تشرینی یەکەم 22, 2020

"ئەفسانەی تەڕوادە" بڵاوکرایەوە

لە نوێترین کاری وەرگێڕانیدا نووسەر و وەرگێڕ حەمە کەریم عارف، کتێبی " ئەفسانەی تەڕوادە"ی چاپ و بڵاوکردەوە، کتێبەکە لە دوتوێی "274" لاپەڕە دایە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

 

وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا سەبارەت بە گرنگی ئەفسانە ئەوە دەخاتەڕوو کە " ئەفسانە، هەرچەندە زەمان و ڕۆژگارێکی زۆری بە سەرا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتاش، بە زۆر مانا و چەمکی قووڵی مرۆڤانی بارگاویە و لەم ڕوانگەیەوە بایەخ و بەهایەکی پەروەردەیی گرینگی هەیە... بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خوێنەر، ڕادەستی ئەفسانان وەکو چۆن هەن، ببێت. بەڵکو دەبێ بچێتە بنج و بناوانیان و بگاتە چەمک و مانا هەرە قووڵ و مرۆڤانیەکانیان... هەڵبەتە مرۆڤ، چەند هەوڵیش بدات ناتوانێ منداڵیەتی خۆی بگەڕێنێتەوە. بەڵام زۆرجار کە منداڵێکی خشتیلە بەدەم گەمە و یارییەوە دەبینێ، زۆری کەیف پێدێت و منداڵیەتی خۆی بیر دەکەوێتەوە و کەیفی بە پرسیار و خولیا ساکارەکانی دێت، لەزەت لە لێکدانەوە منداڵانەکانی بۆ ژینگە و دیاردە و ڕووداوەکانی دەوروبەر، دەبینێ، کۆمەڵگەش قۆناغی نەش و نما و گەشەکردنی هزری و جڤاکی خۆی هەیە، جا لەزەتی خوێندنەوەی ئەفسانان لەوەدایە، قۆناغی منداڵیەتی کۆمەڵگەی تیا دەبینینەوە. دەبینین چۆن حیکایەت و نەقڵ و نەزیلان دەخاتە سەرباڵی خەیاڵ و بە شێوازێکی سیحراوی و جادوویی فرە ڕەهەند و چڕە چەمک و تێر مانای ئەوتۆ ڕاڤەی سەیر و خەیاڵ بزوێن بۆ دیاردە گەردوونیە جیاوازەکان دەکات کە مرۆڤ ناچار بە ڕامان و هزرین دەکات."

لە بەشێکی دیکە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەفسانەگۆیی زۆر کۆنە و لە مێژوونووسی فرە کۆنترە، بۆیە دەتوانین بێ چەند و چۆن ئەوە بڵێین، کە ئەم ئەفسانانە وەختێک پەیدابوون، کە یونانیانی کۆن هێشتا خوێندن و نووسینیان نەزانیوە، ئیدی ئەم ئەفسانانە بە درێژایی ڕۆژگار هاتوونەتە ئاراوە و دەماودەمی کردووە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی ماوەتەوە... هەڵبەتە ئەم ئەفسانانە لە ڕێگای بەرهەمێن شاعیران و شانۆنامەنووسانی گەورە و نووسەرانی سەدەکانی دوایی یونانی کۆنەوە گەییونەتە ئێمە. لەوانە: هسیود، هومەر، ئاشیل، سوفوکل، یوریپیدس و... هتد.

 

."

© 2017 Hawler