
بەشی یەکەم
یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی له‌م دواییانه‌دا سەبارەت بە چه‌مكی "دادپه‌ره‌وه‌ری" خوێندمەوە كتێبی "ده‌روازه‌یه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی دادپه‌روه‌ری" بوو، كه "د. حسێن به‌شیریه" نووسیویەتی و "ڕه‌زا مه‌نوچه‌هری" وەریگێڕاوەتەوە. كتێبه‌كه له دوتوێی (120) لاپه‌ڕه‌دا و له زنجیره بڵاوكراوه‌كانی "یانه‌ی قه‌ڵه‌م"ه.
كتێبی "ده‌روازه‌یه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی دادپه‌روه‌ری" له چه‌ند به‌شێكی كورت پێكهاتووه، ئه‌مه بێجگه له‌وه، كه "په‌یڤێك"و پێشه‌كییه‌كی نووسه‌ریشی له خۆگرتووه، كه نووسه‌ر له‌و په‌یڤ و پێشهكییهدا هه‌وڵی داوه ڕوانگه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی له‌مه‌ڕ چه‌مكی دادپه‌روه‌ری بخاته‌ڕوو. له پێشهكییهكهدا نووسه‌ر له وه‌ڵامی پرسیاری دادپهروهرانهبوون چییه؟ دوو خاڵ ده‌خاته ڕوو، كه ئێمه‌ش لێره‌دا ده‌یخه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: دادپه‌روه‌ری به‌واتای به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رانبه‌ره له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن و په‌یمان (گریبه‌ست)، كه تێیدا نیازی كرده‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی درێژخایه‌نی تاكه. دووه‌م: دادپه‌روه‌ری به‌واتای بێلایه‌نبوونه، له‌و مانایه‌دا كه بتوانین به‌رگری لهههڵسوكهوتی خۆمان بكه‌ین به‌بێ گه‌ڕاندنه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان. به‌و جۆره‌ی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی كۆندا ده‌گوترا، ده‌بێت هه‌ر كارچاكییهك سوودێكی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی تێدا بێت. به‌ڵام له‌روودا دادپه‌روه‌ری كارچاكییهكه، كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سانی دیكه‌دا ده‌شكێته‌وه، نه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی كارگێڕ‌و جێبه‌جێ كاره‌كانیدا.
له به‌شی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر ڕوانگه‌كانی پێش مۆدێرنه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌م چه‌مكه خستووەته ڕوو و له یۆنانی كۆنه‌وه ده‌ستی پێكردووه تا ده‌گاته سه‌رده‌می كلاسیك. به‌شیرییه له‌مه‌ڕ بۆچوونه‌كانی ئه‌فلاتوون له‌مه‌ڕ ئه‌م چه‌مكه ده‌نوسێت: به‌پێی بۆچوونه‌كانی ئه‌فلاتۆن، له بنه‌ڕه‌تدا دادپه‌روه‌ری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆیی تاك بووه، كه لهقهبارهیهكی به‌رفراواندا له‌نێو كۆمه‌ڵگادا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتۆنه‌وه كارچاكی له سێ به‌شی خوو و سروشتی مرۆڤدا شاراوه‌یه، كه بریتین له: یه‌كه‌م: حه‌ز. دووه‌م: ویست و ڕامان له هاوسه‌نگیدا. سێیه‌م: ئازایی‌و تێڕامان. هه‌روه‌ها به‌شیرییه له‌مه‌ڕ ڕوانگه‌ی ئهرستۆشەوە ده‌نووسێت: ئه‌ره‌ستۆ له‌نێوان دوو جۆر دادپه‌روه‌رییدا جیاوازی داده‌نا. یه‌كه‌م: دادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی سامان، یان كه‌ره‌سته‌كاندا، یان شته داواكراو خواستراوهكانی دیكه‌دا. دووه‌م: دادپه‌روه‌ری لهپاداشتو سزادا، وه‌ك دیاریكردنی جۆری سزا و پاداشت.
پاشان به‌شیرییه ئاماژه‌ی به هه‌ر دوو نه‌ریتی هۆبزی و كانتی داوه. كه به‌پێی بۆچوونی هۆبز دابینكردنی دادپه‌روه‌ری به‌مانای سیفه‌تی پراتیكی دهسهڵاتئاسای ده‌سه‌ڵاتدارانه نه‌ك هاوڵاتییان. ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، كه كرداری هاوڵاتییان وه‌ك تاك به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه، یان هیومانیستییانه بێت، به‌ڵام ناكرێت رێك له‌یه‌ك مانادا و به‌یه‌ك وشه ئه‌و كردارانه به‌دادپه‌روه‌ری، یان نادادپه‌روه‌ری بزانین، له‌مڕووه‌وه‌یه كه ئه‌خلاق له‌مانای وردی وشه‌دا به‌مه‌یدانی كرداری تاك لێكده‌درێته‌وه. به‌ڵام هه‌ر زوو بۆچوونه‌كانی هۆبز سه‌باره‌ت به‌دادپه‌روه‌ری و كرداری دادپه‌روه‌رانه، په‌رچه‌كردار و وتووێژ و باس و خواسێكی زۆری وروژاند كه نزیكه‌ی سه‌د ساڵ درێژه‌ی كێشا. له‌به‌رامبه‌ر ڕوانگه‌كانی هۆبزدا گروپێك له‌بیرمه‌ندانی زانكۆێ (كه‌مبریج) كه به ناوی "ئهفلاتۆنییهكانی كه‌مبریج" ده‌ناسران هه‌ڵوێستێكی هاوشێوه‌ی ئهفلاتۆنیان وه‌رگرت. بۆ نموونه (راڵف كادۆرس) به‌مجۆره‌ی دهبهڵگاند، كه كرداری چاكه‌و دادپه‌روه‌رانه له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌زو په‌یمانه مرۆییه‌كان نییه، به‌ڵكو هه‌ڵگری پێوانه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌و راستییه، كه ده‌توانین ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئاوه‌زه‌وه بناسینه‌وه.
هاوكات به‌ده‌ر له ده‌یڤید هیومو جێرنی بێنتام گرنگترین ڕوانگه، كه له‌هه‌مان سه‌ده‌ی حهڤدهیهمداو له‌به‌رانبه‌ر ڕوانگه‌ی هۆبز له‌فه‌لسه‌فه‌ی ئهخلاقو سیاسه‌تدا هاته‌ئاراوه ڕوانگه‌ی سپینۆزا بوو، كه به‌درێژایی زه‌مه‌ن له‌هه‌مبه‌ر نه‌ریتی فیكری هۆبزدا نه‌ریتێكی هزری جیاوازی پێكهێنا. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی هۆبزدا، كه حه‌زكردن له‌چێژ به‌خود و سروشتی مرۆڤ ده‌زانێت و هۆبز له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ڵێنجاندنی بۆ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت ده‌كرد، سپینۆزا حه‌زه سروشتییه‌كانی مرۆڤ به‌جۆریك له‌كۆت و به‌ند ده‌ژمارد و له‌و بڕوایه‌دا بوو، كه مرۆڤ ناتوانێت له‌ناو كۆت‌و به‌ندی ئه‌و حه‌زانه‌دا ببێت به‌خاوه‌ن ویستێكی ئازاد، كه‌واته به‌رژه‌وه‌ندی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ له‌تێركردنی حه‌زه سروشتییه‌كاندا نییه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ به‌هۆی به‌كارهێنانی ئاوه‌زه‌وه لهگۆڕانكاری ئه‌و حه‌زانه‌دا شاراوه‌یه.
ماویەتی
ئارام كۆشكی - سلێمانی