نیسان 24, 2018

لە ڕێنووسی كوردیدا لەنێوان هەردوو زاراوەی (گەشبینی) و (ڕەشبینی)دا تەنیا جیاوازی نێوانیان یەك پیتە، بەڵام لەڕووی سایكۆلۆژی و ماناوە، جیاوازییەكی زۆر گەورەیان هەیە.
بەداخەوە، بێ هیوا بوون و ڕەشبینی هەندێ جار لە خێزانەوە، دەست پێ دەكات، هەندێ لە دایكان و باوكان هەڵە دەكەن و لە توانای منداڵەكانیان كەم دەكەنەوە، وەك ئەوەی پێیان دەڵێن: خوێندنی ئەمساڵتان لە پار قورسترە، دیارە كە ئەمساڵ دەرناچی، مردوو لە گۆڕستان زیندوو بێتەوە، تۆ ناجح نابی، لە ئێستاوە دەزانین كە لە تاقیكردنەوەكاندا دەرناچن، ئەم قسانە و زۆر قسەی دیكە هەیە كە هەندێ لە دایكان و باوكان دەیكەن، كاریگەرییەكی (نەرێنی) خراپیان لەسەر منداڵ هەیە، توانا و ورەیان دەڕووخێت، تووشی بڕوابەخۆنەبوون و ڕەشبینی و بێ هیواییان دەكەن.
كارە ڕاستەكە ئەوەیە كە ڕۆژەكانمان، بە زەردەخەنەیەكی گەشبینی دەستپێبكەین، لەبەرچی:
* بۆ ئەوەی ناخۆشی و ئازاراكانمان لە یادبكەین.
*بڕوابەخۆبوونمان زیاتر بێت و هەرگیز بێ هیـوا نەبین و كۆڵنەدەین.
* بۆ ئەوەی داهاتوویەكی جوانتر و گەشترمان هەبێت.
*تا هاندەر و پاڵنەرمان بێ بۆ كار و داهێنان.
بەپێی توێژینەوە دەروونییەكان ئەوە دەردەكەوێت، كە گەشبینی پەیوەندی بە گەلێ لایەنی ئەرێنی ژیانەوە هەیە، وەك: تەمەندرێژی، تەندروستی گشتی، تەندروستیی دەروونی.
 
 زۆر لە توێژەران ئەوەیان سەلماندووە، كە مرۆڤی گەشبین كەمتر هەست بە تەنگەژە دەكات، زیاتر سەركەوتووە، تەندوستی باشتر، لێو بەخەندە و ڕووخۆش و دڵخۆشە. بە پێچەوانەی مرۆڤی ڕەشبینەوە، هەردەم دڵتەنگ و ڕووگرژە، كورد وتەنی: "دەڵێی بارە ترشی كەوتووەتە ئاوەوە" بە چاوێلكەیەكی تاریكەوە لە ژیان دەڕوانێت، لاوازە لە ڕووبەڕوو بوونەووەی كێشەكان و، بەرگەی تەنگانە ناگرێت.
هەندێ سوودی گەشبینی:
سەركەوتن: گەشبینی بەستراوەتەوە بە سەركەوتنەوە، ئەوانەی گەشبینن لە كار و پیشە سەركەوتوترن تا خەڵكانی ئاسایی، بۆیە كۆمپانیاكان لە ئێستادا، زۆربەی جار هەوڵ دەدەن كە كەسانی گەشبین بهێنن بۆ سەر كار، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێ لە ڕاپەراندنی ئەرك و كارەكەی.
نەرم و نیانی: ئەوانەی گەشبینن، بۆ هەمیشە داهاتوو بە ڕووناكی دەبینن، ئەوەش وا دەكات كە باشتر هەلسوكەوت بكات، نەرم و نیان بێ لەگەڵ ڕووداوەكان و زوو هەڵنەچێ.
دڵەڕاوكێ و پاڵەپەستۆ: كەسی گەشبین پێشبینی شتی باش دەكەن، كەمتر نیگەرانی داهاتوون.
تەندرووستی و باری دەروونی: لێكۆڵینەوەكان وایان سەلماندووە كە كەسە گەشبینەكان بەراورد لەگەڵ كەسی ڕەشبین، زیاتر لە تەندروستیەكی باش دەژین، بەجۆرێك كە:
* فشاری خوێن لای كەسە ڕەشبینەكان بەرزترە لە تێكڕای ڕۆژانەدا بەبەراورد بە كەسە گەشبینەكان (بەرزی فشاری خوێن بەیەكێك لە فاكتەرە مەترسیدارەكان دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك)
* كەسە ڕەشبینەكان ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی زیاترە.
* كەسە گەشبینەكان كەمتر دووچاری گرفتی تەندروستی دەبنەوە، كەسە ڕەشبینەكان دووهێندەی گەشبینەكان دووچاری نەخۆشی جۆراوجۆر دەبنەوە.
* كەسی گەشبین لەپاش تووشبوونیان بە نەخۆشی، زووتر چاك دەبنەوە.
* ئافرەتە گەشبینەكان كەمتر دووچاری خەمۆكی پاش منداڵبوون دەبنەوە.
* بەرگری لەشی كەسە گەشبینەكان باشتر و بەهێزترە بەبەراورد بە كەسە ڕەشبینەكان.
* كەسە ڕەشبینەكان خۆیان بە كەم دەبینن، هەروەها توانای چارەسەركردنی گرفتەكانیان كەم دەبێتەوە، هەروەها بەپێچەوانەوە.
بەم چەند ڕێگەیەك دەتوانین خۆمان بكەین بە كەسێكی گەشبین:
*زیاتر تەركیز بكە سەر چارەسەر، نەك كێشە، لەكاتی كێشەكاندا بگەڕێ بە دوای كلیلی چارەسەر.
*هەموو ڕۆژ خەیاڵێكی (5)دەقیقەیی بكە دەربارەی ئەو ژیانەی دەتەوێ هەتبێت، ئەمە هانت دەدات زیاتر تەركیزت لەسەر داهاتووت بێت و گیرۆدەی ڕابردووت نەبیت.
* دروست بیر بكەرەوە، كێشە و ڕووداوە ناخۆشەكان لە‌ ئەندازەی خۆی گەورەتر مەكە، واقیع بین بە، پرس و ڕاوێژ بە كەسانی شارەزا و گەشبین بكە و بە دوای یارمەتی و زانیارییدا بگەڕێ لە كاتی پێویست.
* سەركەوتنەكانی ڕابردووت بخەوە یادت و لێیان بكۆڵەوە، ئەمە هاندانت لا دروست دەكات.
* بۆ هەمیشە لە ژیان ئامانج دیاری بكە و هەنگاوی بۆ بنێ.
ئەگەر پەرداخێكی نیوە پڕ (نیوە بەتاڵ) بخرێتە بەردەمت، چۆن سەیری دەكەی
ئایا نیوە بەتاڵەكەی دەبینیت؟ یان نیوە پڕەكەی؟
سادەترین جیاوازی لەنێوان كەسی گەشبین و كەسی ڕەشبیندا، لەوەدایە كە كەسە گەشبینەكان نیوە پڕەكەی دەبینن و كەسە ڕەشبینەكان نیوە بەتاڵەكەی دەبینن.
پێویستە خەم لە دوێنێ نەخۆی، چونكە تازە ڕۆیی و ناگەڕێتەوە، بۆ ئەمڕۆش دڵتەنگ مەبە، ئەمڕۆش دەڕوات، خەون بە خۆرێكی گەشەوە ببینە كە لە بەیانیدا هەڵدێت.
كەسی گەشبین هیچ شتێك بە ئەستەم نازانێت، تەنانەت لە تەنگانەترین كاتیشدا هیوای بە سەركەوتن و ڕزگاربوون هەیە.
كەسی گەشبین لە ناوەڕاستی تاریكیدا، تروسكەیەكی ڕووناكی دەبینێت، هەردەمیش لە پێشی خۆی دەڕوانێت، ئاوڕ لە دواوە ناداتەوە، گەشبین ئەگەر بكەوێتە نێو دەریاشەوە، خۆی بە پووشێكەوە دەگرێت و هیوای بە رزگاربوون هەیە، ئەوە گەشبینییە كە پێمان دەڵێت: "لە پاش هەموو ناخۆشییەك، خۆشـییە"
وینستۆن چەرچڵ دەڵێت: "كەسی گەشبین لە هەموو ناخۆشیییەكاندا دەرفەتێك دەبینێ، لە كاتێكدا كەسی ڕەشبین لە هەموو دەرفەتەكاندا ناخۆشییەك دەبینێ"
ژیان لە وێنەی پەرداخەكەدا
هەموو مرۆڤێك تەمەنێكی دیاریكراو دەژی، هەمیشە بەشێك لە خەون و خولیاكانمان بۆ نایەنە دی، كەسی گەشبین هە‌میشە بە ئومێد و گەشبینییەوە بۆ ژیان و داهاتوو دەڕوانێ‌، ژیان بەبێ گەشبینی و هیـوا، ژیان نییە. گەشبینی كلیلە بۆ چوونە نێو شادییەكی هەمیشەیی و ژیانێكی سەركەوتوو. كەواتە بە گەشبینی بژی.

 

سەباح شێخانی

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.