تشرینی دووەم 28, 2020

مامۆستاکانی وەهم، مامۆستا ڕاستەقینەکان

ئارام کۆشکی

 

کاتێک نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ڕۆمانی "توتنەوانەکە"ی عەلی بەدرم خوێندنەوە هەر لەو ڕۆمانەوە کەوتمە کەڵکەڵەی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرە عێراقییە. دواتر رۆمانەکانی "بابا سارتەر، چراکانی ئورشەلیم، زستانی خێزانەکە، خوانێکی ڕووت، مامۆستاکانی وەهم و درۆزنەکان هەموو شتێکیان دەست دەکەوێت"ـم بە وەرگێڕانی شێرزاد هەینی خوێندنەوە. هەریەک لە ڕۆمانی "هەورژن" بە وەرگێڕانی ڕەگەز ڕەشید و "ژنەی خوانەناس" بە وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل و "پاشاکانی لم" بە وەرگێڕانی موعتەسەم ساڵەیی خوێندنەوە. هەموو ئەو ڕۆمانانە و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەی ئەم نووسەرە جار لە دوای جار زیاتر سەرسامی دەکردم. عەلی بەدر لەو ڕۆمانووسە ئەزموونگەرانەیە کە بەردەوام هەم تەکنیکی نوێ تاقی دەکاتەوە و هەم شێوازی گێڕانەوەی نوێ پەیڕەو دەکات، کە ئەمەش ڕیشەی ئەم کارکردنەی دەمخاتەوە سەر ئیشکردنی ئۆرهان پاموک، کە ئەویش لای من ڕۆمانووسێکی ئەزموونگەرە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە هەم پنتی نوێ بدۆزێتەوە بۆ گێڕانەوە و هەم تەکنیکی نوێ و تێمەی نوێ بنووسێتەوە.
لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ جاری دووەم ڕۆمانی مامۆستاکانی وەهمم خوێندنەوە. پێشتر ئەم رۆمانەم خوێندبوەوە، بەڵام جارێکی دیکە کەڵکەڵەی خوێندنەوەی کەوتەوە سەرم ئەویش یەک وێنە لە خەیاڵمدا هەر دووبارە دەبوویەوە ئەویش ئەو ساتە بوو کە یەکێک لە شاعیرەکان (کە هاوکات سەربازە) لەنێو ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا بەرەو جەبهەکانی پێشەوە شەڕ دەبرێت، ئەو لەنێو ئەو جەنگ و بەرەوپیرچوونەی مەرگدا خەیاڵی هەر لای شیعر و دونیا هێمن و پڕ ئارامشەکەی شیعرە و دیوانی بۆدلێری شاعیری فەرەنسی لەنێو جانتاکەی دەردەهێنێت و شیعر دەخوێنێتەوە. ئەوەی وایلیکردم دووبارە ئەم رۆمانە بخوێنمەوە خۆشەویستی بێ ئەندازەی ئەم سێ هاوڕێ شاعیرە سەربازەیە کە لەو پەڕی نائومێدی و جەنگدا لەنێو دوکەڵی تۆپ و جەنگی کاولکاریی و جەنگێکی سەپێنراوی وەکو جەنگی ئێران عێراقدا ئەوان تەسلیمی ئەو دۆخە نابن و ژیانیان لە شیعر دانابڕن.
ئەوەی زیندوێتی دەکاتە رۆمانەکانی عەلی کارکردنییەتی لەنێو ئەزموونە زیندووەکانی ژیانی تاکی عێراقیدا، کاتێک ئەو لە رۆمانی باباسارتەردا کار لەسەر فیگۆرێک دەکات کە دەیەوێت تەمسیلی دۆخی بونگەرانکان بکات لە بەغداد، دەیەوێت بڵێت فیکریی بوونگەرایی بە شێوەیەکی ڕووکەش هاتووەتە نێو عێراقەوە نەک تەواوی فیکریی بوونگەرایی بە شێوە ڕەسەنەکەی هاتبێت.
لە ڕۆمانی "مامۆستاکانی وەهم"یشدا. عەلی بەدر لە ڕێی سێ شاعیرەوە دەیەوێت دۆخی شیعر و شاعیری ڕاستەقینەی ساڵی هەشتاکانی عێراق بخاتە بەرباس. کەسێک کە خوشکی یەکێک لە شاعیرەکانە بەناوی "لەیلا ئەلسەماک" دەیەوێت ژیانی ئەو سێ هاوڕێ شاعیرە بنووسێتەوە و لەوێوە پەیوەندی بەو تاکە شاعیرەیانەوە دەکات کە لە ژیاندا ماوە و لەڕێی ئەوەوە خوێنەر بە گێڕانەوەی ژیانی ئەو سێ شاعیرە ئاشنا دەبێت.
ئەم سێ شاعیرە، نموونەی شاعیری ڕاستەقینە و یاخیگەرن، ئەوان ئەگەرچی دەبنە سەرباز بەڵام هەر زوو لە کۆت و بەندی سەربازی هەڵدێن و دواتر بە تۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی دوانیان لە سێدارە دەدرێن. نووسەر ویستوویەتی ئەو ڕۆحە یاخیگەرییەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی شاعیری ڕاستەقینە لەم رۆمانەدا تیشکی بخاتەسەر. خاڵێکی دیکەی جەوهەری لەم رۆمانەدا ئاماژەی پێداوە چ شتێک شاعیرێک دەکات بە شاعیرێکی جیهانی؟ ئایا دەبێت جیهانی بینیبێت؟ یان دەتوانرێت شاعیرێک هەر دانیشتووی بەغداد بێت، بەڵام شاعیرێکی جیهانی بێت. بێگومان نووسەر وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە بەوەی ئەوەی شاعیرێک دەکاتە جیهانی ڕوئیا و تێڕوانینەکانییەتی بۆ جیهان و دەقە داهێنەرەکانییەتی نەک جوڵانی لەنێو شوێندا لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیکە.
لە جێگەیەکی دیکەدا شیعر دەبێتە ئاسۆی ڕزگاری لە دۆخی چەقبەستووی وڵاتێکی پاشکەوتووی وەکو عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە شاعیر وەکو پێغەمبەر وەسف دەکرێت بەو پێیەی دید و زمان و نیگا و وەهم و خەون و پێشبینی دەکات. بێگومان پەیامبەربوونی شاعیر ڕاڤەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کەواتە شاعیر دەبێت خاوەنی دونیابینی و داهێنانی شتێکی نوێ بێت، پەیامبەری سەردەمی خۆی بێت. بێگومان ئەمەش تەنها بە شاعیرە ڕاستەقینەکان دەکرێت و تەنها ئەوانن دەتوانن کار لەسەر گۆڕینی دونیابینی تاکەکان بکەین و پەیامبەری ڕاستەقینەی سەردەمی خۆیان بن.
دوا خوێندنەوەی 304 لاپەڕی ئەم ڕۆمانە خوێنەر بەوە ئاشنا دەبێت کە مامۆستا ڕاستەقینەکان ئەو مامۆستایانەن کە زۆرجار ڕوانینی باو بە مامۆستاکانی وەهمی دەزانن. ئەوەی عامەپەسەند نەبوو دەشێ ڕاستەقینە بێت. بۆیە شاعیرەکانی نێو ئەم رۆمانە، مامۆستا ڕاستەقینەکانی سەردەمی ئێستان، چونکە شیعر ئەو ژانرەیە کە هەرگیز نامرێت و بەردەوامی وزەی ئەوەی توێدایە خۆی نوێ بکاتەوە و پەیامهێنی سەردەمی نوێ بێت.
دەستخۆشی بۆ شێرزاد هەینی، کە زۆرترین رۆمانی عەلی بەردی کردووە بە کوردی وماندووبوونەکانی جێگەی دەستخۆشی و ستایشە. ماندوونەبوونیش بۆ هەموو ئەو وەرگێڕانەی دیکە کە رۆمانەکانی ئەم نووسەرەیان بە خوێنەرانی کوردی ناساندووە.
  

© 2017 Hawler