ئاب 05, 2020

قانع هۆلان

 

ڕۆژە گەرمای بوو؛ دانیشتبوو بیری لە گەڕانەوەی ڕێبواری برای ئەکرد کە دەبێ پاش ئەو هەموو لێکدابڕانە هەڵوێستی چۆن بێ بەرانبەری؛ بۆ دە ساڵ ئەچوو ڕێبواری نەدیبوو؛ پاش ئەو هەموو ساڵە، دوێنێ نامەیەکی پێ گەیشت، کە خوێندیەوە بۆی دەرکەوت ئەو نامەیە هی براکەیەتی کە لەسەر مڵکوماڵ ببوو بە شەڕیان؛ ڕۆژە پەلاماری ڕێبواری دابوو؛ ڕێبواریش ناچار چەقۆیەکی دابوو لە ناوشانی؛ ئیتر لەو ڕۆژەوە ڕێبوار خۆی گوم کردبوو، دیار نەمابوو و هەرچەندە ڕۆژە و باوکی ڕەحمەتی یان زۆر گەڕابوون بە شوێنیدا بەڵام ڕێبوار دیار نەمابوو، تاکو دوێنێ ئە و نامەیەی ناردبوو بۆ ڕۆژە کە لە هەندەرانەوە بەیانی دەگاتەوە کوردستان؛ ئەبێ لە بری فڕۆکەخانە ڕۆژە بڕوات بۆ سەرچنار کە شوێنی یادگاری منداڵییانە، لەوێ یەک ببینن، بۆیە ڕۆژە هاتبوو بۆ سەیرانگای سەرچنار، لەوێ نزیک دەرگای وەژووکەوتن چاوەڕێی براکەی ئەکرد.
ڕۆژە قاقای پێکەنینێک هات بە گوێیا؛ سەرنجی دا پیاوێکی بەتەمەنە کە بەرز ئەبێتەوە و چەپڵە ئەکوتێ و هاوار ئەکا: بارانە. خوایە گیان! سپاس باران ئەبارێت.
ڕۆژە پێی سەیر بوو سەیری ئاسمانی کرد خۆر هەتاوەوگەرمە زۆر یش ئارەقی کرد بوو بۆیە ئارەقی ناوچاوی خۆی سڕیەوە و بە دەم خۆیەوە وتی: پێم وایە، شێتەکان لە ژیاندا
لە بەهەشتان؛ دوو جیهان بۆ ئەوان یەک واتا و هەستیان پێ دەبەخشێ.
کابرای شێت نزیک بۆوە سەری لە ڕۆژە نزیک کردوە و وتی: جگەرەیەکم بەرێ...حەیوان.
ڕۆژە ڕاچەڵەکی چونکە بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێ ئەوە نەبوو ئەو شێتە بەو جۆرە لێ نزیک بێتەوە وا بڵێت.
ڕۆژە خۆی کشانە دواوە و وتی: کاکە گیان من جگەرەکێش نیم جگەرەم پێ نیە.
دەستی کرد بە گرفانیا و وتی: هانێ ئەوە پارە بیگرە و بڕۆ.. باشه ئاقڵ گیان!
شێتەکە تووڕە بوو دەستی ڕۆژەی ڕەت کردەوە و وتی: ئەوە.. تۆ شێتی من داوای جگەرەم کرد تۆ پارەم ئەدەیتێ.. بوو بە سواڵکەرم ئەزانی؛ ناپیاو.
ڕۆژە نەیدەزانی چی بکات لە دوورەوە کەسێک دەرکەوت کە جانتایەکی بە شانەوە بوو؛ ڕۆژە خۆشحاڵ بوو؛ بۆیە هەستا و ویستی بڕوات بەرەو پیری ئەو کەسەوە.
بەڵام شێتەکە پاڵێکی پێوە نا و ڕۆژەی خست، ڕۆژە هەستایەوە؛ گیانی تۆزاوی ببوو، خۆی تەکان و بە شێتەکەی وت: دەک داوەشێی! پیست کردم.
ویستی دووبارە بڕوات؛ دیسان شێتەکە دەستی ڕۆژەی گرت و گازێکی لێ گرت!
ئازاری دەستی زۆر بوو؛ ویستی لە خۆی دووری بخاتەوە بەڵام سوودی نەبوو؛ شێتەکە چەقۆیەکی دەرکرد و ویستی بەرزی کاتەوە؛ ڕۆژە دەستی گرت و بە زۆر چەقۆکەی لە دەستی دەرهێنا.
هەموو گیانی ئارەقی کردبوو؛ گەرما تینی بۆ هێنابوو؛ ڕۆژە دیتی کەسەکە لە دوورەوە جانتاکەی فڕێ دا و هات بۆ ئەوەی فریایان کەوێت یان لێکیان بکاتەوە؛ ڕۆژە چەقۆکەی بە دەستەوە بوو.
بیری کردەوە ئەوە ڕێبواری برایەتی بە پەلە دێ کە فریای کەوێت؛ ترسا کابرای شێتە شتێک لە ڕێبوار بکات؛ بۆیە بێ یەک و دوو چەقۆکەی کرد بە شانی کابرای شێتا و شێتە کەوت بە پشتا و ڕۆژە پاشەوپاش گەڕایەوە سەیری گیانەڵای شێتەی دەکرد.
کابرا گەشتە لایان و بە خەمباری و نائومێدی وتی: ئەوە خۆ ئەو داماوتە کوشت.
ڕۆژە سەیری کەسەکەی کرد وتی: تۆ ڕێبواری برامی. وایە؟
کەسەکە وتی: ڕێبواری براتی چی ئەوە بۆ ئەو پیاوە باشەت کوشت. داماوە هاتبوو پاش دە ساڵ براکەی ببینێ و ئاشتی کاتەوە، من تەکسیم پێیە جانتاکەی بەجێ هێشتبوو لە تەکسیەکەما؛ ویستم بۆی بێنمەوە!
ڕوژە بە ترس و سەرسوڕمانێکەوە وتی: ئەی هاوار! ئەوە خۆ ڕێبواری برامە.. خوایە گیان چۆن نەمناسیەوە! بۆ دەموچاوی ڕەش و چلکن کردبوو، من چیم کرد ئەوە بۆ وام کرد چۆن من براکەم کوشت .
کەسەکە تەلەفونی کرد بۆ پۆلیس.
ڕۆژە زۆر ترسا هەستا و ڕایکرد!
کابرای شێت ڕاست بۆوە و چەقۆکەی دەرهێنا لە شانی بەئازارەوە
وتی: ئەوە چی لێ هات ڕۆژەی برام..
کابرا کە بە ترس و نگەرانیەوە وتی: ئەوە براکەت بوو کە چەقۆێ لێ دای تف! هەی داڕزێ باش! سەیر کە چەن خوێڕیە!
ڕێبوار بە هاناسەبڕکێ وە وتی : خۆت داوەشێی! چۆن دڵت دێ قسەی وای پێ بڵێ.
کابرای شۆفێر وتی: ئەو دوای هەردووکتان ببڕێتەوە! هابیل و قابیلن ئیوە!
دەنگی لوورەلووری سەیارەی پۆلیس نزیک بووەوە؛ ڕێبوار لە بەر خۆیەوە وتی: بڕۆ ڕۆژە ئەمە یاریە بە ژیانمان ئەیکەین ئیتر تۆ ڕاکە من چاوەڕێتم دڵنیام تۆ ئەمجارە وەک من نایەیتەوە.
لەو ڕۆژەوە ڕۆژە گوم بوو هەرگیز دەر نەکەوتەوە.

© 2017 Hawler