کانونی دووەم 18, 2021

جۆری ئه‌وپیاوانه‌ی ناپاکی هاوسەری ئەنجام دەدەن؟

دەروونناس سامان سیوەیلی دەینوسێت

 

دەتوانین جۆری ئەو پیاوانەی ناپاکی دەکەن یاخود گرنگترین پاڵنەرەکانی پشت ناپاکی هاوسەری پیاوان لە (27) خاڵدا کورت بکەینەوە، ئەگەرچی ڕەنگە پاڵنەری تریش هەبن، بەڵام ئەمانە گرنگترینیانن:
١- (ناپاک)ـی کەمتوانا لەڕووی سێکسییەوە:
لەمبارەدا پیاو وێڕای ئەوەی کەمتوانا و لاوازە لەڕووی سێکسییەوە بەڵام پەنا دەبات بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی، ئامانجی پیاو لەم ڕەفتارە ناپاکیانەی خۆ چالاککردنیەتی لەڕووی سێکسیی و بەگەڕخستنەوەی تواناکانیەتی، ئەمجۆرە پیاوانە هەوڵدەدەن فرەپەیوەندی بن، واتە بەیەک پەیوەندی ناپاکیەوە ناوەستن، زۆر جاریش هەوڵدەدەن لەگەڵ کچانی تەمەن بچوکدا پەیوەندی سێکسی بکەن تاکو هەست بەبەهێزی خۆیان بکەن، یان بەدوای ئەو ئافرەتانەدا وێڵن کە زۆر بەباشی دەیانوروژێنن تاکو لەو هەست بەکەمتوانایی سێکسییە ڕزگاریان ببێت، ئەمجۆرە پیاوانە لەڕێی دروستکردنی ئەم پەیوەندیانەوە دەیانەوێت باوەڕبەخۆبوون بگێڕنەوە بۆ خۆیان و پەیامێک بەخودی خۆیان و هاوسەرەکانیان بدەن کە ئەوان لەڕووی سێکسییەوە هێشتا بەکارن.
٢- ناپاکیکردن وەک تۆڵەکردنەوە:
لەمبارەدا پیاو لەئەنجامی ناپاکی کردنی هاوسەرەکەیەوە، پەنا بۆ ناپاکیکردن دەبات وەک تۆڵە لێکردنەوە، جا هاوسەرە ئافرەتەکەی بەڕاستی ناپاکی کردبێت یان تەنها وەهمێک بێت لەمێشکی پیاوەکەدا، کە هاوسەرەکەی ناپاکی لێدەکات، یاخود ناپاکی کردنی پیاو لەمبارەدا تۆڵەکردنەوەیە لە هاوسەرەکەی لەبەرئەوەی فەرامۆشی کردووە و گرنگی پێنادات و وەک پێویست ڕێزی لێناگرێت.
٣- ناپاکی بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە سۆزداری و سێکسیەکان:
لەمبارەدا پیاو بەهۆی ئەوەی بۆشاییەکی زۆری هەیە لەڕووی سۆزداری و سێکسی و گرنگیپێدانەوە لەلایەن هاوسەرەکەی خۆیەوە، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی گوێی پێنادات یان بەردەوام نەخۆشە یان بەردەوام کێشەیان هەیە و ناتەبان، یان هاوسەرە ئافرەتەکە بەردەوام خۆی بەکار و شتی لاوەکیەوە سەرقاڵ دەکات، یاخود ئەگەر ئافرەتەکە لەڕووی توانا سێکسیەکانیەوە سارد بێت، پیاو پەنا بۆ ناپاکی کردن دەبات بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە سۆزداری و سێکسیەکانی.
٤- (ناپاک)ـی فێڵباز:
لەمبارەدا پیاو هەوڵدەدات هاوسەرەکەی خۆی و ئەو ئافرەتە یان ئەو ئافرەتانەی دیکە بخەڵەتێنێت کە پەیوەندی لەگەڵیاندا هەیە، بەمەبەستی بەدیهێنانی حەز و خواستەکانی خۆی، ناپاکیکردن لای ئەمجۆرە پیاوانە لە گەمەیەکی چێژبەخش دەچێت، ئەمجۆرە پیاوانە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن کە لێزانانە دەتوانن یاری بە هەستی چەندین ئافرەت بکەن لەیەک کاتدا، هەروەها ئەو هەستەیان پێدەبەخشێت کە توانای زاڵبوونیان هەیە بەسەر چەند کەسێکدا لەیەک کاتدا و لەڕووی مادی و سۆزداری و سێکسیەوە توانای دۆشینی ئەو چەند ئافرەتانەی هەیە.
٥- (ناپاک)ـی سەرکێش:
لەمبارەدا پیاو حەزی بەسەرکێشیە و هەمیشە دەخوازێت لەو ناوچە مەترسیدارانەدا هەڵسوکەوت بکات کە کۆمەڵگە وەک هێڵی سور نەخشاندویەتی، بە واتایەکی دیکە ئەم پیاوانە چێژ لەژیانی هاوسەری خۆیان نابینن چونکە سەرکێشی تێدانیە، بەڵکو هەمیشە بەدوای دروستبوونی پەیوەندی ناپاکیدا دەگەڕێن و ئەو جۆرە پەیوەندیانە دروست دەکەن کە مەترسی بۆ ئەوان تێدابێت، واتە لای ئەو تاڵی ئەو پەیوەندیە ژێربەژێر و مەترسیدارانە لای ئەوان شیرینیەکی چێژبەخشە.
٦- ناپاکیکردن بەهۆی بێ باوەڕبوون بەخودەوە:
لەمبارەدا ئەو پیاوانەی ئەو هەستەیان لادروستبووە کە پەراوێزخراون و نەبوونەتە جێگەی سەرنجی ئافرەتان و لەلایەن دەوروبەرەوە پەسەند نەبوون، کاتێک ئەم جۆرە پیاوانە بە پلە یان پۆستێکی باڵا دەگەن یان لەڕێی بازرگانی یان گەندەڵییەوە بە سامان و سەروەتێک دەگەن، هەوڵدەدەن خۆیان تاقی بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە لەڕابردوودا لەدەستی ناڵاندوویانە، ئەمجۆرە پیاوانە دەیانەوێت لەڕێی خۆ فڕێدانە ناو پەیوەندی سۆزداری و سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری بڕوابەخۆبوون بۆ خۆیان بگەڕێننەوە، کاتێکیش ئەم پەیوەندیە ناپاکیانە دەکەن بەهۆی ئەوەی پلەیەک یان پۆستێکیان هەیە یان پارە و پولێکی زۆریان هەیە چەندین ئافرەت هەوڵی خۆ لێ نزیککردنەوەیان دەدەن و ئەمانیش ئامانجەکانی خۆیانیان لەگەڵیاندا بەدیدەهێنن.
٧- (ناپاک)ـی سادی:
لەمبارەدا پیاو هەستێکی سادیانە هەیە کە چێژ لە ئازاردان و سوکایەتی کردن بە ئافرەت دەبینێت، هەوڵدەدات زۆرترین ژمارە لە کچان و ئافرەتان بخاتە ژێر ڕکێفی سۆزداری و سێکسی خۆیەوە، سەرەتا هەوڵی بەدەستهێنانی دڵی ئەو ئافرەتانە دەدات، هەر کاتێک ئافرەتەکە هۆگری بوو ئینجا بەجۆرێک لەجۆرەکان هەوڵی ئازاردانی دەروونیانەی دەدات، تەنانەت لە پەیوەندیە سێکسیەکانیشیدا چێژ لە ئازاردانی بەرامبەرەکەی وەردەگرێت، بە واتایەکی دیکە ئەمجۆرە پیاوانە چێژ لە ئەشکەنجەدانی دەروونیانەی ئەو ئافرەتانە وەردەگرن کە پەیوەندی ناپاکی لەگەڵدا بەستوون، هۆکاری ئەم ڕەفتارە شەڕەنگێزانانەی ئەمجۆرە پیاوانە لەژێر پەردەی پەیوەندی سۆزداری و سێکسیدا لەچوارچێوەی ناپاکیکردنی هاوسەریدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، یان بەهۆی ناشیرینی ڕوخساریەوەیە کە هەست دەکات پەسەند نیە لای دەوروبەر، یان بەهۆی ئەوەوەیە کە لەمنداڵیدا پەیوەندی خراپ بووە لەگەڵ دایکیدا، یان بەهۆی ئەوەوەیە کە لەیەکەم پەیوەندی سۆزداریدا دووچاری شکست بووە لەسەر دەستی کچێکدا، یان خاوەن کەسێتیەکی سایکۆباتیە، هەربۆیە ئەمجۆرە پیاوانە لەگەڵ یەکەم ڕوبەڕوبونەوەیاندا لەگەڵ هەر ئافرەتێک کە بۆ یەکەمجار دێتە بەردەمی ئەو هەستە شەڕەنگێزانەیە دایاندەگرێت.

 

© 2017 Hawler