تشرینی دووەم 27, 2020

دەفتەری پیرانی غەمناک

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

 

ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند نوێترین ڕۆمانی "ماردین ئیبراهیم"ی بەناونیشانی "دەفتەری پیرانی غەمناک" بڵاو کردەوە. ڕۆمانەکە چیرۆکێکی پیاوێکی پیر دەگێڕێتەوە کە بەهۆی پەیتایەکەوە ناچارانە شار بە جێدەهێڵێت و ڕوو لە شوێنێکی دوورە دەست دەکات و لەوێ دەست بە نووسینەوەی یادداشتەکانی دەکات. لەناو تەنیایی و ڕۆژە و شەوە دوورە و درێژەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گەنجی و ئەوکاتانە پڕە وزە و خەون بوو. ڕۆمانەک زیاد لە گێڕەرەوەکی هەیە و ئەمەش پەنجەرەی دیکە لەسەر ڕووداوەکان دەکاتەوە.

 

چیرۆکی رۆمانەکە باسکردنە لە بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌ک له شاردا له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٠ دا، ده‌رفه‌تێک ده‌داته پیاوێکی سه‌رووی حه‌فتا ساڵان که له خانوویه‌کی ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوچیاکاندا ده‌ست بکات به نووسینه‌وه‌ی یاداشته‌کانی ڕۆژانه‌ی خۆی و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی سه‌رده‌می گه‌نجی خۆیی و هاوڕێکانی که جه‌نگ و سته‌مکاریی ساڵانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو  خه‌ون و ئومێده‌کانی ته‌فروتوونا کردوون. له کاتێکدا که ئه‌و پیاوه پیره له‌و جێگه دووره‌ده‌سته‌دا سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆی و هاوڕێکانییه‌تی؛ کچه‌زا گه‌نجه‌که‌ی له‌ناو شاره په‌تالێدراوه‌که‌دا گیری خوواردووه.

به‌شێکی ڕۆمانه‌که باپیره و به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی کچه‌زاکه ده‌یگێڕنه‌وه و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیهانێک که پڕه له خوێنڕشتن و زۆرداریی ده‌یانه‌وێت به مۆڕاڵێکی جیاواز ڕوبه‌رووی بارودۆخه‌که ببنه‌وه. کوڕه گه‌نجه‌که نایه‌وێت ببێته به‌شێک له‌و دێوانه‌بوونه به کۆمه‌ڵه‌ی که شاره‌که‌ی گرتۆته‌وه؛ شارێک که بۆ تازه‌بوونه‌وه‌ی خۆی ژنان و پیاوانی پیر قه‌لاچۆ ده‌کات.

لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ڕۆمانه‌که هاوارێکه به‌ڕووی جیهانی مۆدێرندا هه‌م له‌‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵ هه‌م له‌سه‌ر ئاستی گڵۆباڵ. له‌سه‌ر ئاستی گڵۆباڵ ڕه‌خنه‌گرتنی ئه‌و دیده زاڵه‌ی ناو فه‌زای گشتی، هه‌م فه‌زای مه‌جازی هه‌م واقیعی که مرۆڤه به ساڵاچووه‌کان وه‌کو بوونێکی زیاده و بێنرخ سه‌یر ده‌کات و له‌ئاستی ڕه‌مزی و میتافۆڕدا ژیانییان بێبه‌ها نیشان ده‌دات، له ئاستی لۆکاڵیشدا ڕه‌خنه‌گرتنی ئه‌و چه‌قبه‌ستنه کولتوورییه‌یه که جیهانی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه، چه‌قبه‌ستنێک که له شێوه‌ی وه‌همی تازه‌بوونه‌وه‌دا خۆی نیشان ده‌دات،  که له ڕاستیدا تازه‌بوونه‌وه‌یه‌کی وه‌همییه به‌ڵام وه‌همێک که به‌ناو ده‌ریایه‌ک له توندوتیژیدا ده‌ڕوات.

نووسەر پێشتر بێجگە لە کتێبێکی شیعریی و چەند ڕۆمانێکی وەرگێڕدراو سێ رۆمانی دیکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەوانیش "خەونی پیاوە ئێرانییەکان" ، "کەوتنی بۆرە قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا" و مەرگی مەیموون"ن.

© 2017 Hawler