کانونی دووەم 27, 2021

دوو کتێب سەبارەت بە دەروونشیکاریی فرۆید و لاکان بڵاوکرایەوە

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

لە درێژەی کارە تیۆرییەکانیدا پرۆژەی نێگەتیڤ دوو کتێبی نوێی زنجیرە کتێبە تیۆرییەکانی "بەرگی پێنج و شەش"ی تەرخانکردووە بۆ دەروونشیکاریی و بە هەوڵی کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕ بە زیاتر لە هەزار لاپەڕە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکرایەوە.

لە پێشەکی کتێبی پێنجەمدا کە تایبەت بە سیگمۆند فرۆید هاتووە: "کتێبی پێنجەم و شەشەم(بەرگی ٥ و ٦)ـی زنجیرە کتێبە سەرەکییەکانی نێگەتیڤ تەرخانە بۆ پرسی دەروونشیکاری، بەتایبەتییش سوڕانەوە و خۆخشان لە دەروونشیکاریی زیگمۆند فرۆید و ژاک لاکان. دەروونشیکاری لە دونیای ئێمەدا هێندەی دەروونناسی، ناوێکی ناسراو نییە. گەرچی دەروونشیکاری وەک بەش(جزء) سەر بە گشت(کل)ێکی گەورەتری وەک دەروونناسییە، بەڵام بەتەواوی یەکێک نین، هاوشوناس نین. دەروونشیکاری وەک بەشێک، جۆرێک لە شۆڕشی بەسەر گشت-ـەکەی خۆیدا بەرپاکرد و ڕوانینمانی بۆ مرۆڤ گۆڕی. گەر دەروونناسی بەگشتی لێکۆڵینەوەیەکی تاڕادەیەک سەرڕاست و ڕێک بێت لە زەین و دەروونی مرۆڤ، ئەوا دەروونشیکاری لە دوائاسۆی تیۆریی خۆیدا هەم لێکۆڵینەوەیە لە زەین و دەروون و هەم زیادە (surplus)یەکیشی لێ دەمێنێتەوە. ئەم زیادەیەیە کە فرۆید و لاکان، دەبەستێت بەیەکترەوە. ئەم زیادەیە دەکرێت لە مانا گشتییەکەیدا نەست بێت و دواتریش کۆمەڵێک وردە چەمکی تر کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە. گەر لە دەروونناسیی باودا باسی چێژ بکرێت، ئەوا لە دەروونشیکاریی فرۆید-لاکاندا پرسی زیادەچێژ هەیە، کە لەژێر چەمکی ژویسانسدا تیۆریزەکراوە و تێدەگەین مرۆڤ بوونەوەرێکی چێژخوازە، بەڵام زۆریش سەرڕاستانە و ماتماتیکی نا: چێژ سنوری هەیە، جاریش هەیە چێژ لە ئازاری خۆمان دەبینین و چەمکی ماسۆشیزم خۆی شایەتە. لێرەشەوە گەر مرۆڤ مامەڵەیەکی هەستیاری بە ئەخلاقەوە هەبێت، و نائەخلاقی دەرکەوێت، ئەوا پەیوەندیی بەم زیادەیەوە هەیە. بۆیە بیریارگەلی وەک سلاڤۆی ژیژەک دەڵێن: ئەخلاقی فرۆیدی، گرفت بۆ ئەخلاقی کانتی و هتد دەڕەخسێنێت چونکە بەپێی ئەوان دەبێت ئەو شتەی بۆ خۆمان پێمان خۆشە، بۆ ئەوانیتر یش پێمان خۆش بێت و ببێتە یاسا و ئەرکێکی ئەخلاقی. بەڵام جار هەیە مرۆڤ شتانێکی خراپی بۆ خۆی پێ خۆشە، ئاخۆ دەکرێت ئەمە بکرێتە یاسایەکی گشتی بۆ هەموان؟ لێرەوەیە دەروونشیکاری، لە دەروونناسییە باوەکان قووڵتر دەڕوات و لە سنوری کلینیکدا نامێنێتەوە. ئەوانەی بەڕەهایی ئیشەکەیان پەیوەندیی بە کلینیکەوەیە، ئاسان بانگەشەی ئەوە دەکەن فرۆید شتێکی ئەوتۆی پێ نەماوە، بەڵام ئەوانەی وا سەروکاریان لەگەڵ فەلسەفە و بیرکردنەوەی هزرییدایە ڕێک لەم جێیەوە دەستپێدەکەن و لە بایەخی فرۆید و دواتریش لاکان تێدەگەن. ڕەنگە هەر چەمکێکی تیۆریی دەروونشیکاری، پەیوەندییەکی بە کلینیکەوە هەبێت، بەڵام بیرکردنەوەی تیۆری ئەم ڕیشەیە دەقرتێنیت و دەڕوات ئیشی تری پێ دەکات."
هەرچی کتیبی دووەمە تەرخانە بۆ دەروونشیکاریی ژاک لاکان و لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە: "دەروونشیکاریی ژاک لاکان، بابەتی بەرگی شەشەمی زنجیرە کتێبی نێگەتیڤە. ئەم بەرگەیان بەراورد بە بەرگی پێنجەم(کە تایبەتە بە زیگمۆند فرۆید)، کەمێک ئاڵۆزترە. زۆرن ئەوانەی زمان و بیرکردنەوەی لاکان بە ئاڵۆز دەزانن، ئەمە ڕاستییە و جگە لەڕووبەڕوونەوەی ئەم ڕاستییەش ڕێگایەکی دیکەمان لەبەردەستدا نیە. لەناو ئەوانەدا نوسەر و فەیلەسوفیش هەن. جگە لەوەی زۆرجار باسە لە ئاڵۆزی تێدەپەڕێنن و لاکان بە تەمومژگۆ دەخەمڵێنن و پێیانوایە بەئەنقەست شتانێک ئاڵۆزدەکات. بەڵام سلاڤۆی ژیژەک، وەک یەکێک لەوانەی کە ڕاڤەی جیاجیای بۆ لاکان کردووە، بەپێچەوانەوە شتەکە دەبینێت: ڕەچەڵەکی لاکان دەچێتەوە سەر عەقڵانیەتی ڕۆشنگەری. واتە ژیژەک دەیەوێت بڵێت، لەپشت ئاڵۆزبێژیی لاکانەوە، عەقڵانیەتێکی ڕوون نوستووە و پەیوەندیی بە خورافەبێژی و غەریزەگۆیی و ئاڵۆسکانی نێو گیرفانی لاکان خۆیەوە نیە. چەمکەکانی وی، ڕیشەیان هەیە، زانستیین، مادی و واقیعییشن. سەردەمی ئێستامان لەڕووی جموجووڵەکانیەوە سادە و ڕووکەشە، بەڵام ئەم سادەییە خۆی ئەرکی بیرکردنەوە و کاری فیکری، ئاڵۆزتر دەکات. بەم پێیە، ئاڵۆزیی لاکان، دەبێتە زەروورەت. ئاڵۆزیی کەسێک کە سەروو ٢٥ ساڵ، تەنیا سیمیناری وتووەتەوە و لە ژیانی خۆیدا تەنیا کتێبێکی دووبەرگیی بڵاوکردۆتەوە کە کۆکراوەی هەندێک لە تێز و وتارەکانی بووە."
کتێبەکانی پێشتری ئەم زنجیرەیە تەرخان کرابوون بۆ پرسگەلی لە چەشنی "کێشەی سوبێکت، دیالەکتیک، فەلسەفە و شۆڕش، چەپ و مۆدێرنە".

© 2017 Hawler