کانونی دووەم 18, 2021

ڕەخنەی ئەنگڵز لە فۆیەرباخ

 (1-3)

 

لێكدژیی لەنێوان تەفسیری ماتریالی بۆ سروشت و تێگەیشتنی ئایدیاڵی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، لێکدژییەکی سەرەکییە لە ڕێبازە فەلسەفییەکەی فۆیەرباخدا. ئەم لێکدژە بۆتە هۆکاری سەرەکی ئەم واقیعە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم رێبازە کە لە کاتی خۆیدا پەرەیدا بە تیۆری فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان و بە فراوانی بڵاویکردنەوە، لەگەڵ ئەمەدا بە خێراییەکی زۆر زیندووێتی و بایەخی خۆی لەدەستدا و لە کایەی مێژووی فیکری مرۆییدا ون بوو. سەرچاوەکانی ئەم لێکدژییە وا لە فەلسەفەی فۆیەرباخ خۆیدا، وا لە بنەما سەرەکییەکانیدا، وا لە ڕوانگەکانیدا، کە دەبێت لێی ئاگادار بین ئەگەر بەشێوەیەکی گشتیش بێت.

فۆیەرباخ لە ڕێگەی ڕەخنەگرتن لە ئایینەوە چووە نێو ماتریالیزمەوە، ئەم ڕەخنەیەیشی تا دوا سنووری لۆژیکیی خۆی ڕاکێشا تاوەکو هەم ئایین و هەم نزیکترین نزیکانی ئایین –فەلسەفەی ئایدیاڵیزم، پێش هەموو شتێک کەسایەتی ئایدیاڵیزمی ڕەهای هیگڵی- بگرێتەوە. ئەو نەنگیی دۆکترینی سەرەکیی ئایدیاڵیزمی لەوەدا دەبینی کە ئایدیاڵیزم پێیوایە بوون و فیکر یەک شتن، یان ئایدیاڵیزم دان بەوەدا دەنێت کە فیکر، واتە بنەمای ئایدیاڵی، سەرچاوەی هەموو بوونێکە. بە پێچەوانەی ئایدیاڵیزمەوە، فۆیەرباخ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جیهان هەر بە جەوهەر ماتریاڵییە، لە دەرەوەی ئەو فیکرە مرۆییە بوونی هەیە کە دەیناسێت و لەم فیکرە مرۆییە سەربەخۆیە. سروشت، بە هەموو هەمەجۆری و فرەیی ڕواڵەتەکانییەوە، چاووگ و بنچینەی بوونی مرۆییە، سروشت ئەسڵ و پەرەسەندنی مرۆڤ دیاریی دەکات، مرۆڤیش بەشێکی دانەبڕاوە لە سروشت و لەگەڵ یاسا تایبەتییەکانی خۆیدا ملکەچ دەبێت بۆ هەمان ئەو یاسا ئوبێکتیڤانەی کە سەرجەم بوونەوەرانی سروشت بۆی ملکەچ دەبن. بۆ تەفسیرکردنی سروشت و بۆ تەفسیرکردنی بوونی مرۆیی، پێویست ناکات بەدوای هۆکاری تردا بگەڕێین جگە لەو هۆکارانەی کە لە واقیعی دەوروبەرماندا دەیانبینین، جگە لە جیهانی دیاردە کردەییە سروشتییەکان؛ جگە لەم جیهانە هیچ جیهانێکی دیکەی غەیبی یان سەروو سروشتی، بوونی نییە. بەم پێیە، فۆیەرباخ ئەو ئەرکە سەرەکییەی بینیووە کە ڕووبەڕووی فەلسەفەی نوێ دەبێتەوە، کە لەم بنەمایەدا دایهێناوە و دایڕشتووە: ''قەتیسکردنی هەموو سەروو- سروشتێک لە سروشتدا بەهۆی مرۆڤەوە، قەتیسکردنی هەموو سەروو-مرۆڤێک لە مرۆڤدا بەهۆی سروشتەوە''.

فەلسەفەی ماتریاڵیی فۆیەرباخ بە فەلسەفەی ئەنترۆپۆلۆژی ناونراوە، چونکە دامەزرێنەری ئەم فەلسەفەیە لە ڕێنماییەکانی خۆیدا، مرۆڤی خستۆتە پێگەی یەکەمەوە و ڕایگەیاندووە کە مەعریفەی مرۆڤ و سروشت کە مرۆڤی لێوە پەیدا بووە، ئامانجی سەرەکی فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانە. لە نووسینەکانیدا دەڵێت: ''فەلسەفەی نوێ مرۆڤ، هەروەها سروشتیش وەک بنچینەی مرۆڤ، دەکات بە تاکە بابەتێکی گشتی و باڵاتر لە فەلسەفە و، ئینجا ئەنترۆپۆلۆژیا، بە فیزیۆلۆژیاشەوە، دەگۆڕێت بۆ زانستێکی گشتی''.

لە ڕوانگەی ماتریالیزمی ئەنترۆپۆلۆژیی فۆیەرباخەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی دەروونیی فیزیۆلۆژییە. بە بڕوای ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە، مرۆڤ لە یەک کاتدا هەم ئوبێکتێکی ماتریاڵییە و هەمیش سوبێکتێکی بیرکەرەوە، ئەمەیش گوزارشتە لە یەکەیەکی جیانەکراوە لەنێوان بنەمای ماتریاڵی و بنەمای ڕۆحیدا. لەم ڕوانگەیەوە، فۆیەرباخ بۆچوون و جیهانبینییە ماتریاڵییە ئاستنزمەکان دەربارەی مرۆڤ وەک میکانیکێک لە میکانیکەکانی سروشت، ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئەنترۆپۆلۆژیای فۆیەرباخ لەسەر تەفسیرکردنی بیۆلۆژی (نەک لەسەر تەفسیری کۆمەڵایەتی)ـی بۆ سروشتی مرۆڤ چڕبۆتەوە، ئەمەیش ئەو دۆخەیە کە نەیهێشتووە بڕواتە پێش و ڕێگربووە لەوەی لە چوارچێوەی هەڵوێستی میتافیزیکی بۆ ناسینی جیهان دەربچێت، ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، وەک ئەنگڵز ئاماژەی پێدەدات، وا دەردەکەوێت زانینە فەلسەفییەکانی فۆیەرباخ، کە لە ناوەڕۆکدا پۆزەتیڤن، زۆر هەژارترن لە ئایدیاڵیزمی دیالەکتیکی هیگڵ، کە ڕووپۆشە سۆفیگەرییەکەی، شیکارییەکی قووڵیی یاسا سەرەکییەکانی جیهانی ڕاستەقینەی داپۆشیوە. ئەنگڵز وتوویەتی: ''بەڵام لای فۆیەرباخ، مەسەلەکە تەواو بە پێچەوانەوەیە، ئەو لە ڕووی فۆڕم و ڕواڵەتەوە واقیعییە، بەڵام هیچ ورتەیەکی لێوە نایەت دەربارەی ئەم جیهانەی وا مرۆڤی تێدا دەژی، بۆیە هەمیشە مرۆڤ لای فۆیەرباخ هەر وەک ئەو مرۆڤە ڕووت و قووتە دەمێنێتەوە کە.. لە جیهانی واقیعیدا ناژی، ئەو جیهانە واقیعییەی لە ڕووی مێژووییەوە گەشەی کردووە و مێژووییانە ئەدگاری خۆی کێشاوە؛ مرۆڤەکان ئەگەرچی ئەو پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکانی تردا هەیە، بەڵام هەر یەکێکیان ئەبستراکت و ڕووتن، بەقەد ئەوەی کە خۆی ئەبستراکت دەکاتەوە''.

بەم جۆرە فۆیەرباخ تەنیا بە شیکاریی سروشتی مرۆڤ لە لایەنە بایۆلۆژییەکەیەوە گیرسایەوە و، ڕایگەیاند کە ئەنترۆپۆۆلۆژیا زانستێکی گشتی و هەمەکییە، یارمەتیمان دەدات بۆ کەشفکردنی هەموو نهێنییەکانی بوونی مرۆیی، بەمەیش لە ڕووی جەوهەرەوە لە هەمان ئەو ئاستەدا مایەوە کە ماتریاڵیستەکانی سەدەی هەژدەدا پێیگەیشتن، کە خۆی ڕەخنەی لێدەگرتن. هەر وایش بوو، ئەگەر لای ئەم ماتریالێستانە، مرۆڤ تاکێکی ئەبستراکت بێت، بەرهەمهێکی خامۆشبووی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە بێت کە لە پەرەسەندنی ڕاستەقینەی مێژوویی بێبەشکراوە، ئەوا "مرۆڤ"ـی فۆیەرباخی تاکێکی بایۆلۆژیی کەم ئەبستراکتتر نییە، تاکێکە کە بە دەستکرد لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی جودا کراوەتەوە، لە دەرەوەی بار و ڕەوشی بوونە کۆمەڵایەتییە مێژووییە بەرهەستەکەی و لە دەرەوەی چالاکییە کردەییەکەی لێی کۆڵراوەتەوە. هەروەها، سروشتی ئەم مرۆڤە پەرە ناستێنێت، خۆی سەرمەدییە، خولیا سەرەکییەکانیشی کە هەڵسوکەوتەکانی دیاریی دەکات، هەر وەکو سروشتەکەی سەردمەدین. نا-مێژووێتی ماتریاڵیزمە ئەنترۆپۆلۆژی و میتافیزیکییەکەی فۆیەرباخ هۆکارە سەرەکی بوون بۆ مۆرکی چەمکە سۆسیۆلۆژییە ئایدیاڵییەکانی. لە کتێبە هاوبەشەکەی مارکس و ئەنگڵزدا "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی" (1845-1946)، ئاماژە بەوە دراوە کە: ''.. ئەگەرچی فۆیەرباخ ماتریاڵیستە، کەچی مێژوو لە دەرەوەی بواری بینینی ئەودایە، جا لەبەرئەوەی ئەو لە مێژوو ناکۆڵێتەوە، بۆیە هەرگیز ماتریاڵیست نییە''. ئەنگڵز لە بەشی سێیەمی کتێبەکەی خۆیدا "لودفیگ فۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمان" بە ڕوون و ڕاشکاوی ئەو مۆرکە ئایدیاڵییە پیشان دەدات کە بە ناچاری پەیوەستبووە بە تێگەیشتنی فۆیەرباخەوە لە جەوهەری ژیانی کۆمەڵایەتی، کە بەو پەڕی ڕوون و ڕۆشنی لە تێڕوانینەکانیدا لەمەڕ ئایین و پەیوەندییە ئەخلاقییەکان، دەردەکەوێت.

بەلای فۆیەرباخەوە، خەباتکردن دژ بە ئایین تەنیا خاڵی دەرچوون لە ئایدیاڵیزمەوە بۆ ماتریاڵیزم نییە، بەڵکو لە ژیانیشیدا بوو بە دۆزی سەرەکی. بە پێچەوانەی ڕوانگەی زۆربەی فەیلەسوفەکانی پێشترەوە، بە پلەی یەکەمیش ئایدیاڵیستەکان، فۆیەرباخ پێیوابوو فەلسەفە و ئایین، دوو تێگەیشتنن لە جیهان کە یەکێکیان ئەویتریان نەفیی دەکاتەوە. ئەو هۆکاری زیندووێتی بیروباوەڕە ئاینییەکانی تەنیا لە خەڵەتاندنی جەماوەری میللی نەزاندا نەبینی، وەکو ئەوەی ڕۆشنگەرە فەرەنسییەکان سەلماندبوویان، بەڵکو هۆکارە ڕاستەقینەکانی سەرهەڵدان و بوونی ئایینیشی لە خودی مرۆڤ و لە ڕەوشەکانی ژیاندا، پشکنی، پێش هەموو شتێک لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان خەڵک و سروشت، هەروەها لە پەیوەندیی دەستیاوانەی نێوان خەڵک خۆیان. بە بڕوای فۆیەرباخ، ئایین بەرهەمی دەروونی مرۆییە. بەڵام لە عەقڵی مرۆڤەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە خیانەت لە دنیابینییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. فۆیەرباخ جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە پێویستە هەڵچوونەکان و هەستەکان، کە لە کۆنتێسکتی کارلێک لەگەڵ جیهانی دەوروبەرەوە لە مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن، هۆکاری سەرەکیی ئایین بن. مرۆڤ بە هێزی وێناکردن و دنیابینییەکەی و بەهێزی خەیاڵەکەی، چوارچێوەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی هەستەکیی بەرکەوتن لەگەڵ سروشتدا تێدەپەڕێنێت و بوونەوەرێکی یەزدانی، سەراپا جەبەروت، سەراپا چاک، حەکیم، نیشتەجێ لە سەرووی جیهانەوە، دەخوڵقێنێت. لە ئاییندا، جیهان و مرۆڤ بەشێوەیەکی شێوێنەرانە و خەیاڵی ئاوەژوو دەکرێنەوە؛ لەمەیشدا شتەکان و دیاردەکان دەردەکەوت، نەک بەو فۆرمەی کە لە واقیعدا هەن، بەڵکو بە ئاوێنەی جیهانبینییەکی نەخۆشانە، شێواون.

و:هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler