تشرینی دووەم 27, 2020

"درۆزنەکان هەموو شتێکیان دەستدەکەوێت"

هەندێک ڕۆماننووس هەوڵی ئەوە دەدەن کە هەموو ڕۆمانەکانیان بە یەک شێواز و ستایل بگێڕنەوە و لە یەکەم ڕۆمانەوە تا دوا ڕۆمانیان خوێنەر وا هەست دەکات یەک ڕۆمان دەخوێنێتەوە و نووسەرەکە لە هەر ڕۆمانێکی نوێدا بەشێکی دیکەی ڕۆمانەکە پێشووی نووسیوە، بەڵام بەشێکی دیکە لە ڕۆمانووسان لە هەر ڕۆمانێکی نوێدا هەوڵی کەشفکاریی و دۆزینەوەی ڕووبەری نوێی گێڕانەوە دەدەن. ئەوان تەنها بە یەک شێوازی گێڕانەوە و یەک جۆر بابەتەوە نایگرن، بەڵکو بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی بابەتی نوێ و شێوازی نوێی گێڕانەوەدان. عەلی بەدر، ڕۆماننووسی عێراقی بۆ من یەکێکە لەو نووسەرانە و لە هەر کارێکی نوێدا خوێنەر دەخاتە بەردەوام بابەت و شێوازێکی نوێی گێرانەوە.

 

ئەوەی لە بەشی زۆری کارەکانی عەلی بەدردا سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە کە هەمیشە بەدوای بابەتی نوێ و شێوازی جیاوازی گێڕانەوەدا دەگەڕێت، ڕاستە لە هەندێک ڕۆماندا هەست بە دووبارە کردنەوە تەکنیکی ئەوانی دیکە دەکەوین، بەڵام بەشی هەرە زۆری ڕۆمانەکانی هەم لە ڕووی ناوەرۆک و هەم لە ڕووی تەکنیکەوە بۆمن جێگەی سەرنجن.

"درۆزنەکان هەموو شتێکیان دەستدەکەوێت"، یەکێکە لە ڕۆمانە نوێکانی عەلی بەدر کە بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە و شێرزاد هەینی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ڕۆمانەکە چیرۆکی بەرپرسێکی عێراقی دەگێڕێتەوە، کە لە وڵاتی بەلجیکا دەژی.

ڕووداو و چیرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە لە دەڤەر و گەڕەکی لویزە، یان گەڕەکی سیاسییە داماوەکانە. شوێنەکە هەوارێکی جوان و نایابی بروکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپایە. لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو گەڕەکەکە ببوو بە پەناگەی سیاسییە دەرکرا و پەناهەندەکان. ئەوانەی بە کودەتای سەربازی، یان شۆڕشی میللی، یان بە سەرهەڵدانەکانی جیهانی سێیەم لە پۆستەکانیان لادەدران و دەردەکران، هاتوونەتە لویز و تێدا نیشتەجێ دەبوون.

ئەم ڕۆمانە چیرۆکی بەرپرسێکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە ژیانی لەو گەڕەکە و لەنێو وڵاتی بەلجیکادا تەنها بە درۆ و قۆڵبڕینی ئەوانی دیکە بەڕێ دەکات. لە ڕۆمانەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم بەرپرسە لەنێو ئەو ژیانی پەناهەندەییەی نێو وڵاتی بەلجیکا نەبووە بە "درۆزن"، بەڵکو ئەو هەر ئەوکاتەشی کە لە عێراق بووە "درۆزان" بووە. هەر بە هۆی درۆزانییەکەیەوە بووەتە بەرپرس و دواتر بەهۆی گەندەڵییەوە دەرکراوە و دوور خراوەتەوە. بەڵام پاش ئەوەش هەر وازی لە درۆکردن نەهێناوە و چۆن لەنێو جومگەکانی دەسەڵاتدا خەریکی هەڵخەڵەتاندنی ئەوانی دیکە بووە، لە ژیانی پەناهەندیشدا هەر خەریکی ئەوەیە.

لێرەدا نامەوێ چیرۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە و چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر بەجێدێڵم، بەڵام دەمەوێت باسی ئەوەش بکەم، لویز تەنها شوێنی بەرپرسە عێراقییەکان نییە، بەڵکو بەشی هەرە زۆری سیاسییە عەرەبییەکانیش لەوێن و لەڕێی تۆڕێک لە چەتە و مافیاوە خەریکی سپیکردنەوەی پارەی پارەی دزراو و پینەکردنی دۆسییە گەندەڵییەکانیانن.

ڕۆمانەکە ئەگەرچی چەند ساڵێک لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام تەواو گوزارشت لەم دۆخەی ئێستای عێراق و ئەو بەرپرسە درۆزن و دزانە دەکات کە ژیانیان لەسەر دزی و درۆ بەندە و ناتوانن بەبێ ئەوانە بژین. یان وەکو لە ڕۆمانەکەدا باس کراوە، بووەتە بەشێک لە کاراکتەریان.

دەستخۆشی بۆ شێرزاد هەینی و وەرگێڕانە بەبایەخەکانی بۆ کارەکانی عەلی بەدر، کە تا هەنووکە دە ڕۆمانی ئەم نووسەرەی بە خوێنەری کورد ئاشنا کردووە.

 

ئارام کۆشکی

© 2017 Hawler