کانونی دووەم 18, 2021

هاوڕێیەکم ساڵانێکی زۆر خوێنەر بوو، کتێبی زۆری خوێندبوویەوە کە هەندێکجار گەیشتبوومە حاڵەتی ئەوەی ئیرەیی پێ بەرم [لە ژیانمدا ئیرەییم بە هیچ شتێکی هیچ کەسێک نەبردووە تەنها ژمارەی ئەو کتێبانە نەبێت، کە خوێندوویەتیەوە].

 

ئەم هاوڕێیە شانازی زۆری بەو ژمارەی ئەو کتیبە زۆرەوە دەکرد، کە خوێندوویەتیەوە و زۆریشی باس دەکردن، بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی وتارێکی جوان یان دوو خولەک لەسەر تێمەی کتێبەکە قسە بکات. زۆرجار پرسیارم لەسەر ئەو کتیبانەی لێ دەکرد کە منیش خوێندبوومەوە، بۆ ئەوەی بزانم چی تێدا کەشف کردووە کە من نەمتوانیوە درکی بکەم، بەڵام ئەو بە هاکەزاییەکەوە باسی کتێبەکەی دەکرد و زوو بابەتەکەی دەگۆڕی.

ماوەیەکی زۆرە بیر لەو جۆرەی خوێنەر دەکەمەوە، کە لە چەشنی ئەم هاوڕێیەن شانازییەکی زۆر بە ژمارەی ئەو کتێبانەوە دەکەن، کە خوێندوویانەتەوە بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ سوودێک لەم هەموو خوێندنەوەیە وەربگرن. بەبێ ئەوەی خوێندنەوە هیچ لە ژیانیان بگۆڕێت.

ساڵانێکی زۆرە کاتێک دەخوێنمەوە شانازی بەوەوە ناکەم چەند کتێبم خوێندووەتەوە، شانازی بەوەوە ناکەم  ژمارەی کتێبە خوێندراوەکانم زیاد بکەم، بەڵکو هەمیشە شانازی بەوەوە دەکەم چەندە سوودم لەو کتێبانە بینیوە، کە خوێندومنەتەوە، تا چەند کاریگەرییان لەسەر دونیابینی و هزرم هەبووە. تا چەند منیان لە بوون بە دڕەندە پاراستووە. شانازی بەوەوە دەکەم تا چەند لە مرۆڤبوون نزیکبوومەوەتەوە.. مرۆڤ گورگێک لە هەناویدا خەوتووە، ئەگەر کتێب نەتوانێت ئەو گورگە ڕامبکات و بیخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە ڕۆژێک بە خەبەر دێت و دەکەوێتە وێزەی هەموو شتێکەوە و دواجاریش ڕەنگە خۆی وێران بکات.

ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەوکاتەی لە قۆناغی ئامادەیی بووم هاوڕێیەکم هەبوو، زۆر شانازی بە یەک کتێبەوە دەکرد، کە خوێندبوویەوە (وەک بیرم بێت کتێبی سینۆهە بوو) بەڵام ئەو تا ئەم ساڵانەش، کە بینیمەوە زۆر ئینسان بوو، خۆی دەیوت ئەو کتێبە گۆڕیویەتی و ئەوەی ویستوویەتی لەو کتێبەوە دەستی کەوتووە. بەڵام من بە پێچەوانەی ئەو هاوڕێیەوە چەندین کتێبم خوێندەوە لە خراپترینیانەوە هەر شتێک فێربووم، بە یەک کتیبەوە نەگیرسامەوە. هیچ کتێبێک نییە وانەیەکی تێدا نەبێت، ئەگەر ئەو وانەیە ئێستا بەکەڵکت نەیەت، ڕەنگە دوایی و لە سەردەمێکی دیکە دەبێتە جێگەی سوودبینین. هەر کتێبێک ئەزموونێکە، گرنگ نییە زۆر بخوێنینەوە، گرنگە بەو زۆر خوێندنەوەیە ببینە مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی، بڕیاردەر، داهێنەر، سوودمەند بۆ خۆمان و دەوروبەر و کۆمەڵگا...

ڕێگا ڕاستەکە خوێندنەوەیە، بەڵام ڕێگا ڕاستترەکە ئەوەیە خوێندنەوە بمانکاتە مرۆڤ، یان نیتچە گوتەنی مرۆڤی باڵا.. 

بۆ بوون بە مرۆڤ چەندین ڕێگا هەیە، وەک چۆن بۆ بوون بە دڕندەش سەدان ڕێگا هەیە. دەشێ خوێندنەوە بکەینە دەروازەیەک بۆ بیرکردنەوە و ڕامان لە خۆمان و دەوروبەرمان. دەروازەیەک بێت بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی ئێستا و ئایندەمان و پڕۆژە و چالاکیمان. بەبێ ئەمانە خوێندنەوە سوودی نییە، مایەی شانازی نییە. بەڵام کاتێک خوێندنەوە خۆشەویستی لە دڵدا زیاتر کردین. هزر و ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتر کردین، دڵی گەورەتر کردین. ئەوکات جێگەی ئەوەیە شانازی بە خوێندنەوەوە بکەین.  

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

© 2017 Hawler