ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی social psychology

ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ی بیست وه‌ك كایه‌یه‌كی زانستیی تازه‌ هاته‌ نێو زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چه‌ندان دیدی هه‌مه‌چه‌شنی له‌باره‌وه‌ خرایه‌ڕوو، هه‌ندێ بیرمه‌ند له‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ له‌و كایه‌ زانستییه‌یان ده‌ڕوانی، و هه‌ندێ بیرمه‌ندی دیكه‌ له‌ روانگه‌ی ده‌روونناسییه‌وه‌، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی نووسینی زۆرترین كتێب و توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ى ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، هه‌ر چه‌نده‌ له‌و كایه‌ زانستیه‌یه‌دا كۆمه‌ڵناسیی ده‌ستباڵایی زیاتری هه‌یه‌.

 

ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌م كایه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاك و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌م ئه‌ركه‌ ته‌بایی و گونجانێكی زۆرتری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵناسیی هه‌یه‌ تا زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ڕواڵه‌ت وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بنه‌ڕه‌ته‌كانی ئه‌م كایه‌یه‌ زیاتر له‌ ده‌روونناسییه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، چونكه‌ سه‌ره‌تا و ره‌وتی سه‌ره‌كیی ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سوودوه‌رگرتن و توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ى چه‌مكی ئاراسته‌وه‌‌ (attitude) چرۆی گرتووه‌. نه‌ك ئه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌و چه‌مكه‌ وه‌ك توخمێكی سه‌ره‌كیی له‌ بیركردنه‌وه‌ى ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی داده‌نرێت و ناكرێ لێی داببڕدرێت.  چه‌مكی ئاراسته‌ش گوزارشته‌ له‌ بۆچوون و باوه‌ڕ و هه‌ست و مه‌به‌ست و ره‌وته‌ مه‌یدانیی و پراكتیكییه‌كان به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی دنیای ده‌ره‌وه‌ى تاك. هه‌موو زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌م تا زۆر باسی ئه‌و چه‌مكه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی پتر جێی سه‌ره‌نجه‌ و بایه‌خی زیاتری پێ ده‌ده‌رێت، چونكه‌ له‌م كایه‌یه‌دا ئه‌م چه‌مكه‌ پێوانه‌ ده‌كرێت و هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، به‌ تایبه‌ت له‌ رووی ئاراسته‌ گرووپه‌ كه‌مینه‌كان و پرسیی ده‌مارگیریی به‌رامبه‌ر ئایین و نه‌ته‌وه‌ و ره‌نگ و دیدگا جیاوازه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ بۆته‌ سه‌نته‌ری تویژینه‌وه‌ى ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌ت له‌ رووی بونیادی ئاراسته‌كان و ره‌گوریشه‌كانیان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ره‌فتار و تێگه‌یشتنی ئه‌ویتر و به‌رگرییان له‌به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی گۆڕانكاری، دیارترین تویژینه‌وه‌ش له‌م باره‌یه‌وه‌ كتێبه‌ جێ سه‌ره‌نجه‌كه‌ى ئادۆرنۆیه‌ به‌ ناوی كه‌سایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتخواز.

وێڕای ئه‌وه‌ش، شه‌پۆلێكی تریش سه‌باره‌ت به‌ كایه‌ی توێژینه‌وه‌ی ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی دروست بوو، ئه‌ویش توێژینه‌وه‌ و پێداگرییه‌ له‌سه‌ر گرووپه‌ بچووكه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن كۆرت لوینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت. له‌م شه‌پۆله‌ پتر جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ریی شێوازه‌كانى رێبه‌رایتیكردنی گرووپه‌كان و ناسینیی مۆدێل و نموونه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان و به‌راوردكردنی تێگه‌یشتن و دادوه‌رییه‌ كه‌سییه‌كان به‌ گرووپه‌كان و بڕیاره‌ ده‌سته‌جه‌معی و گرووپییه‌كان، چونكه‌ گرووپه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى دروست بن و شێوه‌ و ناوه‌رۆكه‌كانی خۆیان دابڕێژن، به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پێویسته‌ چه‌ند بنه‌ڕه‌تێك بگرنه‌ به‌ر، یه‌كێ له‌و بنه‌ڕه‌تانه‌ پرسی بڕیاردانی ده‌سته‌جه‌معی و شوناسیی گرووپه‌كه‌یانه‌، دروونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌م شه‌پۆل و قۆناغه‌ چاو و ته‌ركیز و پێداگریی زۆر له‌سه‌ر رۆڵی تاك له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌ ده‌كاته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1908 دوو كتێب له‌باره‌ى ده‌روونناسی كۆمه‌ڵایه‌تیی بڵاوبونه‌وه‌، كتێبێكیان له‌ لایه‌ن ئیدوارد رۆسی كۆمه‌ڵناس به‌ناوی ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌ویتریان له‌ لایه‌ن ویلیام مكدۆگاڵی ده‌روونناس به‌ ناوی پێشه‌كییه‌ك بۆ ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و دوو كتێبه‌ ده‌كرێ بڵێین بونه‌ بناغه‌ و یارمه‌تییه‌كی باشی فراوانبوونی ئه‌و لقه‌ زانستییه‌، به‌ڵام ساڵانی دوای ئه‌وه‌ كتێبه‌یلی زۆر له‌وباره‌وه‌ نوسرا به‌تایبه‌ت كتێبه‌كه‌ى ئه‌ڵپۆرت به‌ناوی ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ ساڵی 1923، هه‌ر ئه‌مانه‌ش وایكرد ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیی و زانستییه‌كانیش بایه‌خی زیاتر به‌و به‌شه‌ زانستییه‌ بده‌ن و كۆنفرانس و سیمینار و ڤۆكس گرووپی هه‌مه‌چه‌شن له‌م پێناوه‌دا ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌روه‌ها دیارترین بیرمه‌ندی ئه‌م بواره‌ به‌ناوی ئۆتۆكلاین بێرگ پێیوایه‌ ده‌روونناسیی كۆمه‌لایه‌تیی پێویسته‌ ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه‌ى تێدا بێت:

یه‌كه‌م: ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی زانست و كایه‌یه‌كی ئه‌زموونییه‌، بۆیه‌ سوودی زۆر له‌ تاقیكردنه‌وه‌  و به‌كارهێنانی میتۆدی زانستی وه‌رده‌گرێت، هه‌ر بۆیه‌ ساڵانه‌  میتۆد و تیۆر و تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شن له‌ باره‌ى پانتاییه‌ لێتزێژراوه‌كانی ده‌رووونناسی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌خرێته‌ ڕوو.

دووه‌م: ئه‌م كایه‌ زانستییه‌ زیاتر پراكتیكییه‌، به‌ مانایه‌كی تر ئه‌م كایه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و زانیاری و ده‌ره‌نجامانه‌ى به‌ده‌ستی ده‌هێنێت به‌هۆی سوودوه‌رگرتن له‌ زانسته‌كانی كۆمه‌ڵناسیی و ده‌روونناسی و مرۆڤنناسی و بواره‌ زانستییه‌كانی تره‌وه‌یه‌.

سێیه‌م: تویژینه‌وه‌كانی بواری ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی  شایه‌نی به‌كارهێنانی رۆژانه‌ییه‌ چونكه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ى به‌ده‌ستی ده‌هێنێت ده‌كرێ به‌زوویی له‌ كایه‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و په‌روه‌رده‌ و و كای

 

دانا شوانی