ئاب 07, 2020

ئیسماعیل تاڵەبانی

 

بۆچی بۆنی گوڵێک ئەکەی کەچی پەڕەی ئەوەرێنی
ڕووخساری ئاڵ و جوانی لەسەر جەستەی ئەتۆرێنی
ئایە خۆشەویستی گوڵان لە نێو جوانی و بۆنیدایە
یاخوود بۆ زەمەنێکی کورت لە ئامێزی باخچەدایە

ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بێت بە هەستمدا بچۆرەوە
لە ئەلبوومی دڵی خۆتدا وێنەی سۆزم کۆبکەرەوە
لێت تێئەگەم لە دەروون و لە هەست و لەناخی پاکت.
من وەک خوشک تۆ نابینم تۆش لێم مەڕوانە وەک کاکت

گوناهی چیە درەختێک کە گەڵاکەی هەڵوەریوە
ڕەشەبای وەرزی پایزی بە جەستەی خۆیدا بینیوە
بۆچی یەخەی باخی ئەگری گوایە لە ئەستۆی ئەودایە
لە نێو هەموو باخچەیەکدا درەختێک شێواوی تیایە
بەر لە ماڵئاوای تەمەن گوێت لە ڕازمان بگرتایە
تازە چی لە ئەشقێک بکەم کە لە باوەشی خاکدایە
ئەوەی دەمویست بۆ من نەبوو ئیتر ژیان بێمانایە
با هەموو دنیا ئەشق بێت، بوونی وەکو نەبوون وایە

لە پێناوی حەزەکانت گوڵ و باخچە مەشێوێنە
بە دەستی خۆت ئاواتەکەم خەونەکانم بەدی بێنە
لە ناخەوە تنۆکێک سۆز بەسەر مندا ببارێن.
لە بری خۆشەویستی من یادەکانم بدوێنە

© 2017 Hawler