تشرینی دووەم 27, 2020

لیبراڵیزم دەبێتە مایەی فراوانبوونی کەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران

لە سەروبەندیی سەرقاڵییەکانی گریندا بە مەسەلەکەوە، لیۆنارد ت. هۆبهۆز (Leonard T. Hobhouse)ـیش، کە چووە پاڵ حزبی کرێکاران، سەرکۆنەی لیبراڵیزمی ئابووریی کرد، لەو ڕوانگەوە کە ئەم جۆرە لە لیبراڵیزم دەبێتە مایەی فراوانبوونی کەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات باجێکی قورس بخرێتە سەر قازانجی کۆمپانیاکان. هەروەها بەرگری لەو ڕۆڵەی دەوڵەت کردووە کە پێویستە ژیانی کۆمەڵایەتی رێک بخات، پشتیوانیی لەو ئایدیایەیش کردووە کە دەڵێت، ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ رێز و پلەی و پایە تاکەکەسدا دەگونجێن. پێویستە هاووڵاتیبوونی نوێ مافە کۆمەڵایەتییەکانیش بگرێتەوە، نەک تەنیا مافە سیاسییەکان. بەرەبەرە لە فەزای کرێکاری و ئایدیاکانی کۆمەڵەی فابی (Fabian Society) نزیک بوویەوە، ئەمەیان کۆمەڵەیەکی ئینگلیزی بوو کە لە ساڵی 1884دا دامەزرا و ئەندامەکانی هەوڵیاندا بنەما سۆشیالیستییەکان، بە کەرەستە ئاشتیخوازەکان بلاوبکەنەوە، ناوەکەیشی لە ناوی "فابیوس کۆنکتاتورد"ەوە وەرگرتووە و هەتا ئێستایش ئەم کۆمەڵەیە هەر هەیە.

 

بەناوبانگترین بیرمەندی لیبراڵیزمی نوێ، بێگومان تۆماس هیل گرین (Thomas Hill Green)ـە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، چونکە ڕێنمایی و پێشنیارەکانی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر هەموو دەستەوتاقمە سیاسییەکانی ئەو قۆناغە هەبووە، بە بێ ئەوەی کینز خۆیشی لەبیر بکەین کە ئەویش لە هزرەکانی ئەوەوە پەیام وەردەگرێت بەڵام هەرگیزیش باسی نەکردووە. گرین، پەرەیدا بە ئایدیاکانی "میل"، بەڵام لەویش سەرسەختتر سەرکۆنەی ستەمی "ئازادیی گرێبەست" و ئازادیی ئابووریی کردووە؛ تێزەکەی ئەو درەبارەی سروشتیی کۆمەڵایەتی تاکەکەسان، زۆر نزیکە لە تێزی "دۆرکهایم" (Durkheim)ـی هاوچەرخییەوە. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هاوبەندیی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئەو پەیمان و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەوە دروست نابیت کە جۆن لۆک باسی کردووە، لە ڕێگەی سوودگەراییشەوە نابێت بەو جۆرەی کە جێرمی بنتام باسی کردووە، بەڵکو بەرەنجامی دانپێدانانێکی دوولایەنەیە بە "ئەویتر"دا وەک ئامانج لە خۆیدا، بەو پێیەی بەرژەوەندیی ئەوانیتر تەواوکەر و پێکهێنەری بەرژەوەندیی کەسی و خودییە. ئەو ڕەخنەی لە تاکگەرایی ئەتۆمیی سەدەی هەژدە گرتووە، ڕوانگەکەی میلیشی سەبارەت بە تاکگەرایی گۆڕیوە بۆ تاکگەراییەک کە بەهۆی بەشداریی بەردەوامی "ئەویتر"ەوە پەرە دەستێنێت و بەرز دەبێتەوە. بۆ مافی تاکەکەس، بەرامبەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە کەرەستە و پۆتێنشیەڵی خۆ-وەدیهێنان دەخاتە بەردەست تاکەکەسەکە، لێکۆڵینەوەیەکی بنچکینەیی و پێویگستی بۆ خۆشگوزەرایی و پێشکەوتنی هەمووا دامەزراندووە. دوای ئەرستۆ و هیگڵ، "گرین" زاراوەی "چاکەی هاوبەش" (Bien commun)ـی بەسەر کارلێکی نێوان بەرژەوەندی تاکەکەسی و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنچینەی "ئەخلاق و ئیلتیزامی سیاسی"ـدا دەبڕێت.

لە ئینگلتەرا، ڕێکەوتنی سیاسیی نێوان لیبراڵیزم و سۆشیالیزم، لە هەر شوێنێک زیاتر بڕی کرد و خایاندی. سۆشیالیزمی ئینگلیزی سەرچاوە ئەخلاقییەکانی خۆی زیاتر لە لیبراڵیزمی میانڕەو و لە پرۆتستانتیزمی لیبراڵیستییەوە و بە دیاریکراویش لە میتۆدلۆژیای پرۆتستانتیزمی لیبراڵییەوە (یان ئەوەی پێیاندەوترێت میتۆدۆلۆژیزم کە دەستەیەکی مەسیحیی پرۆتستانتین، لە سەدەی هەژدەدەا، لە شانشینی یەکگرتوو لەلایەن جۆن ویزڵییەوە دامەزرا) وەرگرتبوو نەک لە مارکسیزمەوە، هەر لەبەرئەمەیشە کە زاراوەی سۆشیالیزم ناکۆک نییە لەگەڵ لیبراڵیزمدا، هەروەها تەفسیری ئەوەیش دەکات کە بۆچی لیبراڵیزمی "کۆمەڵایەتی" لەگەڵیدا ناکۆک نییە. لیبراڵیزمی نوێ بەرەنجامی کاری فەیلەسوفەکان و ئابووریناسەکانە، بۆیە هاوبەندیی و پێکەوەسازانی نێوان شایستەیی ئابووریی و چاکسازییە کۆمەلایەتییەکان، خالی بەیەکگەیشتنی هاوبەشی هەردووکیانە.

"گرین" سەرچاوەی سەرەکیی زۆرێک لە داهێنراوەکانی بەرنامەی لیبراڵییە. یەکەمجار، بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ ئازادی "نێگەتیڤ"ـی لیبراڵیزمی "کۆن" کە بەندە بە مافە تاکەکەسییەکانەوە، لە ئازادیی "پۆزەتیڤ"ـی لیبراڵیزمی "نوێ" کە پەیوەستە بە مافە وەڵامدراوەکان و ئەو کەرەستە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەوە کە پێویستە کۆمەڵگە بۆ تاکەکەسی دابین بکات تاوەکو بتوانێت پەرە بەخۆی بدات و خۆی وەدیی بهێنێت، لێک جودا دەکاتەوە. گرین پەرەیداوە بە مشتومڕی ئازادیی پۆزەتیڤ و ئازادیی نێگەتیڤ، واتە هەمان ئەو بابەتەی کە بووە مەسەلەیەکی سەنتراڵ لە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەدەی بیستەمدا. ئەو دیسانیش جەختی لەسەر سروشتی کۆمەڵایەتی تاکەکەس کردۆتەوە، تاوەکو پەرەسەندنەکەی پەیوەستبێت بەوانیتر و کۆمەڵگەوە و بەو شتانەوە کە ئەم دوولایەنە دەیخەنە بەردەستی. دواجار، گرین ڕەخنەیەکی فراوانتر لە لیبراڵیزمی ئابووریی دەگرێت و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بازاڕ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە وەک هەموو ئەو دامەزراوانەی دیکە کە پێویستە ڕێکبخرێت و یاسای بۆ دابنرێت تاوەکو بە جۆرێک کار بکات کە بەرژەوەندی هەمووانی تێدا بێت نەک لە بەروەندکیی کەمینەیەکدا بێت. لە فیکری ڕەخنەیی کۆمەڵایەتیی خۆیشیدا هەنگاوی دوورتری هەڵگرت و گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ڕەوایەتی بداتە دەستوەردانی دەوڵەت، بۆیە ئەو بە مافی دەوڵەتی دەزانێت کە یاسا و ڕێنماییەکان لە بارەکانی فێرکردن و تەندروستی گشتی و موڵکایەتی تایبەت و یاسای کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئازادیی تاکەکەسی، دابنێت.

بێگومان ئەم بزووتنەوە فیکرییە جیاواز بوو لەو سیاسەتانەی کە حزبە لیبراڵییەکەی لوید جۆرج و چەرچل پشتیوانی و پەیڕەویان دەکرد، بەڵکو وێڕای ئەوەیش کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبوو. لەنێوان ساڵانی 1906-1911دا و لەژێر فشاری نوێنەرانی حزبی کرێکاریدا، حکومەتەتەی لوید جۆرج، بەرپرسیارێتی یەکەمین ڕێکارە کۆمەڵایەتییەکانی لە ئینگلتەرا کەوتە ئەستۆ، هەروەها بەرپرسیار بوو لە سیستەمی خانەنشینکردنی بەساڵداچووە هەژارەکان (1908) و دەستەبەریی دژ بە بێکاریی کرێکارانی کشتوکاڵیی هەژارتر (1911)، بەمەیش تۆوی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییان لە لیبراڵیزمی نوێدا چاند، نەک لە سۆشیالیزمدا.

 

هاوار محمد 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 20 تشرینی یەکەم 2020 06:46
© 2017 Hawler