تشرینی یەکەم 20, 2020

جیهانی ئەمرۆ زۆر جیاوازە لە تێگەیشتن لە جیهانی فیزیک

بە شێوەیەکی گشتی، بۆ دەستگەیشتن بە پێناسەیەکی لەم چەشنە، ئەوان یەکێک لەم روانگەیە هەڵدەبژێرن؛ پۆزەتیڤیزم، ریالیزم و مرۆڤگەرایی. ئەم روانگانە تارادەیەک لەگەڵ تیۆرەکانی ئەرکگەرایی و ململانێ و کردە یەکدەنگن.

پۆزەتیڤیزم؛ واتە ئەو میتۆدە لۆژیکییەکەی کە بنەمای مەعریفە بەگوێرەی تێبینی راستەوخۆ و سیستەماتیک بینا دەکات. پەیڕەوانی ئەم روانگەیە بەدوای ئەو رێسایانەی ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەگەڕێن کە بتوانێ تاقیبکرێتەوە. توێژینەوەکانی دۆرکایم لەمەڕ خۆکوشتن دەکرێ بە یەکێک لە نموونەکانی ئەم رێسایانە لە قەڵەمبدرێت. جیاواز لە باوەڕ و بۆچوونە کەسییەکان، بنەمای مەعریفە بەگوێرەی داتا ئەزموونییەکان بیناکراوە. داتا ئەزموونییەکان واتە ئەو زانیارییانەی کە دەتوانین بەهۆی هەستەکانمانەوە پاڵپشتی بکەین، بەڵام بەو چەشنەی کە دەیبینین، ئەم مەسەلەیەش نەبۆتەهۆی ئەوەی کە فەیلەسوفەکانی مەعریفە، لەمەڕ چەمکی زانست کۆدەنگ بن.
ریالیزم؛ دەستگایەکی تیۆرییە لەو تێگەیشتنانەی کە دەتوانێ دیاردەیەکی تایبەت روون بکاتەوە. ئەگەر چی لایەنگیرانی ریالیزم، بۆ روونکردنەوەی پرسەکان، سوود لە داتا ئەزموونییەکان وەردەگرن، بەڵام بە بۆچوونی ئەوان ئەم داتایانە هێندە راست و سەرڕاست نین کە بتوانێ بەتواوی پشتیان پێ ببەسترێ. لە لای پەیڕەوانی ئەم روانگانە، ئێمە پێویستمان بە چەند ئامرازێکی تیۆریی بەهێز هەیە تاکو لە رێگەییانەوە بتوانین پرسەکانی خۆمان روون بکەینەوە. هزرەکانی مارکس پرسیاری سەرەکیی ئەمە بوو کە سەرمایەداری چۆن کاردەکات. بۆ روونکردنەوەی ئەم بابەتە، ئەو بیرۆکەی شێوەی بەرهەمهێنانی هێنایە کایەوە. شێوەی بەرهەمهێنان ئەو رێگەیەیە کە کۆمەڵگا، لە رێگەییەوە، کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی خۆی بەرهەمدەهێنێت.
مرۆڤگەرایی؛ مەعریفەناسە مرۆڤگەراکان پێیانوایە کە دیراسەی جیهانی ئەمرۆ زۆر جیاوازە لە تێگەیشتن لە جیهانی فیزیک، بایەلۆژی، یان جیهانی مادە. لەم ڕوەوە، زانستە مرۆییەکان دەبێ شێوەیەکی زۆر جیاواز بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە دابهێنێ؛ شێوەیەک کە بەدوای تێگەیشتنی ماناوە بێت. ئەگەرچی لە توێژینەوەکانی ئەم نەریتە فیکرییە، بایەخ بە جیهانی ئەزموونی دەدات (وەک پۆزەتیڤیستەکان)، بەڵام پێداگری سەرەکیی لەسەر بایەخی تێگەیشتن و راڤەیە. لای پەیڕەوانی ئەم روانگە کۆمەڵناسییە رووبەرووی چەند بەربەستێک دەبێتەوە:
ئەلف: رەفتاری مرۆڤ لەوە ئاڵۆزترە کە تاکو کۆمەڵناسان بتوانن پێشبینی بکەن. ئەستێرەناسان لە رێگەی جوڵەی ئەستێرەکانەوە پێشبینی ئەوە دەکەن دە ساڵی تر فڵان ئەستێرەئەوەندە لە زەوی نزیک دەبێتەوەو، بەڵام مرۆڤ هەڵگری هزرێکی تارادەیەک سەربەخۆیە، بۆیە باشترین کارێک کۆمەڵناسەکان ئەتوانن ئەنجامی بدەن ئەمەیە کە نیشانی بدەن پەرچەکرداری چینێک لە خەڵک لەگەڵ پەرچەکرداری چینەکانی تر جیاوازە.
بێ: لەبەرئەوەی مرۆڤەکان بەرامبەر ژینگەی خۆیان پەرچەکردار نیشان دەدەن، ئامادەیی توێژەرێک دەتوانێ کاریگەری لەسەر رەفتارییان دابنێت و بیگۆڕێت.
جیم: مۆدێلە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لە بەردەم گۆڕاندان؛ ئەوەی لە سەردەمێک بە راست دێتەبەرچاو دەکرێ لەسەردەمێکی تر بە هەڵە بێتە بەرچاو. رەفتارەکانی مرۆڤ لەگەڵ یەکتر جیاوازییان هەیە و کۆمەڵناس ناتوانێ بگاتە رێسایەکی جێگیر و نەگۆڕ لەبارەیانەوە.
دال: لەبەرئەوەی کۆمەڵناسەکانیش خۆیان بەشێکن لەو جیهانە کۆمەڵایەتییەی لێی دەکۆڵنەوە، بۆیە ناتوانن بە ئارامی بەها و باوەڕە کەسییەکان لە توێژینەوەکانیان بەکاربهێنن. کۆمەڵناسەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و تەنانەت دیاریکردنی توخمەکانیش، رووبەرووی کێشە و بەربەستی زۆر دەبنەوە.
ها: لەبەرئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی رەمزی و زەینییە، کەواتە رەفتارەکانیشی جیاوازە لەگەڵ دیاردە سروشتییەکان. مرۆڤەکان، بە پێچەوانە ئەستێرەکان، بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوە و داهێنانی مانای تازەیە. ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی تر جیای دەکاتەوە فراوانکردنی ئەو سیستەمە رەمزییەیە کە مرۆڤ بۆ خۆی دایدەهێنێت، لەم ڕوەوە، کۆمەڵناسەکان ناتوانن بە روونی کۆمەڵگاکان وەک شتێکیە دەرەکی تاوتوێ بکەن، بەڵکو دەبێ بێتە نێو کۆمەڵگاوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ئەندامەکانی تری کۆمەڵگا پەیدا بکات.

© 2017 Hawler