تشرینی یەکەم 20, 2020

هۆشیاری كۆمەڵایەتی گەشتیاری

 

د. هەتاو کەریم

 

گەشتیاری بەپێ ی تەمەن ( گەشتیاری و تەمەن):

ئایا تەمەنی مرۆڤ كاریگەری هەیە لەسەر گەشتیار و گەشت كردنی بەرەو وڵاتێكی تر؟ ئایا بنەمای تەمەن و گەشت كردنی تەمەنە جیاوازەكان لە وڵاتێكەوە بەرەو وڵاتێكی گۆرانی بەسەردادێت؟ ئایا ئەم دیاردەیە رۆڵی بینیووە لە بواری كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا؟

بێگومان بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە جارێكی تر دەبێت بگەرێنەوە سەر بیرورای توێژەرانی ئەو بوارەی زانست، كە پێیان وایە گە تەمەن كاریگەریەكی بەهێزی هەیە لەسەر چاڵاكی گەشتیارییدا، چونكە رەفتاری تاكی گەشتیار لە قۆناغێكی تەمەنەوە بۆ قۆناغێكی تر گرانی بەسەردادێت. هەروەها ئەم جۆرەی گەشتیاریش گرنگی یەكی تایبەت بە خۆی هەیە لە بواری دروست بوونی هۆشیاری و درك كردن و چاندنی بیرو بۆچون هەروەها دروست بوونی ئاراستە جیاوازەكانی بەرامبەر هەموو بنەماكانی ژیان، لە هەووشیان گرنگتر دروست بوونی بیروبۆچون و رای لەگەڵ و یاخود دژی بە تەندروستی و سەلامەتی ژینگەی گەشتیارییەوە.( كافی، 2009، 71). بۆیەشە تەمەنەكانی گەشتیارییان دەستنیشان كردووەو لە هەمان كاتدا پۆلینیان كردووە بۆ:

1- گەشتیاری گەنجان ( الشباب) كە تەمەنیان لە نێوان (16 تاكو 30) ساڵی یە.

2- گەشتیاری ناوەراستی تەمەن ( لە نێوان 30 ساڵ تاكو 60 ساڵی ).

3- گەشتیاری بەتەمەكان یاخود بە سالاچوان ( كبار السن) كە لە سەرووی 60 ساڵی دانراوە. ( الصیرفی، 2009، 49)

هەروەها ئەوەی جێگای ئاماژەدانە كە ئەم چۆرەی گەشتیاری پۆلین دەكرێت بۆ ( گەشتیاری الطلائع، گەشیاری گەنجان، گەشیاری پێگەیشتوان و هەروەها گەشتیاری خانەنیشینان). كە هەوڵدەدەین باسی هەرجۆرێكیان بكەین بە كورتی.

1- گەشیاری الطلائع: ئەم جۆرەی گەشتیاری پەیوەندی بە تەمەنێكی دیاریكراو هەیە لە مرۆڤدا ئەویش ( 7 تا 14 ) ساڵی ی، لەم قۆناغەی تەمەندا گەنجان یاخود زیاتر دەتوانین بڵێن قوتابیان لەم قۆناغەدان رادەهێنرێن لەسەر هەندێ رەفتاو و زانیاری و كارامەیی دیاریكراو لە ژیاندا. ( عبید، 2010، 164؛ مۆمن، 2009، 93؛ مقابلە، 2007،42). هەروەها بڵاوكردنەوەی كەلتووری تەندروستی و پابەندبوون و رەفتاری ژینگەیی جوان باش و لە هەمان كاتدا بەدیهێنانی بەكۆمەللایەتیی بوونێكی دروست. ( كافی، 2009، 71) بۆیە زۆرێك لە قوتابخانە و رێكخراو و كۆمەڵ خێرخوازییەكان هەڵدەستن بە هەماهەنگی لەگەڵ گۆمپانیاكانی گەشتیاری بە رێكخستنی گەشتی جۆراو جۆر لەوانە گەشتی كشفی و هەروەها گەشتی فێربوونی چونیەتی مەلەوانی و كۆمبیوتەر و هەروەها ناساندن و ئاشنایكردنیان بە سروشتدا، ئەم جۆرە گەشتانە زیاتر لە ولڵاتە رۆژئاواییەكان پێی هەڵدەستن و زیاتریش لەكاتی پشوو و مۆڵەتەكانی قوتابخانەو زانكۆكان و بۆیەشە تێچووی ئەم گەشتانە هەرزانتر و كەمترە لە هەمان كاتیشدا خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان بێگومان كەمتر و هەرزانترە. ( مۆمن، 2009، 93؛ توفیق، 2008، 67).

2- گەشتیاری گەنجان: بەلام ئەم جۆرەی گەشتیاری پەیوەندی بە قۆناغێكی دیاریكراوی تر هەیە لە تەمەندا ئەویش ( 15 تاكو 21) ساڵی یە، ئەم جۆرەی گەشتیاری یاخود گەشتیارانە دەگەرێن بە دوای ژیانێكی كۆمەڵایەتی پر لە وروژاندن و تێكەڵ بوون بە كەسانی ترە لە كۆمەڵگەدا، هەروەها پشت بە ستن بە خود و دروست كردنی پەیوەندی هاورێیەتی جۆراوجۆر.

بێگومان ئەم جۆرەی گەشتیاری دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی جیاوازی و لە نێوان چینە كۆمەڵایەتیەكاندا، كە ئەمە نەوەیەكی نوێ دروست دەبێت لە دەرئەنجامی تێكەڵ بوونی كۆمەڵایەتی و لە هەمانكاتدا تێگەیشتن و رێزگرتن لە نێوانیان و بەرامبەرەكەیان دەگرن، لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی هەستكردنی زیاتر بە ئینتمای نیشتمانی و مرۆڤایەتی. ( عبید، 2010، 164؛ مقابله، 2007، 41). بۆ ئەم مەبەستە سەنتەرەكان و پەیمانگە تایبەتەكانی بواری راهێنان هەروەها كۆمەڵ خێرخوازییەكان هەڵەستن بە دروست كردنی هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان بە مەبەستی رێكخستنی گروپی گەشتیاری سروشتی و وەرزشی بۆ گەنجان، ئەمەشیان زیاتر لەوڵاتانی رۆژئاواو ئەمریكا زیاتر بڵاوەو دەبیندرێت و ئەنجام دەدرێت. ( توفیق، 2008، 67؛ مۆمن، 2009، 94).

3- گەشتیاری پێگەیشتووان: ئەم چۆرەیان قوناغی تەمەنی نێوان (35 تاكو 55) دەگرێتەوە، كە ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە گەشت كردن بە مەستی خاوبوونەوەو هەڵاتن لە روتینی كاركردنی بەردەوامی ژیان و ماندووبوونی بەردەوامی كار و پاڵەپەستۆی كاركردن. بۆیە دەبینین سروشتی ئاسوودە بوون و چێژوەرگرتن و خۆشگوزەرانی باڵی بەسەر ئەم جۆرەی گەشتیاری كێشاوە. بۆیەشە زۆربەی گەشتەكان بەرەو دەریاچەكان و شوینی هیورو شێچیاكان و لادییەكانە. بۆیەشە ئەم جۆرەی گەشتیاری پەیوەستە بە خزمەتگوزاری گەشتیاری باش و شوێنی مانەوەی باش و نرخەكانیشیان لە مام ناوەند بەسەرەوەیە. زۆربەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەبینین ئەم گەشتانەیان لە وڵاتە پیشەسازی و بازرگانیە گەورەكانی جیهانە و هەروەها رۆژئاوایەن چونكە لەگەڵ حەزو ئارەزووی ئەوان دەگونجێت. ( توفیق، 2008، 67؛ مۆمن، 2009، 94؛ مقابله، 2007، 42؛ عبید، 2010، 164؛ كافی، 2009، 72).

4- گەشتیاری خانەنیشینان ( المتقاعدین): ئەم جۆرەی گەشتیاری بە جۆرێكی كلاسیكی دادەنرێت چونكە زیاتر ئەو كەسانە گەشت دەكەن كە چوونەتە نێو تەمەنی خانەنیشینی و چونەتە نێو تەمەنەوە، لێرەدا كۆمپانیا گەشتیارییەكان هەڵدەستن بە رێكخستنی گروپی گەشتیاری تایبەت بەو تەمەنە و دەستەیەوە و زیاتریش گەشتەكان دەریایی و ئاسمانین، ئینجا ئاراستەكەشیان زیاتر كەلتووری و مێژوویی یە. واتە گەشت بۆ ناوچە مێژوویی و شوێنەوارییەكان دەكەن. بۆ نمونە ئەوەی سەرنجمان رادەكێشێت گەشت كردنی فەوجێكی خانەنیشینانی ئەوروپی و یایانی بەرەو شارە شوێنەواریی و مێژوویی یەكانی وەك: شاری ئەقصر لە مصر و شاری مارب لە یەمەن. ئەم جۆرەی گەشتیاری جۆرێكی زۆر كلاسیكی یە لە ووڵاتانی رۆژئاواو ئەمەریكادا. ( عبید، 2010، 165).

ئەوەی جێگای سەرنجە كە كۆمپانیاكانی جیهان پاداشتی چاك دەدەن بەو خانەنیشینانە و بەردەوامیش ئیستغلالی دەكەن بۆ گەشتەكانیان بۆ ئەو شوێنە مێژوویی و كەلتووریانە، بیگومان ئەم جۆرە گەشتانە لە رووی خزمەتگوزارییەو خزمەتی باش و سەرنج راكیش و گران و شوێنی مانەوی زۆر باش پێشكەش دەكەن، ( توفیق، 2008، 68). تایبەتمەندی ئەم جۆرە گەشتانە لەوەدایە كە كاتی زۆری مانەوەی هەیە لە نیوان ( دوو هەفتە تاكو مانگێك ) دەبێت، ( مقابلە، 2007، 42).

* دكتۆرا لە سۆسیۆلۆژیای گەشتیاری

 

 

© 2017 Hawler