تشرینی یەکەم 22, 2020

گیۆرگ زیمڵ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفه‌ هه‌ر دیار و ناوازه‌كانی ئه‌ڵمانیایه‌، بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌یله‌سوفی جێگیر كردووه‌ و گرینگترین كتێبیشی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی پاره‌یه‌ كه‌ بۆته‌ جیی مشتومڕی زۆری تویژه‌ران. له‌ خواره‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ به‌ كورتی له‌سه‌ر چه‌ند دیدێكی ئه‌و بۆ مرۆڤ رابوه‌ستین.

 

لای زیمڵ مرۆڤ هه‌ڵگری گشتێتییه‌كه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتی رووحه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. چه‌مكی گشتێتی و یه‌كێتی رووح گوزارشته‌ له‌ ئاڵۆزی كه‌سایه‌تی مرۆیی و جۆره‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی ئه‌زموون، تێڕوانین، تایبه‌تمه‌ندی، بیروڕا، هه‌ست و سۆز و غه‌ریزه‌كان له‌ مرۆڤدا، كه‌ هه‌ر كامه‌یان ده‌رخه‌ری لایه‌ن و ره‌هه‌ند و ویستی جیاوازن له‌ تاكدا و كرده‌ی مرۆڤه‌كانیش هه‌ر له‌ ماناكانی ئه‌م چه‌مكانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ و كه‌سایه‌تی مرۆیی پێكدێنن. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌ دادوه‌ری له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی مرۆیی و كرده‌كانی به‌له‌به‌رچاوگرتنی گشتێتییه‌كه‌ی درووست ده‌بێت و ته‌نیا به‌ تێركردنی ویسته‌ مرۆییه‌كانه‌ تاك ده‌توانێ بگاته‌ ئارامیی و هاوسه‌نگی له‌ ژیانی خۆییدا. له‌ دیدی زیمڵ، پێشكه‌وتنی كه‌سایه‌تی مرۆیی به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌دی دێت. ئه‌م خه‌یاڵه‌ی زیمڵ له‌ به‌رامبه‌ر فه‌یله‌سوفانی رۆشنگه‌ری وه‌ك جۆن لۆك راده‌وه‌ستێ كه‌ ته‌واوی كرده‌ مرۆییه‌كان به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌قڵانی مرۆڤ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ دیدی زیمڵ، له‌ ئاڵوگۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، مرۆڤه‌كان بوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌ كه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریان و چه‌ند رێسایه‌كی گه‌مه‌ی كۆمه‌ڵاه‌یتی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ئه‌م بوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌ شێوه‌ی كولتووری خودی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه‌ هۆی به‌رفراوانكردنی كولتووری بابه‌تی. هه‌ر چه‌ند له‌ روانگه‌ی زیمڵ كه‌سه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌ زنجیره‌كانی ئه‌م كولتووره‌ خودییه‌ رزگار ببن، به‌ڵام ئه‌و له‌ هه‌ڵوێستێكی بێهیوایانه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی قه‌فه‌سی ئاسنینی كولتووری بابه‌تی ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ ئازادی و داهێنان له‌ زۆربه‌ی تاكه‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ڵامێكی چه‌ندی ویسته‌كانی ده‌داته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی ململانێی تاكه‌كان له‌گه‌ڵ كولتووری بابه‌تی له‌ دیارده‌ی مۆد دا (Fashion) ده‌رده‌كه‌وێت. مۆد یه‌كێكه‌ له‌ ئاكامه‌كانی فشاره‌ زۆره‌ بونیادییه‌كانه‌ به‌سه‌ره‌ كه‌سایه‌تی تاكه‌كان له‌ جیهانی مۆدێرندا كه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌ جۆرێك له‌ به‌رامبه‌ر بونیاده‌ سه‌روو مرۆییه‌ كولتوورییه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا زاڵن به‌ سه‌ریدا. دیارده‌ی مۆد رێك ئه‌توانێت سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگای مۆدێرن بخاته‌ ڕوو. مرۆڤه‌كان له‌ شاردا له‌ لایه‌ك نایانه‌وێ یه‌كسه‌ر ته‌سلیمی كولتوور بابه‌تی بن و له‌ لایه‌كی تر توانای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌و كولتووره‌شییان نییه‌، كه‌واته‌ رووده‌كه‌نه‌ ململانێیه‌ك كه‌ مۆد یه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌كانی. تاك له‌ هه‌مان كاتدا به‌هۆی ئه‌و ململانێیانه‌وه‌ ده‌ربه‌ستی ته‌سلیمی كولتووری گرووپه‌ مۆدگه‌راكان بووه‌. له‌ راستیدا چه‌ند تاكێكی له‌م چه‌شنه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌ ڕێگه‌ی پاككردنه‌وه‌ی شێوه‌ی پرسه‌كه‌، هه‌ستی توڕه‌یی و گرێكانیان تێر بكه‌ن و ویژدانی خۆیان ئاسووده‌ بكه‌ن، له‌م راستییه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بوونه‌وه‌ری لاواز و ته‌سلیبووی كۆمه‌ڵایه‌تیین كه‌ توانای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ته‌وژه‌مه‌ مه‌زنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان نییه‌.

 

دانا شوانی

© 2017 Hawler