تشرینی یەکەم 22, 2020

هەندێک ڕۆماننووس هەن، تەنها دەیانەوێت لە ڕووبەری تابۆدا کار بکەن. بەتایبەت ئەو ڕووبەرانەی کە لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا تابۆن. بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم، کە تا هەنووکەش هەندێک بیروڕا و ئەعقیەت تێیاندا فەرمانڕەوایە کە مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست. کاری رۆماننووسی تابۆشکێن ئەوەیە کە لەو تابۆیانە بدات کە موقەدەسن و پێویستە هەوڵی لە موقەدەسخستن بدات. یان ئەو چیرۆک و حیکایەتی ئەو ڕووبەر و کاراکتەرانە بگێڕێتەوە کە ڕووبەری قەدەغە و کاراکتەری نەفرەتلێکراون.

 

"شەهید" ئەو رۆمانووسە عێراقیەیە کە لەو دوو رۆمانەی من خوێندوومەتەوە کاری لەسەر ڕووبەری تابۆ کردووە. لە ڕۆمانی یەکەمیدا "کش وڵات" کە ساڵی ڕابردوو خوێندمەوە و "دانا عەسکەر" کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی فێربوون بڵاوی کردووەتەوە کاری لەسەر ئەو ڕووبەرانە کردبوو، کە تابۆن، ئەویش خانەکانی لەشفرۆشیی و ئەو کەسانە لەوێ کار دەکەن. ڕۆمانەکە گفتوگۆیەکی چڕە لەنێوان ئەوەی کێ نەفرەتلێکراوە و کێ وڵاتپارێزە؟ لەگەڵ زۆر پرسی دیکە، کە ئێرە جێگەی باسکردنیان نییە. ئەمساڵیش ڕۆمانی "مێزەردز"م خوێندەوە، کە فەیسەڵ هەمەوەندی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ئەم رۆمانە، ڕۆمانێکە دیسان لە ڕووبەرێکی تابۆدا نووسەر دەست بە گێڕانەوە و گفتوگۆ دەکات. بێگومان ئێمە نامانەوێت لێرەدا ڕمانەکە بگێڕینەوە و ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر کارێکی مەحاڵە، چونکە رۆمانەکە لەو رۆمانانەیە کە گێڕانەوە بۆ کەسانی دیکە ئەستەمە.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا هەوڵی خستنەڕووی دیدێکی نوێ دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئاییندا. ڕەنگە دەستبردن بۆ بابەتگەلێکی وا زۆر لە ڕۆماننووسەکان زاتی ئەوە نەکەن دەستی بۆ بەرن، ڕۆمانێکی سەرکێشیانەیە، ڕۆمانەکە تەنها بە یەک پرسیار دەست پێ ناکات، بەڵکو بەردەوام پرسیار دوای پرسیار لە بیری خوێنەردا دەچێنێت و ئەمەش خوێنەر گیرۆدەی خۆی دەکات تا دەگاتە دوا ڕستەکانی ڕۆمانەکە. حیکایەتەکانی ئەم رۆمانە گەشتێکن بە خوێنەر، بەڵام بە سەرزەمینێک کە یەکەمجارە خوێنەر ڕێی تێدەکەوێت.

چیرۆکی ڕۆمانەکە، چیرۆکی گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ سەرچاوەی سەرەکی ئایینەکان، ئەویش بۆ لای خودا. مرۆڤ لەم رۆمانەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ خودادا دەبەستێت. پەیوەندییەک کە لای بەشی زۆری ئایینەکان دەبێت لە ڕێی کەسێکی دیکەوە بێت و ڕێگەپێدراو نییە مرۆڤ خۆی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ خودای خۆیدا ببەستێ. ڕۆمانەکە تژییە لە ڕەخنەکردنی ئەو کەسانەی ئایین بەلاڕێدا دەبەن، یان بۆ خزمەتی خۆیان بەکاری دەهێنن. قسەکردن لەسەر پیرۆزییەکان لای هەموو ئایینەکان بەگشتی و بەتایبەتیش ئایینە ئاسمانییەکان تاڕادەیەکی زۆر تابۆیە. ئەم رۆمانە دەیەوێت لە نێو ڕووبەری تابۆدا حیکایەتی ئەو مرۆڤە بگێڕێتەوە کە ساڵانێک دەبیتە قوربانی ئایین.

بۆ من وەکو خوێنەرێکی رۆمان، تەکنیک و گێڕانەوەی رۆمانەکە جێگەی سەرنج نەبوو، بەڵکو ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆم تێمەی ڕۆمانەکە بوو، ئەو ڕووبەرە تابۆیانە بوو کە نووسەر بە بوێرییەکەی زۆرەوە کاری تێدا کردبوون. بەجۆرێک بەش دوای بەشی ڕۆمانەکە پنتی دیکەی لەنێو ئەو ڕووبەرە تابۆیانە هەڵدەماڵی و ڕووبەری زۆرتری بۆ گفتوگۆ و ڕامان دەسازان.

دەستخۆشی بۆ کاک فەیسەڵ هەمەوەندی و ماندووبوونی بە وەرگێرانی ئەم ڕۆمانەوە.

 

ئارام کۆشکی

© 2017 Hawler