کانونی دووەم 18, 2021

کە مرۆڤ، کەسێکی نزیکی لێ چوو، چی بەسەردا دێت؟

ئاشکرایە کاتێک مرۆڤ کەسێکی نزیکی دەمرێت دەچێتە خەمێکی قوڵەوە بەڵام کاریگەریەکانی خەمی لەدەستدانی کەسێکی نزیک تەنھا بە لایەنی دەروونییەوە ناوەستێ بەڵکو کار دەکاتە سەر ئەندامە جیاوازەکانی جەستەش.

 

زۆر جار گوێبیست دەبین کە کەسیک بەھۆی خەم و پەژارەی زۆرەوە ژیانی بەجێھێشت دوای چەند ڕۆژیک لە مردنی ھاوسەرەکەی یان کەسێکی ئازیزی وە ئەوەی لە ڕاپۆرتە پزیشکیەکان دەردەکەوێت تەنیا ئەوەیە کە ئەو کەسە بە ھۆی خەمی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی بیروبۆچونە پزیشکییەکان پێگەیشتنی ھەواڵی مەرگی کەسێکی نزیک ڕەنگە ببێتە ھۆی تێکچونی ئەندامەکانی لەش و کە ڕەنگە لە رووی تەندروستییەوە زۆر مەترسیدار بێت.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەکرد کاتێک کەسێک گوێبیستی ھەواڵی مەرگی ئازیزێکی دەبێت ھەناسەکانی خێرا دەبێت و پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە و ھەست دەکات کە ھاوسەنگی لەشی لەدەستدەدات.

کاتێک مرۆڤ بە شێوەیەکی خراپ گاریگەر دەبێت ژیانی دابەش دەبێت بۆ دوو قۆناغ ؛ قۆناغی پێش مردنی کەسەکە و قۆناغی دوای مردنی.

دۆرتی ھۆڵینگر توێژەر و دەرونناس ئاماژە بەوە دەکات کاتێک مرۆڤ بە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا تێپەڕ دەبێت کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە لەشیدا ڕوو دەدات. ھەروەھا ڕونیشی کردەوە کە دەماخ بۆ ڕاھاتن لەگەڵ ئەو خەم و پەژارەیەی کە دوای مردنی ئازیزێکی دەیچێژێت کۆمەڵێک ھەستە دەماری نوێ پەیدا دەکات کە ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ھەڵسوکەوت و عادەتی ڕۆژانەی ئەو کەسە و ئەم گۆرانکارییانەش بە درێژایی ژیانی کەسەکە لەگەڵی دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە ژیانی.

ئەمانەش ئەو گۆرانکاریانەنە کە پاش لەدەستدانی یەکێک لە ئەندامانی خێزان ڕوو دەدەن و ھەندێکجارێش پەل دەکێشێت بۆ گۆڕانکاری گەورەتر بۆ نموونە پاش ماوەیەک دەبێتە ھۆی تێکچوونی خەو و نەمانی بەرگریی لەش و تووشبوون بە پەستانی خوێن.

جگە لەمانەش پزیشکان ئاماژە بە بارودۆخێکی تر دەکەن ئەویش لە پزیشکیدا بە دڵ شکان ناو دەبرێت کە بریتییە لە زیان پێگەیشتنی دەمارەکانی دڵ لە ئەنجامی ھەواڵێکی کتوپڕ و ناخۆش؛ ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کەسەکە پاش ماوەیەک لە مردنی کەسە ئازیزەکەی ژیان بەجێ بھێڵێت و دڵی لە لێدان بکەوێت.

ھاوکات ئەم جۆرە دڵشکانە لە کاتی جیاوازی تریشدا ڕوو دەدات بۆ نموونە کاتی تووشبوون بە کێشەی خێزانی و خیانەت و جیابوونەوە لە ھاوسەر یان خۆشەویست.

محمد لادێ - هه‌‌ولێر

 

© 2017 Hawler