ئاب 07, 2020

هەفتەی پێشوو سەرنجێکی کورت سەبارەت بە پەیوەندی خوێندنەوە و داهێنان نووسی، هاوڕێیەک نامەیەکی سەرنجڕاکێکشی بۆ ناردم، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری کرد بوو ئایا خوێنەران چۆن دەتوانن ببنە داهێنەر؟ خوێندنەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەیەکی گرنگی وەکو داهێنان هەیە؟ بێگومان وەڵامی پرسیارگەلی لەم شێوەیە ئاسان نییە، بەڵام هەوڵ دەدەم لە وەڵامدانەوەی نزیک ببمەوە، یان هەندێک بەرچاوڕوونی بە شێوەیەکی زۆر سادە بخەمەڕوو.

سەرەتا ئەگەر پرسیارێکی سادەمان لێ بکرێت سەبارەت بەوەی بۆ دەخوێنینەوە؟ دەشێ چ وەڵامێک بدەینەوە. دەشێ بڵێین خوێندنەوە ڕێگەیەکە بۆ خۆناسین، یان ڕێگەیەکە بۆ ئەویتر ناسین و بۆ تێگەیشتن لە ژیان. بەڵام لە دوای ئەم پرسیارەوە ئەوەی لە خوێندنەوە گرنگترە ئەوەیە چی دەخوێنینەوە؟ من لە یەکێک لە کتێبەکانمدا ئەوەم خستووەتەڕوو، کە پێویستە ئەو کتێبانە بخوێنینەوە کە بێشومار ڕێگەمان لەبەردەمدا دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگەی خۆمان لەنێویاندا بدۆزینەوە. باشترین کتێبەکان ئەوانەن، کە لە شێوەی وەعز و نەسیحەتدا نین، بەڵکو خوێنەر دەخەنە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە. هەر کتێبێک ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان کردین، پرسیاری زیاتری لە هزردا وروژاندین بێگومان کتێبێکی گرنگە. کتێبی ڕاستەقینە ئەوانەن کە دەمانخەنە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە نەک بیرمان بۆ بکەنەوە.
مەرج نییە هەموو ئەوانەی دەخوێننەوە لە سەرەتاوە ئامانجیان هەبێت، بەڵام هاوڕێبوون لەگەڵ کتێب و نزیکبوون لەگەڵ وشە و پیتدا دەتکاتە خاوەن ئامانجی گەورە. بەڵام گەورەترین ئامانج کە مرۆڤ لە ڕێی خوێندنەوە دەشێ دیاری بکات خۆناسینە. هەر کاتێک مرۆڤ خۆی ناسی ئەوکاتە دەتوانێت ئامانجەکانیشی بناسێت و لەوێوە ئامانجەکانی خۆی دیاری بکات و بکەوێتە کارکردن بۆیان. بەڵام دەشێ کەسێک بپرسێت لە کوێوە دەست بە خوێندنەوە بکەم؟ چ ڕێگەیەک پەیڕەو بکەم؟
دوو ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی دەست بە خوێندنەوە بکەین، یەکەمیان ئەوەیە کە خۆم پەیڕەوم کردووە و ئەویش کە دەستم بە خوێندنەوە کرد هەموو جۆرە کتێبێکم لە زۆربەی بوارە جیاجیاکاندا دەخوێندەوە، بەڵام دوای ساڵانێک ئیدی خۆمم بۆ چەند بوارێک تایبەت کە نزیکن لە یەکەوە تەرخان کرد ئەوانیش ئەدەبیات و فەلسەفە و کۆمەڵناسی و دەروونناسییە. ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە کە خوێنەر دەتوانین هەر لەسەرەتاوە لە بوارێکی دیاریکراو و یان چەند بوارێکی دیاریکراودا بخوێنێتەوە، نەک هەموو بوارێک. ئەویش پێویستە بەپێی حەز و ئارەزووەکانی خودی خوێنەرەکە بێت.
خوێندنەوە جۆرێک چالاکی مرۆڤە بۆ پێگەیاندنی خود، هەمیشە خوێنەرە جیدییەکان ئەوەیان لا ڕوونە زۆر کەم دەزانن، چونکە دڵنیان بە هەزاران کتێب هەیە نەیانخوێندووەتەوە و سەدان بابەت هەیە، کە هیچی لەبارەوە نازانن، بۆیە هەرگیز شانازی بە خوێندنەوە و خوێنەربوونەوە ناکەن، بەڵکو وەکو مرۆڤی ناکامڵ خۆیان دەبینن، کە بەردەوام لە هەوڵی تەواوکاریدا بۆ ئەو بوونە ناتەواوە. هەر خوێنەرێک شانازی بە خوێندنەوەوە کرد و دوای خوێندنەوەی چەند کتێبێک جۆرێک هەستی لە خۆڕازیبوونی تێدا دروست بوو، (یان هەستی ئەوەی هەبوو قۆناغی خوێندنەوەی تێپەڕاندووە و مەعریفەی لێوڕێژە) ئەوە خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە و نمایشییە و خوێندنەوە لای ئەو بۆ دەستکەوتنی زانیاریی و مەعریفە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هەستی خۆبەزلزانین.
ئێستا دەشێ بپرسین پەیوەندی خوێندنەوە و داهێنان چییە؟ بێگومان هەر تاکێک ئەگەر خوێنەرێکی ڕاستەقینە و جیدی و بیرکەرەوە بێت، دەبێتە داهێنەر، دەشێ ببێتە داهێنەر لە خۆپەروەردەکردن، یان دروستکردنی خێزانێکی نموونەیی، یان پەروەردەکردنی نەوەیەکی نموونەیی و چالاک لە کۆمەڵگەدا، دەشێ داهێنەربن لەوە بە شێوەیەکی دروست فرۆشیاریی، ئەندازیاریی، مامۆستایی، پزیشکی، یان هەر پیشەیەکی دیکە بکەن، کە ژیانیان بۆ تەرخان دەکەن. داهێنەرەکان خوێنەرە بەردەوامەکانن. هیچ داهێنەرێکی دونیا نییە، خوێنەرێکی بەردەوام و کونجکۆڵ نەبوبێت (بەدەر لە حاڵەتی ئاوارتە). هەموو داهێنەرە گەورەکانی دونیا خوێنەربوون، یان ئەزموونگەر بوون. بێگومان ئەزموونکردنیش جۆرێکە لە خوێندنەوە. هەر چۆن ئەدیسۆن بە ئەزموونکردنی هەزاران ڕێگە ئەوسا گڵۆپی دروست کرد.
خوێنەران ئەو کەسانەن کە هەلی لە پێشینەیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر، چونکە هەر لە ڕێی خوێندنەوەوە قۆناغەکانی خۆناسین و ئەویترناسین و ژیانسازییان تێپەڕاندووە و لەوێوە گەیشتوون بەوەی ئامانجەکانیان دیاری بکەن و دیاریکردنی ئامانجیش نزیکبوونەوەیە لە داهێنان و ئەویش تەنها بە کارکردن و کۆڵنەدان دێتە بەرهەم. کەواتە تا بخوێنینەوە هەنگاوێک زیاتر لە داهێنان و داهێنەربوون نزیک دەبینەوە.

 

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler