کانونی دووەم 17, 2021

ڕانانێك بۆ خوێندنەوەی كتێبی (گەشتوگوزار دەروازەیەك بۆ بوژانەوەی نیشتیمان)ـی نادر ڕوستی

كتێبی گەشتوگوزار دەروازەیەك بۆ بووژانەوەی نیشتمان، چوارەمین كتێبی چاپكراوی بواری گەشتوگوزاری نوسەر نادر ڕؤستییە، كە بەم دواییانە كەوتە بەر دەستی خوێنەران.

 

ناوەڕۆكی كتێبەكە لە 7 دەروازە و كۆمەڵێ بابەتی جوان و گرنگی پڕ لە زانیاری پێكهاتووە، تیشكی خستۆتە سەر ستراتیژیەتی گەشتوگوزار و بەبازاڕكردن و وەبەرهێنانی گەشتیاری، هەروەها پەنجەی لەسەر كۆی گرفتی بابەتی پەیوەست بە گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستانی داناوه و هەم لەگەڵ ئەمەشدا زۆر بە وردی و شارەزاییانە ڕێ و شوێنی گونجاو و چارەسەریشی لە پاڵیدا بۆ كێشەكان دیار كردووە،  لە دەروازەی كۆتاییدا چەندان ئاماری زۆر گرنگی لەسەر گەشتوگوزاری هەرێم و لەسەر گەشتوگوزاری جیهان خستۆتەڕوو. ئاشكرایە كەرتی گەشتوگوزار بەیەكێك لەگرنگترین بوارەكانی پەرەپێدانی ئابووریی وڵات دادەندرێت، تەنانەت لە زۆربەی وڵاتان لە ڕیزبەندی پێشەوەیە، بەداخەوە پشت بەستنی هەرێم تەنها بەداهاتی نەوت و پشت گوێ خستنی سێكتەری گەشتوگوزار بۆتە هۆی ئەوەی كە وەك پێوست گرنگی تەواو بە گەشتوگوزار نەدرێت، بەڵام گۆڕانی دۆخی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و كێشە ئابوورییەكان، وایكرد كە گەشتوگوزار ببێتە نەوتی ئایندە و پیشەسازیی پێشكەوتووی زۆرێك لە وڵاتان.                                                                                              

نووسەر هەم وەك كادیرێكی خەمخۆری مەیدانی گەشتوگوزار وهەم وەك نووسەرێكی ئەم بوارە چەندین ساڵە لە خەمی شەن و كەوكردنی بابەتەكانی تایبەت بەم سێكتەرە كار دەكات، هەوڵەكانی بۆ پێشكەوتنی و وەگەڕخستنی سامانی گرنگی گەشتوگوزار بەكارهێناوە، لە كتێبەكەدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو كەرەسە خاوەكانی پێشكەوتنی چالاكی گەشتیاری تێدا بەرجەستە بووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە (چیا و دۆڵ و ڕووبارو دارستان و ئەشكەوت و شوێنی مەزارگەی ئاینی و مۆزەخانەو ئاوی گەڕاوی كانزایی ...هتد) كە بوونی ئەمانە هەوێنی پەرەپێدان و گەشەسەندنی گەشتوگوزارن، بەڵام كۆمەڵەكێشەیەك رێگرن لە پێشوەبردنی كەرتی گەشتیاری، ئەوەی گرفت و جێگەی داخە و بۆتە كۆسپ لەبەردەم گرفتی چالاكیی گەشتیاری لە هەرێم بریتین لە ( كێشەی زەوی و زار و كەمی وەبەرهێنان و نەبوونی  یاسا و كەمی توانای مرۆیی و توانای هونەری بەڕێوبردن و هەیكەلبەندی ئیداری گەشتوگوزاری هەرێم و خراپی بەبازاڕكردنی گەشتیاری و نەبوونی كادیر و ڕێبەری گەشتیاری و نزمی ئاستی زانیارو ئەتەكێتی كارمەندان و خراپی ڕۆڵی ڕاگەیاندنەكان كە تەنها لەوەرزێكی دیاریكراودا گرنگی بە بابەتەكە دەدەن....)، زیاتر لە 100 كێشەی جۆراوجۆر لە كتێبەكە ئاماژەی پێداوە و بە تێروتەسەل باسی هەندێكیانی كردووە.  رێگەچارەی بە وردی بۆ كێشەكان دۆزیتەوە، چەند پڕۆژەیەك و كۆمەڵە پێشنیازێكیش بۆ پەرەپیدانی گەشتوگوزار خستۆ‌تەڕوو.

هیوادارم لایەنە بەرپرسەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی گەشتوگوزار بێن كار لەسەر ناوەڕۆكی كتێبەكەی نادر روستی بكەن و بەوردی لایەنە چارەسەرییەكانی بخەنە كارو هەڵوەستەی لەسەر بكەن. پێویستە لەمەودوا بەچاوێكی  گرنگەوە حكومەتی هەرێم ئاوڕ لە سێكتەری گەشتیاریی كوردستان بداتەوەو بیخاتە ناو ئەجێنداو كارنامەی كاری ئێستاو داهاتووی، هەرچەندە دەستەی گەشتوگوزار  پڕۆژە یاساییەكی گرنگیان خستۆتە بەردەم پەرلەمان بۆ بەرەوپێش بردنی گەشتوگوزار، هیوادارم كاری لەسەر بكەن، چونكە ئاشكرایە گەشتوگوزار هۆكارێكە بۆ بەرەو پێشبردنی ئابووریی گەلان و تێكەڵبوونی فەرهەنگی نەتەوەكان وهێنانە ناوەوەی دراوی گران بەها و ناسینی دۆزی نەتەوەكان بە جیهان، من دووبارە دەستخۆشی لە نادر روستی دەكەم بۆ نووسینی ئەم گەنجینە بەنرخە و دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی، هیوادارم بەردەوام بێت خامە و هزی هەمیشە ڕۆشن بێت                                     

  • نوسەرو شارەزای بواری ژینگە/ ڕانیە

م.سەردار عبدالرحمن (سەحەری)*

 

© 2017 Hawler