تشرینی دووەم 27, 2020

داتـه پینی رووحیه تی پێـكه وه ژیان لـه ئێـراقـدا

له‌ دوای رووخانی رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كه‌ی ئێراق له‌ 2003، كه‌ ئێراق توانی بگاته‌ قۆناغێكی رزگاری له‌ رووی سیاسیی و ته‌نانه‌ت كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ رزگارییه‌ ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌خایاند و، ته‌نانه‌ت دواجار نه‌شبووه‌ مایه‌ی خێر و خۆشبه‌ختی بۆ میلله‌ت و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی، له‌ كاتێكدا هه‌موو كه‌مه‌ نه‌ته‌وایی و مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا خسته‌گه‌ڕ. له‌دوای 2003ـه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام رووبه‌رووی تیرۆریزم و توندوتیژی هه‌مه‌چشنه‌ بوینه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش هه‌ر له‌ تیرۆری كه‌سییه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ تیرۆری به‌كۆمه‌ڵ و ته‌قینه‌وه‌ و په‌راوێزخستنی كه‌مه‌ نه‌ته‌واییه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ زۆر تویژه‌ر له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی عێراقییان به‌ سه‌رزه‌مینی پێكه‌وه‌ژیانی مه‌رگ و ژیان ناوزه‌د كردووه‌، چونكه‌ هاووڵاتی و هاونیشتیمانیانی عێراق به‌ به‌رده‌وامی له‌ دۆخێكی ناسه‌قامگیری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، بێجگه‌ له‌ كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ ده‌یه‌یه‌ك توانی ژێرخان و سه‌رخانی تاراده‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌به‌رێت، هه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌ گه‌شه‌یه‌ش بووه‌ مایه‌ی سه‌ره‌نج بۆ زۆربه‌ی هاوڵاتیانی شاره‌كانی تری ئێراق.

 

وێرای ئه‌وه‌ش، تیرۆر و ره‌شكردنه‌وه‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌كانی تری ئێراق و توندره‌وبوونی كایه‌ی سیاسیی به‌ ئاراسته‌ی په‌راوێزخستن و ماف پێنه‌دانی نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك كورد و پێدانی كایه‌ی سه‌ربازی و سیاسیی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو به‌ده‌ست شیعه‌كانه‌وه‌، بووه‌ هۆی دروستبوونی كه‌لێن و بۆشاییی له‌ رووی به‌رێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد و بووه‌ میكانیزمێك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی زیاتر و په‌یدابوونی گرووپه‌یلی تازه‌ی وه‌ك داعش كه‌ دواجار ئێراقییان خه‌ڵتانی خوێن كرد، چونكه‌ كه‌م خێزانی عێراقی هه‌یه‌ كه‌ پریشكی ئه‌و توندوتیژییه‌ی به‌ر نه‌كه‌وتبێت و یه‌كێك له‌ خێزانه‌كانی نه‌بووبێته‌ قوربانی، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ رووی سۆسیۆسایۆكۆلۆژییه‌وه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ و ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ش پێویستی به‌ كاتێك و ده‌رفه‌تێكی یه‌كجار زۆر هه‌یه‌.

توندوتیژی وه‌ك رۆتینێكی رۆژانه‌

ده‌رمارگیری و په‌رگیری له‌ نێو ئێراق له‌م ده‌یه‌ی كۆتایی تاراده‌یه‌ك په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، كه‌ ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نه‌ته‌وه‌كان به‌رته‌سك بۆته‌وه‌، به‌راده‌یه‌ك كه‌ ره‌شكردنه‌وه‌ و په‌راوێزخستنیان بۆته‌ كارێكی ئاسایی و وه‌ك رۆتینێكی رۆژانه‌ لێی ده‌ڕوانن، هه‌ر بۆیه‌ كورده‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی ریفرانده‌میان دا و ویستیان له‌ ئێراقێكی پڕ زه‌بروزه‌نگ خۆیان رزگار بكه‌ن، چونكه‌ له‌ كۆیاده‌وه‌ری تاكی كوردیدا ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ره‌شكردنه‌وه‌ییدایه‌ كارێكی نه‌كرده‌یه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێ جار دوای جار پینه‌ و په‌ڕۆ بكرێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌دۆخی له‌م چه‌شنه‌دا په‌روه‌ده‌ و كایه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئه‌ركێكی قورسییان له‌سه‌رشانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بكه‌ن كه‌ بڕوایان به‌ ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌بێت و ئه‌و رقه‌ بكوژن كه‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمیی و نافه‌رمییه‌كانی ئێراق له‌ هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ییدان، چونكه‌ له‌ دۆخی له‌و چه‌شنه‌ ره‌چاوی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزاكانی تر.

داعش و وێرانكردنی ژیان

پاش ئه‌وه‌ی داعش وه‌ك گرووپێكی تیرۆریستی به‌شیكی زۆر له‌ خاكی ئێراقییان به‌ كوردستانیشه‌وه‌ داگیركرد و كولتووری توندره‌وه‌یی هه‌زار ساڵه‌یان زیندوو كرده‌وه‌، ئه‌و بره‌ لاوازه‌ی پێكه‌وه‌ ژیانیان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی مردار كرده‌وه‌ و هیچ ده‌رفه‌تێكیان بۆ جیاوازیی و تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شن نه‌هێشته‌وه‌، كوشتن و په‌لاماردان و به‌ كه‌نیزه‌كردنی یه‌زیدییه‌كان باشترین نموونه‌یه‌ بۆ داته‌پینی دۆخی پێكه‌وه‌ژیان له‌ ئێراق به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كاندا. به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌مان وه‌ك كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناس باشتر له‌و دۆخه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ داعشیزم چۆن ئێستا بۆته‌ كولتوورێك و به‌شێك له‌ ده‌سترۆیشتووه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ سوننه‌ و شیعه‌وه‌ هه‌مان ره‌فتار جێبه‌جێده‌كه‌ن و خه‌ریكن بچوكترین ده‌رفه‌ت بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ ناهێڵنه‌وه‌ و هه‌موو شتێك بخه‌نه‌ بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ خۆی گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر بوونی ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ دوای ئازادكردنی موسڵ به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ ده‌رفه‌ته‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی به‌رفراوانتر كرد، به‌ڵام هه‌نوكه‌ واهه‌ست ده‌كرێت داعشیزم به‌ سه‌دان شێوه‌یلی جیاواز خه‌ریكی خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان بوونه‌ته‌ قوربانی یه‌كه‌م له‌م دۆخدا، بۆی باشترین بدیل بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بریتییه‌ بووه‌ له‌ هه‌وڵی خۆرێخستنه‌وه‌ و دروستكردنی كیانێكی جیاوازتر كه‌ بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێراق درێژه‌ به‌ ژیانیان بده‌ن.

 

دانـا شوانی - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler