ئاب 07, 2020

ماوەیەکی زۆرە بیر لە پەیوەندی نێوان نووسین و ترس دەکەمەوە و زۆرجاریش لەبەر خۆمەوە پێکەنینم بە نووسەرە ترسنۆکەکان دێت، کە هەمیشە و لە کاتی نووسینی هەر دێڕێکدا خۆیان سانسۆر دەکەن و لەبری بەرهەمهێنانی کێڵگەیەکی ئازاد سەرزەمێنێکی پڕ لە ترس دەخولقێنن.بێگومان ترس بەو مانای خۆسانسۆرکردن نەک گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی لە هەناوی ترس و تۆقینەوە هەڵقوڵاون. دەشێ بپرسین ئایا پێویستە نووسەران چاونەترس و یاخی بن و هەموو سنوورەکان ببەزێنن، یان چاونەترسی و یاخیبوونیش سنووری هەیە و پێویستە تەنها لە سنوورێکدا بێت؟

لە چەند رۆژی ڕابردوودا چاوپێکەوتنێکی "سەلمان ڕوشدی"م خوێندەوە، کە لە جێگەیەکدا بە ڕوونی باسی لەو ترسە کردووە، کە زۆرجار ڕووبەڕووی نووسەر دەبێتەوە. لەوێدا باس لە رۆمانی "ئایەتە شەیتانییەکان" دەکات، کاتێک رەشنووسەکەی ناردووە بۆ چەند هاوڕێیەکی نووسەری ئەوان ئاگاداریان کردووەتەوە، کە چەند بەشێکی مەترسیداری تێدایە و پێویستە لابدرێن. سەلمان ڕاشکاوانە ئەوە دەڵێت کە لابردنی ئەو بەشانەم ڕەتکردەوە. دواتر دەڵێت: "ئەگەر مرۆڤ وەکو نووسەرێک نەتوانێت بەبێ ترس بنووسێت، ئەوا هەق نییە هەرگیز بنووسێت." لە دواتریشدا بە پێداگرییەکی زۆرترەوە دەڵێت: "من ڕایەکی بەرزترم سەبارەت بە ئەدەب و هونەر هەیە. باڵاترین شت کە مرۆڤ بتوانێت بیخولقێنێت ئەدەب و هونەرە و تەنها کاتێک دەتوانێت شایستەی ئەو پیشەیە بێت، کە خاوەنی بوێری و شێتییەک بێت خودی خۆی سانسۆر نەکات."
بەڵام ئەو پرسیارە پێویستە ئێستا ڕووبەڕووی سەلمانی بکەینەوە ئەوەیە ئایا لەو رۆمانەدا کە بەبێ ترس نووسی، ئەوە تاکەی بەردەوامی هەبوو، تا ئەوکاتەی ڕۆمانەکە بڵاوکرایەوە و ئیتر لە دوای ئەوەیە بۆ ماوەی ساڵانێکی درێژ سەردەمی ترسی ئەم نووسەرە دەستی پێکرد، کە لەو ساڵانەدا نەیتوانیوە لە ژیانی خۆی دڵنیا بێت. دەشێ دیسان بپرسین ئەم نووسەرە ئازادی لە کوێدا بەدەست هێنا و لە کوێشدا لە دەستی دا؟ بێگومان لە جێگەیەک ئازادی بەدەستهێنا کە نێو دونیای نووسین بوو بە ئارەزووی خۆی، بەڵام لە جێگەیەکی دیکەدا، کە ژیانی تایبەتی بوو ئازادی دۆڕان و ترس گەمارۆی دا. بەڵام ئەو ترسە بۆ هەمیشەیی بەردەوامی نەبوو "وەک خۆی لەهەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت" ئێستا ئازادتر دەسوڕێمەوە، بەڵام لێرەدا چی بکرێت بۆ ئەوەی نووسەران هەرگیز ئازادی نەدۆڕێنن و ترس گەمارۆیان نەدات. نووسەرە بلیمەتەکان هەمیشە ڕووبەڕووی سزا و لێپێچینەوە دەبن، چونکە وەکو دۆخی باو بیر ناکەنەوە و هاوتەریب نین لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگەدا. بۆیە ئەو حاڵەتێکی ئاساییە، کە نووسەرێک بە هۆی نووسینەوە ڕووبەڕووی سزا و لێپێچینەوە و هەتا ئەشکەنجەش ببێتەوە، ئاساییە بەو مانایەی کاری نووسەران لە ڕووبەرێکدایە هەمیشە زۆرینە قەبوڵیان نییە، ڕووبەرێکە، کە حەرامەکان باس دەکات و برینەکان دەخاتەڕوو و ئازارەکان پیشان دەدات.
کاری نووسەرە ڕاستەقینەکان شەڕکردنە بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەکی گەردوونی و گەورە، بەڵام لەبەرامبەردا ڕووبەرێکی زۆری ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی تەنها لەپێناو چنگخستنی ئازادییە گەورەکەدا، یان نیتچە گوتەنی "نووسەران بە خوێنی خۆیان دەنووسن"، ئەمەش لە پێناو دوو خاڵدایە، یەکەمیان ئارامییەکی ڕۆحییە، کە نووسەران بەدوایدا دەگەڕێن، دووەمیش ئەو پانتاییەیە کە پێیانوایە دەبێت کۆمەڵگەی لێ ئاگادار بکرێتەوە و وشیار بکرێنەوە. نووسەران ڕێبواری ڕێگەی قەدەغەن ئەو ڕووبەرانە دەپشکنن، کە داخراو و تاریکن و پێنووسەکانیان دادەگیرسێنن بۆ ڕووناکردنەوە و واڵاکردنی دەرگا داخراوەکان. هیچ نووسەرێکی ڕاستەقینە نییە ڕێبواری ئەو ڕێگە قەدەغە و ڕووبەرە تاریک و دەگا داخراوانە نەبێت و کار بۆ ڕوشنکردنەوەیان نەکات. ئەو نووسەرانەی بە ترسەوە دەنووسن و سڵ لە ڕووبەری داخراو و تاریک و قەدەغە دەکەنەوە ئەوا ناتوانن لە ژیانی ئاسایشدا ئازاد بن.
ئەگەر نووسەرێک لەنێو نووسیندا ئازا و ئازاد بوو ئەوا لە ژیانی تایبەتیشدا بەهەمان شێوە دەبێت. نووسەرێکی ڕاستەقینە نییە لەنێو نووسیندا ئازاد و لە ژیانی واقیعی کۆیلە بێت، یان لە نووسیندا کۆیلە و لەنێو ژیاندا ئازاد.

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler