ئەم پەڕەیە چاپ بکە

كۆمەڵناسیی ماركسیستی زانستی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان هێنری لۆفیڤرە

 

(1-2)

مارکسیزم، وەک کۆمەڵناسییەکی زانستی، هەڵگری ناوێکە کە بۆی بووە بە ناوێکی نەریتی، ئەویش ماتریاڵیزمی مێژووییە.

 

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، تاکە شتانێک کە هەبن بریتین لە تاکەکەسە مرۆییەکان و پەیوەندییەکانیان. کۆمەڵگە، وەک جەوهەرێکی گشتی، بە هیچ فۆرمێک بوونی نییە؛ هەیە و نییە ئەم تاکەکەسانەن کە ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن، هەروەها بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆحێکی میللی یان کۆمەڵایەتی بوونی نییە. ئەوانە کۆمەڵێک سیفەتی شاراوەن کە کۆمەڵناسان خەیاڵییان کردووە، ئەو کۆمەڵناسانەی خۆیان بە کەسانی زانستی داناوە، کەچی هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک میتافیزیکیەن. ئەوان، بە ناوی "کۆمەڵگە"وە، بە شێوەیەکی گشتی، هەندێک سیفەت هەموو سیفەتە باوەکانی کۆمەڵگە تا ئاستی حەقیقەتی ڕەها بەرز دەکەنەوە. کەواتە لە ڕاستیدا، ئەوان داکۆکیکار بوون لەم کۆمەڵگەیە و لە عەقیدەکانی، هەندێجار ئەمە بە نیەتێکی باشیشەوە ئەنجام داوە. ئەوان نە لە صیرورەی کۆمەڵگە تێگەیشتوون و نە لە بونیادە ڕاستەقینە جووڵەنەرەکەیشی.

تاکەکان ژیانە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیان و مێژووی خۆیان و مێژووی گشتیش پێک دەهێنن، بەڵام ئەو هەلومەرجانەی کە تێیاندا مێژوو دروست دەکەن، هەڵبژێردراوی خۆیان نین و ئیرادەی خۆیان دیارییان ناکات. بێگومان مرۆڤ (چ کۆمەڵایەتی و چ تاکەکەس)، هەر لە گزنگی مرۆڤایەتییەوە چالاک بووە، بەڵام چالاکییەکەی ئازادانە و پێرفێکت و ئاگامەندانە نەبووە. لە هەر چالاکییەکی ڕاستەقینەدا کە بوونەوەری مرۆیی ئەنجامی بدات، بەشێک لە نەرێنیی تێدایە، کە لە ڕووی بڕ و چەندێتییەوە لە یەکتری جیاواز دەبن، هەتا توانا و ئاگایی مرۆیی زیاتر بێت ئەو کەمتر دەبێتەوە، بەڵام بە تەواوی لەنێو ناچێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەسەرمان پێویستە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ بەشێوەی دیالەکتیکی شیکار بکەین، بەو پێیەی لە هەمان کاتدا دوو لایەنی بەیەکداچوونی ئەکتیڤ و پاسیڤ لە خۆ دەگرێت. تاکەکەس لە کاتی کاردا، گیرۆدەی کۆمەڵێک هەلومەرجە کە خۆی دەستی تێیدا نییە، لەوانە: سروشت خۆی، سروشتی تایبەتی خۆی، بوونەوەرە مرۆییەکانی دەوروبەری، چۆنیەتی چالاکییە پشتپێبەستراوەکان (نەریتەکان، کەرەستەکان، دابەشکردنی کار و رێکخستنی کار). ئەو بەدەست ئەمانەوە گیرۆدەیە کاتێک سروشت و جیهانی دەوروبەری دەدوێنێت. کەواتە تاکەکەسەکان، بە هۆی خودی چالاکییەکەیانەوە، دەچنە پەیوەندیی دیاریکراوەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، ناتوانن خۆیان لەم پەیوەندییانە داماڵن، چونکە بوون و سروشتی چالاکییەکەیان و سنوورەکان و تواناکانی ئەم چالاکییە پییانەوە بەندە. مانای ئەمەیش ئەوەیە کە ئاگاییەکەیان ئەم پەیوەندییانە ناخوڵقێنێت، بە پێچەوانەوە، تێیاندا دەتوێتەوە و بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە دیاریی دەبێت. بەم جۆرە پەیوەندییەکان، کە بە شێوەیەکی حەتمی تاکەکەس پێیانەوە پابەستە، بوونەوەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو تاکەکەسێک دروست دەکات، ئەم بوونەوەرە ئاگایی دیاریی دەکات نەک بە پێچەوانەوە. بەم جۆرە دەبینین جووتیار خۆی وەک جووتیار لەخۆی هۆشیار دەبێت و هزر و بیرکردنەوەی جووتیاریشی هەیە؛ بێگومان ئاگایی و هزرەکانی پەیوەندییەکەی بە خاک و زەوییەوە، بە ڕێکخستنی کارەکەی و ئامرازەکانی و پەیوەندیی لەگەڵ دەورودراوسێ و کۆمەڵگەکەی و ناوچەکەی و وڵاتەکەی، لە عەدەمەوە ناخوڵقێنن. دەتوانین چەند هێندە نموونە بهێنینەوە. ئاگایی و فیکر هەرگیز لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و لۆکاڵییەکان جودا نابنەوە، ئەگەرچی بە ڕاستی، لە میانەی گەشەکردنییەوە خۆیانی لێ دەرباز دەکەن. قبووڵکردنی ئەم قسەیە واتای قبوڵکردنی وەهمی دۆگمایی و ئایدیاڵییە! درێژبوونەوە و قووڵبوونەوەی مەودای ئاگایی، دەرکەوتن و چەسپاندنی بیرکردنەوەی ئەقڵی، کۆمەڵێک هەلومەرجی هەیە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (دەرلاهەق بە پەرەسەندنی پەیوەندیگیرییەکان و ئاڵوگۆڕەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی کە لە شارە گەورە بازرگانی و پیشەسازییەکاندا ڕێک دەخرێن و کۆدەبنەوە...).

کەواتە ئێستا، ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە بەشێوەیەکی سەرەکی چیین؟ بێگومان وەکو بۆمان دەردەکەوێت، تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزن، بە تایبەتی لەم ڕۆژگارەماندا. ئایا دەتوانین لە ڕێگەی بەیەکداچوونیانەوە، پەیوەندییە سەرەکییەکان لێکجودا بکەینەوە؟ ئایا دەتوانین چینەکان یان توێژە نیشتووەکان لەسەر ڕێسا سەرەکییەکە –ئەگەر ئەم میتافۆڕە بگونجێت- لە یەکتری جودا بکەینەوە؟

مارکس و مارکسیستەکان بە بەڵێ وەڵام دەدەنەوە. کۆمەڵێک پەیوەندیی سەرەکیی هەیە، بینای هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغە وەستاوە. بێگومان، لە هەر خانوویەکدا، ئەوەی گرنگە چینەکان و ئەو ژوورانەیە کە بۆ دانیشتن دەست دەدەن، بەڵام داخۆ ئەمە هۆکارە بۆ فەرامۆشکردنی بنچینە و بناغەکان؟ ئەی ڕەوایە لەبیری بکەین کە ئەم بناغانە فۆرمی بیناکە و بەرزییەکەی و هەیکەلەکەی، واتە هێڵە سەرەکییە گەورەکانی دیاریی دەکەن؟ بیرکردنەوە بەشێوەیەکی تر واتە باوەڕبوون بەوەی دەتوانین لە ساپیتە (سەقف)ـەکەوە دەست بە بیناکە بکەین و لەوێوە بگەینە بناغەکە. ئەگەر پێمانوابێت ئایدیاکان (یان هزرەکان) لە کۆمەڵگەدا بەشە سەرەکییەکەن، ئەوا هەڵوێستیشمان بەو جۆرە دەبێت کە بڕوامان وابێت پەنجەرەکان هۆکاری بوونی ماڵەکەن، چونکە پەنجەرەکان پێویستن و ژوورەکان ڕووناک دەکەنەوە.

پەیوەندییە سەرەکییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، پەیوەندییەکانە بە سروشتەوە. پەیوەندیی بە سروشتەوە شتێکی سەرەکییە بۆ مرۆڤ، نەک لەبەر ئەوەی هێشتا بوونەوەرێکە سەر بە سروشت (ئەم بۆچوونە هیچ نییە جگە لە لێکدانەوەیەکی درۆزنانە بۆ ماتریالیزمی مێژوویی)، بەڵکو، بە پێچەوانە، لەبەرئەوەی لەگەڵی دەکەوێتە ململانێ. لەمیانی ئەم ململانێیەدا، مرۆڤ لە هەلومەرجە سروشتییە باوەکاندا، ئەوە لە سروشت دادەماڵێت کە پێویستییەتی بۆ هێشتنەوەی ژیانی و تێپەڕاندنی ژیانە سروشتییە پەتییەکەی. ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ بە چ میکانیزمێک؟ بە کار، بە ئامراز و کەرەستەکانی کار و ڕێکخستنیان.

بەم ڕێگایە، نەک ڕێگایەکی تر، خەڵکی ژیانی خۆیان "دروست دەکەن" واتە ژیانە ئاژەڵییەکە (ژیانی سروشتی) تێپدەپەڕێنن، بەڵام بێگومان بێ ئەوەی بتوانن بەهۆی بڕیارێکی باڵا و ترانسێندنتاڵەوە لە سروشت ڕزگار ببن. ئەوان تەنیا لە سنوورگەلێکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجانەدا کە سروشت خۆی دیارییان دەکات (کەشوهەوا، خاکی بەپیت، ڕووەک و ئاژەڵان...)، سروشت تێدەپەڕێنن.

کەواتە، پەیوەندییە سەرەکییەکانی هەموو کۆمەڵگەیەکی مرۆیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانن؛ جا بۆ ئەوەی شیکاریی دەست بخاتە سەر بونیادە سەرەکییەکەی کۆمەڵگا، پێویستە ڕواڵەتە عەقیدەییەکان و ڕواڵەتی تەسک و فۆرمولە فەرمییەکان و، هەموو ئەو شتانە لەسەر سەتحی کۆمەڵگە دەجووڵێن و هەموو زەخرەفەکان وەلاوە بنێت، تاوەکو ئەم سەتحە تێپەڕێنێت و بگاتە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، واتە پەیوەندییە سەرەکییە دامەزراوەکەی نێوان مرۆڤ و سروشت و، نێوان مرۆڤەکان خۆیان لە وەختی کاردا. و:هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر