تشرینی یەکەم 22, 2020

شۆڕشی بەرەنگاریی لە ڕۆمانی "کوشتنێک لە بەغداد"ی سینان ئەنتوان

بەدەر لەو ڕوانینەی کە پێی وایە هەرچی لە ڕۆژئاوا نووسرا شاکارە و هەرچیش بەرهەمی نووسەرانی رۆژهەڵات، بەتایبەتیش نووسەرانی عەرەب بوون، هیچی ئەوتۆ نین. من لاموایە ئەوەی لەم دوو دەیەی ڕابردوودا لەنێو دنیای گێڕانەوەی عەرەبیدا دەبینرێت (بەتایبەت ڕۆمان) بەرەوپێشچوونێکی گرنگ و شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنە. لەپاڵ ئەمانەدا نووسەرانی بواری گێڕانەوە لە عێراقیشیدا بەرەوپێشچوونی بەرچاو دەبینرێت. بێگومان ئەم قسانە تەنها تیۆری نین. سەلمێنەری ئەم قسانە دەشێت بەرهەمگەلی نووسەرانێکی وەکو "ئەحمەد سەعداوی، موحسین ئەلڕەملی، عەلی بەدر، سەعد محەمەد ڕەحیم و سینان ئەنتۆن" و چەندانی دیکە بێت. هەریەک لەم نووسەرانەی سەرەوە هەر یەکە و دنیایەکی تایبەت بە گێڕانەوەی بۆ خۆی دروست کردووە، کە شایستە نەک تەنها خوێندنەوە، بەڵکو وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەشە.

                                                                                             

لەسەروبەندی یادی ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا یەکێک لە رۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی نووسەرە عێراقییەکانم خوێندەوە، کە رۆمانی "کوشتنێک لە بەغداد"ی سینان ئەنتۆنە. ئەم رۆمانە ڕەنگە سادەترین وەڵام بێت بۆ ئەوەی بۆچی دەبوو رژێمی سەدام حسێن و دەسەڵاتی بەعس بکەوێت. دەسەڵاتێک تەنها لە خزمەتی چەند بنەماڵەیەک و چەند کەسێکی کەمدا بوو و تەواوی کۆمەڵگە و وڵاتەکەی بە کۆیلە و خزمەتکاری خۆی دەزانی و بەدەر لەوەش هەر کەس لە دەرەوەی ئەوان بیری بکردایەتەوە دەبوو لە سێدارە بدرێت، یان بوونی بسڕدرێتەوە.

ڕۆمانی "کوشتنێک لە بەغداد"ی سینان ئەنتۆن، یان ناوە بنەڕەتییەکەی "خاڵڕێژی"، یەکێکە لەو ڕۆمانانەی دڵڕەقی ڕژێمی بەعسی خستۆتەڕوو، ڕۆمانەکە لە وەرگێڕانی "ڕەنجدەر جەبار" و یەکێک لە چاپکراوە نوێکانی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، کە لە دوتوێی 152 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بەر لە هەر شتێک دەبێت باس لە تەکنیکی رۆمانەکە بکەین، رۆمانەکە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە زمانی عەرەبی هێشا خاڵڕێژی نەکرابوو و نووسینی عەرەبی سەروبۆری نەبوو، لەوێوە نووسەر خوێنەر ئاوێتەی ڕووداوەکان دەکات و دەمانبانە نێو دنیای گەنجێکی مەسیحی لە زانکۆ و لە رۆژگاری دەسەڵاتی بەعسدا. بێگومان باسکردن لەو سەردەمە وردەکاری زۆری دەوێت، کە نووسەر هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و فلاشیش بدات لە هەندێکی دیکەیان. واتە هەندێک لە ڕووداوەکان بە ڕوونی باس کراون و بەشێکی دیکەشیان تەنها ئاماژەیەکی کورتیان بۆ کراوە.

یەکێک لەو شتانەی لەم رۆمانەدا نووسەر لێی دواوە بە سیاسیکردنی هەموو شتێک و هەموو کایەیەکی ژیان بووە. هەر لە وەرزش و خوێندنی زانکۆییەوە تا دەگاتە هاوڕێیەتی و خوێندنەوە، هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر سیاسەت. ڕۆمانووس ئاماژەی بۆ ڕووداوی بەسیاسیکردنی وەرزش کردووە کە یانەی ڕەشید بە سێ گۆڵ بە یانەی زەورا دەدۆڕێت، دەسەڵات سزای یانەی ڕەشید دەدات بەوەی سەریان دەتاشێت وەرزشەوانەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی دەکات. لە جێگەیەکی دیکەدا ڕۆمانووس ئاماژەی بۆ بەبەعسیکردن کردووە، کە یەکێک بوو لە ئەدگارەکانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، کە بە زۆر هەموو خوێندکارێکی زانکۆیان دەکردە بەعسی و دەبوو واژووی بەعسیبوون بکات و لە کۆبوونەوە و رێپێوانە جۆراو جۆرەکان کە بۆ پشتگیریی سەرۆک و دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکەی دەکرا بەشدار بێت. ئەوەی لەم رۆمانەدا زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو رۆحی بەرەنگارییەی پاڵەوانی رۆمانەکەیە کە بەردەوام بەعسیبوون ڕەتدەکاتەوە هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەی بەعسییەکان دەیانەوێت بیسەپێنن ئەو هەوڵی قوتاربوون دەدات. بەرەنگاری لای ئەم پاڵەوانە لە جێگەیەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام لە جێگەیەکدا بە کۆتا ناگات و تا دوا لاپەڕەکانی رۆمانەکە درێژەی هەیە. بەڵام خوێنەر هەست بەوەش دەکات، کە پاش تەواوبوونی ڕۆمانەکەش ڕۆحییەتی بەرەنگاری هەر بەردەوامی هەیە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری دەبێت تا ژیان هەبێت بەردەوام بێت. بۆیە نووسەر داوەتی خوێنەر دەکات، کە ئەو ڕۆحییەتە بەردەوامی هەبێت و لە جێگەیەکدا کۆتایی نەیەت. بێگومان ئەوەی خاڵی درەوشاوەیە لەم ڕۆمانەدا ئەم ڕۆحییەتی بەرەنگارییەیە کە بۆمن زۆر سەرنجڕاکێش بوو.

یەکێک لە سیما دیارەکانی دیکەی هەر دیکتاتۆرێک، ترسە لە کتێب و گۆرانی و کاری هونەر، بێگومان کتێب و گۆرانی و کارگەلێکی هونەری، کە کە ڕۆحییەتی بەرەنگاریی لە مرۆڤدا ببزوێنن، دەنا خودی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی پەرەپێدانی بەردەوامی بڵاوکردنەوەی کتێب بوو گۆرانی و هونەردان و زۆرجاریش وەکو دۆستی بوارە ڕۆشنبیریی و کولتوورییەکە خۆیان دەناسێنن، بەڵام بۆ هونەر و گۆرانی و کتێبگەلێک، کە بێمەترسی بێت بۆ عەرشەکەیان و نەوەیەکی پاسیڤ و کۆیلە بەرهەم بهێنێت، نەک نەوەیەک کە بیرکەرەوە و بەرەنگار بێت. کەم نین ئەو کتێب و گۆرانی و کارە هونەرییانەی لە سەردەمی بەعسدا قەدەغە بوون، چونکە هەڵگری ڕۆحییەتێکی بەرەنگارانە بوون.

یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە لەم ڕۆمانەدا ئاماژەی بۆ کراوە قەدەغەکردنی کتێبە. پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە دەیەوێت وتارێک لەسەر ڕۆمانی "مەزرای ئاژەڵان" و "1984"ی جۆرج ئۆروێل بنووسێت، بەڵام ئەو دوو ڕۆمانە قەدەغە کراون و لە کتێبخانەی گشتی زانکۆشدا لەگەڵ ئەوەی بوونیان هەیە، بەڵام پارێزی قەدەغەبوونیان لەسەرە و هیچ خوێندکارێک بۆی نییە بیانخوێنێتەوە.

 

 

© 2017 Hawler