زمانی ئینگلیزی و تورکی و سویدی کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاودەکرێنەوە.
عەتا محەمەد، نووسەر و رۆمانووس لەبارەی چاپبوونی بەرهەمەکانی بە زمانی فارسی ئەوەی خستەڕوو کە: دوای چاپبوونی ڕۆمانی (پاسەوانانی خودا) بە زمانی فارسی و پێشوازی گەرمی خوێنەران. ئێستا کۆمەڵە چیرۆکی (تیناو چیرۆکە ئەندێشە کراوەکان) لەلایەن نەجمەدین براخاسی بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدرا و لە ژێر چاپدایە. هاوکات وەرگێرانی هەردوو کتێبی (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان) لەلایەن ڕەزا کەریم مجاور و (زارەکانی خەون) لەلایەن ڕەزا کەلهوری کاری وەرگێرانیان بۆ زمانی فارسی لە تەواو بووندایە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەوانیش چاپ و بڵاودەکرێنەوە.
لەبارەی ڕۆمانە نوێیەکەشییەوە ئەوەی خستەڕوو کە نوێترین رۆمانی بەناوی " هەنار و فریشتەی مردن" لە ناوەندی ئەندێشە لە ژێر چاپدایە و تا کۆتایی ئەم مانگە چاپ و بڵاودەکرێتەوە. گوتیشی: ئەم رۆمانەش لەگەڵ دوو رۆمانی پێشووترم دەشێت وەکو سیانەیەک سەیریان بکرێت، کە هەر یەکەیان پەیوەستە بە مرۆڤ و یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی ژیانی و لە رۆمانی یەکەمدا "ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان" لەبارەی پەیوەندی مرۆڤ و وێنەوە بوو، لە رۆمانی پاسەوانانی خوداشدا کارم لەسەر مرۆڤ و ناوەکەی کردبوو و لەم رۆمانە نوێیەشمدا کارم لەسەر پەیوەندی مرۆڤ و چیرۆکەکەی کردووە.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler