
بەشی یەكەم
ئه‌لیس شواتزهر: سه‌ره‌تا دوو گوته‌ی ئێوه ئه‌هێنم به‌رباس خاتوو سیمۆن. ئێوه نووسیوتانه: «گرنگترین به‌رهه‌می من ژیانی منه» و «ناسراوترین یاده‌وه‌ری ژیانی من ژیان بووه له‌گه‌ڵ سارته‌ر». ئێوه نزیك به چل ساڵه هاوسه‌ریتان پێكهێناوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به گومانه‌وه له مانا و چه‌مكی هاوسه‌ر ئه‌ڕوانن و به‌و جۆره‌ی كه ئه‌وانی تر ده‌ژێن، ناژێیت و به‌رامبه‌ر شتگه‌لێكی وه‌ك خاوه‌ندارێتی، به‌خیلی بردن، وه‌فاداری و تاك هاوسه‌ری (Monogamie) بایه‌خێكی ئه‌وتۆ ده‌رنابڕیت.
زۆرێ له خه‌ڵك به هۆی شێوه‌ی ژیانتانه‌وه ڕه‌خنه‌ت لێ ده‌گرن به‌ڵام زۆر كه‌سی تر هه‌وڵ ئه‌ده‌ن لاسایت بكه‌نه‌وه. بته‌وێ یان نه‌ته‌وێ، به هه‌ر حاڵ وه‌ك ئایدیاڵێك ده‌ركه‌وتوویت، بویته‌ته سه‌رمه‌شقێك بۆ زۆرێ له هاوسه‌ره‌كان و به‌تایبه‌ت بۆ ژنان، ئه‌وان په‌یڕه‌وی تیۆر، كار و ژیانتان ده‌كه‌ن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌مه‌وێ هه‌ندێ پرسیار سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه تایبهتییهكانتان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر بخه‌مه ڕوو، پێش هه‌موو شتێك، ئه‌مه‌وێ له ئێوه به‌رێز جان پۆڵ سارته‌ر، و به‌رێزتان سیمۆن دوبۆڤوار ئه‌م پرسیاره بخه‌مه ڕوو: ئایا ئه‌م فاكته‌ی كه ئێوه هه‌رگیز پێكه‌وه له ماڵێكدا نه‌ژیاون گرنكتر له‌م فاكته نییه كه ئێوه هه‌رگیز هاوسه‌رگیریتان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كردووه؟
سیمۆن دوبۆڤوار: به دڵنیاییه‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت په‌یوه‌ندی ئازاد وه‌ك هه‌مان ئه‌و هه‌لومه‌رجه بێت كه هاوسه‌رگیریه‌ك هه‌یه‌تی (ئه‌گه‌ر هاوسهرانێك هه‌ڵگری ژیانێكی هاوبه‌ش بن و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام وزه‌ی تیادا سه‌رف بكه‌ن) دووباره‌ش ژن ڕۆڵی خۆی وه‌ك ژن ده‌گێرێت. ڕه‌وشێكی وه‌ها جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیریدا نییه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئێمه شێوه ژیانێكی هێنده نه‌رم و نیانمان هه‌یه كه هه‌ندێجار ڕێگه‌مان پێ ئه‌دات له ژێر یه‌ك سه‌قفدا بژێین بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی پێكه‌وه‌ش بین. بۆ نموونه ئه‌و كاته‌ی كه زۆر گه‌نج بووین له هوتێل ده‌ژیایین، له ڕێستۆرانت نانمان ئه‌خوارد، هه‌ندێ كات ته‌نها پێكهوبووین، هه‌ندێ جاری تر له‌گه‌ڵ دۆستان، كاته به‌تاڵه‌كانمان به‌رده‌وام پێكه‌وه ده‌گوزه‌راند، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت نه‌ك هه‌میشه، بۆ نموونه من حه‌زم لێ بوو به پێ برۆین، به‌ڵام سارته‌ر حه‌زی لێ نه‌بوو، باشه، كه‌واته خۆم به ته‌نیا ده‌رۆیشتم و ئه‌و له‌و كاتانه‌دا له‌گه‌ڵ هاورێكانی بوو. ئه‌م چه‌شنه ئازادییه‌ی كه ئێمه بۆ ژیانی خۆمانمان دانابوو هۆكارێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ر بوو له‌وه‌ی كه ئه‌و لایه‌نه ئیفلیجكهرهی ژیانی هاوسه‌رگیری نه‌توانێ له نێوماندا ڕووبدات. پێموایه ئه‌مه بۆ خۆی هۆكارێكی گرنگتر له‌م واقیعه‌ته بووه كه ئێمه پێكه‌وه هاوسه‌رگیری نه‌كه‌ین.
ئه‌لیس شوارتزهر: به گوێره‌ی نووسینه‌كانتان له كتێبی یادهوهرییهكانات له خۆم ئه‌پرسم كه ئایا ئێوه ئه‌تانویست تاك هاوسه‌ری به‌لاوه بنێن یان زێتر ئه‌تانویست باڵاییه‌كی ڕه‌ها به په‌یوه‌ندی نێوانتان بده‌ن كه هه‌ر كه‌سێكی سێیه‌م له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ڕۆڵێكی لاوه‌كی هه‌بێت؟
سیمۆن دوبۆڤوار: بۆچی، هه‌ر به‌م چه‌شنه‌یه!
جان پۆڵ سارته‌ر: بۆچی، به‌ڵام شوێنی باس و مشتومڕیش هه‌یه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه من دووچاری پێكدژی ده‌كات به‌رامبه‌ر ژنانی تر، چونكه ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیان هه‌بێت.
سیمۆن دوبۆڤوار: ماناكه‌ی ئه‌مه‌یه كه كه‌سی سێیه‌م له ژیانی سارته‌ر و ژیانی من له هه‌مان سه‌ره‌تاوه ئه‌یزانی كه له‌م بواره‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك بوونی هه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ستبوون پێیه‌وه ده‌خسته ژێر فشاره‌وه، و ئه‌م بابه‌ته‌ش زۆرجار بۆ ئه‌وان هێنده په‌سه‌ند نه‌بووه. په‌یوه‌ندی ئێمه به ڕاستی تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر كه‌سانی سێیه‌م زاڵ ده‌بوو. به‌م چه‌شنه، ده‌توانرێ ئه‌م په‌یوه‌ندیه بخرێته به‌ر ڕه‌خنه‌وه، چونكه ئه‌م په‌یوه‌ندیه هه‌ندێ كات وایده‌خواست كه مرۆڤ له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ڕێك و ڕاست بێت.
ئه‌لیس شوارتزهر: به‌م چه‌شنه، په‌یوه‌ندیه‌كه‌تان له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی تر به‌هێزتر و تۆكمه‌تر ده‌كرد؟
سیمۆن دوبۆڤوار: به‌ڵێ، به‌ته‌واوی وایه.
ئه‌لیس شوارتزهر: و ئه‌م بڕیاره‌ی (ئه‌گه‌ر ئاوا بریارێك دراوه) كه نه‌بیته خاوه‌ن منداڵ؟ یان ڕه‌نگه بۆ هه‌ردووكتان واقیعهتێكی ته‌واو به‌ڵگه‌نه‌ویست بووه؟
سیمۆن دوبۆڤوار: بۆ من به‌ته‌واوی به‌ڵگه‌نه‌ویست بوو. هه‌ڵبه‌ت نه‌ك به هۆی ئه‌وه‌ی كه من منداڵانم خۆش ناوێ .. ئه‌و كاته‌ی كه من هێشتا زۆر گه‌نج بووم و بڕیارمدابوو له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌م «جاك» ژیانێكی ئاسایی هاوسه‌رگیری ده‌ست پێ بكه‌م، ئه‌وه سروشتییه كه بیرم له بوونی منداڵیش كردبۆوه، به‌ڵام په‌یوه‌ندی من به سارته‌ر به شێوه‌یه‌ك بوو (پێكهاته‌یه‌كی ڕۆشنبیرانه بوو نه‌ك په‌یمانبه‌ستن، خێزانیی یان شتێكی تر) كه من هه‌رگیز ئاره‌زووی هه‌بوونی منداڵم نه‌ده‌كرد. من په‌یوه‌ندیه‌كی ئه‌وتۆم نه‌بوو كه كۆپیه‌كی سارته‌رم هه‌بێ، خودی ئه‌و بۆ من به‌س بوو! (و په‌یوه‌ندیه‌كیشم نه‌بوو كه كۆپیه‌ك له خۆم بێ) من بۆ خۆم به‌س بووم. نازانم، ئایا وه‌ڵامی پرسیارهكهتانم داوته‌وه یان نا؟
جان پۆڵ سارته‌ر: ئه‌و كاته‌ی كه گه‌نج بووم له بنه‌ڕه‌تدا بیرم له‌وه نه‌كردبۆوه ببمه خاوه‌ن منداڵ.
ئه‌لیس شوارتزهر: زۆر جار ده‌گوترێ مرۆڤ، كاتێ ئه‌زانێ زۆر دره‌نگ بووه له بریاردانێكی له‌م چه‌شنه په‌شیمان ئه‌بێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته زیاتر له‌مه‌ڕ ژنه‌كانه‌وه ده‌ڵێن. ئایا سیمۆن له ژیانتاندا ساته‌وه‌ختێكی له‌م چه‌شنه بوونی هه‌بووه؟
سیمۆن دوبۆڤوار: به هیچ شێوه‌یه‌ك!
ئه‌لیس شوارتزهر: له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كتر به «ئێوه» بانگ ده‌كه‌ن زۆرم پێ سه‌یره، هه‌ردووكتان (پێنج ساڵ له دوای 1968) كه‌م تا زۆر په‌یوه‌ستبوون به بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێری و به‌م چه‌شنه‌ی كه له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا به‌رچاو و ڕوونه تێیدا هه‌موان یه‌كتر به «تۆ» بانگ ده‌كه‌ن. بۆچی ئێوه یه‌كتر به «ئێوه» بانگ ئه‌كه‌ن و بایه‌خی ئه‌م كاره به‌رێز جان پۆڵ سارته‌ر له چیدایه؟
جان پۆڵ سارته‌ر: باشه، ئه‌وه من نه‌بووم كه ئه‌م كاره‌م ده‌ست پێ كردوه، ئه‌مه سیمۆن دو بۆڤواره كه من به «ئێوه» بانگ ئه‌كات، منیش به‌هانه‌یه‌كم نه‌بووه و ئه‌مرۆش به‌ته‌واوی خووم پێ گرتووه. ئیدی من هه‌رگیز ئه‌و به «تۆ» بانگ بكه‌م – دواجار ئه‌و له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه؟
سیمۆن دوبۆڤوار: به‌ڵێ، بۆ من هه‌میشه گرفت بووه كه ئه‌وانی تر به «تۆ» بانگ بكه‌م، نازانم بۆچی؟ وێرای ئه‌وه‌ش دایك و باوكم به «تۆ» با‌نگم ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش له خۆیدا توانای ئه‌وه‌م پێ ئه‌دات ئه‌وانی تر به «تۆ» بانگ بكه‌م. باشترین هاورێی من «زازا» هه‌موو هاورێكانی به «تۆ» بانگ ئه‌كات، به‌ڵام من به «ئێوه»، له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئه‌و به «ئێوه» بانگ ئه‌كه‌م.
ئه‌مرۆ باشترین هاورێم «سیلوێ» به «ئێوه» بانگ ئه‌كه‌م. تاڕاده‌یه‌ك من هه‌موان به «ئێوه» بانگ ئه‌كه‌م، جگه له یه‌ك دوو كه‌س ئه‌وانیش ووتنی «تۆ»ـیان به‌سه‌رمدا سه‌پاندووه.
من سارته‌ر به «ئێوه» بانگ ئه‌كه‌م. هه‌ڵبه‌ت به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه ئێمه له دوای ساڵی 1968ه‌وه، له دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ساڵانێ خوومان پێوه گرتووه به گووتنی «تۆ» به یه‌كتر، ناتوانین ڕۆڵی شۆرشگێرێك بگێرین...
ئه‌لیس شوارتزهر: ڕێكار و ڕێبازی ژیانی ئێوه چۆنه؟ بۆ نمونه ئایا هه‌میشه حه‌قیقه‌ت به یه‌كتر ئه‌ڵێن؟
جان پۆڵ سارته‌ر: وا هه‌ست ئه‌كه‌م كه من هه‌میشه حه‌قیقه‌تم ووتووه، به‌ڵام من ئه‌م كاره‌م خۆبه‌خۆ ئه‌نجام داوه. پێویست نه‌بووه كه له‌م بواره‌دا پرسیارم لێ بكردرێ. هه‌ڵبه‌ت مرۆڤ هه‌میشه یه‌كسه‌ر ئه‌وه ناڵێ، ڕه‌نگه هه‌شت یان چوارده ڕۆژی دره‌نگتر بیڵێ، به‌ڵام دواجار مرۆڤ هه‌موو شتێك ده‌ڵێ، لانیكه‌م من ده‌یڵێم! و ئێوه ...
سیمۆن دو بۆڤوار: منیش هه‌میشه به‌و جۆره‌م، به‌ڵام پێموایه نابێت له‌م بابه‌ته ڕێسایه‌ك چێ بكردرێ. بۆ ئێمه ئه‌م پرسه ڕوون بوو، ئێمه ڕۆنشبیران به ته‌واوی و ڕێكی ئه‌وه ئه‌زانین (به‌و چه‌شنه‌ی كه سارته‌ر گوتویه‌تی) كه هیچ جیاوازیه‌ك نییه ئه‌گه‌ر مرۆڤ حه‌قیقه‌ت ئه‌مرۆ یا هه‌شت ڕۆژ دره‌نگتر بیڵێ، یاخود له ئامرازه له پێشینه‌كان بێ و له‌م چه‌شنه. به‌ڵام نابێ هه‌موو هاوسه‌ره‌كان به‌م چه‌شنه ئاراسته بكردرێن كه هه‌میشه حه‌قیقه‌ت به توندوتیژی به‌رامبه‌ر یه‌كتر بخه‌نه ڕوو.
هه‌ندێ كات ته‌نانه‌ت جۆرێ به‌كارهێنانی حه‌قیقه‌تیش هه‌یه كه به شێوه‌ی چه‌كێكی به‌زه‌بر ده‌رده‌كه‌وێ (پیاوه‌كان زۆرجار سوودی لێ وه‌رده‌گرن. ئه‌وان نه‌ك ته‌نها هاوسه‌ره‌كانیان فریو ئه‌ده‌ن، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌شیان پێ بڵێین له‌ززه‌ت وه‌رده‌گرن، زێتر له‌مه بۆ ئه‌وه‌ی كه له خۆیان ڕازی بن به هۆی په‌یوه‌ندی ڕوون و بێ په‌رده‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر. من خه‌یاڵی ئه‌وه‌م نییه بۆ ووشه‌ی «حه‌قیقت» به‌هایه‌كی تایبه‌ت دابتراشم، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بتوانێ هه‌موو شتێ به خۆی بڵێ، ئه‌وپه‌ڕی خۆشبه‌ختییه، به‌ڵام ئه‌م پرسه به ته‌نها هه‌ڵگری به‌هایه‌كی ئه‌وتۆ نییه.
ئه‌لیس شوارتزهر: ده‌خوازم پرسیارێكتان لێبكه‌م كه ڕواڵه‌تییه، به‌ڵام به دیدی من گرنگ ده‌رده‌كه‌وێ و ئه‌وه‌ش له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌نده پراكتیكیهی ژیانی ئێوه‌وه‌یه، زۆرجار له نێو هاوسه‌ره‌كان، مه‌سه‌له‌ی پاره ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌گێرێ. پرسه ماددیه‌كان ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان هه‌یه. ئایا پاره ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی له نێوانتاندا هه‌بووه؟
جان پۆڵ سارته‌ر: له نێوان ئێمه‌دا نه‌خێر. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه بۆ هه‌ر یه‌ك له ئێمه پاره بایه‌خێكی زۆری هه‌بووه، بۆ هه‌ردووكمان، زۆرجار ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ردوكمان پێكه‌وه، چونكه مرۆڤ پێویسته بژێت، به‌ڵام بۆ ئێمه هه‌رگیز گرفتێك نه‌بووه و هیچ كات كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان به جێ نه‌هێشتووه، یان هه‌ر یه‌ك له ئێمه كه پاره‌ی هه‌بووه دابه‌شی كردووه، یان پاره دابه‌ش ده‌كه‌ین یا له یه‌ك جیابووین.
سیمۆن دوبۆڤوار: ئه‌و كاته‌ی گه‌نج بووین، سارته‌ر میراتێكی زۆر كه‌می له دایه‌گه‌وره‌ی بۆ به‌جێمابوو، من هه‌رگیز تووشی ناره‌حه‌تی و نائارامی ویژدان نه‌بووم له‌وه‌ی كه خه‌رجی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌ردوكمان سه‌فه‌ر بكه‌ین. ئێمه هه‌رگیز ڕێسایه‌كی تایبه‌ت و دژوارمان بۆ ئه‌م كاره نه‌بوو. سه‌رده‌مانێ هاته پێش كه من ناچار بووم ڕاسته‌وخۆ به پاره‌ی سارته‌ر بژێم و ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش دوو تا سێ ساڵیی دوای جه‌نگ بوو، چونكه ده‌مویست كاری نوسه‌ری بكه‌م (پێموایه كتێبی «ره‌گه‌زی دووه‌م» بوو. ئه‌گه‌ر له‌و كاتانه‌دا ئیشێكیشم بۆ خۆم په‌یدا بكردبایه (چونكه وازم له وانه‌ووتنه‌وه هێنابوو) نه‌مئه‌توانی ئه‌نجامی بده‌م و له‌و كاتانه‌دا سارته‌ر پاره‌یه‌كی زۆری هه‌بوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه منی ناره‌حه‌ت نه‌ده‌كرد. هه‌ر چه‌ند ساڵێ لهمهوپێش بوو كه ڕه‌وشی ماددی سارته‌ر خراپ بوو، ئه‌م جاره ئه‌وه من بووم به فریای كه‌وتم. له‌م بواره‌دا ئێمه كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو. پاره ماڵێكی تریشی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حیساب و كتابی مادیشمان له یه‌ك جیا بێت و پێویستیشی به حیسابی قه‌رزدان نه‌بێ. من هه‌ر كارێك بمه‌وێ به پاره‌كه‌م ئه‌یكه‌م و ئه‌ویش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام به مانایه‌ك پاره‌ی هه‌ردوكمان یه‌ك شت بوو.
ئه‌لیس شوارتزهر: ئه‌مه‌وێ جارێكی تر به كورتی ئاماژه به پرسی نیشته‌جێبوونتان بكه‌م. بڕیارماندا بوو كه له‌گه‌ڵ یه‌كتر له شوێنێكی هاوبه‌ش نه‌ژێن. ئایا ئه‌م چه‌شنه ژیانه ته‌نها تایبه‌ت به‌و كه‌سانه نییه كه پێدراوگهلێكی ماددیان هه‌یه؟
جان پۆڵ سارته‌ر: پێموایه بۆچی؟
سیمۆن دوبۆڤوار: هه‌ڵبه‌ته ئێمه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووین و هه‌ر كامه‌مان ته‌نها مافی مامۆستاییمان وه‌رده‌گرت و ده‌یتوانی خه‌رجییه‌كانی شوێنی نیشته‌جێبونمان له هوتێڵ ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داهاتی مرۆڤ باش نه‌بێ، زۆر زه‌حمه‌ته كه مرۆڤ بتوانێ ئه‌م هه‌موو خه‌رجیانه ده‌سته‌به‌ر بكات. بیری له‌یه‌ك جیا ژیان له‌وێوه هاته بوون كه ئێمه هه‌ردوكمان نهمائهویست خۆمان گرفتاری خانوویه‌ك بكه‌ین. ئێمه له هوتێڵ ئه‌ژیاین. من هه‌رگیز نه‌متوانی وێنای ئاپارتمانێك بكه‌م. له‌و كاته‌دا ئێمه نه‌ك ته‌نها نه‌مانویست پێكه‌وه بژێین، به‌ڵكو له بنه‌ره‌تدا نه‌مان ئه‌ویست له یه‌ك شوێن نیشته‌جێ بین.
ئه‌لیس شوارتزهر: به‌ڵام سه‌رده‌مانێ بوو كه ئێوه له یه‌ك هوتێڵ ده‌ژیان.
سیمۆن دوبۆڤوار: ئۆوو، به‌ڵێ.
جان پۆڵ سارته‌ر: ئۆوو، به‌ڵێ.
سیمۆن دوبۆڤوار: به‌ڵێ یه‌كجار زۆر و تاراده‌یك هه‌میشه له هه‌مان هوتێڵ، هه‌ندێ كات له نهۆمی جیاواز و هه‌ندێ كاتر تر له یه‌ك نهۆم و له‌هه‌مان ڕێره‌و له‌و نهۆمه‌دا، به‌ڵام وێرای ئه‌وه‌ش سه‌ربه‌خۆیه‌كی ته‌واومان هه‌بوو.