تشرینی دووەم 27, 2020

فاشیزم و دیكتاتۆرییەت

(1-2)

لە کتێبی "فاشیزم و دیکتاتۆریەت"ـدا کە ساڵی 1974 چاپی دووەمی دەرچوو (چاپی یەکەم، 1970)، نیكۆس پۆلانزاسی نووسەری كتێبەكە هەندێ گۆڕانکاری سادە و کەمی تێدا کردووە و لە پێشەکی چاپی دووەمدا خۆی ئاماژەی پێداوە. ئەم کتێبە بە یەکێک لە قووڵترین و دەوڵەمەندنترین توێژینەوە جیهانییەکان دادەنرێت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و دیکتاتۆرییەت؛ پێش ئەو بەشەیشی کە لەسەر دەوڵەتی فاشیزمە لە چەند بەشێکی تر پێکهاتووە، پۆلانزاس دەڵێت: ''ئەم کتێبەی تەرخانکردووە بۆ شیکاریی ململانێ چینایەتییەکان لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتی فاشیستدا''.

لە شیکاریی دەزگای دەوڵەت و دەزگای ئایدیۆلۆژیی شوێنکەوتەی دەوڵەتدا، ئەو بەشە دەست پێدەکات کە تەرخانە بۆ دەوڵەتی فاشیزم. پۆلانزاس پێیوایە لێرەدا کێشە جەوهەرییەکە دەزگای ئایدیۆلۆژی و پەیوەندیی ئەم دەزگایەیە بە دەزگای دەوڵەتەوە، بە واتا قووڵ و بەرفراوانەکەی. پۆلانزاس لەم بارەیەوە دەڵێت: ''لە ڕاستیدا تیۆری مارکسیزم دەربارەی دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕوون سەرنجی خۆی لەسەر دەزگای "سەرکوتکاری"ی دەوڵەت چڕ کردۆتەوە: ئەو کۆ-دەزگایەی کە پێکهاتووە لە لقە تایبەتییەکانی وەکو سوپا، پۆلیس، بەڕێوەبردن، دادگاکان، حکومەت. تیۆرە کلاسیکییە مارکسییەکان چارەسەری زۆرێک لە دامەزراوەکانی ئەم دەوڵەتەی کردووە، وەکو قوتابخانەکان و کەنیسەکان و..هتد. بەڵام تەنیا لە ریگەی زنجیرەیەک بەراورد و هاشێوەییەوە لەگەڵ دەزگای دەوڵەتدا''. تاکە ئاوارتەیەک کە دەشێت ئاماژەی پێبکرێت "گرامیشی"ـیە. لێرەدا لەو لایەنەوە ئاماژەی پێدەدەین کە وەک ڕابەرێکی کرێکاری مومارەسەی سیاسیی کردووە؛ "گرامشی" تیۆری "شوێنکەوتەیی ڕژێمی دەوڵەتییانە بۆ دەزگای ئایدیۆلۆژی" دامەزراندووە.

سەرەتا، لە زنجیرەیەک شیکاریی گشتیدا، گرامشی باسی لەوە کردووە کە دەولەت تەنیا ڕۆلی "هێز"ی نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی ئایدیۆلۆژیشی هەیە ئەویش هەژموون و باڵادەستییە. لێرەدا و چەندین جاری دیکەیش، کە هەموو جارێک پەرەی بە بۆچوونەکانی داوە، وایدەبینێت کە نابێت دەوڵەت تەنیا بەشێوازێکی "تەقلیدی" –واتە وەک دەزگای هێز- تێبگەیشترێت، بەڵکو وەک سیستەمەکانی باڵادەستییش. هەروەها گرامشی ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەت، بە واتا پێرفێکتەکەی، ''بەشێوەیەکی تەقلیدی کۆمەڵێگ دامودەزگا لەخۆ دەگرێت کە بە دامودەزگای تایبەت دادەنرێن''، بە تایبەتیش کەنیسە، قوتابخانە، سەندیکاکان، حزبەکان، دەزگا میدیاییەکان. لێرەدا پۆلانزاس کۆتەیشنێک لە گرامشی دەهێنێتەوە کە لەوێدا گرامشی دەڵێت: »کار گەیشتە ئەوەی کە هەموو چەمکێکی دەوڵەت وەها دەرک بکرێت یان بە گشتی لێی تێبگەیشترێت کە دیکتاتۆرییەتە. نەک وەکو هەژموونی کۆمەڵێکی کۆمەڵایەتی بەسەر سەرتاپای کۆمەڵگای نیشتمانیدا، هەژموونێک کە لە ڕێگەی کەرەستتەی ڕێکخستنە تایبەتییەکانی وەکو کەنیسە، سەندیکاکان، حزبەکان، قوتابخانەکانەوە مومارەسە دەکرێت. کەواتە لە دواجاردا، دەوڵەت بۆ ئەوە فراوان دەبێت کە فۆڕمێکی دیاریکراوی شارستانی و هاووڵاتی بخوڵقێنێت و بپارێزێت، پاشانیش کۆمەڵێک دابونەریت و هەڵوێست لەنێو ببات و هەندێکی دیکەیشیان بهێڵیتەوە؛ یاسا دەبێتە کەرەستەی گەیشتن بەم ئامانجە، وەکو ئەوەی لە قوتابخانە و دامودەزگاکانی دیکەدا هەیە.

لێرەدا پۆلانزاس ئاماژە بە دوو تێبینی دەدات: یەکەمیان، شیکارییەکانی گرامشی، کە لەو قۆناغە زەمەنییەدا بنچینەکانی دامەزراند و ونیش بوو، هۆکارەکەیش ئەوەبوو کە دەگەڕێتەوە بۆ فریوێکی سەیری "فەرمی" کە لەبارەی گرامشییەوە وتراوە. دووەمیان، ئەم تیۆرەی کە گرامشی دایناوە، بە زمانێک خەوشدار کراوە کە دەگەڕێتەو بۆ چەمکی "مێژووێتی"، بۆ زۆرێک لەو چەمکانەی کە گرامشی لەبارەیانەوە دواوە، وەکو "کۆمەڵگەی مەدەنی"؛ هەر ئەم چەمکەیان تێکەڵ بە چەمکی "باڵادەستی" بووە. لێرەدا پۆلانزاس دەڵێت: لە جێیەکی دیکەدا توێژینەوەیەکی ڕەخنەییم سەبارەت بە گرامشی کردووە (مەبەستی کتێبی 'دەسەڵاتی سیاسی و چینە کۆمەلایەتییەکان'ـە) و جارێکی دیکە ناچمەوە سەری. کەواتە پێویستە بەشێوەیەکی جەوهەری لەسەر چەمکی "دەزگای ئایدیۆلۆژی دەوڵەت بوەستین". نەک تەنیا لەبەرئەوەی گرامشی پەرەی پێنەداوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم چەمکە، ئەگەر سەبارەت بە دۆخی ململانێی چینایەتی نەخوێندرێتەوە، ئەوا تێکەڵی و پێکەڵی لە تێگەیشتندا دروست دەکات.

 

هاوار محمد

 

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 07 تشرینی یەکەم 2020 09:22
© 2017 Hawler